دارکامازی بەڵگەنامەی کۆبوونەوەکانی نێوان “پەیەدە و ئیستیخباراتی ڕژێمی بەعسی سووریا” بڵاودەکاتەوە

بەڵگەنامەکانی ئیستیخباراتی سوریا کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد بڵاوکراونەتەوە، پەیوەندییە نهێنییەکانی پەیەدە، باڵی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ڕێژیمی بەعسی سووریا ئاشکرا دەکەن.
پەیوەندیی شاراوەی نیوان پەکەکە و باڵەکەی ڕۆژئاوای واتە پەیەدە، لەگەڵ ڕێژیمی بەسار ئەسەد، لە 10 ساڵ بەر ڕووخانی ڕژێمەکەدا لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بووە. بەتایبەت لە ساڵی 2013 بەملاوە، پەکەکە بە فەرمی وەکوو بەشێک لە میحوەری مقاومەی ئێران، کاری کردووە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی دیسەمبەری 2024دا، بەڵگەنامەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕێژیم ئاشکرا کران، کە لەناویاندا کۆنووسی کۆبوونەوەکانی نێوان پەیەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەر لەگەڵ ڕژیمی بەشار ئەسەددا دەبیندرێن.

پێگەی “دارکا مازی” لە ڕێگای سەرچاوە تایبەتیەکانی خۆیەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی پەیوەست بە کۆبوونەوەکانی نێوان پەیەدە و دەزگای هەواڵگریی ڕێژیمەکەی بەشار ئەسەدی دەستکەوتووە کە تێیدا بە بەڵگەوە دەردەکەوێت شاندێکی باڵای “پەیەدە و بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا و هۆزە عەرەبەکان”، سەردانی دیمەشقیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی سوریا (ئیستیخبارات) کۆبونەوتەوە.
بەڵگەنامەکانی هەواڵگری ڕژێمی سوریا ئاماژەیان بەوە کردووە کە پەیەدە ویستویەتی نوێنەری ڕێژیمی ئێرانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە بێت و تەنانەت ئامادەبوونی نوێنەری ئێرانی وەکوو مەرج داناوە.
پەیەدە لەسەر ئاستی باڵادا پەیوەندیی لەگەڵ ئیستخباراتی سووریادا هەبووە
یەکێک لەو بەڵگە نهێنیانەی کە دەستی “دارکا مازی” کەوتوون، لە بەڕێوەبەرایەتیی ئیستیخباراتی گشتیی سوریایە بە ژمارە 279، کە لە بەرواری 20ی چلەی 2022دا دەرچووە.
لە بەڵگەنامەکەدا ئیستیخباراتی سوریا ئاشکرایکردووە، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە بارەگای ئاسایشی نیشتمانی سوریا لە نێوان ئەوان و پەیەدە و نوێنەرانی ڕوسیا دەکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە پەیەدە ئامادە نەبوو بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا بکات، چونکە نوێنەری ئێران بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکراوە و پەیەدە پێداگریی لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێ نوێنەری ئێرانیش لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بێت.

ڕێککەوتنە شاراوەکانی پەیەدە و ئیستیخباراتی ڕژێمی ڕووخاوی سوریا لەسەر حیسابی گەلی کورد
دەزگای ئیستیخباراتی سووریا لەو بەڵگەنامەیەدا کە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئیستیخباراتی سوریا نێردراوە ڕایگەیاندووە: “ئەو کۆبوونەوانە بۆ تاوتوێکردنی پرسی کورد بەڕێوەدەچن”.
بەڵگەنامەکانی ئیستیخباراتی سوریا کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بڵاوکراونەتەوە، هەموو پەیوەندییە ژێربەژێر و نهێنییەکانی پەیەدە، باڵی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستانی بۆ گەلی کورد ئاشکرا کردووە و ڕوون بووتەوە کە دەستی ئەم حزبەی سەر بە پەکەکە هەمیشە بەستراوەتەوە بە دەزگا قێزەون و گڵاوەکانی ئیستیخباراتی سووریاوە و بەردەوام پەیوەندیی و پەیمانی نهێنی و شاراوەیان پێکەوە هەبووە.
ئەم چالاکی و هاوکارییانەی پەیەدە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد و ئیستیخباراتی ڕێژیمی سووریا نەک هەر لە پێناو بەرژەوەندییەکانی کورددا نەبووە، بەڵکوو لە ڕاستیدا لە پێناو بەرژەوەندیی ڕێژیمی ئێران و دروستکردنی هاوپەیمانی نهێنی لەسەر حیسابی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بووە.