پێویستە کورد پشتگیری لە هەسەدە بکات، بەڵام دەبێ هەسەدە ڕەخنە لە ڕابردووی خۆی بگرێت و هەڵوێستێکی کوردستانی بگرێتەبەر

ڕێژیمی ئەسەد لە ماوەی 13 ڕۆژدا ڕووخا. وەک چۆن ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن چارەنووسی باشووری کوردستان و هەموو پارچەکانی دیکەشی گۆڕی، داڕمانی ڕژێمی ئەسەد و دۆخی سوریاش چارەنووسی هەموو کوردەکانیش دەگۆڕێت. هەر لەبەر ئەمەشە هەموو کورد بە سەرنجەوە چاوەدێری پێڤاژۆی ڕۆژئاڤا دەکەن. لەم قۆناغەدا هەموو کوردێک داوای یەکگرتوویی و یەکڕیزی کورد دەکات.

لە ڕاستیدا لە ساڵی 2011ـەوە هەموو کورد لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا بە هەموو مەرجێک پشتیوانی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاڤا دەکەن. کورد بەشێوەیەک پشتیوانی ڕۆژئاڤای کردووە کە لە هیچ پارچەیەکی دیکەی کوردستان نەکراوە.

ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لەم هاوکاریانەدا زۆر بەرز و ڕوون بوو. ساڵی 2012 کاتێک ڕۆژئاڤا کەوتە ژێر هێرشەکانی بەرەی ئەل نوسرە، دەسەڵاتی هەولێر بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی هاوکاری سەربازی، سیاسی، دیپلۆماسی، خۆراک و تەندروستیی پێشکەش بە ڕۆژئاڤا کرد.

هەنووکەش ڕۆژئاڤا لە دۆخێکی هەستیاردایە کە پێویستە هەموو کورد پشتیوانیی لێبکات. بەڵام ئێمە نە بۆ ئامانجە سیاسییەکان و گوتارە ئایدۆلۆژییەکانی پەکەکە، بەڵکو بۆ ئەوەی کە ڕۆژئاڤا ببێتە قەڵایەک لە کوردستان، پشتگیریی بکەین. چونکە پەکەکە بۆتە بەربەستێکی سەرەکی لەبەردەم کوردستانیبوونی ڕۆژئاڤا.

ڕۆژئاڤا لە 2012شدا هەبوو، کورد دەیتوانی ڕۆژئاڤا وەک قەڵایەکی کوردی بنیات بنێت. بەڵام پەکەکە لەبری ئەوەی ڕۆژئاڤا وەک بەشێک لە کوردستانی ئازادکراو ببینێت، بەڵکوو وەکوو مەیدانێک بۆ بەرژەوەندیی پارتیزانی و رەوایەتیدان بە دیپلۆماسی، دەیبینێت.

پەکەکە لەسەر حیسابی ڕۆژئاڤا دیپلۆماسی لەگەڵ ئەوروپادا کرد و پشتیوانی ئێرانی وەرگرت و هەوڵیدا هاوکاری میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بکات. پەکەکە لە ڕۆژئاڤادا سیاسەتی کوردستانیی ڕەچاو نەکرد. لە سنووری حیزبیی خۆیەوە مەسەلەکەی گرتەدەست. ناوی ڕۆژئاڤای گۆڕی بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. پەکەکە هەر ڕێکخراو و کەسایەتی و بزووتنەوەیەک کە لە چوارچێوەی حزبەکەیدا نەبووبێت، بە دوژمن و خائین و دوژمن ناساندووە. دەیان سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی کە ڕەخنەیان لە پەکەکە گرتبوو، دەستگیرکران و کوژران و بەشێکی زۆریشیان ناچاربوون ڕۆژئاڤا بەجێبهێڵن.

پەکەکە یەکگرتوویی نێوان کوردی ڕەتکردەوە و سەرەڕای ئەوەش نیفاق و دووبەرەکێی لە نێوان گەلی کورد و ڕێکخراوەکاندا دروستکرد. سیمبولەکانی کوردستان بە فەرمی ناناسێت. ئاڵای کوردستان – ئاڵای ڕەنگین – بە دوژمن ناسێندرا و ئەوانەی ئاڵای ڕەنگینی کوردستانیان هەڵدەگرت، بە خائین و تیرۆریست پێناسە کران.

پەکەکە دروشمی “برایەتی گەلان”ی لە ڕۆژئاڤا بەرزکردەوە، بەڵام دوژمنایەتی برا کوردەکانی خۆی دەکرد. ڕێکخراوە چەپەکانی تورکیا – کە زۆربەیان سیخوڕ بوون – لە زۆرێک لە کەمپ و شوێنەکانیدا جێگیر کران. نەوتی کوردستانی بەسەر سەرۆکی عەشیرەتە عەرەبەکاندا دابەشکرد و لە بودجەی هەسەدە پارەی پێدان. ئیمتیازاتی گەورەی بە عەرەب بەخشی، بەڵام مافی ژیانی نەدەدا بەو کوردانەی کە پەکەکەیی نین. ڕۆژنامەنووسانی کورد دەستگیر کران و کەناڵە تەلەفزیۆنییە کوردییەکان داخران و قەدەغە کران.

پەکەکە ڕۆژئاڤای وەک سەنگەرێک بۆ لەناوبردنی حکوومەتی هەولێر بەکارهێنا. میدیاکانی وەک ناوەندێکی شەڕێکی تایبەت، لە دژی باشووری کوردستان بەکار هێنا. لایەنگرانی خۆی بەپێی مەرامەکانی خۆی لە دژی سەروەریی هەوڵیڕ ئاراستە کرد.

بەکورتی پەکەکە نەیهێشت ڕۆژئاڤا هەڵوێستی کوردانە و کوردستانیی پیشان بدات و ببێتە قەڵای یەکڕیزی کورد.

ئێستاکەش ڕۆژئاڤا ناتوانێت لەم دۆخە دەربچێت. بەڵام ئەگەر ڕۆژئاڤا لەسەر بەرژەوەندیی کوردستانی و یەکیەتی کورد، خۆی سەرلەنوێ بنیات بنێتەوە، دەتوانێ کاریگەری ئەرێنی لەسەر هەموو کورد دابنێت.

ئەگەر ڕۆژئاڤا دەیهەوێت پشتیوانی هەموو کورد بەدەست بهێنێت، پێویستە پێش هەموو شتێک بۆ یەکڕیزی کورد لەناو خۆیدا تێبکۆشێت.

پێویستە لەگەڵ پێشمەرگەکانی ڕۆژ کە ڕۆڵەکانی ڕەسەنی ڕۆژئاڤان، کۆببنەوە. بەرەیەکی بەرگری نیشتمانی دابمەرزێنن. پێویستە پلانەکانی پەکەکە وەک هاوکاری لەگەڵ حەشدی شەعبی و هێرشەکانی سەر هەولێر ڕەت بکاتەوە و بە ڕوونی نیشان بدات کە ڕۆژئاڤا تەنیا بارەگای پەکەکە نییە، بەڵکو ڕۆژئاڤا ناوەندی هەموو کوردانە.

پوستێن ھەمان بەش