لە سوریا 35چەکداری دیکەی سپای پاسداران کوژران

لە سوریا 35چەکداری دیکەی سپای پاسداران کوژران

“هێرشەکانی ئەمڕۆ یەکەم کاردانەوەی ئیسرائیل بەرانبەر بە ڕێککەوتنی سەربازی نێوان ڕێژیمی ئێران و سووریا بووە”

لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرئیلدا ئەمڕۆ شەممە 35 کەسی دیکە لە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لە پارێزگای ”دەیرەلزوور”ی سووریا کوژران و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندار بوون.

ئاژانسی هەواڵی “رادیۆ زەمانە” ئەمڕۆ شەممە 11/7/2020 لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە: “چەندین فڕۆکەی شەڕکەری نەناسراو کاروانێکی نیزامیی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیان لە ناوچەی ئەبوکەمال کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دەیان چەکدار کوژراوو بریندار بوون”.

بەپێی هەواڵی ئاژانسەکان، لە ئەنجامی هیرشەکانی ئەمڕۆدا کە دەگوترێ لەلایەن “ئیسرائیل”ـەوە ئەنجامدراون، لانیکەم 35 کەس چەکداری سەر بە سپای پاسدارانی ئیران کوژراون کە دەگوترێ 2 کەسیان لە فەرماندەرانی باڵای میلیشیاکان بوون.

هاوکات باس لەوە دەکرێت کە هیرشەکانی ئەمڕۆ یەکەم کاردانەوەی ئیسرائیل بەرانبەر بە ڕێککەوتنی سەربازی نێوان ڕێژیمی ئێران و سووریا بووە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ئەو هیرشانە زیاتر پەرە بستێنن.

ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو ”محەممەد باقری” بەرپرسی ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، لەگەڵ ”عەلی ئەیووب” وەزیری بەرگریی سووریە لەسەر تەیارکردنی سووریە بە پەدافەندی هەوایی، ڕێککەوتنی سەربازییان واژۆ کرد.

چاودیران پێیان وایە ئێران و سووریا لە رێگای ئەم ڕێککەوتنەوە دەیانهەوێ بەرنگاریی هێرشەکانی ئیسرائیل ببنەوە.

پیشتر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی بە “بەشار ئەسەد” دابوو کە ئەگەر هەوڵێک لە ڕاستای بەهێزکردنی پێگەی سەربازیی ڕێژیمی ئێران لە سووریا ئەنجام بدات، ئیسرائیل ڕێژیمی “بەشار ئەسەد” دەڕووخێنێت.

وڵاتی ئیسرائیل بوونی ڕێژیم ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە لە خاکی سووریا، بە هەڕەشەیەکی جیددی دەزانێت و لە ماوەی ڕابردوودا،‌ ئیسرائیل چه‌ندین جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران له‌نێو خاكی سووریا و لە ئەنجامی ئەو هیرشانەدا ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران.

پوستێن ھەمان بەش