گوندێکی دیکەی زاخۆ بەهۆی پەکەکەوە چۆڵ کرا

گوندێکی دیکەی زاخۆ بەهۆی پەکەکەوە چۆڵ کرا

دانیشتووانی گوندی “ئەڤلەهێ”ئەمڕۆ سەرلەبەیانی بە ناچاری گوندەکەیان بەجێ هێشت و بەرەو گوندی بانکێ کۆچیان کرد

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بە بیانووی پەکەکەوە بەردەوامییان هەیە،و لە درێژەی ئەم هێرشانەدا پاش ئەوەی شەوی رابردوو گوندێکی دیکەی سنووری زاخۆ بوو بەئامانجی هێرشی ئاسمانیی تورکیا، ئەمڕۆ گوندەکە بەتەواوی چۆڵ کرا.

سەرچاوەکانی “دارکا مازی” لە باشووری کوردستان، ئاشکرایان کرد پاش ئەوەی دوێنێ هەینی، گوندی “ئەڤلەهی” لە سنووری ناوچەی باتیفا سەر بە شاری زاخۆ، بوو بە ئامانجی هێرشی فڕۆکەو تۆپخانەکانی سوپای تورکیا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 11/7/2020، گوندەکە بەتەواوی چۆڵ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانە کە بە دەست ئێمە گەیشتوون، بەهۆی پێکدادانی سوپای تورکیا و هێزەکانی پەکەکە، تەنها 5 بنەماڵە لە ناو گوندی “ئەڤلەهێ”دا مابوون و چاودێری رەز و باخ و ماڵاتی خۆیانیان دەکرد، پاش ئەوەی رۆژی رابردوو گوندەکەیان کەوتە بەر هێرشی قورسی ئاسمانیی تورکیا، ئەمڕۆ کاتژمیر 8:00ی سەرلەبەیانی ئەو 5 بنەماڵەیەش بە ناچاری گوندەکەیان بەجێ هێشت و بەرەو گوندی بانکێ کۆچیان کرد.

سەرچاوەکانی “دارکا مازی” ڤیدیۆیەکی ناو گوندەکەیان بۆ شاندووین کە تێیدا دەردەکەوێت ماڵ و سامانی هاووڵاتیان بەهۆی هێرشە ئاسمانیەکانەوە تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر گەورە بوونەتەوە.

لەسەرەتای هێرشەکانی سوپای تورکیاوە بۆ باشووری کوردەستان، لە 15ی مانگی رابردووەوە نزیکەی 50 گوندی باشووری کوردستان بەهۆی ئەو هێرشانەوە چۆڵ کراون کە بەشێکی بەرچاویان لە ناوچەی باتیفای سنووری زاخۆ هەڵکەوتوون. پەکەکەش رۆژبەڕۆژ چالاکیەکانی لە گوندەکان نزیک دەکاتەوە کە مانای ئەوەیە پەکەکە دەیهەوەی ئەو گوندانە زیاتر بە ئامانج بکرین و چۆڵ بکرین.

پوستێن ھەمان بەش