هاوسەرۆکی پژاک: “لەگەڵ ئێران کێشەمان نیە”

هاوسەرۆکی پژاک:"لەگەڵ ئێران کێشەمان نیە"

فەلسەفەی ئاپۆئیستی لە بنەڕەتدا باوەڕی بە پرسی نەتەوەیی کورد نیە، پەکەکە و پژاکیش ئامانجیان رزگاریی نەتەوەیی نیە.

نووسینی: کارۆ هەورامان

بەشی چوارەم

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “پژاک”، لە میانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامی “ڕاڤە”ی کەناڵی “ئاریەن تیڤی” سەر بە پەکەکەدا، رایگەیاند تورکیا دەیهەوێ کێشە بخاتە نێوان پژاک و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوەو بەشەڕیان بدات. هاوکات هاوسەرۆکی پژاک کۆمەڵێک بابەتی دیکەی هیناوەتە گۆڕێ کە دەکرێ زیاتر شرۆڤە بکرێن. سیامەند لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە هێرشەکەی کونە ماسی کرد و وەک ئەوەی بیهەوێ ڕەوایی بە هێرشەکەی تورکیا بدات رایگەیاند لەو هێرشەدا 4 گریلای پژاک کراونەتە ئامانج.

ئاژانسی ANFی پەکەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە گرنگترین قسەکانی هاوسەرۆکی پژاک لەو دیمانە تەلەفزیۆنیەدا کردووەو نووسیویەتی: “هاوسەرۆکی پژاک باسی لە هێرشەکەی سەیرانگای کونەماسیی کرد و وتی: چوار هەڤاڵمان لەکاتی ئەرکدابوون و بۆ کارێکی ڕێکخستنیی بە کونەماسیدا تێپەڕبوون و جلی مەدەنییشیان لەبەردا بووە، بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە هێرش کرایە سەریان …”

سیامەند موعینی لە ڕاستیدا دەیهەوێ پاکانە بۆ دەوڵەتی تورکیا بکات

سیامەند موعینی بە باسکردن لەسەر هێرشەکەی “کونە ماسی” کەوادیارە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی دیمانە تەلەفزیۆنیەکەشیەتی و لەسەرجەم راگەیەنەکانی پەکەکەدا بڵاو کراوەتەوە، لە ڕاستیدا دەیهەوێ پاکانە بۆ دەوڵەتی تورکیا بکات. هێرشە ئاسمانیەکەی تورکەکان بۆ سەر سەیرانگای “کونە ماسی”، وەکوو شوێنێکی بەتەواوی مەدەنی و دوور لە ناوچەی شەڕ، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو زەختێکی زۆری بۆسەر کاربەدەستانی ئەنقەرە دروست کردبوو. بەتایبەت بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی کاتی هێرشەکەو گەمەی منداڵان و قوربانی بوونی ژن و مندال لەو هێرشەدا وایکردبوو کە زۆربەی ناوەند و چالاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئیدانەی هێرشەکە بکەن و لەسەر مەزڵوومییەتی کورد وەدەنگ بێن. بەڵام دەبینین پژاک سەرەتا بە راگەیەندراوێک و دواتر بەم قسانەی سەرۆکی پژاک بە هانای تورکیاوە دەچێت و بە کۆمەڵگەی جیهانی دەڵێت، ئەوەی تورکیا کردبوونی بە ئامانج، خەڵکی سڤیل نەبوون بەڵکوو “چوار هەڤاڵی پژاک بوون کە بۆ کارێکی ڕێکخستنی لەکاتی ئەرکدابوون و جلی مەدەنیان لەبەردا بووە”.

ئەم لێدوانەی سیامەند نەک هەر پاساوی بۆ ئەم هێرشە تورکیا هێنایەوە بەڵکوو لە ئێستا بەولاوە ئەگەر تورکیا لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش خەڵکی سڤیل بکاتە ئامانج، ئەمجارەیان کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زۆر بە گومانەوە لێی دەڕوانێت و دڵنیا نابێت کە ئایا قوربانیەکان خەڵکی سڤیل بوون یان دیسان گریلاکانی پەکەکە و پژاک بوون و بە جلی مەدەنیەوە سەرقاڵی ئەرکی سەربازی بوون.

مەگەر تەنها لە فەلسەفەی پەکەکە و ئیمرالیدا بگونجێت کە بتهەوێ بەشێک لە خاکی وڵاتێکی داگیرکراو رزگار بکەیت بەڵام لەگەڵ دەسەڵاتە داگیرکەرەکەیدا تووشی کێشە نەبیت.!!

بەشێک لە لێدوانەکەی هاوسەرۆکی پژاک لەو چاوپێکەوتنە تەلەفەزیۆنیەدا راستییەکی تێدایە کە بۆ ئەوە دەبێت راوەستەی لەسەر بکرێت و زیاتر روون بکرێتەوە. سیامەند لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێ: “دەوڵەتی تورک شەڕێکی هەمە لایەنەی دژ بە گەلی کورد دەستپێکردووە و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە ئێران بخاتە نێو شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بزووتنەوەی ئێمە [پژاک]”. لەم قسانەیدا هاوسەرۆکی پژاک پڕ بە گەروو هاوار دەکات کە ئەوان وەکوو پژاک، هیچ کێشە و شەڕێکیان لەگەڵ ریژیمی ئێراندا نیەو تورکیا رۆڵی ئاژاوەگێڕانە دەگێڕێت و دەیهەوێ بەشەڕیان بدات. ئەم قسەیە ئەگەر رێکخراوەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بیڵێن رەنگە زۆر سەیر نەبێت چوونکە مادام مەیدانی خەباتی ئەوان لە ناو جوگرافیای ئێراندا نیە، ئاساییە لەگەل ئێران کێشەیان نەبێت. بەڵام بۆ پژاک کە خۆی بە “ئاڵاهەڵگری” خەباتی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت!، زۆر نالۆژیکی و نا مەنتیقیە کە بڵێت ئیمە لەگەڵ ئیران کیشەمان نیەو بەدکاران دەیانهەوێ بەشەڕمان بدەن. مەگەر تەنها لە فەلسەفەی پەکەکە و ئیمرالیدا بگونجێت کە بتهەوێ بەشێک لە خەڵکی وڵاتێکی داگیرکراو بە رزگاری و ئازادی بگەیەنیت بەڵام لەگەڵ دەسەڵاتە داگیرکەرەکەیدا تووشی کێشە نەبیت.!!

بەڵام رزگاریخوازان و نیشتمانپەروەرانی کوردستان پێویستە سپاسێکی بێ پایانی سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پژاک بکەن بۆ ئەوەی راستییەکی حاشاهەڵنەگری درکاندووە. بیگومان راستیەکە ئەوە نیە کە دەکرێ رۆهەڵاتی کوردستان رزگار بکرێت و لەگەل تارانیش کێشەت بۆ دروست نەبێت. بەڵکوو راستییەکە ئەوەیە کە لە ئەساسدا پەکەکە / پژاک ئامانجیان رزگاریی نەتەوەیی نیە، نە لە رۆژهەڵاتی و نە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. فەلسەفەی ئاپۆئیستی لە بنەڕەتدا باوەڕی بە پرسی نەتەوەیی کورد و خەباتە رزگاریخوازانەکەی نیە و لەچوارچێوەی دەستەواژەی “برایەتی گەلان” و زۆر دەستەواژەی ناوبۆشی دیکەی هاوشێوەدا، هەوڵ دەدات ویست و ئامانجی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بە دواکەوتووانە و ناحەز لەقەڵەم بدات. کەواتە ئەوەی چەندین ساڵە رۆشنبیران و نووسەران و خەباتکارانی بزاڤی رزگاریخوازانەی کورد باسی لێوە دەکەن و دەڵێن کە پەکەکە / پژاک بەشێکن لە پرۆژەکانی ئێران و داگیرکەرانی دیکە بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی رزگاریخوازانەی کورد، راستییەکە کە ئەگەرچی زۆر تاڵە، بەڵام پێویستە گەلی کورد و بەتایبەت خەلکی رۆژهەڵاتی کوردستان قبووڵی بکەن.

قسەکانی سەرۆکی پژاک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە پەیوەندییەکانی نیوان تاران و “پەکەکە / پژاک” پشتڕاست دەکاتەوە

قسەکانی سیامەند وەکوو سەرۆکی پژاک ئەگەرچی بێگومان لەڕووی ساویلکەییەوە باسی کردووە بەڵام سەلمێنەری ئەو راستیە تاڵەیە و بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە کە پەیوەندییەکانی نیوان تاران و “پەکەکە / پژاک” پشتڕاست دەکاتەوە. ئەگەرچی نیشانەکانی ئەم هاوکاریانە بۆ زۆرێک لە گەلی رۆژهەڵات روون بوو، بەڵام پێویستە ئەوانەی کە تۆزقاڵە گومانێکیان لە هەبوونی پەیوەندیی نێوان “پەژاک / پەکەکە” و ئێراندا هەبووبێت ئیدی دڵنیا بن کە مەترسییەکانی پژاک لەسەر داهاتووی خەباتی رزگاریخوازانەی کورد، مەترسیهایەکی جیددی و پڕتێچوون. ئەگەر هەبوونی بنکەکانی “پژاک / پەکەکە” بە ئاشکرا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەڕانی ئازادانەی گریلاکانیان دڵنیای نەکردبوون، پێویستە ئیدی ئێعترافی سەرۆکی پژاک دڵنیامان بکات لەوەی پژاک دوژمنی ئیران نیە. ئەگەر ئێعترافی سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە لەسەر هەبوونی نووسینگەی نوێنەرایەتی پەکەکە لە تاران و بنکەی تەندروستی ئەو حیزبە لە ورمێ، لە هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ “پژاک / پەکەکە” دلنیای نەکردبووین، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە “قاپی گەرمتر لە ئاش” نەبین و بەم قسانەی سیامەند موعینی تێبگەین کە پژاک پرۆژەیەکی هاوبەشی پەکەکە و ئیرانەو ئامانجیشی جگە لە دژایەتی کردنی بزاڤی نەتەوەیی و رزگاریخوازانەی رۆژهەلاتی کوردستان و بەلاڕێدا بردنی پوتانسیێڵی سەربەخۆیی خوازانە لەو بەشەی کوردستان و درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئیران، هیچی دیکە نیە.

خەنجەرەکەی رۆژ تەنگانە

دیارە دواتر سیامەند هەڕەشە لە ئێران دەکات و دەڵێ ئەگەر دنەدانەکانی تورکیا کار لە تاران بکات و بیهەوێ لەگەڵمان بەشەڕ بێت، ئەوا پژاک شەڕ دەباتە قووڵایی شارەکان، هاوکات ئامژە بەوەش دەکات کە ئێران لاوازەو شەڕی پژاکی پێ ناکرێت.! دیارە لەسەر ئەوەی کە شەڕ دەبەنە قووڵایی شارەکان ئەمە دروشمێکی سواوە کە پەکەکە بەر لە داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی و ناوچەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان باسی کردبوو و بینیمان تورکیا ئەو شوێنانەی داگیر کرد و دەنگی تەقەی پەکەکە لە هیچ شارێکی تورکەکانەوە نەبیسترا. بە دڵنیاییەوە ئەمە وەکوو دروشمێکە کە شوێنکەوتووانی پەکەکە زاریان پێی راهاتووەو بەردەوام دەیڵێنەوە دەنا خۆشیان دەزانن کە قەد قەد رووی کردار بەخۆیەوە نابینێت. دیارە پەکەکە پرۆژەیەکی تورکیای بە ناوی شەڕی خەندەقەکان لە باکووری کوردستان (نەک شارە تورک نشینەکان) جێبەجێ کرد و بینیمان جگە لە وێرانی زیاتری کوردستان، قوربانی بوونی لاوانی شۆڕشگێڕ و خاوەن هەستی نەتەوەیی، ترس و تۆقاندنی زیاتر و بێ هیوایی و رووخانی ورەی رزگاریخوازانەی کورد لەو بەشەی نیشتمان، هیچ دەرئەنجامێکی پۆزەتیڤی بۆ کورد و کوردستان نەبوو. بەڵام ئەوەی کە دەیڵێ کۆماری ئیسلامی توانای نیە رووبەڕووی پژاک ببێتەوە و وا نیشان دەدات کە پەکەکە لە رێژیمی تاران بەهێزترە، ئەم پرسیارە دەخوڵقێنێت کە ئەگەر سیامەند راست دەکات ئەدی بۆچی هێرش ناکات و رۆژهەڵات رزگار بکات؟ ئەم هێزە بەهێزە کە ئێران پێی ناوێری و لێی دەترسێت و دەتوانێ کۆماری ئیسلامی لەناو ببات بۆ کەی دانراوە؟ ئایا “خەنجەرەکەی رۆژی تەنگانەیە”؟ یان ئەوەیە پژاک حەزی لێی نیە رێژیمی تاران بڕووخێت و کوردستانی رۆژهەڵات بە رزگاریی بگات؟

بەپێی راپۆرتەکەی ANF: “لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سیامەند موعینی باسی لە هەماهەنگیی نێوان میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و پاراستنی پەدەکە کرد و وتی: میتی تورک و ئیتڵاعاتی ئێران و پاراستی پەدەکە مێزێکی هاوبەشیان هەیە و جاروبار بەیەکەوە کۆدەبنەوە و لەسەر دۆخی کورد گفتوگۆ دەکەن، بەتایبەتیش کار لەسەر وەشاندنی گورز لە پژاک دەکەن.”

سەرەتا پێویستە باس لەوە بکەین کە تەرکیبی “میتی تورک و ئیتلاعاتی ئیران” لەگەڵ پاراستنی پەدەکە، پێکناکۆکن و ناتوانن پێکەوە لە بەرەیەکدا بن چوونکە بەرژەوەندییەکانیان یەک ناگرێتەوە. لەبیرمانە لەکاتی کوژرانی قاسم سلێمانی گرنگترین کەسایەتی ناوچەیی ئێران و مەترسیدارترین تیروریستی جیهاندا، ئەمەریکا سپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و ئەو باسە لە ئارادا بوو کە پاراستنی پارتی دیموکرات، هاوکاری زانیاریی دابێتە ئەمریکا و ئیسرائیل و بینیشمان کە ئێران لە هێرشە مووشەکیەکانیدا لە تۆڵەی قاسم سلێمانیدا، هەولێریشی کردە ئامانج. کەواتە بە بێ ئەوەی بمهەوێ بەرگری لە پارتی یان هیچ رێکخراوێکی دیکە بکەم ئەوە راستییەکی روونە کە ئاراستەی پاراستنی پارتی زۆرتر بەلای ئیسرائیل و ئەمەریکادا دەشکێتەوە تا ئیتلاعاتی ئیران و میتی تورکیا. ئەگەر سیامەند بیگوتبا میتی تورکیا و ئیتڵاعاتی ئێران لەگەڵ دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتمانی هاوئاهەنگی دەکەن بێگومان هەم مەنتقی زیاتری تێدا بوو و هەمیش لە واقع نزیکتر بوو و کورد گوتەنی رێی تێدەچوو.

بەڵام ئەوەی کە میتی تورکیا و ئیتلاعاتی ئێران بۆ زەربەلێدان لە پژاک و پەکەکە پیێویستیان بە هاوکاری دەزگایەکی هەواڵگری باشوور هەبێت، خۆی لەخۆیدا وەکوو نوکتە دێتەبەرچاو، چونکە لە رابردوودا پەکەکە دەیان ئەندامی سەرکردایەتی خۆی بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیادا تەسفیە کردووە. هەروەها بەشێک لەو شوێن و کەسانەی لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە دەکرێنە ئامانج ئەوەندە گرنگ و نهێنین کە جگە لە بەرپرسانی باڵای پەکەکە کەسی دیکە ئاگای لێی نیەو ئەمەش دەیسەلمێنێت ئەم زانیاریانە لە راستیدا لە ئاستی سەرەوەی سەرکردایەتی پەکەکە دزە دەکەن. ئەوەی پەیوەندیی بە ئیتلاعاتی ئیرانیشەوە هەیە روونە کە یەکێک لە بەندە سەرکیەکانی هاوپەیمانی ستراتجی دەیان ساڵەی نیوان پەکەکە و تاران، لە گوڕینەوەی زانیاریی ئەمنییەتی نیوان ئیتلاعات و پارتی کرێکارانی کوردستان پێکهاتووەو لە راستیدا ئیتلاعات و پەکەکە هاوپەیمانی ستراتجی و هاوکاری یەکترین نەک دژبەر و نەیار.

بەڕێوەبەرانی “PKK” دەیانهەوێ دەستی چەوری خۆیان بە سەر رێکخراوە نەتەوەیی و رزگاریخوازەکانی کورددا بساون

لە کۆتاییشدا پێویستە ئاماژە بەو راستیە بکەین کە ئەوەی لە بزووتنەوەی کوردستاندا بە تیرۆریست ناوی دەرکردووە، پارتی کرێکارانی کوردستانە و بەڕێوەبەرانی “PKK” دەیانهەوێ دەستی چەوری خۆیان بە سەر رێکخراوە نەتەوەیی و رزگاریخوازەکانی کورددا بساون. جەنگ و بەرخۆدانی پێشمەرگە دژ بە بیرو کرداری تیرۆرو تیرۆریستان ئەوەندە بەرچاوو و بەنرخ بوون و هاوکات گومان خستنە سەر رێکخراوە کوردیەکانی باشووری کوردستان بۆ ئەوەی کە دەیانهەوێ کردەوەی تیروریستی ئەنجام بدەن، تۆمەتێکی ئەوەندە بێ بنەما، بێ ناوەرۆک و خەیاڵی و دوور لە راستییە کە نە سیامەند و نە هیچ بەرپرسێکی دیکەی پەکەکە ناتوانن بە چەواشەکاری و درۆ ودەلەسە سیمای مرۆڤدۆستی و ئازادیخوازانەی تەنیا قەوارەی سیاسی کوردەکان بە تۆمەتی تیرۆر ناشیرین بکەن.

پوستێن ھەمان بەش