لە “حەفتەنین” چی دەگوزەرێت؟ کەموکووڕی، رەخنە، راستی و رێگاچارە

لە “حەفتەنین” چی دەگوزەرێت؟ کەموکووڕی، رەخنە، راستی و رێگاچارە

لە “حەفتەنین” چی دەگوزەرێت؟ کەموکووڕی، رەخنە، راستی و رێگاچارە

Posted by ‎داركا مازى – سۆرانی‎ on Wednesday, July 22, 2020

 

حەفتەنین سێ کوچکەی سێ پارچەی کوردستان، نە ئینگلیز، نە تورک و نە سەددامیش نەیانتوانیوە چیای حەفتەنین کۆنترۆڵ بکەن.

بەشی یەکەم

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەناوی “پەنجەی پڵینگ” بۆ سەر باشووری کوردستان لە حەفەتەنین بەردەوامییان هەیە بەڵام نزیکەی مانگێک پاش دەستپێکردنی ئەو هێرشانە، هێشتا گەلی کورد زانیاریی دروست و تەواوی لەسەر بارودۆخی حەفتەنین لەبەردەستدا نیە، لەبەر ئەوەی هەر دوو لایەنی شەڕەکە، واتە هێزەکانی پەکەکە و سوپای تورکیا کە لەو ناوچەیە حوزووریان هەیە، زانیاریی راستەقینەی تایبەت بە شەڕ و تێکهەڵچوونەکان و بارودۆخی ناوچەکەیان مۆنۆپۆل کردووە. تورکەکان دەڵێن ئێمە وەکوو پڵینگ لە هەموو شوێنێک جێگامان گرتووە، پەکەکەش دەڵێت لە حەفتەنین کونە مشکمان لە سوپای تورکیا کردۆتە قەیسەری، بەڵام لە راستیدا هەردوولا هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە.

چیای حەفتەنین، ئەو چیایەیە کە بە دریژایی مێژوو کوردی پاراستووە

حەفتەنین لە جوگرافیای کوردستاندا، ناوچەیەکە کە بۆتان و بادینان پێکەوە گرێ دەدات. 2 عەشیرەتی بەناوبانگی گولی و سندی دانیشتووی ئەو ناوچەیەن. لەگەل ئەو عەشیرانەدا 7 گوندی کلدانی، ئاشووری و سریانی لە حەفتەنین دەژین.

لە “حەفتەنین”دا شاخی سەرکەش، دەڕەی قووڵ، ئەشکەوتی سروشتی وجێگای گونجاو بۆ خۆپارێزی زۆر هەن. ئەم تایبەتمەندیانە وایان کردووە کە ئەو ناوچەیە ببێتە هەڤاڵێکی جێگەی متمانە بۆ کوردان تاوەکوو بتوانن خۆیانی تێدا بپارێزن. لە مێژووی هاوچەرخدا لە سەدەی 19 و 20دا زۆربەی ئەو کەسانەی کە لەو ناوچەیەدا بەرانبەر بە دەوڵەت و داگیرکەران راپەڕیوون و یاخی بوون، روویان لە حەفتەنین کردووە.

جووڵانەوەی ئیحسان نووری پاشا

ئەگەرچی بە سەدان ساڵە عەشیرەتەکانی گولی و سندی لە حەفتەنین دەژین، بەڵام عەشیرەتەکانی ژیرکی، گۆیی، ئەلکی، شێرناخی و قاشووری لە بەرانبەر داگیرکەراندا اپەڕیون و روویان لە حەفتەنین کردووە. ئەم عەشیرەتانە بەردەوام پێکەوە بە تەبایی ژیاون و هاوکاریی یەکتریان کردووە. عەشیرەتی گۆیی کە لە قەلەبان دەژین، لە ساڵی 1919دا کاتێک ئینگلیسیەکان ویستیان بێنە ناوچەکە، لە دژیان راپەڕین و 3 لەشکر و ژمارەیەکی بەرچاو فەرماندە و راوێژکاری ئینگلیزەکانیان کوشت و رێگایان پێ نەدان بچنە ناو حەفتەنین و ناچاریان کرد بسووڕێنەوە.

لە سەرەتای جووڵانەوەی ئازادیی ئیحسان نووری پاشا لە 4ی ئاداری ساڵی 1924دا سەرهەڵدانێک لە “بەیتوشەباب” دەستی پێکرد و کاتێک گەمارۆ دران روویان لە حەفتەنین کرد و هەتا بەهاری سالی 1925 لەگەڵ هاوسەرەکەی “یاشار خان” لە حەفتەنین و لە ناوچەی کەشان جێگیر بوون.

ئەبووبەکر شاکر ئاغا، سەرۆکی عەشیرەتی گراڤی، لە بەرانبەر شۆڕشی “شابکا” کە لەساڵی 1925دا پەسند کرا، ناڕازیبوونی خۆی پیشاندا. دژ بەو عەسکەرانەی تورک  سەرهەڵدانی کرد و کاتێک گەمارۆ درا، ئەویش رووی لە حەفتەنین کرد و لە ناوچەی کەشان جێگیر بوو.

دوکتور شوان کە بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد، یەکەم بڕیارگەی خۆی لە حەفتەنین دامەزراندبوو.

هەروەک چۆن عەشیرەتەکانی گولی، سندی، ژیرکی، گۆیی، ئەلکی و زۆر عەشیرەتی دیکە بۆ راپەڕین و جووڵانەوەکانی خۆیان پشتیان بە حەفتەنین بەست، دەتوانین دەیان نموونەی دیکە بهێنینەوە کە حەفتەنین پشتیوان و پەناگەی راپەڕینەکان بووە. حەفتەنین ناوچەیەکە کە بۆتان و بادینان پێکەوە گرێ دەدات. جگە لەبواری جوگرافی، لەبواری کلتووریشەوە هەر وایە، بەر لە هەر شتێک لە هزری مرۆڤەکانی ناوچەکەدا، هەرێمەکانی حەفتەنین، قەلەبان، شەرناخ و بەیتوشەباب هەموویان یەک هەرێمن. ئەگەرچی سنووری دەستکردی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە رواڵەت ئەو ناوچانەی لێک دابڕیوە، بەڵام لە روانگەو هزر و هەست و فەلسەفەی کوردەکاندا ئەو سنوورانە قەد قبوول نەکراون. کورد بۆخۆی لە لە قووڵایی و ناوەڕاستی وڵاتەکەی خۆیدا، ئەو سنوورانەی کە وەکوو برینێک بەردەوام خوێنیان لێ دێت، پێچاویانەو تیماریان کردووە. قەت پەیوەندیەکانی نێوانیان نەپچڕاندووە. “گۆییەک” کە لە قەلەبان دەژیت، حەفتەنین وەکوو حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەی خۆی سەیر دەکات. لە روانگەی کەسێکەوە کە لە بەیتولشەباب دەژیت، حەفتەنین وەکوو رەزی جیرانەکەیان وایە. بەڵام دیسانیش ئەو برینە دڵۆپ دڵۆپ خوێنی لەبەر دەڕوات. ئەو 34 لاوەی کورد کە لە ساڵی 2011دا لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە قەتڵوعام کران، نیشانەیەک لەو دڵۆپە خوێنانە بوو. 34 لاوەکەی رۆبۆسکی، لە راستیدا دەربازی وڵاتێکی دیکە نەببوون، حەفتەنین وەکوو گوندی جیرانیان بوو کە هاتوچۆیان تێدا دەکردن، یەعنی حەفتەنین هەم باکوورە هەم باشوور.

ئەو قسە بەناوبانگە کە دەڵێت ئیمە جگە لە چیاکان دۆستیکی دیکەمان نیە، ڕێک حەفتەنینیش دەگرێتەوە. هەرکات کورد خۆی سپاردبێتە حەفتەنین، هەناسەیەکی ئاسوودەی تێدا هەڵکێشاوە. ئەو دۆستایەتیەی حەفتەنین لەگەڵ کوردان و یەکگرتوویی و پشتیوانیی ئەو عەشیرەت و خەڵکەی کە لەو ناوچەیە دەژین وایکردووە کە هیچ کام لە داگیرکەران نەیانتوانیوە حەفتەنین کۆنترۆڵ بکەن. نە ئینگلیز، نە تورک و نە سەددامیش نەیانتوانیوە چیای حەفتەنین کۆنترۆڵ بکەن. سوپای تورکیا لە ساڵی 1990 هێندیک لە سنووری تورکیاوە پێشڕەویی کرد بەڵام دواتر ناچار بوو پاشەکشە بکات. بەڵام بۆ یەکەمجار سوپای تورکیا  لە سالی 2018دا توانی شاخەکانی حەفتەنین و قووڵایی جوگرافیاییەکای داگیر بکات.

شاخەکانی حەفتەنین تا کوێ رێگایان هەیە؟

حەفتەنین لە ژئیوپۆلیتیکی کوردستاندا وەکوو “کلیل”ێکە، هەر 3 پارچەی باشوور، باکوور و رۆژئاوای کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە. لە باکوور شێرناخ، سلۆپی و قولەبان هەن، ئەو ناوچانە بەرەو تەنینێ، گەرا بەرانا، کەلا مەمێ، هەرێمی بەستا و چیای جوودی درێژ دەبێتەوە. لە باشووریش حەفتەنین بەرەو کەلی قومری و چیای مەتین دەچێت و ئەگەر مرۆڤ سەرنج بداتە ئەو ریزە شاخانە، بەردەوام دەبن تا دەگەنە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و کاتی خۆی ئەسکەندەری مەکدوونی گەورەش نەیتوانیوە لەو شاخانەوە رەد ببێت. لە قووڵایی بەشی باشووری کوردستاندا چیای گارە، چیاکانی لالەشی نوورانی، چیای خێری لەسەر ئاکرێ و هەتا دەگاتە مەقلوبی شێخان و خۆی دەگەیەنێتە دەروازەی مووسڵ و هەولێر. بەرانبەر حەفتەنینیش چیای سپی، چیای بێخێر و لە رۆژئاوا خۆی دەگەیەنێتە چیای قەرەچووخ و دێرکی حەمکۆ و لە باشووریشەوە تا شنگال دەڕوات.

گرنگی حەفتەنین کە کەس باسی لێوە ناکات یەکێکیان ئەوەیە کە رێکی ئەو زنجیرە چیایەیە کە هەموویان دەکەونە سەر رێگای کەرکووک و مووسڵ. حەفتەنین بۆ دەشتی نەینەوا وەکوو باڵەکۆنێک وایە و ئەمەش مانای ئەوەیە کە لەسەر چیای حەفتەنین مرۆڤ دەتوانێ خۆی بۆ سەر سفرە نەوتییەکانی نەینەوا و کەرکووک شۆڕ بکاتەوە. لە حەفتەنین هەتا چیای شنگال رێگا هەیە و ئەو رێگایە زاخۆ و شنگال هەتا تەلعەفەر پێکەوە گرێ دەدات. ئێستاشی لەگەڵ بێت تورکەکان خۆیان لەسەر چیای شنگال بە مافدار دەزانن کە هاوکات کانگای غازی سروشتیشە. بێگومان گرنگی حەفتەنین تەنها ئەوە نیە. باسکێکی دیکەی دەڕواتەوە رۆژئاوای کوردستان و لەسەر چیای سپی مرۆڤ دەتوانێت بگاتە ستراتژیکترین خاڵەکانی رۆژئاوای کوردستان وەکوو دێرک و رمێڵان کە بە ناوچەهایەکی پڕ لە نەوت دەناسرێن. ئەوەش بەو مانایە دێت کە لەسەر حەفتەنینەو دەتوانن رێگای نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستان بپچڕێنن. دیسان لە نزیک دێرک، گوندی عەندی وەرێ و مۆزەلا لە ساڵی 2017 بەملاوە ئامادەکاریی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە دەروازەیەکی سنووری نوێ و بەناوی گوندی دەشتێ “ئۆڤاکووی” بەرەو تەلعەفەر بیکەنەوە و ئارمانجیان ئەوەیە لە رێگای ئەو دەروازە نوێیەوە، دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل کەم بایەخ بکەن. هاوکات دەشیانهەوێ ئەو بازرگانیە نافەرمیانەی کە لەنێوان کوردەکاندا ئەنجام دەدرێن، بەفەرمی کۆنترۆڵ بکرێن و گرێدانی ئابووری نێوان کوردەکان لەناو ببرێن.

ئەم باسە کورتەی کە ئیمە لەسەر جوگرافیای حەفتەنین باسمان کرد دەریدەخات کە هیرشەکانی سەر حەفتەنین، لە بواری جیئۆپۆلیتیک، جیۆستراتجی و جیۆئۆکۆنۆمیدا رۆڵیکی ستراتجی و پڕواتای هەیە و لەبواری سیاسیشدا ئەو هیرشانە دژ بە حکوومەتی هەریمی کوردستان ئەنجام دەدرێت لەبەر ئەوەی هەموو داگیرکاری و زۆردارییەکی دوژمنان لە سەدەکانی 19 و 20 و لەسەدەی 21یشدا لە باشووری کوردستان، حکوومەتی هەریمی کوردستان بۆتە کانگای هیوا و ئومێدی کوردەکان و هزری دەوڵەتی بەرچاوتەنگی تورکەکانیش کە ساڵانێکە دژایەتی کوردەکان دەکات، حەز ناکات ئەو دۆخە ببینێت.

لەگەڵ شرۆڤە کردنی بارودۆخی سیاسی و جوگرافی ئێمە لە بەشی دووەمدا هەوڵ دەدەین باسێک لەسەر کەموکووڕیەکان و پێشنیارو رێگاچارەکان بهیننینە گۆڕێ.

لەگەڵمان بن…

پوستێن ھەمان بەش