ئەوانەی کە ستراتیژیان تورکبوونە، بۆیان نیە ئاڵای تورکیا لە هەولێر ڕەخنە بکەن

توێژی وشیاری کوردستان، مەیدان بۆ شەڕی تایبەتی پەکەکە و یەنەکە چۆڵ ناکات.

لەم دوو ڕۆژەی دواییدا، پرسی ئەو ئاڵایانەی تورکیا کە بەهۆی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر لە شەقامەکاندا هەڵواسراون، لە سۆشیال میدیادا بووەتە ڕۆژەڤی سەرەکی. لە ڕاستیدا هەندێک کەس نیشتمانپەروەرانە بەرامبەر بە ئاڵای تورکیا هەڵوێست دەگرن، بەڵام ئەم کەسانە بەشێکی بچووکی ڕەخنەگرەکانن. لەلایەکی دیکەوە پەکەکە و دەوروبەریەکەی ئەم بابەتەیان کردووە بە هەڵمەتێکی گەورە وپێویستە ئێمە ئامانجی پەکەکەییەکان لەو کەسانە جیا بکەینەوە کە بە نیازپاکیەوە ڕەخنە دەگرن. چونکە هەڵوێستی پەکەکەییەکان لەم بابەتەدا تەنها دووڕوویی و خیانەت و دوژمنایەتییە. تەنها هەوڵ دەدەن ئەم بابەتە بۆ هەڵمەتەکەیان دژ بە بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بەکاربهێنن.

ئۆجەلان لە بەرچاوی بەرپرسانی دەوڵەتی تورکدا “لیتک”ی هەڵداویشت و دەیگوت: “دەمەوێت خزمەتکاری دەوڵەتەکەم (تورکیا) بم، دایکم تورکە، دەرفەتم پێبدەن تا من شوانەکانی جۆلەمێرگیش فێری زمانی تورکی بکەم”.

ئەو ئاڵایانەی کە بەهۆی سەردانەکەی ئەردۆغانەوە دانراون، زیادەڕەوی بن یان نا، بابەتی مشتومڕە. هەرێمی کوردستان بە دەوڵەتانی کۆلۆنیالیزمی ناوچەکە و هەندێک ڕێکخراوی سەر بەو دەوڵەتانە، دەورە دراوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوسەنگیەکی حاشاهەڵنەگر هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکرێ بە پێی ئەوەی حەزت لێیە و حەزت لێی نییە، سیاسەت و دیپلۆماسی بکەیت. پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و تورکیا لە چوارچێوەی ئەو ئەرکەدایە.

سواڵکەرەکانی بەردەرگای دەوڵەتی تورکیا ناتوانن نوێنەرایەتی کەرامەتی نەتەوەیی بکەن

دەکرێ بابەتی گەشەی پەیوەندییەکان تاوتوێ بکرێت و سەرنجی لەسەر بدرێت. بەڵام پەکەکەدوایین هێزە کە بۆی هەبێ ئەم شرۆڤەیە بکات. چونکە ستراتیجی پەکەکە تورکبوونە. لە ساڵی 2000ـەوە ئۆجەلان و پەکەکە دەستیان داوە بە دەستی یەکدیەوە بۆ ئەوەی کەمالیزم و ئاڵای تورکیا لە لای کوردان خۆشەویست بکەن و بۆ ئەو مەبەستە لێرە و لەوێ چیرۆک لە ئەفسانە و چیرۆک و مێژووی جیاجیا دەستنیشان و ئامادە دەکەن. با هەموو ئەمانە بخەینە لایەک، تەنها ڤیدیۆی دانپێدانانەکانی ئۆجەلان بەسە کە لەبەردەم دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیادا “چل لیتک”ی هاویشت و گوتی: “دەمەوێت خزمەتکاری دەوڵەتی (تورکیا)ی خۆم بم، دایکم تورکە، دەرفەتم پێبدەن تا من شوانەکانی جۆلەمێرگیش فێری زمانی تورکی بکەم.”

ئەو پەکەکەییانەی کە کڕنۆش بۆ ئاپۆ دەبەن، ئەو ئاپۆیەی کە تەنها بۆ ئەوەی لەسێدارە نەدرێت هەموو بەهاکانی نەتەوەی کوردی بە دەوڵەتی تورک فرۆشت، ناتوانن بە دژایەتیکردنی ئەو ئاڵایانەی تورکیا ببنە نیشتمانپەروەر کە لە هەولێر هەڵواسراون. سواڵکەرەکانی بەردەرگای دەوڵەتی تورکیا ناتوانن نوێنەرایەتی کەرامەتی نەتەوەیی و شەرەفی نیشتمانپەروەری بکەن.

پەیوەندییەکانی پەدەکە و باشووری کوردستان لەگەڵ تورکیادا شەفافن و هیچ پێویست بەوە ناکات پەردەپۆش بکرێن یان دەمامکیان بۆ دانبرێت. بەڵام پەکەکە وا نییە. لە 15ی شوباتی 1999ـەوە هەتا ئێستا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە دەیان دیداری نهێنی و لێڵی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیادا ئەنجامداوە. دەسەڵاتدارانی پەکەکە دەیان کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی میت و ئاکەپەی تورکیا لە برۆکسل و ئەنقەرە و ئیمرالیدا ئەنجامداوە. لە پشت پەردە شاراوەکانەوە شەوێک عەفرین ڕادەستی سوپای تورکیا کرا و بە هەڵکۆڵینی خەندەق و لەڕێگای شەڕی خەندەقەکانەوە هەموو باکووری کوردستان بەتەواوی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا. ئۆجەلان و ڕێکخراوەکەی (پەکەکە)، لە هەموو ئەو شوێنانەی کە چالاک بوون و دەسەڵاتیان هەبوو، ئاڵای کوردستانیان سووتاند و قەدەغەیان کرد. پەکەکەییەکان بزووتنەوەی کوردیان لە باکووری کوردستان، کرد بە درێژەپێدەر و کلکی کەمالیزم. وێنەکانی ئاپۆ و ئاتاتورک پێکەوە بەرزکرانەوە. پەکەکە لە میتینگەکانی باکووردا ئاڵای تورکیای دایە دەست گەنجانی کوردەوە. پەکەکە کە بە ڕێنمایی دەوڵەتی تورک چالاکی دەکات، بۆی نیە باسی نیشتمانپەروەری بۆ کەس بکات. بابەتەکە ئەوەندە ڕوونە و حاشاهەڵنەگرە، هەر بۆیە ئەم پەندە کوردیە وەبیر دەهینینەوە کە دەڵێ: «ئەوێ خەبەرا دبێژیتە دینێ من، دڤێت دەستپێکێ سەحکەتە دینێ خۆ».

هەموو سابوونی دونیا ناتوانن خیانەتەکانی پەکەکە بشۆنەوە

“بەسێ هۆزات” و “ئایتەن دیرسیم”، لە سەرکردەکانی پەکەکە، پڕ بە قوڕگی خۆیان دەقیژێنن “شنگال کوردستان نییە!” و لە عێراقیش ئاڵای حەشدی شەعبی دەدەن بە شانی گەنجانی کوردەوە و دەیانکەن بە چەتەی شیعەکانی عێراق و میلیشیاکانی حەشد. نەتەوەی وشیاری کورد لەو کەسانە قبوڵ ناکات کە ئەگەرچی خۆیان بە ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر دەناسێنن، بەڵام ئامادە نین تاقە یەک وشەش لەسەر ئەم خیانەتەی پەکەکە بڵێن و هاوکات ئاڵای تورکیا لە هەولێر ڕەخنە دەکەن. ئەمانە لە ڕاستیدا ساختەچی و چەواشەکارن.

توێژی وشیاری کوردستان، مەیدان بۆ شەڕی تایبەتی پەکەکە و یەنەکە چۆڵ ناکات. یەنەکە، حیزبێکە کە بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، کەرکوکی فرۆشت، ئێستا چۆن لەڕووی هەلدێت، هەڵدەستێ و ئامۆژگاری نیشتمانپەروەرانە بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەدات! هیچ سابونێک ناتوانێت خیانەتەکانی پەکەکە پاک بکاتەوە.

ئەوانەی ڕەخنە لە هەولێر دەگرن با سەرەتا ئاوڕێک لە خۆیان بدەنەوە و سنووری خۆیان بزانن. با هەمووان ئەمە بزانن کە “تەنها زەکاتی نیشتمانپەروەریی بزووتنەوەی بارزانی، بەسە بۆ ئەوەی پەکەکە و دەیان حەرەکەی وەکوو پەکەکە، بکێشێتە سەر هێڵی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەری”.

پوستێن ھەمان بەش