پەکەکە و دەوڵەتی تورک دەیانەوێت شەڕ لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا بڵاوبکەنەوە و ئەو قەیرانەی ئێستا قووڵتر بکەنەوە.
ڕۆژی 10ی ئادار لە ناوچە سنووریەکانی هەرێمی کوردستاندا کۆبوونەوەیەک لەنێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیا و پاسەوانی سنووری عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بەڕێوەچوو. سەرچاوە خۆجێیەکان جەختیان کردۆتەوە کە کۆبوونەوەکە لەسەر داخوازی پێشمەرگەی کوردستان بووە و هێزی پێشمەرگە، چەکدارانی تورکیای ئاگادار کردۆتەوە کە دەبێ لە خەتی سەر ڕێگای هاتوچۆی خەڵکی سڤیل دوور بکەونەوە.
لەم دیدارەدا هێزە سەربازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان کرد بە مەبەستی ڕێگریکردن لە داگیرکاریی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی تورکیا و پەکەکە “لە هەردوولاوە” بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە گوندەکانیان و مافی ژیان کردنیان پارێزراو بێت. کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەیەکی فەرمی بووە و لە چوارچێوەی گومرک و یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەپێی یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە. کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای ئەو ڕاستیەیە کە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، ماف و سەروەری ڕەوای خۆیان بەسەر خاکەکەیاندا بەکاردەهێنن.
بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە بە شێوەیەکی لایەنگرانە مانیپۆل کرا. بە تایبەتی میدیای پەکەکە بە هەموو توانایەوە هەوڵیدا ئەو کۆبوونەوەیە چەواشە بکات. پەکەکە ئیدانەی ئەو هێزە شەرعیانەی کوردستانی کرد کە بە شەرعییەتی یاسایی خۆیان بەرگری لە خاکی نیشتمانی کوردان دەکەن. بەڵام پەکەکە بۆ شاردنەوەی پەیوەندییە ڕەش و تاریکەکانی بە هەموو شێوازێکی بێ ئەخلاقانە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدات. حزووری پەکەکە بۆ ماوەی 42 ساڵ لە باشووری کوردستان؛ جگە لە زەربەلیدان لە شۆڕشی باشووری کوردستان، تێکدانی دەستکەوتەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هاوکاری لەگەڵ دوژمنانی باشووری کوردستان و گۆڕینی خاکی ئازادکراوی باشووری کوردستان بۆ گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ و ئاڵۆزی و هتد…، هیچ مانایەکی دیکەی نیە.
پەکەکە هۆکاری سەرەکی هێرشی داگیرکەرانەی تورکیا و هەبوونی هێزە چەکدارەکانی تورکیایە لە باشووری کوردستان. پەکەکە سەرجەم ئەو ناوچە ستراتیژییانەی باشووری کوردستان کە دەیگوت “ئێرە شوێنی منە وهیچ هێزێک ناتوانێ پێ بنێتە ناوی”، بە قووڵایی 45 کیلۆمەتر، ڕادەستی سوپای تورکیا کرد. پەکەکە ئەو شەڕەی کە دەبوا لە باکووری کوردستان بیکات، گواستوویەتیەوە بۆ پشت شیلادزێ و ئامێدی لە قووڵایی باشووری کوردستاندا.
پەکەکە دەیهەوێت شەڕ بگوازێتەوە بۆ گارە
شاخێک لە باکووری کوردستان نەماوە کە پەکەکە ڕادەستی دەوڵەتی تورکی نەکردبێت و هەموو شاخەکانی باکووری کوردستانی ڕادەستی تورکیا کردووە. پارێزگاری دێرسیم چەند ڕۆژێک لەوەپیش لێدوانیکدا گوتبووی: “لە ئێستادا تاقە یەک گەریلاش لە شاخەکانی دێرسیمدا نەماوە”. پارێزگاری دێرسیم ڕاست دەکات، لانیکەم ماوەی 5 ساڵ دەبیت کە گەریلاکانی پەکەکە تاقە یەک گوللـەیان لە چیاکانی دێرسیم نەتەقاندووە. ئەو شەڕەی کە دەبوو لە دێرسیم بیکەن، گواستوویانەتەوە بۆ دەڤەری نهێلیان لە باشووری کوردستان. پەکەکە هەنگاو بە هەنگاو ئەرتەشی تورکیای کێشایە ناو قووڵایی خاکی باشووری کوردستان. ئەو شوێنانەی ئامیدی کە 5 ساڵ لەوەپێش خەڵک دەچوون بۆ کۆکردنەوەی ڕووەکی بەهاری و وێنەی سێڵفییان تێدا دەکێشا، بەهۆی پەکەکەوە لە ئێستاداهێزی چەکداری تورکی تێدا جێگیر کراوە. ساڵ نیە کە پەکەکە ناوچەیەکی شاخاوی ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا نەکات. ئیدی پێویستە ئەم هەڵوێستە دوژمنکارانەیەی پەکەکە پێشی پێ بگیردرێت، چوونکە ئەگەر ڕانەگیرێت، ئەم هاوینە شەڕ لە لووتکە و بناری چیای گارە ڕوو دەدات.
گارە بەمانای هەموو باشووری کوردستانە، گارە بەواتای ستراتیژیترین شاخی هەرێمی کوردستانە کە لە پارێزگای دهۆکەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ئاکرێ، هەریر، خەلیفان و ڕەواندز لەخۆ دەگرێت. گواستنەوەی شەڕ بۆ گارە بەو مانایەیە کە شارۆچکە و گوندەکانی باشووری کوردستان لە شیلادزێوە هەتا ئاکرێ و دینارتە و زۆرێک لە گوندەکانی ئەو ناوچانە دەبنە گۆڕەپانی شەڕ.
پەکەکە ئەمەی دەوێت. پەکەکە دەیهەوێت فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا، گەڕەکەکانی شیلادزێ بوردومان بکەن و خەڵکی سڤیل نەتوانن کەڵک لە ڕێگای بارزان ـ ئامێدی وەربگرن و ئەویش بۆخۆی لەو تونێلانەی کە لە بناری گارە با ئاشکرا یاری قارەمانەتی و شۆڕشگێڕانە و گەریلایەتی بکەن. لە کۆتاییشدا بڵێت: “ئێمە باشوور دەپارێزین”. دەیهەوێت هەمان چارەنووس بۆ خەڵکی باشوور بهێنێت کە بەسەر خەڵکی باکووریدا هێنا. ئەمە ئەرک و ئامانجی پەکەکەیە.
ئەمە پیلانی پەکەکەیە. هەر بەو هۆیەشەوە لە پشت گوندەکانی گوهەرزێ- بالاڤا و سەرگەلێ لیتکان دەهاوێژن و بەمەبەستی پێدانی کلیلی دەروازەی گارە بە ئەرتەشی تورک، لە سەر “سۆرا سگێری” چالاکیی ئەنجام دەدەن. پەکەکە بەم کارانە بە ئەرتەشی تورکیا دەڵێت “ئێمە لێمان داون و ڕۆیشتووینەتە گارە، کەرەم بکەن ئێوە وەرن بۆ ئەوێش”.
ئەرتەشی تورک دەیهەوێت شەڕەکە بکێشنە گارە
ئەوە تەنها پەکەکە نییە کە دەیهەوێت شەڕەکە بەرەو بناری چیای گارە ببات. هێزەکانی ئەرتەشی تورک بە هەمان شێوە و بگرە زیاتریش خوازیاری ئەوەن کە شەڕەکە بگوازرێتەوە بۆ چیای گارە. ئەم دوو هێزە وەکوو جمکن و ناتوانن بەبێ یەکتری بژین. دەوڵەتی تورکیا لە گرنگی گارە بۆ کوردستان ئاگادارە و دەزانێت شەڕی گارە بە مانای داخستنی ڕێگای “دهۆک ـ بارزان و ئاکرێ-هەولێر” و زاڵبوون بەسەر هەموو باشووری کوردستاندا دێت. ستراتیژی سەرەکی تورکیا ئەوەیە کە کورد هیچکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خاوەن “سەروەری هەمیشەیی” نەبن. ئەوان بە هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەیانهەوێت کاریگەری لەسەر دۆخی پڕ لە کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێن. هەربۆیە گواستنەوەی شەڕ بۆ گارە خاڵێکی گرنگە بۆ دەوڵەتی تورک.
کەواتە، لە واقیعدا پیلانێک هەیە بە ناوی پلانی گارە.
لە ڕاستیدا ئەم پیلانە بەشێکە لە پلانی هەولێر کە ئێمە پێشتر زۆرجار باسمان کردووە.
“پلانی هەولێر” چییە؟ ـ بەشی دووەم: ڤێرژنە ئێرانیەکەی پلانی هەولێر و پێشخستنی خەتی ئێرانی