“پلانی هەولێر” چییە؟ ـ بەشی یەکەم

"پلانی هەولێر" چییە؟

پلانی هەولێر ناوی پڕۆژەی “داگیرکردنی هەولێر”ـە کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە ئامادەکراوە و پێشکەشی تورکیا کراوە.

“پلانی هەولێر” پڕۆژەیەکە ئامانجێکی سەربازی و سیاسی لەخۆدەگرێت؛ لە بنەڕەتدا بۆ تێکدانی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان و ڕێگریکردنە لە دامەزراندنی “دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان”. ئەوەی ئەم پڕۆژەیە سەرنجڕاکێش دەکات ئەوەیە کە ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بزووتنەوەیەکی بەناو “کوردی”یەوە پێشکەش بە دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی تورکیا دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە نەک هەر بە ڕادەی پێویست لەلایەن کوردەوە درکی پێنەکراوەم بەڵکوو بەپێچەوانەشەوە تەنانەت پشتگوێ خراوە. پڕ ڕوونە کە ئەم پڕۆژەیە لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیست و یەکدا جێپەنجەی خۆی لە زۆر ڕووداودا بەجێهێشتووە، بۆیە گرنگە کە بەباشی لێی تێبگەین. ئەم پڕۆژەیە دوو قۆناغ و دوو ڤێرژێنی هەیە، ڤێرژێنی یەکەمی تورکیاییە و دووهەم ڤێرژەنیشی ئێرانییە.

بەشی یەکەم: ڤێرژەنە تورکیاییەکەی پلانی هەولێر

پلانی هەولێر ناوی پڕۆژەی “داگیرکردنی هەولێر”ـە کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە ئامادەکراوە. ئەم پلانە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1999دا بە دەوڵەتی تورک پێشنیار کرا.

عەبدوڵڵا ئۆجالان لە یەکەمین لێپرسینەوەیدا لە ئیمرالی، پێشنیارێکی پێشکەش بە “حەسەن ئاتیلا ئووگور” فەرماندەی ئەرتەشی دەوڵەتی تورک کرد و گوتی:

“ئێستا خەڵک نەفرەت لە ‘بارزانی – تاڵەبانی’ دەکەن. من زۆر باش دەزانم، کە خەڵک گرنگییەکی تایبەت بە ئێمە (پەکەکە) دەدەن. ئەگەر ئێوە (تورک) کەمێک هاوکاریی ئێمە بکەن، ئەوان (بارزانی-تاڵەبانی) لەمەریدان وەدەر دەنێین و دوای ماوەیەکی کەم ئەم جەماوەرە بەتەواوەتی دەبێتە لایەنگری ئێمە (پەکەکە-تورکیا). ئەمە ڕووداوێکی مێژووییە و بە بڕوای من پێویستە کە ئەم “پلانە” زۆر بە نهێنی بمێنێتەوە. لێرە هەموو شتێک بە کەمێک پشتگیری ئێوە (تورکیا) چارەسەر دەبێت. سەیرکەن من باسی پارە و چەک ناکەم، تەنها هاوکارییەکی بچووکم لە ئێوە دەوێت. پێویست ناکات ئێوە (تورکەکان) ئەم بارزانی و تاڵبانیانە بەهێز بکەن. دەسەڵاتی بارزانی و تاڵەبانی بە کەم مەگرن، چەندین هێزی گەورەیان لە پشتە. باوەڕیان پێ مەکەن کە ئەوان دەلین لایەنگری تورکیاین. ئەگەر ئێمە بە تەدبیر و بەپرەنسیپ پێکەوە کار بکەین، ئێمە (پەکەکە-تورکیا) دەتوانین سەرکەوین. ئێمە ناهێڵین هەناسە بدەن و ئەوان بە تورکیاوە گرێ دەدەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە من “پلانی هەولێر”م پێشنیار کرد. دەرفەتمان پێ بدەن تا ئێمە لەگەڵ هەندێک لە تورکمانەکان کار بکەین، وایان لێدەکەین کە وەکوو ‘سەگ’ وەدوای ئێوە بکەون و وابەستەی ئێوە دەبن”.

“پلانی هەولێر” کە عەبدوڵڵا ئۆجالان پێشکەشی دەوڵەتی تورکی کردووە، لە ڕاستیدا پیلانێکە بۆ گەمارۆدان و داگیرکردنی کوردستان. لە مانگی مژداری 2014دا، باڵێک لە دەوڵەتی تورک جیابوونەوە و بەشێک ئەو تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییانەیان بڵاو کردەوە کە تێیاندا ئۆجەلان لەوبارەوە تەکلیف لە دەوڵەتی تورکیا دەکات.

ئەو کەس و باڵانەی کە کلیپەکەیان بڵاوکردەوە، ڕایانگەیاند کە ڤیدیۆکان ئۆرجیناڵن و ئەگەر پارێزەرەکانی ئۆجەلان و لایەنگرەکانی بیانەوێت، ئامادەن کە ئەو تۆمارانەیان پێبدەن. بەڵام نە ئۆجەلان و نە پەکەکە نەیاندەویست ئەم تۆمارە دەنگیانەی ئۆجەلان وەربگرن. بە واتایەکی تر ڤیدیۆکانی ئۆجەلان 100% ئۆرجیناڵ بوون. “پلانی هەولێر” بە پەرسپەکتیفی ئۆجەلان باس کراوە و ڕوون کراوەتەوە. بەڵام بەهۆی هەندێک هۆکارەوە، ڕۆشنبیرانی کورد سەرەڕای هەموو ئەو بەڵگە گرنگانەش، بەڵام ئامادە نەبوون “پلانی داگیرکردنی هەولێر”ی ئۆجەلان لەقاو بدەن. بەداخەوە ئۆجەلانێک کە بە دەوڵەتی تورکی گوتووە: “پشتیوانیمان بکەن، با تورکمانەکانیش پشتیوانیمان بکەن”، وەک ڕێبەرێک بە گەلی کورد دەفرۆشرا.

دەوڵەتی تورک ئەرکی  جێبەجێکردنی “پلانی هەولێر”ی سپارد بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان

دوای ئەوەی ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا گەڕایەوە بۆ تورکیا، پەکەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی جیددی بووەوە. ڕێکخستنەکانی خەریک بوو هەڵدەوەشایەوە، جەماوەرەکەی بەهۆی هەڵوێستی دانپێدانانی ئۆجەلانەوە بڕوایان بە حیزبەکە لەدەستدابوو. ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بیویستایە، هەر ئەوکات دەیتوانی پەکەکە لە بەرزترین ئاستدا لاواز بکات.

بەڵام دەوڵەتی تورکیا لاواز کردن و شکستی پەکەکەی پی باش نەبوو. دەوڵەت بە پێی بەرژەوەندییە ستراتیژیەکانی خۆی جووڵایەوە و هەر بە پێی ئەو ستراتیژیەش ئۆجەلان کە پێشتر بە “سەرۆکی ئاپۆ” ناسرابوو، لە لایەن دەوڵەتەوە وەکوو “ڕێبەری ئاپۆ” لە ئیمرالی دامەزرا. دەوڵەت دەیویست لە ڕێگەی ئاپۆ و پەکەکەوە کورد کۆنتڕۆڵ بکات.

چونکە باس لەوە کرا کە سەدەی بیست و یەک سەدەی کورد دەبێت. باشووری کوردستان دەستکەوتی گەورەی هەبوو بۆ سەرکردایەتیکردنی گەل و نەتەوەی کورد لەم سەدە زێڕینەدا. ئێستا ئیدی کورد دەستی بە حوکمڕانی خۆی کردبوو. بە تایبەتی پاش هێرشی سەر تاوەرە دووانەکانی ئەمریکا لە 11ی سیپتامبەری 2002دا بە ڕوونی دیار بوو کە ڕژێمی سەدام دەڕووخێنرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پێشهاتی گەورە لە باشووری کوردستان ڕوودەدەن و کورد ئازاد دەبن و ئەم دۆخەش دەتوانێ ڕێگا بۆ ئازادی هەموو کوردەکان هەموار بکات. ئەمەش پلانە ستراتیژییەکانی هێزە داگیرکەرەکانی بەخێرایی گۆڕی و لەناوبردنی باشووری کوردستانە بوو بە ئامانجی سەرەکییان. لە ساڵی 2000ـەوە هەم ئێران و هەمیش تورکیا بەهۆی دەنگۆ و هزری ڕووخاندنی ڕێژیمی سەددامەوە تووشی تای مردن هاتبوون. چونکە دەیانزانی کە ئەوکات نکۆڵی و لەناوبردنی کورد کۆتایی پێدیت و گۆڕانکاریەکان لەدووی یەکتر ڕوو دەدەن. لەم ڕووەوە پەکەکە وەک ئامرازێکی گرنگی لە خزمەت هێزە قەوارەپارێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی گێڕا. تورکیا بۆ ئەوەی ڕێگای دەستیوەردان و حزووری لە باشووری کوردستان بۆ فەراهەم بکرێت، پەکەکەی ئەرکدار کرد. بێگومان ئەمەش لە یەک ڕۆژدا ڕووی نەدا، بەڵکوو بەشێک بوو لە پڕۆژەیەکی درێژخایەن کە لە هزری دەولەتی پشتپەردەی تورکەوە سەرچاوەی دەگرت.

دەوڵەتی تورک بە چەند قۆناغێک پەکەکەی بۆ ئەم ئەرکە ئامادە کرد. دەوڵەتی تورک هەموو دەرفەت و هەوڵەکانی خستەگەڕ بۆ ئەوەی پەکەکە لە باشووری کوردستان جێگیر بکات.

1- بۆ درێژەدان بە هەژموونی ئۆجەلان بەسەر پەکەکەدا، دەوڵەتی تورک ڕێگەی بە ئۆجەلان دا کە بەردەوام پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخستنەکانی پەکەکەدا هەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە ڕێگا بۆ نووسین و نامە گۆڕینەوە و هاتووچۆی پارێزەرەکان کرایەوە. لە ساڵی 2002دا دەوڵەتی تورک، بۆخۆی نامەیەکی بەپەلەی ئۆجەلانی لە ڕێگای هەلیکۆپتەرەوە گەیاندە دەست ڕێبەرایەتیی پەکەکە. ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە هەڕەشەی لە کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە کرد و پەیامی “هێشتا هەر من سەرۆکم و دەبێت گوێم لێبگرن”ی بۆ ڕەوانە کردن. “عیسا دێرسیم” (ئۆرهان ئلبای) ئەو فەرماندەیەی پەکەکە کەوا ئامادە نەبوو فەرمانەکانی ئاپۆ جێبەجی بکات، لەلایەن تورکەکانەوە کوژرا تا کاریگەری لەسەر فەرماندەکانی پەکەکە دابنێت. بە واتایەکی تر دەوڵەتی تورک هەوساری پەکەکەی خستە دەستی ئۆجەلان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەکەکەوە کورد کۆنتڕۆڵ بکات.

2- لە باکوری کوردستان گۆڕەپانی سیاسەتی مەدەنی بە پێی پارادایمی نوێی تورکیزمی پەکەکە داڕێژرا و خەڵکی ڕادیکاڵ لەمەیدان وەدەرنران و زەمینەیەکی لەبار بۆ پەکەکە و ئۆجەلان ڕەخسا تا مەیدانی لیگاڵی خۆیان لە باکوری کوردستاندا فراوان بکەن.

3- لە هەموو ئەو قۆناخانەی کە ناوی “کشانەوەی گەریلا”ی لەسەر دانرا، ئۆجەلان بە ئاگاداریی دەوڵەتی تورک تەعلیماتی بە گەریلاکان دەدا کە بڕۆنە باشووری کوردستان”، تەنانەت لە باشووری کوردستاندا کۆکردنەوەی هێزەکانی پەکەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجامدرا.

4- لە ساڵی 2002 دا ئۆجەلان بە پەکەکەی گوت کە لە باشووری کوردستاندا هەرێمێک بە ناوی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا” ڕابگەیەنن و حکومەتی ئەم هەرێمەش لە گارە دابمەزرێنێت.

5- گرنگترین بڕیار ئەوە بوو کە پەکەکە لە 1ی حوزەیران شەڕێکی نوێ دەستپێبکات.

دەتوانین بە وردی ئەم خاڵانە ڕوون بکەینەوە. بەڵام بە تایبەتی دامەزراندنی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا” و بڕیاری پەکەکە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕی گەریلا هەنگاوێکی ڕوون و بەرچاوە کە دژ بە مانەوەی قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی هەرێمی فیدراڵی کوردستان، بەڕێوەچوون. بە مۆڵەتی دەوڵەت ئۆجەلان هەموو ڕۆژێک لەگەڵ پارێزەرەکانی قسەی دەکرد، پارێزەرەکانی ئۆجەلان لە ئەستەنبوڵەوە دەهاتنە قەندیل و بە ناوی ئۆجالانەوە هەڕەشەیان لەو فەرماندانە کرد کە دەستپێکردنەوەی شەڕیان لەو کاتەدا بە قازانجی کورد نەدەزانی و پێیانیان دەگوت: “سەرتان دەپەڕێندرێت”. دامەزراندنی “هەرێمی پاراستنی میدیا” و بڕیارەکەی پەکەکە بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ لە یەکی حوزەیراندا، بە دڵنیاییەوە بڕیاری دەولەتی تورک بوون کە لە ڕێگای ئۆجەلانەوە دران. هێندێک باڵی ناو دەوڵەتی تورکیاس حەزیان دەکرد شەر ڕووبدات، بەڵام هۆکاری سەرەکیی دەوکەت ئەوە بوو کە دەبوو پەکەکە لە ناوچەکە ئەکتیئڤ بکرێت.

ئۆجەلان فەرمانێکی دەرکرد کە پەکەکە لە برادۆستەوە تا حەفتەنین و لە سەرانسەری باشوور جێگیر بکرێت و هێزێکی سەربازیی گەورە دروست بکات. ئۆجەلان لە بەردەم دەوڵەتدا فەرمانی “لە هەموو شاخەکانی باشوور جێگیر ببن”ی دەرکرد. بۆ نموونە ئۆجەلان لە 14ی حوزەیرانی 2000دا گوتی:

“لە باشوور کاری زۆر هەیە کە ئەنجام بدرێت. من شتگەلێکی کردەییم هەیە کە بیڵێم سەبارەت بە هێزەکانی پەکەکە لە باشوور یان هێزە چەکدارەکانی باشوور. ئەگەر لە باشوور پەرلەمانی (پەدەکە – یەنەکە) هەبێت، پێویستە پەکەکەش وەکوو هێزی سێیەم پەرلەمانێکی هەرێمی دابمەزرێنێت، حکومەتی هەرێمی دابمەزرێنێت، پارێزگا هەرێمییەکان پەرەیان پێبدرێت. پێویستە بە دەسەڵاتی سەربازی خۆیاندا بچنەوە و زاڵ بن بەسەر ناوچەکەدا. ئەگەر ئەوەی من دەیڵێم بکرێت، یارییەکە تێکدەچێت. لەم دۆخەدا ڕێککەوتنێکی دیموکراتیک دێتەپێش. پێویستە سیستەمێکی سەربازی و سیاسی باش دابنرێت. دەتوانێت لە سێ هەرێم پێکبێت بەڵام دەبێت سەنتەرەکەی گارە بێت. ئاساییە کە نیوەی پەرلەمانەکە لە ئەوروپاش بێت. ئەمەش پێویستە بۆ تورکیاش ڕوون بکرێتەوە. ئەمە هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیادا نییە و دژی ئایدۆلۆژیای کۆمارییش نییە. ئەمە باشترین هاوکاریە کە ئێمە بە تورکیای  دەکەین. شکستپێهێنانی یارییەکەی “ساڵی 1925ی مووسڵ ـ کەرکووک”ـە. ئەمە خزمەتێکی دیموکراتیکە بۆ تورکیا”.

هەموو کۆبونەوەکانی ئۆجەلان بە مانای فەرماندانە بە پەکەکە و هەموو فەرمانەکانیش لەسەر بنەمای چۆنیەتی جێگیربوونی پەکەکە لە باشوور بوو. ئەگەر داوا و رجاکەی ئۆجەلان بۆ دەوڵەتی تورکیا کە گوتی “من لە خزمەت خۆتاندا بخەنە کار و وەکوو مقاولێک بەکارم بهێنن”، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە قبوڵ نەکرابا، ئۆجالان تەنانەت نەیدەتوانی یەک سڵاویش بۆ دەرەوەی ئیمرالی بنێرێت.

پاشان لە ساڵی 2012دا ئاپۆ فەرمانی جێگیرکردنی سەربازی فراوانتر کرد و ئەمجارە ئۆجەلان ناوچەکەی وەکوو “کەمەری ناڤین” ناوبرد، واتە دەیهەویست گەریلا لەسەر هێڵی “کەرکووک، مەخموور، مووسڵ و شنگال”دا جێگیر بکرێت. بێگومان ئۆجەلان هەموو ئەم فەرمانانەی بە چاودێری و ئاگاداریی دەوڵەتی تورک دەدان.

دەوڵەت ژیانی بە ئۆجەلان بەخشی و لە باشووریش پەکەکەی بەخێو کرد. ئەم پلانە بۆ داگیرکردنی هەولێر تا ساڵی 2013 بە سەرکردایەتی ئۆجەلان جێبەجێ کرا. ئێمە ئەمە بە ڤێرژنی تورکیی “پلانی هەولێر” ناودەبەین.

پەکەکە لە ساڵی 1991ـەوە لە ناوچەکانی برادۆست، گەلی زاپ، مەتینا و حەفتەنین بەگشتی جێگیر بووە. چی ڕویدا کە هەمویان ڕادەستی دەولەتی تورک کرد؟ ئەگەر دەوڵەتی تورک بە قووڵایی 45 کم سنووری بەزاندبێت و گەیشتبێتە سەر شارەکانی ئامێدی، شیلادزێ و دێرەلووک و هتد… ئەوا پێویستە ڕۆڵی “پلانی هەولێر” لەم داگیرکاریەدا ببیندرێت.

ئەگەر پلانی هەولێر بە قووڵی و تێروتەسەلی شی بکرێتەوە، ئەوکات ڕووی ڕاستەقینەی ئەو ناکۆکی و ململانێیانەی کە ئەمڕۆ لە ژێر ناوی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە لەسەر سنوورەکانی باشووری کوردستاندا هەن، باشتر دەردەکەوێت.

بەشی دووەم: ڤێرژنە ئێرانییەکەی “پلانی هەولێر”

لەگەڵمان بن

پوستێن ھەمان بەش