“پلانی هەولێر” چییە؟ ـ بەشی دووەم: ڤێرژنە ئێرانیەکەی پلانی هەولێر و پێشخستنی خەتی ئێرانی

"پلانی هەولێر" چییە؟ ـ بەشی دووەم: ڤێرژێە ئێرانیەکەی پلانی هەولێر و پێشخستنی خەتی ئێرانی

زۆرکەس پەلامارەکانی پەکەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان نابینن و هێشتا وەکوو پێویست لە “پلانی هەولێر” و هێڵی خیانەت تێنەگەیشتوون.

“پلانی هەولێر”ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوای ساڵی 1999 بوو بە ڕۆحی مانەوەی پەکەکە. لە نێوان ساڵانی 1999-2012دا پەکەکە بە پلانی هەولێر هاوکاریی تورکیای کرد و وەک هێزێکی پارامیلیتەر بۆ ماوەی 13 ساڵ بەردەوامیی بە مانەوەی خۆی دا. ئێستا لەبەر ئەوەی دەبینێت ئەم پلانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سوودی هەیە، بەدوای کڕیاری نوێدا گەڕا. ئۆجەلان بەم پلانە ژیانی خۆی لە ئیمرالی ڕزگار کرد. ئەمجار ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکەش، بەتایبەت جەمیل بایک، بۆ پاراستنی خۆیان پلانی هەولێریان بە حکومەتی ئێران فرۆشت. ئەمەش دەتوانین بە “ڤێرژێنی دووەمی پلانی هەولێر” ناوی ببەین کە بە مانای بەشداربوونی ئێران دێت.

هەڤڕکیی ئێران و تورکیا لەسەر کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

پرسی کورد یەکێکە لەو بابەتانەی کە بووەتە بناخەی هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەبەر ئەو کاراکتەرەیە کە پرسی کورد هەموو سوود بە لایەنەکان دەگەیەنێت و هەمیش تووشی زیانیان دەکات. واتە پرسی کورد وەک شمشێرێکی دوو سەرە. لە لایەک زیانی هەیە، لە لایەکی دیکەشەوە سوودی هەیە. بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەی پرسی کوردەوە، هەموو داگیرکەرانی کوردستان ئامانجیان ئەوەیە کە لە شەڕی هەژموونی ناوچەییدا دژی یەکتر بەکاری بهێنن. گومانی تێدا نییە کە ئێران و تورکیا لەم بابەتەدا ڕکابەرن. لە نێو ئەم دوو زلهێزەدا کە دەیانهەوێت بە شێوازی جۆراوجۆر درێژە بە داگیرکارییەکانیان بدەن، ئێران سوودمەندترە. چوونکە سیستەمی ئێرانی نەرمترە لە سیستەمی تورکەکان، هەربۆیەش قازانجی زیاتری لێکردووە.

لە ساڵانی نەوەدەکاندا و لەگەڵ دەستپێکردنی پشێوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ساڵی 1991دا باشووری کوردستان قەوارەیەکی سیاسی ـ نەتەوەیی بەدەستهێنا. لە دژی ئەم دەسکەوتەی کورد، هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران لە سیاسەتی خۆیاندا بەرانبەر بە پرسی کورد، هەندێک ستراتیژیان بەکارهێنا. ئێران بۆ ئەوەی هەولێر بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، لە بواری سەربازی و سیاسی و تەنانەت ئابووریشدا، “یەنەکە و پەکەکە”ی لێک نزیک کردەوە. بۆ ئەم ئامانجەش یەنەکە و پەکەکە لە ساڵی 1996 هەتا 1999 پێکەوە هێرشێکی هاوبەشیان دژ بە پەدەکە بەڕیوە برد. ڕێژیمی ئێران ناوچە سنووریەکانی “سەرحەد، ئاگری، سەڵماس، کۆتۆل، ئەلباک، کەلاڕەش، شەمزینان، ئەسەندەرە، شەهیدان، پیرانشار، خنێرە.، دۆلا خڕپاپە ، دۆڵی ئایشێ و قەندیل” بەڕووی پەکەکەدا کردنەوە.

بەڵام لەگەڵ گرتنی ئۆجەلان هەموو شتێک گۆڕا. هەڵوێستی ئۆجەلان و لایەنگریی ئاشکرای سەرۆکی پەکەکە لە دەولەتی تورکیا، ڕێژیمی ئێرانی بێزار کرد. بۆیە ئێران جموجووڵێکی نوێی دەستپێکرد. ئێران ویستی پێگەی خۆی لەناو پەکەکەدا قایمتر بکات و هەوڵی بەهێزکردنی باڵی لایەنگرانی خۆی لەناو پەکەکەدا چڕتر کردەوە.

جەمیل باییک، ئافرێنەری ڤێرژەنی ئێرانیی “پلانی هەولێر”

جیاکردنەوەی جەمیل بایک و ئۆجەلان و بەرزکردنەوەی سەبەتەی ئێرانی پەکەکە پرسێکی گرنگە بۆ پەکەکە و پرسێکە کە پێویستە گفتوگۆی لەسەر بکرێت. ئۆجەلان لە نێوان ساڵانی 1978-2013 سەرکردەی پەکەکە بووە و ڕێگەی نەداوە کەسی دیکە پێشبکەوێت. ئاپۆ تەنانەت هەرکات بەپێویستی زانیبێت لە یەکەم هاوڕێکانی خۆشی کوشتوون. بەڵام دوای ساڵانی 2000، ئەو دۆخەی ئۆجەلان وردە وردە گۆڕانی بەسەردا هات. جەمیل بایک بە هێمنی دەستی بە دروستکردنی پەکەکەی خۆی کرد و لەو ڕاستایەدا گۆڕانکاریی لە سیستەم ـ سیاسەت و بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکەدا کرد.

ئۆجەلان لە ئیمرالیە بە تورکەکانی دەگوت: “پەیوەندییەکانی جەمیل بایک لەگەڵ ئێران زۆر باشە، دەبێت ئاگاداری بن، ئەوە دەتوانێ مەترسی دروست بکات”. پەیوەندیەکانی جەمیل بایک لەگەل ڕێژیمی ئێراندا لە ساڵی 1984دا دەستیپێکرد و لەساڵانی نۆهەتەکاندا بەردەوام بوو. بەتایبەتی بایک لە ساڵانی 2000دا هەنگاوێک چووە پێش و بوو بە بەڕێوەبەری یەکەمی پەکەکە.

دوای هێرشی ساڵی 2011ی ئێران بۆ سەر گردی جاسووسان لە قەندیل، جەمیل بایک ڕووی کەشتییەکەی بەتەواوی سووڕاندەوە بەرەو ئێران. جەمیل بایک لە مانگی تەمموزی 2013دا بووە هاوسەرۆکی کەجەکە. دواتر قیبلەی پەکەکە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات. ئەگەر ئەم دۆخە بە دۆخێکی نوێی ناو پەکەکە ناوببەین، ئەوە لەجێی خۆیدا دەبێت. دەتوانین شوێنپێی ئەو گۆڕانییانە لە “شەڕی خەندەقەکان” لە باکوری کوردستان و دوورخستنەوەی ڕۆژئاڤا لە هێڵی کوردستانی ببینین. بەڵام گرنگترین هەوڵەکان ئەوانەن کە لە باشووری کوردستان دەقەومن. لە ساڵانی نەوەدەکاندا پەکەکە بە هاوکاری ئێران هێرشی کردە سەر باشووری کوردستان. ئەگەرجی پەکەکە دوای ساڵی 1990، بنەمای ستراتیجی خۆی لەسەر دوژمنایەتی باشووری کوردستان و دوژمنایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و دوژمنایەتی ڕێبازی سیاسی بارزانی بنیادنا، بەڵام دوای ساڵی 2013، دۆخەکە گەیشتە قۆناغی زۆر جیاواز. ئیدی پەکەکە خەباتی سەربازی و سیاسی خۆی لەسەر ئەجێندای بەرژەوەندییەکانی ئێران بەڕێوە دەبات. بە سەرپەرشتیی هێزەکانی ئێرانی و شیعەکان دەجووڵێتەوە کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لەناو ببەن. دەتوانین لەم چوارچێوەیەدا بە کورتی پێداچوونەوە بە هەندێک خێر و قازانجی جەمیل بایک – پەکەکە لەم قۆناخ و پرۆژەیەدا بکەین.

1- کۆتاییهێنان بەو پەیوەندییە نەرمانەی نێوان پەدەکە و پەکەکە کە لە ساڵی 2000 بەملاوە هاتبوونە ئاراوە. بایک دیسان بایدایەوە بۆ سەر هێڵی یەنەکە.

2- لەساڵی 2013دا دیدارەکانی تایبەت بە پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردیان تێکدا.

3- بە ڕێگری کردن لە یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاڤا، هەموو پرۆسەکەیان لە ناو برد. هاوکاری و یەکگرتویی نێوان ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستانیان هەڵوەشاندەوە.

4- بە پشتیوانی ئێران هێزی سەربازیان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وەکوو شنگال ـ مەخموور ـ کەرکوک جێگیر کرد. ئەو هێزانەیان بەستنەوە بە بەغدا و بوون بە بەشێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی.

5- میدیاکان شەڕی ڕەوانی و تایبەتیان لەدژی ناسنامەی ئیداری ـ سیاسی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکرد و هەوڵی ڕەوایەتیدان بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانیان چڕ کردەوە.

6- ئامادەکاری پێویستیەن کرد بۆ ئەوەی پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بدەن.

7 – هەوڵیدا ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هێزەکانی ناوچەکە قووڵتر بکەنەوە و لە باشوور ئاڵۆزی و ئاژاوە ساز بکەن.

کاتێک سەیری هەموو ئەم خاڵانە دەکەین، ئەوەی دەیبینین ئەمەیە؛ پلانی هەولێر پیلانێکی دوژمنکارانەی پەکەکەیە کە لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەری تورکیا و ئێراندا بەسەر باشووردا دەسەپێندرێت بۆئەوەی دەسکەوتە نەتەوەییەکانی باشووری کوردستان لەناو ببرێت کە بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسکی دایکان جگەرسووتاوی کورد بنیات نراوە. پەکەکە لە ساڵی 1999ـەوە بەو پلانە خۆی فرۆشتووە بە داگیرکەرانی کوردستان و لە ڕاستیدا لەسەر ئەو پلانە دەژی. ئۆجەلان بۆ ئەوەی کە دوژمنایەتی باشووری کوردستان بکات، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ڕێگای بۆ کراوەتە کە سیاسەت بکات. ئەمڕۆکەش لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە هەمان دۆخ بۆ جەمیل بایک ڕەخساوە و هاوشیوەی ئۆجەلان بەکار دەهێندرێت. جەمیل بایک بۆ ئەوەی دوژمنایەتی دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان بکات لە شاری سلێمانیدا هەموو دەرفەتیکی بۆ فەراهەم کراوە و ڕێگای کارکردنی پێدراوە.

گەورەترین کەموکووڕی کورد ئەوەیە کە چاویان لە ئاست ئەو هێرشانەی پەکەکەدا نووقاندووە کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەیانکاتە سەر دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان، بەداخەوە گەلی کورد ئەو پەلامارانەی پەکەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان نابینن و هێشتا وەکوو پێویست لە “پلانی هەولێر” و هێڵی خیانەت تێنەگەیشتوون. بەتایبەتی پەیوەندیی پەکەکە لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەی کە خەون بە ڕووخاندنی قەوارەی سیاسی ـ نەتەوەیی باشووری کوردستانەوە دەبینن، زۆر مەترسیدارە و دەتوانێ مانەوەی کورد لە سەدەی 21دا زۆر لاواز بکات. پەکەکە بە پاڵپشتی ڕێژیمی ئێران پەلاماری هەولێری پایتەخت دەدات و گەلی کورد ئەگەر دەیهەوێت سەدەی 21 ببێتە سەدەی ئازادی و سەربەستیی کورد و کوردستان، پێویستە زۆر بە جیددی بە دژی ئەم هێڵە خیانەتکارانەیەی پەکەکە خەبات بکات و تێبکۆشێت.

پوستێن ھەمان بەش