مەزڵووم عەبدی لە کوڕە خۆشەویستەکەی ئۆجەلانەوە بۆ تاوانبارەکەی بایک

مەزڵووم عەبدی لە کوڕە خۆشەویستەکەی ئۆجەلانەوە بۆ تاوانبارەکەی بایک

مەزڵووم کۆبانێ ئیدی کادیری پەکەکە نەماوەو هەر سەرکەوتنێکیشی نیگەرانیی جەمیل بایک و تاقمەکەی لێدەکەوێتەوە.

پاش دەربازبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە بۆ سوریا و مانەوەی لە شاری کۆبانێ، لەماڵی بابی مەزڵووم عەبدی دەمایەوە. لەوکاتەدا مەزڵووم عەبدی مێرمنداڵ بوو، بەڵام بەهۆی خزمەت کردن و نزیکبوونەوەی لە ئۆجەلان، کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبانێی بەجێ هێشت داوای لە بابی مەزڵووم کرد تا رێگای پێبدات لەگەل خۆی بیبات و بەڵێنیدا وەکوو کوڕی خۆی ئاگای لێبێت. بۆیە مەزڵووم لەگەڵ ئۆجەلان لە کۆبانێ وەدەرکەوت و بەردەوام لەگەڵ سەرۆکی پەکەکەدا بوو، بەجۆرێک وەکوو کوڕی خۆشەویستی ئۆجەلان دەناسرا.

دواتر مەزڵووم عەبدی لەلایەن ئۆجەلانەوە رەوانەی چیاکانی باشووری کوردستان کرا و پاش بەشداریپێکردنی لە چەندین خولی سەربازی و هەواڵگریدا، لەسەر بڕیاری ئۆجەلان، مەزڵووم عەبدی لەناو هێزە تایبەتەکاندا دەستبەکار بوو. دواتر بەهۆی نزیکایەتیەکەی لەگەل ئۆجەلان پلەکانی بەرز بوونەوەو سەرئەنجام وەکوو بەرپرسی هێزە تایبەتەکان دەستنیشان کرا.

هەر لەسەر فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پاش سەرهەڵدانی راپەڕینەکان لەسوریا، مەزڵووم عەبدی رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کراو وەکوو فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی پەکەکە دەستبەکار بوو. لە کاتی کارکردنی مەزڵوومدا لە ساڵانی رابردوودا، بەتایبەت پاش سەرهەڵدانی شەڕی داعش و پەڕینەوەی هێزەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ سوریا و پشتگیری کردنی هاوپەیمانان لە مەزڵووم عەبدی و هاندانی بۆ دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە پێکهاتەکانی کورد، عەرەب و سریانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیروریستانی داعش، لەوکاتەوە جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە دژایەتیکردنی مەزڵووم عەبدیی دەستپێکرد و بە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا و دژایەتیکردنی پەکەکە تۆمەتباری کرد. بۆیە سەرەتا جەمیل بایک هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی مەزڵووم عەبدی و گەڕانەوەی بۆ قەندیل دەستپێکرد، بەڵام ئەمریکیەکان رێگایان نەدا مەزڵووم عەبدی بگۆڕدرێت و نەیانهێشت لە رۆژئاوای کوردستانیش بڕواتە دەرەوە.

دواتر جەمیل بایک لەرێگای کەسانی نزیک لەخۆیەوە لە رۆژئاوای کوردستان، زۆری هەوڵدا مەزڵووم عەبدی لەناو ببات و چەندین جار بەرێگای جۆراوجۆر هەوڵی تیرۆرکردنیشی دا، بەڵام لەبەر ئەوەی مەزڵووم لەلایەن ئەمریکیەکانەوە پشتگیری دەکراو دەپارێزرا و لە بنکەیەکی ئەمەریکا لە نزیک شاری حەسەکە نیشتەجێ بوو، بە سەیارەی گوللـەنەبڕ هاتوچۆ دەکات، هەتا ئێستا لەسەرجەم ئەو پیلانانەی کە بۆ تیرۆرکردنی دانراون، رزگاری بووە.

پاش ئەوەی هەوڵەکان بۆ تیرۆر کردنی مەزڵووم عەبدی سەرکەوتوو نەبوون، جەمیل بایک پەنای بۆ هێندێک رێگای دیکە بۆ لەناوبردنی مەزڵووم عەبدی برد. بایک هەوڵیدا مەزڵووم لەناو ریزەکانی پەکەکەدا ناشیرین بکات و بەوەی تۆمەتبار کرد کە مەزلووم عەبدی بە هاوکاریی ئەمریکیەکان کار بۆ لاواز کردن و وەدەرنانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستاندا دەکات. بۆیە هەر سەرکەوتنێکی مەزڵووم عەبدی نیگەرانیی و دڵگرانیی جەمیل بایک و تاقمەکەی لێدەکەوێتەوە.

دوایین هەنگاوی دژایەتیکردنی جەمیل بایک لەگەل مەزڵووم کۆبانێ جیاوازتر بوو لە جاران، ئەمجارەیان بایک لە رێگای کەناڵی تەلەفەزیۆنی پەکەکەوە بە توندی دژایەتی خۆی و حیزبەکەی بەرانبەر بە رێکەوتنە نەوتیەکەی مەزڵووم عەبدی و رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی وزەی ئەمەریکی دەربڕی.

ئەم هەنگاوەی جەمیل بایک لە دژی مەزڵووم عەبدی بەو مانایە دیت کە مەزڵووم کۆبانێ ئیدی کادیری پەکەکە نەماوەو بایک دەسەلاتی بەسەریەوە نەماوە و بە کورتی کورە خۆشەویستەکەی ئۆجەلان لەلایەن بایک و سەرکردایەتی پەکەکەوە وەکوو تاوانباریکی پلە یەک سەیر دەکرێت.

پوستێن ھەمان بەش