مەزڵووم، ئیدی راوەستە هەتا ئێرە بەسە

مەزڵووم، ئیدی راوەستە هەتا ئێرە بەسە

رێکەوتنە نەوتیەکەی رۆژئاوا،حکوومەتەکانی تاران و دیمەشقی نیگەران کردووەو ئێستا مەزڵووم عەبدی، سەرەکیترین گرفتی بایک و ئاڵدارە.

لە دامەزرانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە لە ساڵی 1978ـەوە هەتا ئەمڕۆ، بە سەدان کادیرو پلەدارو بەرپرسی جیاجیای ئەم حیزبە بە فەرمانی سەرکردایەتی پەکەکە لەناوبراون و تەسفیە کراون. هۆکارەکەشی زۆر ڕوونە سەرکردایەتی پەکەکە هەرکات زانیبێت کادیرێکی ئەو حیزبە بۆتە خاوەن پێگەیەکی بەهێز لەناو ئەندامانی حیزبەکەو لەبواری نەتەوەییەوە رادیکاڵ بیر دەکاتەوەو دەتوانێ لەداهاتوودا جێپێی ئەندامانی رێبەرایەتی لەق بکات، لە یەکەمین دەرفەتدا لێیانداوەو لەناویان بردووە.

مەزڵووم عەبدی وەکوو کادیرێکی پێگەیشتوو و پێشکەوتووی پەکەکە، بەباشی لە سیاسەت و هەڵسوکەوتی پەکەکە تێدەگات و دەزانێ کە ئەو هەنگاوانەی ئەو گرتوونیەتە پێش، دەبێتە مایەی دڵگرانی جەمیل بایک و تاقمەکەی. چونکە جەمیل بایک و تاقمەکەی لە رۆژئاوای کوردستان، بەتایبەت “ئاڵدار خەلیل” نایانهەوێ ئەو واقعە قبووڵ بکەن کە کەسێکی وەکوو مەزڵووم عەبدی ببێتە جێی سەرنجی ئەمریکیەکان و وەکوو جنراڵ قبووڵی بکەن لەحالێکدا ئەوان هەر وەکوو هەڤاڵ بمێننەوە. بایک و ئالدار قبوول ناکەن مەزڵووم عەبدی لە ناو کۆمەلگەی کوردیداو تەنانەت لەناو رێکخستنەکانی پەکەکەشدا لەوان مەقبووڵترو خۆشەویستتر بێت و کار بۆ یەکڕیزیی کوردەکان لە رۆژئاوا بکات. نایانهەوێ قبووڵی بکەن کە مەزڵووم عەبدی بە هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی بە پەکەکە رایدەگەیەنێت کە دەست لە رۆژئاوای کوردستان هەڵبگرێت تا کوردەکانی رۆژئاوا بۆخۆیان بڕیار لەسەرچارەنووسی خۆیان بدەن و ئامادە نەبن باجی هەڵەکانی پەکەکە بدەن.

لەبەر ئەو هۆکارانەو زۆر هۆکاری دیکەی هاوشێوە، لە ئیستادا مەزڵووم عەبدی، سەرەکیترین گرفتی بەردەم جەمیل بایک و ئاڵدار خەلیلە لە رۆژئاوای کوردستان و ئەوان بەشێوەی جۆراوجۆر هەوڵ دەدەن خۆیان لەو گرفتە رزگار بکەن. دەتوانین لەو هەوڵانە: گەڕاندنەوەی بۆ قەندیل، هەڕەشەی دوورخستنەوە، هەوڵدان بۆ تیرۆر کردن و تاوانبار کردنی بەوەی کە بەهاوکاریی کردنی ئەمەریکا دژ بە پەکەکە لە رۆژئاوا باس بکەین، بەڵام پشتگیری ئەمەریکا بۆ مەزڵووم عەبدی سەرجەم ئەو هەوڵانەی بایک و ئاڵداری هەتا ئێستا پووچەڵ کردۆتەوە.

رێکەوتنە نەوتیەکەی نێوان مەزڵووم کۆبانێ و رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ کۆمپانیایەکی نەوتیی ئەمریکی، لە رۆژئاوای کوردستان، ئاغاکانی بایک و ئاڵداری لە دیمەشق و تاران بەتەواوی نیگەران کرد. لەبەر ئەوەی ئیران و سوریا ئەو هەنگاوەی مەزڵووم عەبدی بە مەترسییەک بۆ سەر داهاتووی خۆیان دەزانن هەربۆیە زەختیان خستە سەر بایک و ئاڵدار تاوەکوو رێکەوتنەکە هەڵبوەشێننەوە. بەڵام مەزڵووم عەبدی لە بڕیارەکەی خۆی پاشەکشەی نەکرد و بایک بەناچاری لە دیمانەیەکی تەلەفەزیۆنیدا دژایەتی خۆی لەگەڵ رێکەوتنە نەوتیەکەی رۆژئاواو مەزلووم کۆبانێ دەربڕی. ئەم هەڵوێستەی جەمیل باییکیش کاریگەریی لەسەر مەزڵووم دانەناو کێشەکانی نێوان بایکی هاوسەرۆکی کەجەکە و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدەی بە دروشمی (مەزڵووم، ئیدی راوەستە هەتا ئێرە بەسە)، دەربازی  قۆناخێکی نوێ کرد.

پوستێن ھەمان بەش