روانینی پەکەکە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، روانینی مشەخۆر بۆ خانەخوێ ـ 3

روانینی پەکەکە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، روانینی مشەخۆر بۆ خانەخوێ

پەکەکە هەوڵی شێواندنی دەسکەوتە نەتەوەییەکانی کۆماری کوردستان و خەباتی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات

ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لەسەر چۆنیەتی پەیوەندیی نێوان پەکەکە و پارچەکانی دیکەی کوردستان، بەتەواوی دەریدەخەن کە کوردەکانی رۆژئاوا، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بە خوێن و ئارەقەو گیرفان و… بە کورتی ئەوەی لە کوردیدا پێی دەگوترێ سەروماڵیی یارمەتیی پارتی کریکارانی کوردستانیان داوەو هەر لەسەرەتای دامەزرانیەوە دارەدارەیان بۆ کردووە، خستوویانەتە سەرپێ، قەڵەویان کردووەو  پشتیان گرتووە. بەڵام لە بەرانبەردا پارتی کرێکارانی کوردستان کە وادیارە بە شیری دژە کوردستانی فرچکی بەستووە، جگە لە نەهامەتی و ماڵوێرانی، خیانەت و سپڵەیی نەبێت هیچێکی بۆ ئەم پارچانە نەبووە. هەروەک پێشتر باسمان کرد پەیوەندیی پەکەکە بەرانبەر بە پارچەکانی دیکەی کوردستان وەکوو پەیوەندیی نێوان مشەخۆر “ئەنگەڵ” (parasite) و خانەخوێ “Definitive” لە زانستی زیندەوەرزانیدا دێتە ئەژمارو 3 پارچەی کوردستان وەکوو خانەخوێ جگە لە نەهامەتی و ناخۆشی نەبێت هیچ خێرێکیان لە پەکەکەی مشەخۆر نەبینیوە.

پاش ئەوەی رێژیمی ئێران پەیماننامەیەکی ستراتجیی لەگەل پەکەکە واژۆ کرد و ئەم رێکخراوە کوردیە بوو بەشێک لەو پرۆژە ناوچەییەی کە ئێران و سوریاو حیزبوڵڵای لوبنان و حەماس و جەهادی ئیسلامی فەلەستینی و کۆمەڵێک رێکخراوی دیکەی پاشکۆی ڕێژیمە ئیسلامیەکەی تاران کاریان بۆی دەکرد و لەوپەیوەندیەشدا بەشیک لە هێزی پەکەکە لە سنوورەکانی رۆژهەلاتی کوردستان جیگیر کران، رۆژهەلاتی کوردستان زۆر سەخاوەتمەندانە یارمەتیدانی پەکەکەیان دەستپێکرد. خەلکی رۆژهەڵات لە زاری منداڵەکانی خۆیان دەگرتەوە بە قورگی پەکەیاندا دەکرد و ریکخراوە نەتەوەییەکانی ئەو بەشەش کە رابردووی خەباتیان هەبوو، جگە لە راوێژی سەربازی و.. تەنانەت لە چەک و چۆڵ و تەقەمەنیی خۆشیان پێشکەشی پەکەکە کرد کە بەرچاوترینیان یارمەتیی سەربازیی کۆمەڵە بوو بە پارتی کریکارانی کوردستان.

بەڵام بەداخەوە رۆژهەڵاتی کوردستانیش هاوشێوەی باشوور و رۆژئاوای نیشتمان لە سپڵەیی و خیانەتی پەکەکە بیبەریی نەبوون. پەکەکەی مشەخۆر لەچاکەی ئەو هەموو یارمەتیانەدا بە لێدان لە مێژووی خەباتی رۆژهەڵات دەستی پیکرد.! رۆژهەڵات لەگەڵ ئەوەی یەکەم حکوومەتیی مودیڕنی کوردیی “کۆماری کوردستان”ی تێدا بنیات نراوەو بەشێک لە سیمبۆلە نەتەوەییەکانی کورد وەکوو “ئاڵای کوردستان، پێشمەرگە و سوپای میللی کوردستان و..) بە خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە پشتیوانی خەباتگێڕانی بەشەکانی دیکە بەتایبەت باشووری کوردستان بەدەستهاتوون. ئەو سیمبۆلە نەتەوەییانە لەلایەن پەکەکەوە هەوڵی سڕانەوەیان دراو دەدرێت. ئاڵای کوردستان کە لە کۆماردا هەڵدرابوو، پاش رووخانی کۆمار وەکوو ئەمانەتێک بە دەستە ئەمینەکانی بارزانی سپێردرابوو، لەلایەن پەکەکەوە شێویندراو ئاڵایەک لەجێگای دانراوە کە زۆرتر لە ئاڵای وڵاتانی ئەفریقی دەچێت تا ئاڵای کوردستان. دەستەواژەی پێشمەرگەی گۆڕی و لەباتی ئەو گریلای بەکارهێناو لە پەروەردەو نووسینە فیکریەکانیشیاندا ئەوەی خێر بێت لەسەر یەکەم پێشەوای کوردستانی ناڵێن و کەمترین زانیارییان لەسەر نیە. بۆ نموونە لە ڤیدیۆیەکدا کە لەلاین خودی پەکەکەوە بڵاو کراوەتەوە، کاتێک عەلی قازی، کوڕی پێشەوا سەردانی پەکەکە دەکات و بەبۆنەی سەردانەکەوە ئۆجەلان دیتە گۆ لەسەر قازی محەممەدی سەرۆک کۆمار، بەتەواوی دەردەکەوێت کە ئاپۆ هیچ زانیاری و شناختێکی لەسەر پێشەوای کوردان نیە و هیچ ڕێزێکیشی بۆ دانانێت.

کاتێک کوردەکانی رۆژهەڵات وێڕای ئیدانەکردنی گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا، لە خۆپیشاندانێکی جەماوەریدا داواکارییە نەتەوەییەکانی خۆشیان هێنایە گۆڕێ، پەکەکە لە رێژیمی ئیسلامیی ئێرانی زیاتر پێ قەڵس بوو. سەرکردەکانی پەکەکە بە چاومۆڕ کردنەوەو قامک ڕاوەشاندن ئەو خەڵکە ڕاپەڕیوەیان بە نۆکەری ئەمەریکا و ئیسرائیل و کەماڵیزم ناو دەبرد. دیارە خیانەتەکانی پەکەکە بەرانبەر بە رۆژهەڵات یەک و دو نین، تەحویلدانەوەی کادیرو ێیبەرانی ئاگری سوور، تەقە کردن لە تیمێکی یەکێتی شۆرشگێڕان کە ئێستا ناویان گۆڕدراوە بۆ “پارتی ئازادیی کوردستان” و شەهید کردنی دەیان پێشمەرگەی ئەو حیزبە، شەهید کردنی پێشمەرگەی دیموکرات و هەوڵدان بۆ رێگریکردن لە راسانی رۆژهەڵات و راپۆرت دانەوە لە چالاکیە سەربازیەکانی حیزبە رۆژهەڵاتیەکان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و تیرۆر کردنی کاسبکارانی رۆژهەلات کە دوایینترینیان تیرۆری سامان دانشوەر و سۆران ئەختەر سەمەر ناوچەی هەورامان و رفاندی منداڵان لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵات بەشێک لە خیانەتەکانی پەکەکە دژ بە رۆژهەڵات پیکدێنن.

بەڕاستی ئەگەر پەکەکە رۆڵی “ئەنگەڵ”ی بۆ رۆژهەلاتی کوردستان نیە، ئەدی چ دەستەواژەیەکی زانستی دەتوانێت ئەو هەموو خزمەتەی رۆژهەڵات و هاوکات ئەو هەموو خیانەت و سپڵەییەی پەکەکە پێکەوە لە چوارچێوەی پێناسەیەکدا کۆ بکاتەوە؟ ئەگەرچی کوردانی رۆژهەڵات رۆژبەڕۆژ زیاتر پەکەکە و مەرامە دژە نەتوەییەکانی ئاشنا دەبن و ەیان کەمپین دژ بە حزووری ئەو ریکخراوە لە رۆژهەڵات ساز کراون، بەڵام لاوانی میراتگری کۆماری کوردستان و رێبازەکەی پێشەوا قازی محەممەد، پێویستە لەوە وشیارتر بن کە پەکەکە بتوانێ وەکوو مشەخۆر خوێن و وزەی نەتەوەیی رۆژهەڵات لەپێناو کۆماری تورکیا لەژیر ناوی “یەکیتی گەلان” و هەروەها لەپێناو پرۆژەی هیلالی شیعەی ئێراندا بەفێڕۆ بدات.

درێژەی هەیە….

بۆ بینینی بەشی دووەم لێرە کرتە بکە

پوستێن ھەمان بەش