تێکەڵاوی هزری ئاپۆ لە پرسی “ژن، سێکس و ئازادی”دا ـ 2

تێکەڵاوی هزری ئاپۆ لە پرسی"ژن، سێکس و ئازادی"دا

زانستی سێکس و عەشق و پەیوەندی ژن و پیاو لە “ژنۆلۆژی” ئۆجەلاندا لە قاڵبی سەربازگەیەکدا ڕێکخراوە کە ژنەکانی خەسێنراون

لە کتێبی “ژنۆفۆبیای ئۆجەلان” لە نووسینی “ئاسۆ کمال”

بەشی دووەم

ئێمە لە کۆمیدیای روانگەکانی ئۆجەلان بەردەوام دەبین

ئۆجەلان لەبواری ئیکۆلۆژیشدا دەڵێت: “ژن ناسنامەکەی ژینگە پارێزە”

ئاپۆ دەڵێ: “لەبەرئەوەی ئافراندنەکانی ژن لە پێناو پێداویستیە ئابوورییە سەرەکیەکانە هەربۆیە نەدووچاری تەنگژە دێت؛ نەدەوروبەر پیس دەکا و نەهەڕەشە لەکەش و هەوا دەکات”!!.

بەڕاستی ئەم تێزە زیاد لە حەد پێکەنیناوی و کۆمێدیە، ئایا لەمە کۆمێدیتر هەیە؟

پرسیار: ئەگەر ئەو ئابووریە سەرەکیانە کە ئێستا لە جیهانی پیشەسازیدا هەن ژنان بەرهەمی بهێنن ژینگە پیس ناکەن؟ ئەگەر ئابووری سەرەکی کۆمەڵگەی ئێستا، کە پیشەسازیە، بەدەست ژنان بێت چۆن ئەم ڕەگەزە ژینگە دەپارێزێ؟

ئەری بەڕاست پیسبوون و خاوێن بوونی ژینگە چ پەیوەندییەکی بە رەگەزی مرۆڤەکانەوە هەیە؟! بەپێی ئەم تێزەی ئۆجەلان بێت ئەگەر تۆ نێر بیت ئەوکات هەر چالاکیەکی ئابووری ئەنجام بدەیت ئەوە یەکسانە بە پیسکردنی ژینگە و ئەگەر تۆ ژن بیت هەر چالاکییەکی ئابووری ئەنجام بدەیت ئەوە یەکسانە بە پاکراگرتنی ژینگە.!!

ئێوە دەزانن کە ئۆجەلان بابەتەکە چۆناوچۆن دەبینێت؟ ئێمە بە ئێوەی بەڕێز دەڵێین:

ـ لە روانگەی ئۆجەلانەوە پاراستنی ژینگە پەیوەندی بە سیستەمی سەرمایەداری و چاوچنۆکی و قازانج پەرستی سەرمایەدارانەوە نیە، بەڵکو هۆی پیس بون و وێران بونی ناسنامەی دژی ژینگەیی ڕەگەزی پیاوانە!

ـ کەواتە چارەسەری کەم کردنەوەی ڕێژەی CO2 لەهەوادا بۆئەوەی ژینگە پاک بێتەوە دەبێ بریتی بێت لە دەرکردنی پیاوان لە ئابووری سەرەکی و جێگرتنەوەی پۆستەکانیانە بەژنان؟!

ـ ئەوە روانگەی ئۆجەلان، فەیلەسووفی ئاخرزەمانە

ئەو برادەرە لەبیر دەکات بە ئۆجەلان بڵێت لە دنیای ئەمڕۆدا ئەو کەسانەی لە پلەوپۆستی دەوڵەت و کۆمپانیاکاندان بەشێکیان ژنن و وەک نوێنەری کۆمپانیا پیشەسازیەکان و چینی سەرمایەدار ململانێ دەکەن لەسەر پاراستنی هەموو بەرژەوەندیە ئابووریانەی لە کەمنەکردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ئەو مادانەی دەبنە هۆی پیس بونی ژینگەدا هەیە و سورن لەسەر پابەند نەبون بە ڕێکەوتنامەی نێودەوڵەتی پاراستنی ژینگە.

ئایا ئەوانیش ژینگەپارێزن جەنابی ئۆجەلان؟ با لە شرۆڤە کردنی روانگەکانی ئۆجەلان بەردەوام بین:

ئەگەر وابیر بکەینەوە کە ژنان توخمی ژینگە پارێز بن و پیاویش توخمی پیسکردنی ژینگە، رێگاچارەی ئەم گرفتە چیە؟

بەپێی روانگەی ئۆجەلان ئەوا چارنیە جگە لەوەی ژنان لە پیاوان جیابکەینەوە تا ژینگەیەکی پاکمان دەست کەوێ.!

بەڵام بێگومان ئەم ژینگە پاکەی ژنان کۆمەڵگە نیە، چونکە لە کۆمەڵگەدا پیاوانی ئالودەی پیسکردنی ژینگەی لێیە.!

بەڵکو ئەو دێر و پەرستگا پاکانەیە کە دوور لە کۆمەڵگەی پیاوان ژنان دەتوانن ببنە ڕاهیب تیایدا و پێویستیان بە پیاوی ناسنامە ژینگە پیسکەر نابێت و بەمەش ژینگە دەپارێزرێت.!

 ئەمەش لۆژیک و تێزێکی زانستی ژنۆلۆژیە بۆ پاراستنی ژینگە! لەم جۆرە بیرکردنەوە پێکەنیناویەی ناسنامەی ڕەگەزی ژینگە پارێزی تەنیا نمایشێکی کۆمیدیانە شایستەیەی ئەنجامگیریەکەیەتی.

ئەمەش ژنۆلۆژی ئۆجەلان لەبواری سێکس و عەشق و پەیوەندی ژن و پیاو و خێزاندا

ئۆجەلان دەڵێ: “ڕەگەزی نێرینەی جۆری مرۆڤ ڕۆڵی سەرەکی بە سێکس داوە، تەقینەوەی ئارەزووی سێکسی و پەرەسەندنە شیوێندراوەکەی بەخۆیەوە دیوە. ماوەکانی جوتبون کە لە ئاژەڵاندا زۆر سنوردارە (زیاتر ساڵانەیە)، لای مرۆڤی نێر کەمێک ماوە ئەم ماوەیە ببێتە (ڕۆژانە) 24 کاتژمێر، جوتبونی سێکسی بریتیە لە ساتێکی جۆرێک لە مردن، پیاو زۆر دڵڕەقە و بێڕەوشتە، لەهێزی عەشق بێبەشە.”

ئەوە روانگەی فەیلەسووفی ئاخیرزەمانە، باشە ئەگەر ئەم قسانە کەسێکی دیکە کردبانی ئیمە نەماندەگوت ئەوە شێت و دەبەنگە؟!

لە روانگەی ئۆجەلانەوە گرێدانی هەر پەیوەندییەک جۆریکە لە خیانەتکردن لە ئەرکە شۆڕشگێڕییەکان، ئاستەمە بتوانی لەگەڵ ژنێکی سیستەمدا بژیت، پێویستە ئەمە وەکو ڕاوەستەیەکی ئەخلاقی پەسند بکات کە بەبێ ڕزگاری و ئازادی ناتوانن تەماشای یەکتریش بکەن.

لێرەدا دەبینین کە زانستی سێکس و عەشق و پەیوەندی ژن و پیاو لە “ژنۆلۆژی” ئۆجەلاندا لە قاڵبی سەربازگەیەکدا ڕێکخراوە کە ژنەکانی خەسێنراون کە “ناتوانن تەماشای یەکتریش بکەن” و ئەگەر ژنێک وتی” ئارەزوم لە پەیوەندی بەستنە ” ئەوا لەسەر ئەم “خیانەتکردنە”ڕوبەڕوی سزا دەبێتەوە. ئەم داماڵینەی ژن لە سێکس و خۆشەویستی و پەیوەندی لەگەڵ پیاو لەهیچ سەردەمێکدا وێنەی نەبوە، مەگەر نمونەی ئەو پیاوە کۆیلانەی لە حەرەمی پاشا و ئیمپراتۆر و سوڵتان و خەلیفەکاندا دەخەسێنران (Mutilation)، یاخود ڕاهیبەکان لە دێرەکانی کریستیانەکاندا کە سێکسیان لێ حەرام دەکرا. ئەم “زانستی ژنناسی”یە داوای داماڵینی ژنانە لە سەرەتاییترین ماف و دابڕانیانە لە کۆمەڵگە، وە بینینی سێکس و عەشقی سێکسیە وەک “عەیبداری”و پاکیزەیی ژن “ڕزگاربونە لە عەیبداری و چەمکی سێکسی” و “پیرۆزی مەزن”ژیانکردنە لە دێر و پەر ستگای دوور لە کۆمەڵگەدا، بەڵام ئەگەر ببنە گریلاو ببنە سووتەمەنی بۆ ئایدۆلۆجیای پەکەکە ئەوە بۆ ئۆجەلان کێشە نیە.

لەکاتێکدا سەرەڕای فشاری ئابووری و کلتوری ، هەمیشە سێکس و جوت بونی ژن و پیاو و عەشق سەرەتایی ترین شێوازەکانی ژیانی پێکەوە بوون بوە. ئەم پەیوەندیەی نێوان ژن و پیاو و دروستکردنی خێزان چەندین شۆڕش و شێوازی جۆراوجۆری بەخۆ یەوە بینیوە، لە زەواجی بە کۆمەڵی ژن و مێردەکان لە هۆزەکاندا لە چەرخی دڕندەیی و خێزانی جوتە ژن و مێردی لە بەربەریەتدا تا گەیشتۆتە ئاستی خێزانی تاکە ژن و مێردایەتی لە چەرخی شارستانیدا و وەلە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا پەیوەندی خۆشەویستی سێکسی کە بنەمای پێکەوە بونی ئازادانەی ژن و پیاوە. ئەوەی ئۆجەلان باسی لێدەکات نە لە رابردوودا هەبووە نە لە ئێستاشدا بوونی هەیەو نە لە داهاتووشدا دەستەبەر دەکرێت، چوونکە قەدەخەکردنی سێکس وعەشق لە ژیانی مرۆڤسایەتیدا مەحاڵە.

پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر ئەو مۆدێلەی ئۆجەلان باسی دەکات جێبەجێ ناکرێت، لەبەرچی بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە؟

ـ وەلام زۆر روون و ئاسانە، ئەگەر ئۆجەلان لە نووسینەکانی خۆیدا بۆ پروپاگاندا باس لە خوداوەند و فریشتە و پەری دەریایی نەکات، ئێوە پێتانوایە کە کچێکی 14 ساڵان بە هزرو بیری ئۆجەلان سەرمەست ببێت؟

ئەگەر سەرمەست نەبێت چۆناوچۆن ئامادەیە ببێتە سووتەمەنی و دەستەچیلەی ئایدۆلۆجیای ئۆجەلان؟

هەڤاڵان ئێوە وەڵام بدەنەوە.

بۆ بینینی بەشی یەکەم لێرە کرتە بکە

پوستێن ھەمان بەش