بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر: “دوای لێکۆڵینەوەی ورد وهەمەلایەنە، دەرکەوت کە [غازی ساڵح] لەلایەن (پەکەکە) ـەوە تیرۆر کراوە و پێشتریش بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی تیروۆرکردنیان لێکردبوو”.
پاش تیرۆرکرانی غازی ساڵح ئالیخان، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سنووریی سەرزێڕێ، لە ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە 8/10/2020، بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراویکدا ئاشکرای کرد کە بەلگەکان سەلمێنەری ئەوەن کە غازی لەلایەن پەکەکەوە تیرۆر کراوە.
بنەمالەکەی شەهید غازی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەوان کێشەیان لەگەل هیچ کەسێک نەبووەو ئاشکراشیان کردووە کە پێش لە تیرۆر کرانی، چەندین جار لەلایەن چەکدارەکانی پەکەکەوە هەرەشەی لێکراوەو تەقەشیان لە مالەکەی کردووە.
لە کاتی ناشتنی تەرمی غازی ساڵح دا یەکێک لە براکانی ئاماژەی بەوە کردبوو: “ئەو چەکدارانەی براکەمیان کوشت دەیانەویست ئەو تەسلیمی ئیرادەی خۆیان بکەن بەلام غازای ئەوەی قبوول نەکرد و لە رێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لای نەدا، هەربۆیە گیانی بەخت کرد”.
هاوکات رۆژی شەممە 10/10/2020، بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر راگەیاندراوێکی لەبارەی تیرۆرکردنی بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕی بڵاوکردەوە.
لە راگەیاندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا هاتووە: “کاتژمێر 5:30 ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 2020/10/8 (غازی ساڵح ئالیخان) بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕی، لە گوندی بیگداودا، بەدەستێکی ڕەش تیرۆر کرا، دوای لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە، دەرکەوت کە لەلایەن (پەکەکە)ەوە تیرۆر کراوە و پێشتریش بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی تیروۆرکردنیان لێکردبوو”.
دەقی راگەیاندراوەکە:
ڕاگەیەندراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/ هەولێرەوە
کاتژمێر 5:30 ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 2020/10/8 (غازی ساڵح ئالیخان) بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕی، لە گوندی بیگداودا ، بەدەستێکی ڕەش تیرۆر کرا.
دوای لێکۆڵینەوەی ورد وهەمەلایەنە، دەرکەوت کە لەلایەن (پەکەکە) ەوە تیرۆر کراوە و پێشتریش بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی تیروۆرکردنیان لێکردبوو.
وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهید (غازی ساڵح ئالیخان) ، بەتوندی ئیدانەی ئەم کارە تیرۆریستیە ترسنۆکانەیە دەکەین و ڕادەگەیێنین کە ئەم کردەوە تیرۆرستیە بێ وەڵام نابێت.
هەروەها داوا لە هاونیشتمانیان وخەڵکی دڵسۆزی هەرێمی کوردستانیش دەکەین کە ڵە ئاست ئەم کارە تیرۆریستیە، هەڵوێستیان هەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/هەولێر

پەکەکە دەیهەوێ راستیەکان بشێوێنێت
پەکەکە لەرێگای سۆشیال میدیاوە هەول دەدات کە خۆی بێ تاوان نیشان بدات و هەموو هەولێک دەدەن بۆ ئەوەی راستیی رووداوەکە بگۆڕن.
مالپەڕە سیبەرەکانی پەکەکە ئەو درۆیانە بڵاو دەکەنەوە کە گۆیا غازی ساڵح GPS ی بۆ نیشاندانی شوێنی گریلاکانی پەکەکە داناوەتەوە بەڵام مندالەیەکیش دەزانێت کە تەکنەلۆجیای سەربازی تورکیا ئەوەندە پێشکەوتووە کە لە ریگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ئامرازی دیکەی سەربازیەوە، شوێن و چالاکیەکانی پەکەکە ببینێت و ئەم دەنگۆیە جگە لەوەی درۆیەکی گەورە بێت، هیچی دیکە نیە.
جەمیل باییک 4 مانگ پێش هەڕەشەی لە کادیرە ئەمنیەکانی باشووری کوردستان کردبوو
پارتی کرێکارانی کوردستان لەدەسپێکی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە کادیران و بەڕێوەبەرانی ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکانی باشووری کوردستان کرد و جەمیل باییک بە ئاشکرا هەڕەشەی لە کادیرانی دەزگا ئەمنییەکانی هەریمی باشووری کوردستان کرد و رایگەیاند ئیدی ئەوان دەبنە ئارمانجی ئێمە.
لێدوانەکەی جەمیل باییک ئەوەندە توند بوو کە هەموو کەس چاوەروانیی ئەوەیان دەکرد لە پاییزدا پەکەکە پەلاماری باشووری کوردستان بدات و روو لە هێزە ئەمنیەکانی باشووری کوردستان زۆر بە ئاشکرا دەلێت: “ئێمە هێرش دەکەین”.



