شازدەی ئۆکتۆبەر، ڕۆژێکی ڕەش و خیانەتێکی گەورە

نەتەوەی کورد لە سەدەی 21دا دەردێکی کاریی ئەزموون کرد

لە میژووی سەرجەم نەتەوەکانی جیهاندا، ڕۆژانی خۆش و ناخۆش، سەرکەوتن و شکست، نیشتمانپەروەری و خیانەت هەن. بەڵام لەمێژووی هیچ نەتەوەیەکدا خیانەتیکی گەورەو قێزەون وەکوو 16ی ئۆکتۆبەر بوونی نیە. هیچ خیانەتێکی ئەوەندە بەئازار لە هیچ ئەفسانەیەکی تراژیکدا نابیندرێ. بەکورتی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر، بێ وێنە بوو، دەردێکی کاریی بوو کە نەتەوەی کورد لە سەدەی 21دا ئەزموونی کرد.

باشووری کوردستان پاش ئەوەی هیوای بە ڕێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتی عێراق نەماو سەرجەم ڕێگاچارەکان شکستیان هێنا، پەنای بۆ بڕیاردان لەسەر مافی دیاریکردنی چارەنووس برد. بڕیاریدا ڕیفراندۆم بکات و یەکەم هەنگاو بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی هەڵبگرێت.

بڕیاری ڕیفراندۆم لەلایەن سەرجەم حیزبەکانی باشووری کوردستانەوە دراو گەلی کوردستانی بەتەواوی لەگەڵ بوو. لە کۆبوونەوەی 7ی حوزێرانی 2017دا ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم کە جگە لە کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان، سەرجەم حیزبەکانی باشووری تێدا بوو، بڕیار لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دراو ڕێکەوتی 25/9/2017 بۆ ئەو مەبەستە دیاری کرا.

دواتر حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای سەرجەم هەڕەشە و هۆشداری دەوڵەتانی داگیرکەر و هەروەها زەختی زلهێزەکان، ئەو ڕۆژەیان قبووڵ کردو لە پەرلەمانی کوردستاندا بە دەنگی زۆرینە پەسند کرا.

بەرەی دژە ڕیفراندۆم و دژایەتیکردنی بارزانی

لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری ڕیفراندۆم، چالاکی و بزووتنەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ لەباربردنی دەستیان پێکرد. بەرەی دژە ڕیفراندۆم خۆی دەرخست. ئەو بەرەیە ئارمانجێکی هەبوو ئەویش سڕکردنی ڕیفراندۆم بوو. دەکرێ بەرەی دژە ڕیفراندۆم و ئارمانجەکانی بەمشێوەیە بناسرێت:

  • بەرەی دژە ڕیفراندۆم لە ئاستی دەوڵەتانی ئیقلیمی، عێراق، ئێران و تورکیا کە ئەو دەوڵەتانە بە ئاشکرا هەوڵیان بۆ کپ کردنی دەنگی نەتەوەی کورد و خنکاندنی ڕیفراندۆم دەدا. ئەو پیلانە بە چاوساغی زلهێزەکان جێبەجێ دەکران. دەوڵەتانی وەکوو ئەمەریکا، بەریتانیا و ئەو دەوڵەتە ئەورووپیانەی کە بە دۆستی نەتەوەی کورد دادەنران.

  • خاڵی دووەمی بەرەی دژە ڕیفراندۆم لە ئاستی ناوخۆی کوردستان و ڕاست لەو خاڵەدا هێندێک سیناریۆ هەبوون:

  • سیناریۆی یەکەم: کپ کردنی دەنگی ڕیفراندۆم بە هەر نرخێک. لەم سیناریۆیەدا دەکرێ ئاماژە بە کۆبوونەوەی 15ی ئەیلوولی “دووکان” بکرێت. لەو کۆبوونەوەیەدا هەوڵێکی زۆر درا بۆ ئەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان لە بڕیاری ڕیفراندۆم پاشگەز بکەنەوە بەڵام بێ ئەنجام بوو.

زانیاری زۆر تایبەت هەن کە لەو کۆبوونەوەیەدا قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای پاسداران، لە قاتی 2 بووەو ئاگای لە وردەکاری کۆبوونەوەکە بووە. پیلانێک هەبووە کە لەو کۆبوونەوەیەدا هەریەک لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان و نێچیروان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی باشووری کوردستان تەسفیە بکرێن. بەڵام قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ڕۆڵی لە ئاشکرا کردنی ئەو پیلانەدا هەبووەو پووچەڵ کراوەتەوە.

  • سیناریۆی دووهەم: لە قۆناخی دووەم و پاش شکستی هەوڵەکان بۆ بێدەنگ کردنی ڕیفراندۆم، دەوڵەتانی داگیرکەر، بە هاوکاری گرووپێکی دیاری ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەستیان بە کۆبوونەوە کرد تاوەکوو پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان بکرێت. پیلانی 16ی ئۆکتۆبەر لەو کۆبوونەوانە پەسند کرا. ماف و ئەرکەکان دابەش کران و “گرووپی کاڵفامان” ئەرکدار کران.

دەسپێکی خیانەت

ریفراندۆم لە 25ی ئەیلوولی 2017دا بەڕیوەچوو. کوردستانیەکانی دەنگیان دا و لەو ڕۆژەدا ڕێبەرانی سەرجەم لایەنە سیاسیەکان لەسەر شاشەی تیڤیەکان دەرکەوتن و ڕایانگەیاند کە بە شانازیەوە دەنگی “بەڵی”یان بە سەربەخۆیی کوردستان داوە، هەرچەند کە لەکاتی بانگەشەدا هێندێک لەوان بە هیچ شێوەیەک ڕاگەیاندنی حیزبەکەیان نەخستبۆوە خزمەت ڕیفراندۆم.

لاهوور شێخ جەنگی لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بە دەمامکی ڕیفراندۆمەوە دەرکەوت و گوتی ئەوە ماوەیەکی دوورودرێژە ئێمە چاوەڕێی ئەم ڕۆژەین. با گیانی شەهیدەکانمان ئارام بن ئێمە دەنگمان بە “بەڵێ” داوە. بەڵام لە ڕاستیدا ڕێبەرانی یەنەکە چەند ڕۆژیک پێش ڕیفراندۆم ڕۆیشتبوون بۆ ئێران تاوەکوو لە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی داگیرکەر ئەمر وەربگرن. ئەوان بێ ڕێزیان بە مام جەلالی ڕەحمەتیش کرد و لەکاتێکدا تەندروستیی جێگیر نەبوو و نەیدەتوانی لەسەر لاقەکانی ڕاوەستێت، بە کۆڵ بردیان بۆ ئیران. دەکرێ بڵێین لەو ڕۆژەدا پێشبینی خیانەتێک وەکوو خیانەتەکانی 1966 و 1996 دەکرا.

پێش ڕیفراندۆم، جووڵەو چالاکییەکانی ئێران و عێراق لەگەڵ باڵێکی یەنەکە بەهێزتر دەرکەوتن. پیلانیان ئامادە کرد و هەتا ڕۆژی 15ی ئۆکتۆبەر هەموو شت ئامادە بوو. ڕێکەوتن لەنێوان باڵی یەنەکە لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، سپای پاسداران و چەکدارەکانی حیزبوڵڵای لوبنان کرابوو.

لەدەستچوونی دڵی کوردستان

لە شەوی 16ی ئۆکتۆبەر پیلانەکە دەستی پێکرد. سوپای عێراق، میلیشیا شیعەکان بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی خورماتوو، کەرکووک و خانەقین دەستپێکرد. هەرزوو گرووپی کاڵفامانی ناو یەکێتی فەرمانیان بە پێشمەرگەکان کرد تاوەکوو بکشێنەوە و ڕیگا بۆ دەربازبوونی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بکەنەوە. بەشێک لە پێشمەرگەکانی کۆسرەت ڕەسووڵ ڕەتیان کردەوە کە سەنگەرەکانی خۆیان بەر بدەن و هەموویان کوژران. گولـلە بە پشتیان کەوتبوو کە ئەوەش دەیسەلمێنیت کە بەدەست هێندێک پێشمەرگەی یەنەکە بە فەرمانی لاهوور کوژرابوون و هەر بۆیەش تەرمەکانیان نەنێردران بۆ پزیشکی داد.

لە ڕاستیدا پێشمەرگەکانی کوردستان لە دەسپێکدا هێرشەکانیان تێکشکاند و 7 ئوتۆمبێلی حەشد و سوپا لەناوبران و 14 چەکدار کوژران. ئەوەش وایکرد دوژمن لەو ڕاستیە تێبگات کە گەیشتنە ناو کەرکووک لە ڕێگای شەڕەوە کارێکی ئاسان نابێت، بۆیە ناچار بوون لەرێگای گرووپی کاڵفامانەوە بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە چۆڵ بکەن.

گرووپی کاڵفامان هەر زوو بەربەستەکانی سەر پردی مریەم بەگیان لاداو فەرمانیان بە پێشمەرگەو فەرماندەکانی سەر بە حیزبەکەی خۆیان کرد کە سەنگەرەکان بەر بدەن. بەشێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە وەکوو شێخ جەعفەر ڕەتیان کردەوە کە ئەو فەرمانە جێبەجێ بکەن بەڵام گرووپی کاڵفامان بە داری زۆر دەستبەسەریان کردن. بەمشێوەیە سوپای داگیرکەر دەگەنە کەرکووک و پێشمەرگە گەمارۆ دەدەن.

لە باشووری ڕۆژئاوای کەرکووک پێشمەرگە ئاگاداری بەردانی سەنگەر وهاتنی سوپا بۆ ناو کەرکووک نەبوو، هەر بۆیە 25 پێشمەرگە کەوتنە بۆسەی حەشدو هەموویان شەهید بوون. بەمشێوەیە کەرکووک داگیر کرا.

بەرخۆدان و پیلان پاش 16ی ئۆکتۆبەر

16ی ئۆکتۆبەر تەنیا ڕادەست کردنی خاکی کوردستان بۆ ژێردەست داگیرکەران نەبوو بەڵکوو شکاندنی کەرامەت و کەسایەتی تاکی کورد، شانازیی نیشتمان و حورمەتی پێشمەرگەی گیانفیدا بوو. نەتەوەی کورد لەو ڕۆژەدا دیسان دەردێکی کاری و خەنجەر لێدرانی لەپشتەوە ئەزموون کردەوە.

پاش 16ی ئۆکتۆبەر، پیلانەکانی داگیرکەران کۆتاییان پی نەهات، سنوورەکانیان داخست، گەمارۆی سیاسی و ئابووری خرایە سەر باشووری وڵات. لەو کاتەدا پێشمەرگەکانی کوردستان ئامادەکارییان بۆ پاراستنی نیشتمانەکەیان دەکرد. ئەوان دەیانزانی کە پێشمەرگە نابێت دانیشێت. ئەوان دەیانزانی کە تاقە پارچەی ڕزگارکراوی کوردستان، مەترسییەکی گەورەی لەسەرە.

مەسعوود بارزانی لەو قۆناخەدا بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە کۆبۆوە. داگیرکەران دەیانەویست لە سحێلاو پردێ هێرشەکانیان درێژە پێبدەن. بەڵام پێشمەرگە بەرگرییەکی بێ هاوتای کرد، لە پردێ تانکی ئابرامزی داگیرکەرانیان تەقاندەوە. بە سەدان چەکداری میلیشیاکانیان کوشت و نەیانهێشت لە پردێ و سحێلاوە داخڵی کوردستان ببن.

پیلانەکە ئەوە بوو کە ئەگەر هاتوو پێشمەرگە لە پردێ  تووشی شکست هات، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاسدارەکانی ئێران و ژمارەیەک لە چەکدارەکانی سەر بە گرووپی کاڵفامی ناو یەکێتی نیشتمانی هێرش بکەنە سەر شارۆچکەی پیرمام، شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەی بارزانی و بەوشێوەیە هەولێری پایتەخت و قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببەن. کاڵفامەکان لەو خەیاڵەدا بوون کە ئەگەر هەولێر لەلایەن عێراق و ئێرانەوە داگیر بکرێت، ئەوا دەسەڵاتی بەڕێوە بردنەکەی بەئەوان دەدرێت. ئەو گرووپە ئەوەندە کاڵفام بوون کە لەسەر وەها خۆش خەیاڵییەک دەستیان دایە خیانەتێکی مێژوویی.

پێشمەرگەکان لەو 3 ناوچەیە بەتایبەتی لە پردێ و سحێلا، داستانێکی مێژووییان تۆمار کرد، خوێنیان ڕژاو شەهیدیان دا بەڵام سنوورێکیان بۆ دەستدریژیەکانی داگیرکەران و زماندرێژە کاڵفامەکانی کوردستان دانا.

رۆڵی پەکەکە لە داگیرکردنی کەرکووکدا

  پەکەکە لە 9ی تەباخی ساڵی 2014دا دەربازی کەرکووک بوو. لەگەل ڕۆشتنیان دیمەنی ڕێوڕەسمی سەربازی و کۆنسێرتیان بڵاو کردەوە. پەکەکە بۆ ئەوەی لەوێ مەشرووعییەت پەیدا بکات بنکەکانی لە نزیک هیزە عێراقیەکان جێگیر کرد و لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەماهەنگییان دەکرد. بەڵام کاتێک لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا، کەرکووک داگیر کرا، کەس نەیزانی گریلاکانی پەکەکە بەرەو کوێ ڕۆیشتن. لەبەرچی گریلا لە شوێنهایەکی وەکوو داقوق و مەلا عەبدوڵڵا نەمابوون و دیار نەمان؟

لە شەوی 16ی ئۆکتۆبەردا پەکەکە هێزەکانی خۆی زۆر بە بێدەنگی کشانەوە بۆ کەمپی مەخموور. گریلا هیچ شەڕێکی لە دژی سوپای داگیرکەردا نەکرد. بەڵام بۆ پروپاگەندا لەپێش دەرکی بنکە سیاسیەکانیاندا ژمارەیەک لاویان کۆ کردەوەو ڕێگایان پێدان لەپێش کامێراکاندا هێندێک تەقە بکەن بۆ ئەوەی بڵێن ئێمەش شەڕمان کردووە.

لە ڕاستیدا پەکەکە، شەریکی شاراوەی کارەساتی کەرکووک بوو. پەکەکە پاش ساڵی 2014، لە باشووری کوردستان و لە عێراق ببووە شەریکی حکوومەتی ناوەندیی عێراق بە گشتی و حەشدی شەعبی بەتایبەتی. لە بەرانبەر هەرێمی کوردستاندا ببووە باسکی بەغداو شیعەکان و لە سەرجەم وردەکاریەکانی پیلانی داگیرکردنی کەرکووک ئاگادار بوو. چونکە لاهوور شێخ جەنگی بەر لە کارەساتی کەرکووک هەریەک لە دەمهات عەگید بەرپرسی پەیوەندیەکانی کەجەکە لە سلێمانی و هەروەها ڕەزا ئاڵتوون لە سەرکردەکانی کەجەکە دەبینێت و پیلانەکەیان بۆ باس دەکات.

پەکەکە لەو بڕوایەدا بوو کە ئەو پیلانە دەبێتە هۆی لەناوچوونی پەدەکە و هەربۆیە فەرمانی بە هێزەکانی کرد کە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا هاوئاهەنگ بن. ئەوەش ڕوویداو پەکەکە لە مەخموور و شنگال لەگەل حەشدی شەعبی پێکەوە چالاکی و جووڵەکانیان دەست پێکرد. لە بەردەم کەمپی مەخمووردا 7 ڕۆژان شەڕ ڕوویداو ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید بوون. ناوچەی شەڕەکە تەنها 2 کیۆمەتر لە کەمپەکەی پەکەکەوە دوور بوو. لەوکاتەدا نزیکەی 300 گریلا لەسەر چیای مەخموور جێگیر کرابوون و چاوەڕێی شکستی پێشمەرگە بوون تا دواتر لەگەڵ حەشدی شەعبیدا سەرانسەر کوردستان کۆنترۆڵ بکەن.

ئارمانجی پەکەکە لەو شەریکایەتیە لەگەڵ حەشدی شەعبی و حکوومەتی عێراق ئەوە بوو کە پاش داگیرکرانی کەرکووک و باشووری کوردستان، پەکەکە جێگای پەدەکە بگرێتەوە. پەکەکە دەیگوت پاش داگیرکردن پێویستە هێزێکی کوردی هەبێت و ئەو هێزەش دەبێ من بم.

ئارمانجی 16ی ئۆکتۆبەر

ئارمانجی 16ی ئۆکتۆبەر تەنها کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی باشوور نەبوو. دەوڵەتانی داگیرکەر دەیانهەویست دەربازی هەولێر ببن و قەوارەی باشووری کوردستان بەتەواوی لەناو ببەن. لە ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەردا ئاراسی شێخ جەنگی لەناو هێزە داگیرکەرەکانەوە بۆ میدیاکان لێدوانی دا و گوتی سوپا بەرەو هەولێر دەڕوات.

کاتێک پێشمەرگە ڕێگرییان لەو خیانەتە ناوخۆیی و پیلانە دەرەکیە کرد و کاتێک خیانەتکاران زانیان هەموو شت کۆتایی پێهات و ئەوان ناتوانن خەونە چڵکنەکانیان بەجێ بێنن، ئیدی دەستیان بە بیانوی بێ بنەماو هێرشی میدیایی لەسەر شەخسی بارزانی و بەڕێوەبەرانی ڕیفراندۆم کرد. بەوپەڕی ڕووهەڵماڵراویەوە هێرشیان کردە سەرریفراندۆم. لە ڕاستیدا پاش ئەوەی قەمپۆزیان لە پردێ، مەحموودیەو سحێلا لە خۆڵ وەردرا، ئەوان ناچار بوون بۆ پاساودانی خیانەتەکەیان ڕیفراندۆم بکەنە بیانوو. پاش بەرەنگارییە مێژوویەکەی پێشمەرگە، گرووپی خیانەتکارانی ناو یەکێتی ئەوەندە شپرزە ببوون کە واق مابوون و نەیدەزانی چی بکەن. ئەوان لەبیریان کردبوو کە لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمدا هەرکام لەوان زمانی بەقەد گوریسێک درێژ کردبوو و وڵاتپارێزی و کوردایەتیان بە خەڵک دەفرۆشتەوە. بەڵام پاش شکستهێنانی پیلانەکانیان و ڕیسوابوونیان، بیانووی وەک خۆیان بێ مانایان دەگرت.

تاپۆی ڕەش بۆ سەربەخۆیی

خیانەتکارانی کوردستان، هۆکاری هێرش بۆ سەر کەرکووک، خیانەتەکەیان و لەکیس چوونی 51٪ لە خاکی باشووری نیشتمان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگێڕنەوە. بەڵام لە ڕاستیدا پەلاماردانی کەرکووک پیلانەکەی بەرلە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی مووسڵدا داڕێژرابوو، پیلانەکە پەیوەندیی بە ڕیفراندۆمەوە نەبوو. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش دەکرێ سەیرێکی مێژوو بکەین و بڵێین: مەگەر لە سەرێ کانی و عەفرین ڕیفراندۆم بەڕێوەچوبوو کە دوژمنان پەلاماری ئەو شارانەی ڕۆژئاوای کوردستانیان دا؟

لەو نێوانەدا ناخۆشترین مەسەلە، دیتنی خیانەتکارانی 16ی ئۆکتۆبەرە کە سەرەڕای ئەوەی بە زمانی خۆیان ئیعترافیان بە خیانەتەکەیان کردووە بەڵام دیسانیش بە ڕووهەڵماڵراویەوە لەسەر شاشەی تیڤیەکان دەردەکەون و دەڵێن ڕیفراندۆم هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر بوو. لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە کە بەداخەوە هەنووکە هێندێ لاوی کورد بڕوا بەو کاڵفامانە دەکەن.

لە کۆتاییدا ئەوەی ماوەتەوەو دەبیندرێت ئەوەیە کە ئەگەرچی ڕۆح و هەستی نەتەوەی کورد لە 16ی ئۆکتۆبەردا بریندار کرا، بەڵام دیسانیش ڕیفراندۆم نەک هەر وەکوو دەسکەوتێکی نەتەوەیی، ناسنامەو کەرامەتی کورد دەناسرێت بەڵکوو وەکوو تاپۆیەکی ڕەش بۆ سەربەخۆیی کوردستان دادەنرێت کە هیچ هێزێک ناتوانێ لە کوردانی بستێنێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش