هەڵسوکەوتی گوماناویی پەکەکە بەرانبەر بە خۆپیشاندانەکانی ئێران ـ 6

"گرێو کردن لەسەر ئەسپی تۆپیو"

دابڕانی پەکەکە لە ئیمرالی و ئێران و گەڕانەوەی بۆ سەر ڕێچکەی کوردایەتی چەندە بە قازانجی کورد بێت چەند قات بە قازانجی خودی پەکەکەش تەواو دەبێت.

چەند فاکتی بەهێز هەن کە دەیسەلمێنن نیگەرانیەکانی پەکەکە لە داهاتووی پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، لۆژیکین. یەکەم ئەوەی کە بە پێچەوانەی ڕۆژئاوا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا رێکخراوهایەکی نەتەوەیی بە رابردوو بوونیان هەیە کە بە هەزاران شەهیدیان لە پێناو رزگاریی نیشتمانەکەیاندا داوە و ڕەگیان لە کۆمەڵگەی کوردستان ئەوەندە بەهێزە کە کۆماری ئیسلامیی بە هەموو هێزی خۆیەوە نەیتوانی لەناویان ببات و بێگومان پەکەکەش ناتوانێت. ئەگەرچی ئەو ڕیکخراوانە تووشی ئینشقاقات بوون بەڵام هەموو باڵەکانیان لە بەرانبەر پەکەکەدا یەک هەڵوێستیان هەیە. هاوکات ئەم حیزبانە بە هەزاران پێشمەرگەیان هەیە و جگە لەوەش بە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی رۆژهەڵات هەن کە لە بڕگەیەکی تەمەنیاندا هاتوون بۆ پێشمەرگایەتی و خولی سیاسی و سەربازییان بینیوەو دواتر بە هۆکاری جۆراوجۆر گەڕاونەتەوە ناوخۆ کە ئەمەش وەکوو هێزی شاراوەی ئەم ڕێکخراوانە دێتە ئەژمارو لە داهاتوودا دەتوانن بەکاریان بێنن. جگە لەوەش یەکەمین حکومەتی مۆدیڕنی کورد (کۆماری کوردستان) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دامەزراوەو ئەمەش ئاستی خودئاگایی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتدا ئەوەندە بەرز کردۆتەوە کە پەکەکە نەتوانێت فریویان بدات.

جگە لە کۆماری کوردستان و پیشەوا قازی محەممەد کە بوون بە سیمبۆلی هەموو کورد، کۆمەڵێک ڕێبەری دیکە لە رۆژهەڵاتدا بوونەتە هێماو سیمبۆل و هەرکامەیان لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتەوە تا حەدی پەرستش ڕیزیان لێدەگیردرێت و ئەندێشەکانیان وەکوو ریبازی داهاتووی خەبات ڕەچاو دەکرێن. پەکەکە ناتوانێت ئەم هێمایانە کەمڕەنگ بکاتەوە کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بە شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، شەهید کاک فواد مستەفا سوڵتانی، کاک ئەحمەد موفتیزادەو… بکەین.

تایبەتمەندییەکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە نوخبە و ئێلیت (بژاردە) لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتدا هەم ژمارەیان زۆرەو هەمیش چالاکترن و رۆڵ و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەکە بەرچاوە. ئەمە بەو مانا نیە کە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بژاردە بوونیان نیە بەڵام بە هۆی ئەو دۆخەی لە رۆژهەڵاتدا دروست بووە، ڕۆڵی بژاردەکان زۆر زیاتر و کاریگەرترە بەراورد بە پارچەکانی دیکە و ئەم بژاردانەش زۆر بە باشی و بەخێرایی لە مەرامەکانی پەکەکە تێدەگەن و هەرچەشنە هەوڵێک بۆ بەلاڕێدا بردنی پرسی نەتەوەیی لەقاو دەدەن و قبووڵی ناکەن.

دیارە پەکەکە بە نهینیش هێندی خەونی بۆ داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە. لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا پارتی کرێکارانی کوردستان ژمارەیەک چەکی ڕەوانەی ناوخۆی ڕۆژهەلات کردووەو هیندێ شانەی نوستووی دروست کردوون. ئەمەش بەپێی کارنامەو بەرنامەی پەکەکە دەکرێ وەکوو بەستێنێک بۆ شەڕی ناوخۆ لە داهاتووی ڕۆژهەڵات سەیری بکرێت  و مەترسییەکی جیددی لەسەر لەکیسچوونی ئەو دەرفەتانەش دەبێت کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ پرسی نەتەوەیی کورد و خەباتە رزگاریخوازانەکەی بڕەخسێت.

سەرکردەکانی پەکەکە هاوکات لەگەڵ هیزەکانی ئوپۆزسیۆنی ئیرانیشدا خەریکی دانوستانە کە گرنگترینیان دانیشتنی نوێنەرانی ئەو ڕێکخراوە لەگەڵ نوێنەرانی موجاهیدینی خەڵق بووە. پارتی کرێکارانی کوردستان لە داهاتووی ئیراندا ئەوەی بۆی گرنگە بارودۆخی خۆیەتی و هەروەک چۆن لەبەر پێوەندیەکانی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری سوریا، ماوەیەکی زۆر باسی لە رۆژئاوای کوردستان نەدەکرد و هەروەها ئێستاش بە چ شێوەیەک هەوڵی بەلاڕێدا بردنی وزەی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵات دەدات لە داهاتووشدا ئامادەیە ئەو کارانە بۆ هەر رێژیمێک بکات کە لە تاراندا دەسەڵات بگرێتە دەست.

رەنگە پەکەکە خەون و بەرنامەی دیکەشی هەبێت بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە بەداخەوە سەرکردەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پەیوەندیەکانیدا لەگەل ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران ئەوەندە رۆیشتۆتە پێش کە رێگای گەڕانەوەیان ئەستەمە و بە بێ ئەوەی زیادەڕۆیمان کردبێت دەتوانین بڵێین بەم روانینەی ئیستای سەرکردەکانیەوە، چارەنووسی پەکەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە چارەنووسی کۆماری ئیسلامییەوە گرێدراوە.

“گرێو کردن لەسەر ئەسپی تۆپیو”

پێویستە ئەو نیشتمانپەروەرانەی کە لە پەکەکەوە نزیکن و دەستیان بە بڕیاردەرانی پەکەکە لە قەندیل رادەگات، هەموو هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی هەتا لەوە زیاتر درەنگ نەبووە رێبەرانی پەکەکە لەو ڕاستیە تێبگەیەنن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێواری ڕووخاندایە و پشت بەستن بەو ڕێژیمە لە راستیدا وەکوو “گرێو کردن لەسەر ئەسپی تۆپیو” وایە. دابڕانی پەکەکە لە ئیمرالی و ئێران و گەڕانەوەی بۆ سەر ڕێچکەی کوردایەتی چەندە دەتوانێ بە قازانجی کورد بێت چەند قات بە قازانجی خودی پەکەکەش تەواو دەبێت. کاتی ئەوە هاتووە کە ئیدی ڕێگا نەدرێت سەرکردەکانی پەکەکە لاوانی دڵپاک و نیشتمانپەروەری کوردستان بکەنە فیدای ئامانجە بەرتەسکە گرووپیەکەیان و لە خزمەت دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا بەکاریان بێنن و بە شەهید کردنیان بدەن.

سەرکردایەتی پەکەکە پێویستە لەو ڕاستیە تێبگات کە رێژیمی داگیرکەری بەعسی سوریا چەندەی بەقا بۆ هەبوو، ڕێژیمە ئیسلامیەکەی تارانیش هەر ئەوەندە بەقای بۆ دەبێت. پەکەکە ئەگەر دەیهەوێت بەهێز بێت تەنها ڕێگای پشت بەستن بە وزەی لەبڕان نەهاتووی نەتەوەی کوردە. بە دڵنیاییەوە گریلاکانی سەر چیا دەستیان بەم نووسراوەیە ڕاناگات چوونکە لەوێ جگە لە نووسراوەکانی سەرکردەکانی پەکەکە، مافی بینین و خوێندنەوەی هیچ بابەتێکی جیاوازیان پێ نادرێت. بەڵام لایەنگران و دۆستانی پەکەکە لە کوردستان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات، پێویستە بە بیرکردنەوە لە کردار و بەرنامەکانی ڕێبەرانی پەکەکە باشتر لە مەرامەکانی ئەو ڕێکخراو تێبگەن و رێگا نەدەن چی دیکە لەلایەن چەند کەسێکەوە کە خۆیان بە ڕێبەری پەکەکە دەزانن، بە ساویلکە دابنرێن و وزە و ئیرادە نەتەوەییەکانیان لە ڕاستای بەرژەوەندیی داگیرکەرانی کوردستاندا بە فیڕۆ بدرێت.

ئاسۆیەکی گەش چاوەڕێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات با بە زەخت خستنە سەر بڕیاربەدەستانی پەکەکە و ئاشکرا کردنی سیاسەتە هەڵەکانیان، رێگا نەدەین هەڵە و چەواشەکارییەکانی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە ئەو ئاسۆیەمان لێ لێڵ بکات. پێویستە ئەزموونی هەڵویستەکانی پەکەکە لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە وانەیەک بۆ لاوانی ڕۆژهەڵات و تەنانەت بۆ سەرکردایەتی پەکەکەش کە رێکاری ملهوڕانەو تاکڕۆیانەو سات و سەوداکردن لەگەڵ داگیرکەران جگە لەشەڕی ناوخۆیی و مالوێرانی و نەهامەتی زیاتر و لەدەست چوونی دەرفەتە زیڕینەکان و داگیرکرانی زیاتری کوردستان هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.

پوستێن ھەمان بەش