لە 2007ـەوە هەتا ئێستا کە تورکیا لە خاکی باشووری کوردستاندا هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات، هیچ سەرکردەیەکی باڵای پەکەکە نەکراوەتە ئامانج.
دوران کالکان (عەبباس) یەکیک لە سەرکردەکانی پەکەکە، لە رێکەوتی 15ی ئەم مانگەدا بەشداری کەناڵی “Media Nûçe”ی سەر بە حیزبەکەی کردو هێندێ هەڵسەنگاندنی بۆ پرسەکانی رۆژ کرد. قسەکانی دوران کالکان بۆ ئەو کەسانەی کە هیچ لە سیاسەت و مێژووی جیهان نازانن، رەنگە مەنتیقی و لۆژیکی بێنە بەرچاو، بەڵام لە راستیدا لێدوانەکەی کالکان مەودای لەگەڵ لۆژیک زۆر زۆر بوو. ئێمە دەمانهەوێ لەو پەیوەندییەدا هێندێک راستیی بخەینەڕوو.
ئایا بەڕاستی هێزهایەک بوونیان هەیە کە دەیانهەوێ پەکەکە تەسفیە بکەن؟
ئەو بابەتەی کە ساڵانێکە پەکەکە بەهۆیەوە کادیرو لایەنگرەکانی خۆی پێ رازی دەکات ئەوەیە کە دەڵێن “دەیانهەوێ ئێمە تەسفیە بکەن”. هەروەک چۆن ڕێژیمە توتالیتیرەکان پەیڤی “دوژمنی دەرەکی” بەکار دێنن، پەکەکەش دەیهەوێت هاوشێوەی ئەو ڕێژیمانە، ئەندام و لایەنگرەکانی لەسەر ئەو پەیڤە رابهێنێت و پەروەردەیان بکات. دوران کاڵکانیش لە دیمانە تەلەفەزیۆنەکەیدا هەمان تیۆری سواوی “موئامەرە”ی هێنایەوە گۆڕێ و گوتی: “نەخشەیەک هەیە کە دەیهەوێ پەکەکە لەناو ببرێت. ئێمە دەتوانین بڵێین کە پیلانگێڕییەک بۆ تەسفیە کردنی ئێمە هەیە، لەو پیلانگێڕیەدا ئەمەریکا، تورکیا و پەدەکە بەشدارن”.
سالانێکی زۆرە کە پەکەکە هەوڵ دەدات هەموو کورد بکاتە دوژمنی ئەمەریکا و ئەورووپا. پەکەکە دەیهەوێت کوردەکان لە دەرەوەی هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان بهێڵێتەوەو ئەو روانگەیە زاڵ بکات کە کورد جگە لە هاوکاری لەگەڵ 4 دەوڵەتە داگیرکەرەکەی کوردستان، هیچ هەڵبژاردنێکی دیکەی نیە. هاوکات بە تیۆری “مەئامەرە” سیاسەتی مەغدوور بوون بەڕێوە دەبات.
بەڵام لە راستیدا هیچ لایەنێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نایهەوێت پەکەکە لەناو بچێت. پێویستە ئێمە هێندێ رووداو وەبیر دوران کاڵکان بهێنینەوە.
ئەگەر پەکەکە بیهەوێت هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕابگەیەنێت ئەوا تورکیا یەکەم دەوڵەتە کە پێشی پی دەگرێت و رێگا نادات سەر بگرێت.
تورکیا هێزێکە کە زیاتر لە هەموو لایەک نایهەوێت پەکەکە لەناو بچێت. لەبەر ئەوەی کە هەبوونی پەکەکە دەرفەتی داوە بە تورکەکان تاوەکوو دەستوەردان لە باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا بکەن. لەو بارەوە دەتوانین شنگال وەکوو نموونەیەک باس بکەین.
وەکوو دیکە دەوڵەتی تورکیا لە رێگای پەکەکەوە دەیهەوێت کوردەکان کۆنترۆل بکات. پەکەکە ئەو حیزبەیە کە بە کوردەکان دەڵێت “نەتەوەپەروەریی کوردان” بابەتیکی مەترسیدارە. پەکەکە بە ئاشکرا دژایەتی نەتەوەپەروەری کوردەکان دەکات. شوناسخوازی و ویستی بە دەوڵەت بوونی کوردەکان وەکوو گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی دەزانێت و بەردەوام لەبەردەم ویستی رزگاریخوازانەو نەتەوەپەروەریی کورداندا ئاستەنگ دروست دەکات. عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی پەکەکە لە ژێر دەستی دەولەتی تورکیادایە و بە ئاسانی کۆنترۆڵی دەکات. تورکیا هەرکات بیهەوێت لە رێگای ئۆجەلانەوە پەکەکە بەو رێگایەدا ئاراستە دەکات کە ئەنقەرە حەز دەکات.
تورکیا بەبیانوی پەکەکەوە دیموکراسی لە ناوخۆی وڵاتەکەی پێشێل بکات. هێزی گریلای پەکەکە لە باکووری کوردستان وردە وردە روو لەنەمانن و ژمارەیان زۆر کەمی کردووە. هیچ چالاکییەکی پەکەکە لە هیچ شارێکی باکووری کوردستان و تورکیادا نابیندرێن. هەتا ئێستا گریلاکان نەیانتوانیوە کاربەدەستێکی باڵای دەوڵەتی تورکیا یان پلەدارێکی باڵای سوپای ئەو وڵاتە بکەنە ئامانج. هاوکات سەرجەم سەرکردایەتی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە ئەوان نایانهەوێ دەوڵەتی تورکیا هەڵبوەشێننەوەو لەناوی ببەن و هتد… لە راستیدا پەکەکە بۆ تورکیا نەک هەر هەڕەشە نیە بەڵکوو دەرفەتێکی زۆر باشیشی بۆ سیاسەتە داگیرکەرانەکانی ئەنقەرە خوڵقاندووە.
تورکیا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە سوودی لە هەبوونی پەکەکە بینیوە. بەڕاستی ئێمە دەزانین کە تورکیا دەڵێت سوودمەندی سەرەکی لە هەبوونی پەکەکە منم. ئەگەر ناتۆ بڕیاری لەناو بردنی پەکەکە بدات یەکەم وڵات کە دژایەتی ئەو بڕیارە دەکات خودی تورکیایە.
ئایا بەڕاستی ئەمەریکا ناتوانێت پەکەکە لەناو ببات؟!
پەکەکە لە ساڵانی 1980 بەملاوە ئیمپەریالیزمی وەکوو دوژمنی کوردەکان دەستنیشان کردووە. لە روانگەی پەکەکەوە دونیای رۆژئاوا و هێزەسیاسیەکانی هەردەم ویستوویانە پەکەکە تەسفیە بکەن. ناتۆ لە دژی پەکەکە گەلەکۆمەی ناودەوڵەتیی دروست کردووە. ئەورووپا دەیهەوێ پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە زانایی خۆی سەرجەم پیلان و گەلەکۆمە ناودەوڵەتیەکانی ئەمپریالیزمی پووچەڵ کردۆتەوە.!
دوران کاڵکان لە قسەکانیدا باسی لە دوژمنە ئەمپریالیستیەکان کرد و گوتی: “ئەمەریکا دەیهەوێت ئێمە لەناو ببات بەڵام ئێمە پیلانەکانی ئەوانمان پووچەڵ کردەوەو هەموومان شکست پێهێنا”. کەسێک کە لە ئەلفەبێی سیاسەتی جیهان تێبگات دەزانێت کە ئەگەر ئەمەریکا و دامەزراوەیەکی وەکوو ناتۆ بیانهەوی پەکەکە لەناو ببەن زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئەو کارە بکەن. بە واتایەکی دیکە پەکەکە ئەو حیزبە نیە کە بتوانێت دژایەتی سیستەمی سیاسیی جیهانی بکات. هیچ کەس نەیویستووە پەکەکە لەناو ببات. کاتێک پەکەکە زۆر نزیکی ئیران دەبێتەوە لە لایەن تورکیاوەو کاتێکیش زۆر لە تورکیاوە نزیک دەبێتەوە لەلایەن ئێرانەوە بەر شەق دەردرێت و تەواو.
ئەمەریکا هیچ کاتێک نەیویستووە پەکەکە لەناو ببات. بۆ نموونە ئەگەر ئەمەریکا لە ساڵی 1999دا عەبدوڵا ئۆجەلانی لەناو بردبا رەنگە ئێستا پەکەکە نەمابایە. واقیعی هێرشەکانی تورکیا بۆ ناوچە سنووریەکان لە 28ی شوباتی 2008دا زۆر جیاوازە. سوپای تورکیا هێرشەکان وەکوو ئۆپەراسیۆنا باشوور و پەکەکەش وەکوو بەرخۆدانی زاپ ناوی دەبەن. راستیەکەی شتێکی دیکەیە. لە راوەستاندنی ئەو هێرشانەی تورکیادا دوو هێزی سەرەکی ڕۆڵیان هەبوو. یەکەمیان حکوومەتی ئەمەریکا بوو، دووهەمیشیان سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان “مەسعوود بارزانی” بوو. بینیمان چۆناوچۆن دانیشتوانی خەتی شیلادزێ، بامەڕنی رژانە سەر جادەکان و رێگایان لە هێزەکانی تورکیا گرت. ئەمەریکا لە پشت درگا داخراوەکاندا هۆشداریی بە دەوڵەتی تورکیا دا کە هێرشەکانی رابگرێت و سوپاکەی بکشێنێتەوە. رۆبەرت گاتەس، وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئەمەریکا لە کتێبەکەی خۆیدا بەناوی Duty (بەرپرسیارێتی) بە وردی باسی لەو رووداوە کردووە.
لە 16ی کانوونی 2007ـەوە هەتا ئێستا کە تورکیا لەناو سنووری باشووری کوردستاندا هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدات، هیچ سەرکردەیەکی باڵای پەکەکە نەکراوەتە ئامانج لەبەر ئەوەی کە ئەمەریکا و ئیسرائیل زانیاریی دروست بە تورکیا نادەن و نایانهەوێت سەرکردەکانی پەکەکە بکوژرێن. هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ کە توانیان قاسم سولێمانی و ئەبووبەکر بەغدادی و ئۆسامە بن لادەن بکووژن ئەگەر بیانویستبا زۆر بە ئاسانیش دەیانتوانی دامەزرێنەرو بەڕێوەبەرەکانی پەکەکە بدۆزنەوەو بیانکەنە ئامانج.
ئەمەریکا لەسەر 3 سەرکردەی پەکەکە “جەمیل بایک، موراد قەرەیەلان و دوران کاڵکان” پارەی تەرخان کردووە و رایگەیاندووە کە هەرکەس زانیاری لەسەر ئەو کەسانە بداتە ئێمە 5 ملیۆن دۆلاری وەکوو خەلات پێ دەدەین. پەکەکە بۆ ئەوە مەغدووریەتێکی گەورەی پیشان دا. بەڵام لە ساڵی 2018دا کاتێک کە خەڵاتەکە راگەیەندرا، دوران کاڵکان لە رۆژئاوای کوردستان ولەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆلی ئەمەریکیەکاندا بوو لە رمێلان، کۆنفەرانسی ئەندامانی پەکەکەو کارمەندەکانی بەڕێوە دەبرد. زانیاری ورد هەیە کە لە راستیدا دوران کالکان بە کۆپتەری ئەمریکیەکان دەربازی رۆژئاوای کوردستان بووە.
ئایا بەڕاستی پارتی دەیهەویت پەکەکە لەناو ببات؟
ئەگەر مرۆڤ راستیەکان ببینێت، پەکەکە لەساڵی 1983 بەملاوە لەسەر بناخەی هەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ژیاوە. تێکەڵاوی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکە پرسێکی گرنگ و مێژووییە. ئێمە لێرەدا ناپەرژینە سەر ئەو میژووەو ئەو تێکەڵاویە بەڵام ئەو لایەنەی کە لە ساڵی 2000دا پەکەکەی لە چنگ یەکیەتی و ئێران رزگار کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. دیسان لە سالی 2008دا ئەو لایانەی پەکەکەی لە هێرشەکانی تورکیا رزگار کرد هەر پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. پارتی هیچکات ڕێگای دابینکردنی لۆجستیک و هاتووچۆی لە پەکەکە و سەرکردەکانی دانەخستووەو ئاستەنگی بۆ دروست نەکردوون. لە راستیدا پارتی ئەگەر بیهەوێت ئێستاش دەتوانێت ئەو نانە ببڕێت کە پەکەکە لە زاپ و لە گارە دەیخۆن بەڵام قەت کاری وای نەکردووە. تەنانەت بینیمان کە پەکەکە پەلاماری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی دا بەڵام ڕێبەرایەتی پارتی دانیان بەخۆیاندا گرت و رێیگایان نەدا پێشمەرگەکان وەڵامی پەکەکە بدەنەوەو شەڕ ساز ببێت.
دوران کالکان ئەو شتانە باش دەزانێت و ئەوە بانگەوازێکی بێ بنەمایە کە کاڵکان دەڵێت: “گەلەکۆمە و پیلانگێڕییەکی گەورە بۆ لەناو بردنی پەکەکە هەیە” و ئیمەش ویستمان وەبیری بێنیەوە کە شتی وا ئەساسی نیە.