سەرۆک بارزانی بۆچی پشتگیری لە پڕۆسەی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک دەکات؟

سەرۆک بارزانی پشتگیریی لە ئیدئۆلۆژیی ئۆجەلان و بانگەوازەکەی 27ی شوباتی نەکردووە، بەڵکوو پشتیوانی لە دۆزینەوە و دروستکردنی ڕێگایەک بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە لە باکووری کوردستان لەڕێگەی دیالۆگەوە دەکات.

لە جووتمانگی ساڵی 2024 بەملاوە، پەیوەندییەک لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا لە ژێرناوی “پێڤاژۆ” هاتۆتە ئاراوە بەڵام کەس نازانێت ناوەڕۆکی ئەو پەیوەندییە چییە. دیار نییە کە دەرئەنجام و چارەنووسی ئەم پەیوەندییە نهێنی و ئاڵۆزە چی دەبێت. هەم دەوڵەتی تورک و هەم پەکەکە هەڵمەتێکی پڕوپاگەندەی چڕیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ڕای گشتی بدەنە قبووڵکردن. دەوڵەت بە ڕای گشتی خۆی دەڵێت: ئێمە کۆتاییمان بە تیرۆر هێناوە، ئێستا دەمانهەوێت عەفوویان بکەین”. پەکەکەش بە ڕای گشتی خۆی دەڵێت: “ئێمە گەیشتووینەتە ئامانجەکانی خۆمان و ئێستا لاپەڕەیەکی نوێ لە خەباتدا هەڵدەدەینەوە”. ئەم ڕاستییە زۆر ڕوونە، بەڵام دیسانیش هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان پشتیوانییان لەم پرۆسەیە کرد. ئەگەر هێندێ لایەنی ناڕازی وەکوو ئێرانیش هەبن، بەڵام بە ئاشکرا نەهاتنە مەیدان و نەیانگوت با پەکەکە چەک دانەنێت.

پەکەکە، ڕاگەیاندراوەکەی سەرۆک بارزانی لەسەر پرۆسەکە ئیستیغلال دەکات

دەتوانین بڵێین هەموو هێزە کوردییەکان پشتگیریی پەکەکەیان کرد بۆ ئەوەی کە چەک دابنێت. هەروەها سەرۆک بارزانی کە ماوەی 78 ساڵە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ هەموو ململانێ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان دەکات، پشتگیریی خۆی بۆ پرۆسەکە دەربڕی. سەرۆک بارزانی بەڕوونی ڕایگەیاندووە، “جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دەکەینەوە و بە هەموو توانایەک پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی دەکەین و ئاشتی بە تاکە ڕێگەی دروست بۆ چارەکردنی کێشەکان دەزانین”.

پەکەکە هەروەک چۆن هەموو بابەتەکان دەقۆزێتەوە و چەواشەیان دەکات، بە هەمان شێوە ویستی پاڵپشتی سەرۆک بارزانی بۆ پرۆسەکەش ئیستیسمار بکات. ئێستا ئەگەر کەسێک ڕەخنە لە نامەکەی ئۆجەلان یان پرۆسەکە بگرێت، پەکەکە پێیان دەڵێت کە مەسعوود بارزانیش پشتگیری لە بۆچوونەکانی ئۆجەلان دەکات. بێگومان ئەوە وانییە و ئەوەی سەرۆک بارزانی پشتگیری دەکات زۆر ڕوونە. سەرۆک نەیگوتووە کە “من پشتگیری لە ئایدۆلۆژیای ئۆجەلان دەکەم و پشتگیری لە مێژووی 50 ساڵەیان دەکەم”. لە هەمان کاتدا سەرۆک بارزانی پشتگیریی لە بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلان نەکردووە، زۆر ڕوونە کە سەرۆک بارزانی پشتیوانی لە دۆزینەوە و دروستکردنی ڕێگایەک بۆ ئاشتییەکی شکۆمەندانە لە باکووری کوردستان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە دەکات.

پەکەکە دەیهەوێت بەناوی سەرۆک بارزانییەوە پاکانە بۆ ئایدۆلۆژیاکەی ئۆجەلان بکات، کە دان بە مافی نەتەوەیی کورددا نانێت و دەیهەوێت کورد بکاتە بەشێک لە نەتەوەی تورک. ئەوان دەیانهەوێت بە ناوی سەرۆک بارزانییەوە وێنایەکی کوردستانی بۆ ئایدۆلۆژیا دژەکوردییەکەی ئۆجەلان و پەکەکە دروست بکەن.

سەرۆک بارزانی و بزاڤە سیاسییەکەی زۆر ڕوون و زوڵاڵن، ئەوان خەبات و تێکۆشانی خۆیان نەک لەسەر دەستەواژەی ئیدئۆلۆژیک، بەڵکوو لەسەر ئازادی و ڕزگاریی کوردستان بەڕێوە دەبەن. وەک داخوازییەکی ڕوون، خۆسەریی دەوێت، بەڵام ئەگەر بارودۆخەکەش بە گونجاو بزانێت، سەربەخۆیی وەک ئامانجی کۆتایی دەبینێت. سەرۆک بارزانی سەرەڕای هەڕەشەی ئیقلیمی و تەنانەت هەڕەشەکانی ئەمریکا، بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لە بەرامبەر هەڕەشەکانیاندا یەک هەنگاویش پاشەکشەی نەکرد. هەڵوێستی سەرۆک بارزانی هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵوێستی ئۆجەلانەوە نییە کە تەنانەت چارەسەری کولتوورییشی بۆ کورد ناوێت.

سەرۆک بارزانی دەیهەوێت باکووری کوردستان لە ئاستەنگەکانی شەڕ ڕزگار بکات

سەرۆک بارزانی کەسێکە کە ریال پۆلیتیک پەیڕەو دەکات و بەهۆی واقیع و ریئالیتەوەیە کە پاڵپشتی لە پەکەکە بۆ چەکدانان دەکات. ئەو لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ شەڕی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک دەکات. ئەو لایەنەی کە یەکەم جار چەکی بە پەکەکە دا، هەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بوو، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بۆی دەرکەوت کە پەکەکە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت. سەرۆک بارزانی بینی کە ئامانجی شەڕی پەکەکە گوشارخستنە سەر دەوڵەتی تورک بۆ داننان بە مافە ڕەواکانی نەتەوەی کورد نیە. سەرۆک بارزانی بینی کە ئەم شەڕە جگە لە خراپە و ماڵوێرانی هیچ دەستکەوتێکی بۆ کورد نابێت. لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانی هەوڵیدا ڕێگری لە کارەساتی شەڕی خەندەقەکان بکات و هەدەپەی ئاگادار کردەوە و پێی ڕاگەیاندن: “شەڕی خەندەقەکان زیان بە خەڵک دەگەیەنن”. واتە سەرۆک بارزانی ساڵانێکە هەوڵ دەدات کە خەڵکی باکووری کوردستان لە شەڕێکی بێمانا و بێ ئاکام ڕزگار بکات و دەبینێت کە خەڵکی باکووری کوردستان 50 ساڵە بە چەرخی شەڕێکی بێ ئاکام مەحکووم کراون و دەیهەوێت ئەو چەرخە تێکبشکێنێت.

سەرۆک بارزانی دەیهەوێت پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تاشارۆن (بەڵێندەر) لە دەستی هێزە ئیقلیمییەکان دەربهێنێت

تێبینیی سەرۆک بارزانی ئەوەیە کە ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، چیتر نابێتە شمشێرێک بەدەست هێزە ئیقلیمییەکانەوە. سەرۆک بارزانی بینی کە پەکەکە لە ساڵانی 1980دا لەگەڵ سەدام و لە ساڵانی 1990دا لەگەڵ ئێران و لە ساڵی 2012 بەملاوەش لەگەڵ ئێران و هێزە شیعەکان لە عێراق بوو بە ڕێکخراوێکی بە وەکالەت و پەلاماری شۆڕشی باشووری کوردستانی داوە. سەرۆک دەیهەوێت کۆتایی بەم ڕۆڵە تاشارۆن (بە وەکالەت)ـەی پەکەکە بهێنێت.

سەرۆک بارزانی دەیهەوێت چیتر هەرێمی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی شەڕ

سەرۆک بارزانی دەبینێت جوگرافیای هەرێمی کوردستان بۆتە گۆڕەپانی شەڕی پەکەکە و ئەرتەشی تورک، ئەمەش وا لە هەرێمی کوردستان دەکات کە باج و تێچوویەکی زۆر بۆ ئەوم شەڕە بدات. سەرۆک بارزانی دەبینێت کە پەکەکە وەک چەکدارێک بەکاردەهێنرێت و پەکەکە چەک لە دەستی خۆیدا بەکاردەهێنێت دژی هێزە کوردییەکان و دەیهەوێت ئەم دۆخە نەمێنێت.

سەرۆک بارزانی باش دەزانێت کە گفتوگۆکانی نێوان ئیمرالی و ئەنقەرە پرۆسەیەکی چارەسەرکردنی پرسی کورد نییە، بەڵام دەزانێ کە رزاندن و گرێیەک هەیە. پێی وایە ئەگەر بتوانێت بەسەر ئەو رزاندنەدا زاڵ بێت، ئەوا ڕێگایەکی نوێ بۆ کورد دەکرێتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە پشتگیری لە پرۆسەکە بکات.

هەندێک لایەن دەڵێن نابێت سەرۆک بارزانی پشتیوانی ئەم پرۆسەیە بکات. سەرۆک بارزانی پێشتریش ڕایگەیاندبوو، “کورد لە هەر کوێیەک بژین، ئازادی و مافەکانی ئەوان، پرسی سەرەکی ئێمەیە”. بەو پێیەی بووژانەوەیەکی نوێ لە باکووری کوردستان ڕوودەدات، دەبێت پۆزیسیۆنی پەکەکە بگۆڕدرێت. ئەرکی سەرۆک بارزانی ڕێگەی پێنادات بڵێت: “من پەکەکە باش دەناسم”، عاجز ببێت و خۆی بکشێنێتەوە. لەبەردەمیدا تورک و پەکەکە جێدەگرن، ئەوان بە ئەساس وەردەگرێت و سیاسەت دەکات.

هۆکارەکانی ئەوەی کە پشتگرییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ پرۆسەکە، ئەرکی ڕابەرایەتی نەتەوەییە

سەرۆک بارزانی نەک هەر بە شێوەیەکی تاکتیکی و سیاسی پاڵپشتی ئەم پرۆسەیە دەکات، بەڵکوو ئەرک و ڕۆڵێکی نەتەوەیی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە ئامانجەکانی سەرۆک بارزانی لە چەندین بەش پێکدێن، لەوانە دۆزی نەتەوەیی کورد، یەکڕیزیی نەتەوەیی و گەڕان بەدوای چارەسەرێک لەسەر بنەمای ئاشتی، لەخۆدەگرێت.

هەڵوێستی ئیستغلالکردنی پەکەکە مانادارە و هەموو کەس لێیتێدەگات، بەڵام ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان و میدیاکانی هەرێمی کوردستان بە دروستی لە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی تێنەگەیشتوون. هەڵەیەکی گەورەیە کاتێک وەها تێدەگەن کە سەرۆک بارزانی پشتیوانیی لە شەخسی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک دەکات. یانیش بگوترێت کە ئەمە پرۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کوردە لە باکووری کوردستان. ئەرکی ڕۆشنبیران و میدیاکاران ئەوەیە کە ڕاستییە ڕۆژانە و مێژووییەکان وەبیر خەڵک بهێننەوە، بەڵام میدیای باشوور هەڵوێستێکی زۆر هەڵەی هەیە، ناتوانن ڕاستی ئەم پرۆسەیە ئاشکرا بکەن و بە پێی میدیای پەکەکە و دەوڵەتی تورک شرۆڤە بۆ پرۆسەکە دەکەن. میدیاکانی باشوور ناتوانن هەڵوێستی سەرۆک بارزانی بە دروستی بگەیەنن بە ڕای گشتی و بەم هۆیەشەوە دەبنە بەشێک لە دەزگای پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورک و پەکەکە. بێگومان هەڵوێستی سەرۆک بارزانی هەڵوێستێکی سەربەخۆ و سەربەرزانەیە.

سەرۆک بارزانی، کەسێکی ستراتژیست و سیاسەتوانە و لە هەمان کاتدا ئەزموونێکی زۆری لە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. لە سەرووی هەمووشیانەوە لە بابەتی یەکڕیزی و یەکیەتیی نەتەوەیی کورددا، سەرکردەیەکی ئەخلاقمەند و ڕەمزییە، . پشتیوانیی ئەو بۆ چارەسەری پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەم هەنگاوێکی ستراتیژیکە و هەم ئاماژەیەکی ڕەمزییە و ئەگەر لەم هەڵوێستەی ئەو تێبگەن و سوودی لیوەبگیردرێت، دەتوانێت پرسی 100 ساڵەی کورد چارەسەر بکات.

پوستێن ھەمان بەش