بۆ ئێمەی کورد کە پێمانوابوو پەکەکە بۆ ئارمانجی سیاسی و نەتەوەیی تیدەکۆشیت بەڵام ئیستا روون بۆتەوە بۆمان کە پەکەکە لە بەرانبەر پارەو بەرژەوەندی حیزبەکەیدا ئامادەیە هاوکاریی داگیرکەرانی کوردستانیش بکات. ئەمە بۆ ئێمەی کورد کێشەیەکی گەورەیە.
پەکەکە مێژوویەکی 43 ساڵەی تێپەڕ کردووەو زرووفی دامەزرانی پەکەکەو تێکەڵاوییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا، لەلایەن هێندێک مێژوونووسی شارەزاوە چەند بڕگەیەکیان ئاماژەیان پێکراوە. هێندێک لە بابەتانە بە کورتییش بووبێت نووسراون. لە راستیدا ئامانجی ئێمە لەم نووسینە لێکۆلینەوە لەو بڕگانەی مێژووی پەکەکە نین بەڵکوو ئێمە دەمانهەوێ ئاماژەیەک بەو ئامانجانە بکەین کە پەکەکە دەستەبەری کردوون. لەبەر ئەوەی پەکەکە و کەجەکە لە هەموو ساڵوەگەڕیکی دامەزراندنی ئەم حیزبەدا ساڵی داهاتوو وەکوو ساڵی سەرفرازی رادەگەیەنن و هەروەها باس لە دەسکەوتەکانی ساڵی دەرباز بوو دەکەن. ئەم میتودە لە نۆهەتەکان بەملاوە بەردەوام پاتە بۆتەوە.
مێژووی 43 ساڵەی سەرکەوتنەکانی پەکەکە
پەکەکە باس لە کامە سەرکەوتنانە دەکات؟ دەسکەوتەکانی پەکەکە لە 42 سالەی ڕابردوودا ئەمانە بوون: وێران بوونی 5 هەزار گوند، دەربەدەربوونی 4 ملیۆن کەس، دەستبەسەر بوونی 200 هەزار کەس لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، 45 هەزار کەس لە ریزی گریلادا گیانیان بەخت کردووە. نزیکەی 2 ملیۆن کەسیش ئاوارەی ئەورووپا بوون. ئەو شوێنانەی کە دەوڵەتی تورکیا هیچکات نەیتوانیبوو کۆنترۆلیان بکات، کۆنترۆڵی کردوون. جزیرە کە بە دڵی کوردایەتی دادەنرا سووتاوەو ئیدی کار ناکات. لەسایەی شەڕی خەندەقەکانەوە 9 شار وێران کران. زمانی کوردیی لە باکوور بۆتە زمانێک کە تەنها پیران و بەساڵاچووان بەکاری دێنن و لێی تێدەگەن. ئەو منداڵانەمان کە ناوی ئازاد و بێریتانیان لەسەرە بۆخۆیان ناتوانن بە کوردی قسە بکەن. ئەمانەن سەرکەوتنەکانی پەکەکە. ئەگەر لەماوەی 42 ساڵی رابردوودا بستێک خاکی کوردستان رزگار نەکرابێت، دوژمن وەدەر نەنرابێت و هەر لەسەر خاکی کوردستان بێت، دوژمن لە رێگای پارچە پارچە کردنی وڵاتەوە زمانی دایکیی و نەتەوەی ئێمەشی لەناو بردبێت، ئایا ئەوە لە روانگەی پەکەکەوە سەرکەوتنە؟
سەرکەوتنی میدیایی؟
پەکەکە لە راگەیاندندا کەڵکی باش لە هێزی پەیڤەکان وەردەگرێت. ئەو لە دروستکردنی رووداوی خەیاڵیدا زۆر شارەزایە. ئەو رووداوێکی خەیاڵی ساز دەکات و لە رێگای میدیاکانیەوە بانگەشەی بۆ دەکات. مرۆڤ پێیوایە پەکەکە بەردەوام لە پێشکەوتن دایە. هەروەک جەمیل بایک لە ساڵوەگەڕی دامەزرانی پەکەکەدا دەڵێت “پاشەڕۆژ پاردیگمای ئێمەیە”. ئەگەر ئیوە پاردیگمایەکی واتان هەیە کە دەتوانێت سەرجەم کۆمەلگای جیهانی رزگار بکات ئەدی بۆ ناتوانن پرسی کوردەکان چارەسەر بکەن؟ لە سالی 2000 بەملاوە پەکەکە باس لە پرۆسەیەکی نوی و گۆڕانکاریی بنەڕەتیی دەکات، بەڵام هەتا ئێستا کوردستان خێری لەم دەستەواژە نوێیانە پێ نەگەیشتووەو هەر چاوەڕێیە.
دەکری بڵێین سەرکەوتنەکانی 43 سالی رابردووی پەکەکە سەرکەوتنی میدیایی و چاپەمەنیە. ئەوان میدیایەکیان هەیە کە دەتوانێت تێچووەکان و زیانەکان بشارێتەوە و راستیەکان پەردەپۆش بکات و هاوکات پەکەکە بە سەرفراز و سەرکەوتوو پیشان بدات. بەڵام لە راستیدا پەکەکە بچووکترین دەسکەوتی نەتەوەیی نەبووەو باکووری کوردستانی بەتەواوی داوەتە باوەش تورکیاو سەرجەم ئەو ناوچە شاخاویانەی باکووری کوردستان کە پێشتر سوپای تورکیا توانای نەبوو سەردانیشیان بکات لە ئێستادا لە کۆنترۆڵی تەواوی دەوڵەتی تورکەکاندان. بە گشتی پەکەکە هیچ چالاکییەکی سەربازی ئەنجام نادات کە بتوانێ تورکەکان سەخڵەت بکات و چەکەکەی تەنها بۆ عاجز کردنی کوردەکان بەکار دینێت.
لە ئێستادا پەکەکە چی دەکات؟ هێزە چەکدارەکەی بۆ چ مەبەستهایەک بەکار دینێت؟ ئایا هەرکەس چەکی پێبوو دەکرێ ناوی خەباتکاری نەتەوەیی لەسەر دابنرێت؟
مافیا چیە؟ مافیاکانی کوردستان کێن؟
کاتێک باس لە مافیا دەکرێت، هەموو کەس رێکخراوە تاوانبارەکان، بازرگانەکانی تریاک و شەڕ و کوشتاری وەبیر دێتەوە. بەڵام مافیا سەرەتا بزووتنەوەیەکی گەلێری بوو. بەڵام لە سەدەکانی ناوەڕاستدا مافیا بزووتنەوەیەکی بچووکی چەکدارانە بوو دژ بە حوکمی موسلمانەکان لە ئیسپانیا. “مافیا” لە ئەدەبیاتی فەرەنسا و ئیتالیاشدا بە مانای رێکخراوێکی نهێنی دێت.
لەو سەردەمەدا مافیا بزووتنەوەیەک بوو کە بۆ پاراستنی مرۆڤەکان سەریهەڵدا. لە مێژوودا بەرەبەرە پێشکەوت. دوایین پێشکەوتنی لە کۆتاییەکانی دەیەی شەستی سەدەی نۆزدەدا بوو. فردیناندی 5ـەم لە ناپۆلی دژی هێرشە فەرەنسیەکان رێکخراویکی دامەزراند. لە ئەدەبیاتی کۆندا ناوی رێکخراوی مافیا (Morte Alla Francia Italy) بوو کە بە مانای “ئیتالیا هاوار دەکات و دەڵێت مردن بۆ فەرەنسا” بوو. مافیا بەهێزتر دەبیت و ئەو ریکخراوەی سەرەتا بۆ پاراستنی مرۆڤەکان دامەزرا، لەناو خۆیدا رێکخراوی دیکە دروست دەکات. لە رەوشێکی دژواردا خەڵک لە دەوری مافیا کۆ بوونەوە. دواتر مافیا دەبێتە پارێزەری بەرژەوەندیی ئاغاکان و ئەوکەسانەی کە باجیان نەدابایە زەوی و ماڵەکەیان دەسووتاندن. دواتر بەرەبەرە دەستی لە هەموو کاروباری کۆمەڵگا وەردا. دواتر دەستیان بە بازرگانیی تریاک کرد. مافیا بەوشێوەیە دروست بوو دواتر رۆل و کار و ئارمانجەکانی گۆڕدران. مافیا سەرەتا وەکوو بزووتنەوەیەک بۆ رزگاریی مرۆڤەکان دروست بوو بەڵام دواتر خۆی بوو بە سەرچاوەی تاوان و کوشتار.
لە ڕاستیدا کاتێک بە وردی سەیری میژووی پەکەکە دەکەین دەبینین کە جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان پەکەکە و مافیادا بوونی نیە. لە ئێستادا ئەو کارەی کە پەکەکە لە رێگای بەکارهێنانی چەکەوە دەیکات هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ مافیادا نیە. ئارمانجی دامەزراندی پەکەکە هەرچیەک بووە با بووبێت ئەوە واقیعە کە لە ئێستادا هاوشێوەی مافیا هەڵسوکەوت دەکات و زۆر مەترسیدارە. پەکەکە بۆتە بزووتنەوەیەکی بێ ئارمانج و تەنها ئارمانجی بەهێزکردنی خۆی و بەردەوامیدانە بە چالاکیەکانی جا بە هەر شێوەیەک و بە هەر رێگایەکەوە بێت گرنگ نیە.
پەکەکە هیچ پلانێکی بۆ پارێزگاریی لە بەرژەوەندیەکانی کوردستان نیە. سەیری مێژووی پەکەکە دەکەین دەبینین کە هەموو کارێکی کردووە تەنها لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیە حیزبیەکانی خۆی بپارێزێت. هەر لە شەڕی خەندەقەکان و پارچە پارچە کردنی شارەکانی کوردستانەوە بگرە هەتا ئەوەی کە لانیکەم 285 کەسی سڤیل بەهۆی پەکەکەوە ژیانیان لەدەستداوە بە دەیان شار خاپوور کراون و بە دەیان هەزار مرۆڤ ئاوارەو دەربەدەر بوون. ئەگەر رێکخراوێک ئارمانجیکی گەورەی دیاریکراوی نەبێت بە ئاسانی دەکرێ بزووتنەوەکە بەرەو لارێدا ببرێت و گەندەڵ بکرێت. چەتە بوون هەیە مافیا بوون هەیە. ئەو مافیایانە بۆ ئەوەی خۆیان بەهێزتر بکەن کەڵک لە چەکەکانی دەستیان وەردەگرن.
پەکەکە هێزێکی چەکداری گەورەی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی. هێزەکانی لە باکوور کشاندۆتەوە لە باشوور جێگیری کردوون. بە فەرمانی ئاپۆ سەدان مێرمندال و لاو ئامادەن گیانیان فیدا بکەن. پەکەکە ئەو گەنجانە فریو دەدات و بۆ بەرژەوەندیە حیزبیەکانی بەکاریان دێنێت. پەکەکە شەڕی خەندەقەکانی بۆ هێندێ ریێکەوتنی سیاسی لە تورکیا ئەنجامدا. پەکەکە بۆ شەریکایەتی کردن لەگەڵ ریژیمی ئیسلامیی ئێراندا 1000 لاوی بە کوشتندا و لە ئێستاشدا بەستێنی ئەوە دەڕەخسێنێت کە ئەو لاوانە لە بەرانبەر باشووری کوردستاندا تووشی شەڕ کردن بکات.
لە راستیدا یادی 43 ساڵەی دامەزراندنی پەکەکە ئەوە نیشان دەدات کە بە تێپەڕینی کات بەتەواوی بۆتە رێکخراوێکی مافیایی. پەکەکە ئیدی ناتوانێت ئەو واقێع و راستیەی خۆی بشارێتەوەو بیگۆڕێت. بۆ ئێمەی کورد کە پێمانوابوو پەکەکە بۆ ئارمانجی سیاسی و نەتەوەیی تیدەکۆشیت بەڵام ئیستا روون بۆتەوە بۆمان کە پەکەکە لە بەرانبەر پارەو بەرژەوەندی حیزبەکەیدا ئامادەیە هاوکاریی داگیرکەرانی کوردستانیش بکات. ئەمە بۆ ئێمەی کورد کێشەیەکی گەورەیە.