“پەکەکە دەیهەوێ باشووری کوردستان رابکێشێتە ناو شەڕ”

"پەکەکە ئامادەیە شنگال رادەستی هەر لایەنێک بکات جگە لە پێشمەرگەی کوردستان"

“پەکەکە پێی وایە دەوڵەتی عەرەبی و تورکی و فارسی ئەمری واقعن و نابێ کورد لەو وڵاتانە هیچ تایبەتمەندییەکی هەبێ”.

سەرکردەیەکی رۆژئاوای کوردستان جەختی کردەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان دەیەوێ هەرێمی کوردستان رابکێشێتە ناو شەڕ، مەبەستیشی لاوازکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، پەکەکە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئەو لایەنە هەرێمایەتییانە دەکات، کە فەرمان بە سەرکردەکانی قەندیل دەکەن.

ئیبراهیم برۆ، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: “پاڵنەرەکانی پەکەکە بۆ دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان روون و ئاشکرا و کۆنن، تێکڕای سەرکردەکانیان لێدوانیان لەو بارەوە هەیە، کە دەڵێن، هەر قەوارەیەکی نەتەوەیی مەترسییە لەسەر ئەو وڵاتانەی کوردیان تێدا دەژی، پەکەکە پێی وایە دەوڵەتی عەرەبی و تورکی و فارسی ئەمری واقعن و نابێ کورد لەو وڵاتانە هیچ تایبەتمەندییەکی هەبێ”.

گوتیشی: “پەکەکە بووەتە هۆی کۆچکردنی ملیۆنان کورد لە باکوور بۆ شارە تورکییە دوورەکان و لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕە گۆترەکانیان نەخوێدەواری و دواکەوتووییان لەناو خەڵکی ئەو ناوچانەدا بڵاو کردووەتەوە“.

برۆ دەشڵێت: “پەکەکە ئەجێندای خۆی لە باشوور و رۆژئاوا بەوە درێژە پێ دەدا، کە ناوچەکان بکات بە مەیدانی شەڕ لەگەڵ تورکیا”.

ئەو سەرکردە کوردە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: “پەکەکە بەمەبەستی لاوازکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم دۆخە سەختەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێ و لە هەموو لاوە گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، ئەویش دەیەوێ هەرێمی کوردستان رابکێشێتە ناو شەڕێک، بەمەش دەیەوێ تەگەرە بخاتە بەردەم هەرێمی کوردستان و تەنیا دوژمنانیش لەمە سوودمەند دەبن”.

سەبارەت بە بوونی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، برۆ گوتی: ”ئەوان لەلای خۆیانەوە دەیانەوێ گومان بخەنە سەر شەرعییەتی پەرلەمان و حکوومەت و دەستووریبوونی هەرێمی کوردستان، ئەم بیرۆکانە مەترسیین بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پێویستە نەهێڵدرێن”.

ئیبراهیم برۆ، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریاشە، بەمە کۆتایی پێ دێنێ و دەڵێ: “بوونی پەکەکە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەشێوەی چەکداری، دیاردەیەکی ناشەرعییە و پێویستە یان رێز لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی دەسکەوتەکانی بگرن، یان هەرێمی کوردستان بەجێ بهێڵن و بگەڕێنەوە گۆڕەپانی راستەقینەی خۆیان، ئەگەرچی ئەوان لە شکست زیاتر هیچیان بۆ باکووری کوردستان پێ نەبووە”.

پوستێن ھەمان بەش