“ئەگەر یەكێتی بەخۆیدا نەچێتەوە ساڵێكی تر پەكەكە لە ناوەندی سلێمانی بازگە دادەنێ”

"ئەگەر یەكێتی بەخۆیدا نەچێتەوە ساڵێكی تر پەكەكە لە ناوەندی سلێمانی بازگە دادەنێ"

عەلی عەونی: “پەكەكە دەیهەوێ شەڕی دۆڕاوی خەندەقەكانی باكوور لە سلێمانی دووبارە بكاتەوە”.

عەلى عه‌ونى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى پارتى دیموكراتی كوردستان لەبارەی پشێوییەكانی سنووری سلێمانی رایگەیاند كە ئەوەی کە ئێستا لەوێ دەگوزەرێ، درێژەپێدانی پەكەكەیە بە شەڕی دۆڕاوی خەندەقەکانی باكوور، پەكەكە ئەمجارە ناتوانێ جبەخانەی تورک و عەرەب و فارس بێننە سەر شاری سلێمانی و دەوروبەری، بەڵکو خۆیان و ئەو گەوجاوانەی بێزووی دەسەڵاتی بیانی دەکەن؛ دەستیان داوەتە سووتاندنی شار.

عەلى عه‌ونى لە نووسینێكدا بە ناوی “پەكەكە و سوتاندنی شار”، كە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی “فەیسبووك” بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێ “پەكەكە لە شەڕی خەندەقەکان لەناو شارەکانی باکووری کوردستان، بووە ھۆی وێرانکردنی شارەکان و ئاوارەکردنی زیاتر لە نیو ملیۆن خەڵک بۆ ناو مێترۆپۆلەکانی تورکیا. بەو سیاسەتە چەوتەی دەرفەتەکانی بەدیھاتووی بەردەم پرسی کوردستان و ئازادی و کرانەوەیان لەبار برد. تورک و ئەردۆغان خۆیان لە بیانوو بوون بۆ پاشگەزبوونەوە لە کەشی کرانەوەی بەدیھاتوو. بیانوویان دایە دەستی دەوڵەتی تورکەکان بۆ گەڕاندنەوەی حوکمی عەسکەر بۆ شارەکانی باکووری کوردستان کە تا ئێستاش بەردەوامیی ھەیە و رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێت”.

عەلی عەونی هەروەها نووسیویەتی “پەكەكە بۆ شاردنەوەی شکستی خۆیان لە باکووری کوردستان، دەستیان بە پالەوانبازی وخولقاندنی کێشە کردووە بۆ باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان. ئەوەی کە ئێستا لە سنووری سلێمانی دەگوزەرێ، درێژەپێدانە بە شەڕی دۆڕاوی خەندەقەکان. ئەمجارە ناتوانن جبەخانەی تورک و عەرەب و فارس بێننە سەر شاری سلێمانی و قەزاکانی دەوروبەری، بەڵکو خۆیان و ئەو گەوجاوانەی کە بێزووی دەسەڵاتی بیانی دەکەن؛ دەستیان داوەتە سووتاندنی شار و وەک دوژمنانی کوردستان کە سیاسەتی ئەردی سووتاویان بەکار دەھێنا ئەمانە سیاسەتی شاری سووتاو پەیڕەو دەکەن. شایانی باسە دوو مانگ لەمەوبەر لە شاری زاخۆ ویستیان ئەم ئاڵۆزیانە دروست بکەن، بەڵام خەڵکی زاخۆ سووک و ریسوایان کردن”.

ئه‌ندام سه‌ركردایه‌تییەكەی پارتى دەشڵێ “ئێمە زۆر ھاوارمان کرد کە نابێت یەكێتی و حیزبەکانی سلێمانی پشتگیریی سیاسەتە چەوتەکانی پەكەكە بکەن، نەدەبوایە ئەندام و لایەنگیرانی خۆیان بە پشتگیری و خۆشویستنی پەكەكە پەروەردە بکەن، ئەمەی ئێستا بەرھەمی ئەو سیاسەتەیە کە لە رقی پارتیمان، پەكەكەیان گەورە و خۆشەویست کرد، ھەزار بوختانی بێبنەمایان دەدایە پاڵ پارتیمان، دڵنیام ئەگەر ئیدارەی سلێمانی و یەكێتی بە سیاسەتی خۆیاندا نەچنەوە و بە جیدی پێشی زۆرخوازی و پاوانخوازیی پەكەكە نەگرن، ساڵی داھاتوو ئەم کاتە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەكێتی و حیزبەکان دەبێت بۆ ھاتوچۆ لەناو شاری سلێمانی لە بازگەکانی پەكەكە ناسنامەی خۆیان پێشان بدەن و ئۆتۆمبێلەکانیشیان دەپشکنن”.

پوستێن ھەمان بەش