PWK: “پێویستە هەموو کوردانی جیهان خاوەندارێتی لە دەستکەوتە فیدراڵیەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بیپارێزن و پەرەی پێبدەن”.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، لە 42 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکاندا بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و داوای لە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کردووە کە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان، هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی پێکبهێنن و حکومەتێکی هاوبەش دابمەرزێنن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، بە بۆنەی 31ی تەمموز، 42 ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانیەکانەوە، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تیایدا یادی 8000 شەهیدی بارزانیی بەرز ڕاگرتووە.
لە بەیاننامەکەدا، دڕندەیی تاوانەکە وەبیرهێنراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە کە لە 31ی تەمموزی ساڵی 1983دا، ڕژێمی سەدام هەشت هەزار پیاوی بارزانی کە تەمەنیان لە نێوان 7 بۆ 85 ساڵیدا بوو لە ناوچەی بارزان ڕفاند و لە کەمپەکانی قودس و قادیسییە لە قوشتەپە، دەستبەسەری کردن.
PWK دەستنیشانیشی کردووە کە ئەو کەسانە دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر بێسەروشوێن کران و سەرەڕای تێپەڕبوونی 42 ساڵ، هێشتا چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.
“پێویستە هەموو کورد، خاوەندارێتی لە دەستکەوتەکان بکەن”
لە بەیاننامەکەدا هەموو بەرپرسیارانی ئەنفال ڕووڕەش کراون و داوای یەکڕیزی کراوە.
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستانجەختی کردۆتەوە کە وەڵامی هەرە مەزن و کاریگەر لە دژی جینۆساید، دامەزراندنی حکوومەتێکی هاوبەش و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە لە باشووری کوردستاندا.
هەروەها لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوایەک ئاڕاستەی هەموو کوردانی جیهان کراوە و تێیدا هاتووە: “پێویستە هەموو کوردانی جیهان خاوەندارێتی لە دەستکەوتە فیدراڵیەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، بیپارێزن و پەرەی پێبدەن”.