ئێوە دەتوانن موناقشە لەگەڵ بێشکچی بکەن و ڕەخنەی لێ بگرن، دەکرێت ئێوە روانگەکانیشی قبووڵ نەکەن بەڵام ناتوانن عەیار بدەنە ئیسماعیل بێشکچی.
فەردا چەتین یەکێک لە کادیرەکانی پەکەکە و بەرپرسی تۆڕی ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە لە ئەورووپا، لە 24ی کانووندا لە ئۆزگۆر پۆلیتیکادا وتارێکی بڵاو کردەوە. ئەو وتارە دواتر لە ئاژانسی ANFی پەکەکەشدا بڵاو کرایەوە.
لە راستیدا ئەو وتارە، تاقە هەڕەشەنامەو سووکایەتی پێکردن نیە کە پاش بڵاو بوونەوەی دوایین نووسینی ئیسماعیل بێشکچی، دژ بە ناوبراو بڵاو دەکرێتەوە. لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لەلایەن فەیسبووکچیەکانی پەکەکەوە زۆر قسەی نەشیاو و جێگەی شەرمەزاری و ناحەز لەسەر مامۆستا بێشکچی کراون. لەلایەکی دیکەوە لەسەر ماڵپەری ئا هڤال وەڵامدانەوەیەک بۆ مامۆستا بیشکچی بڵاو کراوەتەوە.
مامۆستا بێشکچی هەڵە ستراتجی و تەکتیکیەکانی پەکەکەی ئاشکرا کردووە
لەکاتێکدا کە پەکەکە دەیەویست رێکەوتنی خۆی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشد، لایەنە شیعەکان و خیانەت کردنی بە شنگال و حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، بشارێتەوەو رۆژەڤ بگۆڕێت، هێرشێکی بەوشێوەیە دژ بە مامۆستا ئیسماعیل بێشکچی چاوەڕوانکراو بوو. لەبەر ئەوەی مامۆستا بێشکچی هەڵە تەکتیکی و ستراتجیەکانی پەکەکەی ئاشکرا کردبوو کە دەیهەوێت بە لاواز کردنی قەوارەی سیاسی ـ یاسایی و رەوای باشووری کوردستان لە ڕێگای ناکۆکیەکانی نێوان بەغداو هەولێرەوە، بەرژەوەندییە تەسکە حیزبیەکانی گەرەنتی بکات.
نیشتمانپەروەران و نووسەرانی کورد لەسەر پەیوەندیەکانی نێوان میلیشیاکانی حەشد و پەکەکە دژ بە هەرێمی باشووری کوردستان، بێدەنگییان هەڵبژاردووەو ئەوەش دەرفەتێکی لەباری بۆ کەسانێک وەکوو فەردا چەتین و حیزبەکەی رەخساندووە تاوەکوو بەوپەڕی رووهەڵماڵراویەوە بێڕێزی بە مامۆستا بێشکچی بکەن.
نووسینەکەی فەردا چەتین تەنها وتارێک نیە، بەڵکوو راگەیەندراوێکی هەڕەشەئامێزە کە لەلایەن پەکەکەوە نووسراوە
لەڕاستیدا پڕ روونە کە ئەو نووسینەی فەردا چەتین وتار نیە، بەڵکوو راگەیەندراوێکی هەڕەشەئامێزە کە لەلایەن پەکەکەوە نووسراوە. لە ساڵی 2010دا، پەکەکە دوو وتاری لەلایەن دوران کاڵکانەوە بەناوی عادڵ کورتای و قاسم ئەنگن (کە ساڵی رابردوو مرد) نوسیبوو کە تێیاندا هەڕەشەی زۆر توندی لە مامۆستا بێشکچی کردبوو. ئەونووسینانەی لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی هەپەگەدا بڵاو کرانەوە. زۆرێک لە رۆشنبیران و نووسەرانی دەروەستی کورد دژ بەو بێڕێزیانەی هەپەگە هەڵوێستیان گرت و واژۆیان کۆ کردەوە و لە ئەنجامدا هەپەگە بەناچاری هەر دوو وتارەکەی لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا سڕیەوە. ئەمەش وایکردووە کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت پەکەکە بۆ هەڕەشە کردن لە مامۆستا بێشکچی، نووسینەکانی بەناوی کەسانی نەناسراو بڵاو دەکاتەوە.
بەڵام ئەوەی فەردا چەتین نووسیویەتی مانای ئەوەیە کە مستەفا قەرەسوو، یان جەمیل بایک نووسیبێتیان. میدیای پەکەکە پێنووسی خۆی لەسەر هیرارشی (سیستەمێک کە تێیدا هەرکەس خاوەن پێگەی جوداو دیاریکراون) و یەکدەنگییەکی وشکی رێکخراوەیی بنیات ناوە. میدیای پەکەکە تەنها لەبەر ئەوەی کە پروپاگەندە بۆ حیزبەکەی بکات دانەمەزراوە، بەڵکوو میدیای پەکەکە دامەزراوە بۆ ئەوەی کە بەپێی زروف ئەوەی حیزبەکەی بەپێویستی بزانێت بیگۆڕێت و چەواشەی بکات. زۆر نموونەی مێژوویی هەن کە ئەو راستیە دەسەلمێنن.
دۆخیکی وەها هەیە کە فاشیزمی تورک ناهێڵێت فاشیزمی پەکەکە بەتەواوی ئاشکرا ببێت
زانا ئازاد، یەکێک لە نووسەرەکانی پەکەکە، بەشداریی لە هەواڵەکانی MED TV کردو لەوێیەوە هەڕەشەی لە تاهیر ئەلچ و ئالتان تان کرد و گوتی: “ئەوەی دژ بە بەرخۆدانی پەکەکە قسە بکات، مافی ئەوەی نیە لە کوردستاندا بژیت”. ئەو هەڕەشەیە هەنووکەش لە بیری کوردەکاندا ماوە. تەنها 12 رۆژ پاش هەڕەشەکانی زانا ئازاد، تاهیر ئەلچی لە سوریا بەشێوەیەکی سەیر کوژرا. دۆخیکی وەها هەیە کە فاشیزمی تورک ناهێڵێت فاشیزمی پەکەکە ئاشکرا ببێت.
فەردا چەتین هەوڵ دەدات کە هەمان کار ئەنجام بدات. فەردا چەتین لەسەر ئەو وتەیەی مامۆستا بێشکچی کە گوتویەتی “پێویستە پەکەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بناسێنێت و ئەگەر ئامادە نەبێت حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بە فەرمی بناسێت ئەوا پێویستە خاکی باشووری کوردستان بەجێ بهێڵێت”، دەنووسێت: “دەوڵەتی تورکیا و بێشکچی وەکوو یەک بیر دەکەنەوە”.
ئیسماعیل بێشکچی لە سالی 1965 بەملاوە، لەبەرانبەر دەوڵەتی تورکیا راوەستاوەو پارێزگاریی لە مافەکانی نەتەوەی کورد دەکات. ئیسماعیل بێشکچی پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە کوردستان بەر لە دروستبوونی پەکەکەش هەر بندەست بووە. کاربەدەستێکی سەربازی لە کاتی دادگایی کردنی ئیسماعیل بێشکچی لە دادگایەکی سەربازیدا لەساڵی 1971 گوتی: “لەکاتی دادگایی کردنی مامۆستادا، ئەفسەرێکی سەربازی گوتوویەتی ئەو کەسە دینامیت “TNT” خستۆتە ژێر بنیاتی دەوڵەتی تورکیا”. ئێستاش فەردا چەتین دێت و بەوشێوەیە لەسەر ئیسماعیل بێشکچی دەنووسێت.
ئایا پەکەکە دامەزراوەیەکی پیرۆزەو لە بەهەشتەوە هاتۆتە سەر جیهان و رەخنە گرتن لێی قەدەغەیە؟
فەردا چەتین و چالاکانی پەکەکە ئەو کەسانە نین کە بتوانن ئیسماعیل بێشکچی تۆمەتبار بکەن و سنوور بۆ لێدوانەکانی دیاری بکەن. کێ ئەو مافە بەوان دەدات؟ پەکەکە ئەو مافە لە کوێ دینیت کە بڵێت راوەستن، ڕای خۆتان دەرمەبڕن، ئێوە ناحەقن، ئێوە بێدەنگ نابن؟ یان فەردا چەتین و چەتەکانی کارمەندی زابتن؟ یانیش پەکەکە دامەزراوەیەکی پیرۆزە کە لە بەهەشتەوە هاتۆتە سەر جیهان و هەرچەشنە رەخنەگرتن و قسە کردنێک لەسەری قەدەغەیە. ئایا فەردا چەتین و رووسپیەکانی ئەمری خودا بەجێ دەگەیەنن؟
فەردا چەتین کەسێکی ئەوەندە بێعارە کە دەڵێت ئیسماعیل بێشکچی پارە لە پەدەکە وەردەگرێت بۆیە رەخنە لە پەکەکە دەگرێت. تەنها کەسێک وەکوو فەردا چەتین دەتوانێت ئەوەندە سووک بێت. بە هەزاران کەس دەبینن کە مامۆستا بێشکچی لە جادەی مەشووتیەتی ئیستانبۆلدا چاوەڕیی پاس دەکات. بێشکچی خاوەن هیچ سەرمایەیەکی ماددی نیە و لە ژیانیدا فلسێکی لە هیچ کەس و لایەنیک وەرنەگرتووە. مامۆستا بێشکچی هیچکات ئەو ژیانە هایلایڤە نەژیاوە کە فەردا چەتین لە بەلجیکا هەیەتی.
ئیسماعیل بێشکچی لە ساڵانی 1980 بۆ 1999 خزمەتێکی گەورەی بە پەکەکە کردبوو
فەردا چەتینیش ئیسماعیل بێشکچی تاوانبار دەکات کە یەک قسەی لەسەر ئازادیی ئۆجەلان نەکردووە. لە راستیدا کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتی “دایکی من تورکەو هەر خزمەتێکم لەدەست بێت درێغیی ناکەم” و لە دادگا داوای لێبووردنی لە دەوڵەتی تورک کرد، دوورکەوتنەوەی لە رێبازی بەرخۆدان و مامەڵە کردن و رێکەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، نەک تەنها بۆ بێشکچی بەڵکوو بۆ سەرجەم دڵسۆزانی پرسی کورد بووە خاڵێک بۆ ورد بوونی ئاپۆ. ئیسماعیل بێشکچی لە ساڵانی 1980 بۆ 1999 خزمەتێکی گەورەی بە پەکەکە کردبوو. بەڵام ئامادە نەبوو ئەو رەوشە قبوول بکات کە ئۆجەلان لە بەرانبەر دەوڵلەتی تورکدا تێی کەوتبوو. بێشکچی بۆ ماوەی 5 ساڵان بێدەنگ بوو، وتارێکیشی نەنووسی. لە یەک شوێنیش لێدوانی نەداو یەک رەخنەشی نەگرت. پاش 5 ساڵان گوتی: “پارێزگاری کردن لە مافی چارەی خۆنووسینی کوردان، دەینێکی شەرافەتمەندانەیە”. ئەو لێدوانی داو گوتی پێویستە ئیدی ئۆجەلان بێدەنگ بمینێت. ئەو گوتی: “زیندانییەکە لە دەستی دوژمندا و نابێ ئەو مافەی پێبدرێت کە چارەنووسی گەلی کورد دیاری بکات”.
فەردا چەتین لەبەر ئەوەی کە مامۆستا بێشکچی بەیعەتی بە ئۆجەلان و پەکەکە نەداوە، زۆر قەڵس بووە. بێشکچکی کەسێکی زانایەو خاوەن پرەنسیپ و مەبدەئی ئەخلاقی و فیکریە. لە دادگادا پارێزگاریی لە مافی بەدەوڵەتبوونی کوردان کرد و دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک راوەستاو بەهۆیەوە 17 سال زیندانی کرا. مامۆستای زانکۆ بوو، لەسەر پاڵپشتی کردن لە پرسی کوردستان لەکارەکەی وەدەرنرا. سەرجەم درگاکانی لەسەر داخرا بەڵام دیسانیش دەستی لە پارێزگاری کردن لە مافی کوردەکان بەرنەدا. جا کەسێکی ئاوا بە ئیرادەو بەپرنسیپ چۆن دەبیتە ئاپۆچی؟ ئایا ئێوە لە ئاسمانەوە هاتوون؟!
پێویست بەو ناکات لەوە زیاتر درێژی بکەینەوە، رەنگە فەردا چەتین لەناو پەکەکەدا کۆمیسەری سیاسی بێت، بەڵام ئەو تەنها دەتوانێت ئەو ئەرکەی لەناو پەکەکەدا هەبێت. ئەو تەنها دەتوانێت کارمەندەکانی خۆی هیدایەت بکات.
بێشکچی لە نووسینەکەی خۆیدا باسی لە خالی زۆر گرنگ کردبوو و نوسیبووی، ئەوەی لە شنگال جلکی میلیشیاکانی حەشدی لەبەر کردووە، یەبەشە نیە بەڵکوو پەکەکەیە. تێکەڵاوی پەکەکە لەگەڵ میلیشیاکانی حەشد زیان دەگەیەنێتە دەسکەوتە مەشرووعەکانی گەلی کورد واتە حکوومەتی هەریمی باشووری کوردستان. هەمووکەس دەزانێت کە پەکەکە لە سیاسەت کردندا ئیدی ئەوەندەش ئەحمەق نیە کە بڵێت من دەمهەوێ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوەشینێتەوە.
ئێوە دەتوانن موناقشە لەگەڵ ێشکچی بکەن، دەتوانن ڕەخنەی لێ بگرن، دەکرێت ئێوە روانگەکانی ئەو قبووڵ نەکەن بەڵام ناتوانن عەیار بدەنە ئیسماعیل بێشکچی. دەوڵەتی تورکیا کە ویستی عەیار بداتە مامۆستا ئیسماعیل بێشکچی بەڵام ئەو ئامادە نەبوو قبووڵی بکات و ئەوە زیاتر لە 55 ساڵە بۆ چرکەساتیکیش سەری لە بەرانبەر دەوڵەتدا نەوی نەکردووە. 17 سال لە زینداندا راگیراو نزیکەی 40 کتێبی نووسی و بڵاوی کردەوە. هەروەک خالید سادن لەسەر بێشکچی گوتوویەتی: “ئەگەر لەو وڵاتە دوو کەس هەبن کە ئامادە نەبن ببنە پیاوی خەڵکی دیکە ئەوە یەکەم کەسیان ئیسماعیل بێشکچیە”. گەلی کورد بێشکچی باش دەناسن، هەربۆیە راگەیەندراوەکەی فەردا چەتین کە وەکوو راگەیەندراوی پەکەکە نووسراوەو تییدا هەڕەشە لە ئیسماعیل بێشکچی دەکات، لەلایەن نیشتمانپەروەرانی کورد و لایەنگرانی هەقیقەت و راستیدا بەبێ هیچ دوودڵییەک رەت دەکرێتەوە.