مستەفا قاراسو پێیوایە مەزڵوم عەبدی کەسێکی لاوازە، کە لە پارادیگمای “نموونەیی” تازەی پەکەکە تێنەگەیشتووە، باییکیش هەمان روانگەی هەیە.
بۆ کۆچی دوایی دایکی فەرماندەی گشتی هەسەدە مەزڵووم عەبدی زۆر سیاسەتمەدار و لە سەرەتاش سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامی سەرەخۆشیان بڵاوکردەوە. کەجەکە لەو رێکخراوە هەرە کۆتایانە بوو کە پەیامی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە. لە پەیامی سەرەخۆشیەکەی کەجەکەدا کە لە 21ی جانیڤەری لە ANFدا بڵاو کرایەوە زۆر خاڵی باڵکێشی تێدایە.
بۆچی مەزڵووم عەبدی نا، بەڵکو شاهین جیلۆ؟
بۆچی کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا، فەرماندەی هەسەدە مەزڵووم عەبدی بە شاهین جیلۆ ناو هێناو نەیگوت مەزڵوم عەبدی؟ وەکو دەزانرێت کە کەجەکە، ناوی شاهین جیلۆ”ی بەکارهێنا کە ناوی رێکخراوەیی “مەزڵووم عەبدی”یە لە ناو پەکەکەدا. لە لایەکی دیکەوە، لە لای ڕای گشتی سیاسی وهێزی نێودەوڵەتی هاوپەیمانان بە مەزڵووم عەبدی ناو دەبرێت. وەکو دیکە، کەجەکە لە هەمان ڕاگەیەندراودا لە مەزڵوم عەبدی ودایکی ئەڤین گوی، کە گەریلایەکی ژنە، بە بێ ئەوەی ریسکی هەستیاریی دۆخی سیاسی لە بەر چاو بگرێت، پەیامی سەرەخۆشی نارد و هەردووکیانی وەکو “هەڤاڵێن مە” ناو برد. کەجەکە مافی ئەوەی هەیە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەریلا ئەڤین گوی یان هەر گەریلایەکی تر بکات، بەڵام بە دانانی ئەو ناوە لە سەر شانی مەزڵووم عەبدی نیەتێکی خراپ نیشان دەدات. ئەگەر تورکیا بۆ بەهانەکی تر دەگەڕێت بۆ هێرش کردنە سەر ڕۆژئاوا، پەکەکە مەزڵوم عەبدی وەکو شاهین جیلۆ ناو برد، ئەو هەڵوێستەی پەکەکە زۆر باڵکێشە.
بێگومان تورکیا بە تەنیا ئەو بەهانە بەکار ناهێنێت. دەکرێ لێرەدا ئەو حیسابەی کەجەکە دەیکات، ببینرێت. ئەوەی لە ئێستادا لە ڕۆژئاوا زیاتر تورکیا تووڕە دەکات و بە هۆیەوە هەڕەشە دەکات، کەجەکە ـ پەکەکەیە. لە بەر ئەوە، پەکەکە بێ دوودڵی وانیشان دەدات کە لە رۆژئاوادا مۆرەی هەیە. لە خۆیدا ئەوە بەشێکە لەو پیلانەی کە بە بەربڵاوی وێنەی عەبدوڵلا ئۆجەلانی بە دەستی گەلانی رۆژئاوا بەرز کردۆتەوە و دروشمیان پێ دەڵێتەوە. ئەگەر نا هەر کەسێک باش دەزانێت کێشەی ئیمڕاڵی پرسێکی بەو شێوەیە نیە کە لە قامیشلۆ و عاموودی بە دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ” چارەسەر ببێت. ئامانجی پەکەکە ئەوەیە کە بە تورکیا و هەموو جیهان بڵێت “بڕوانن من لێرەم”.
هۆکارێکی تر کە کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ناوی شاهین جیلۆ بەکار دەهێنێت، ئەوەیە کە پەیامێک بداتە مەزڵووم عەبدی. بە واتایەک، کەجەکە بە مەزڵووم عەبدی دەڵێت: ئێوە کارمەندی ئێمەن، ئێوە ناتوانن پێش ئێمە بکەون، ئێوە لە ئێمە زیاتر هاوڕێیەتی کەسی دیکە مەکەن. بێگومان، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە کەجەکە ـ پەکەکە دەیهەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا مۆنۆپۆل بکات و سوودی گەورەی لێ وەربگریت، تاوەکو بەردەوامی بە دەست بێنێت. پەکەکە وا بیر دەکاتەوە کە “دەبێت سێبەری ئەو لە سەر بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاوا بێ ناوهێنان بپارێزرێت”. لە بەر ئەوە نابێت هیچکەسێک دەرەتانی ئەوەی پێ بدرێت کە لە دەرەوەی سیاسەتی پەکەکە کار بکات. وەکوو شمشێری دیمۆکلیس دەبێت هەموو کات لە سەر سەری مەزڵووم عەبدی و بەرێوەبەرانی ڕۆژئاوا بجووڵێت. دیارە، هەم سیاسەتی پەکەکە بەگشتی و سیاسەتی کادیرەکانی بەتایبەتی، “هەڕەشەو و چاوترسێن کردنی بەردەام”ـە. بەو شێوەیە ناهێڵێت کەس لە ڕیزی پەکەکە داببڕێت.!
پەکەکە لە سیاسەتیدا “دایناسۆر بوونی” دەسەپێنێت
لە هەمان کاتدا لایەنێکی دیکەی کارەکەش هەیە. ئەندامانی دامەزرێنەری پەکەکە وەکوو ستافەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلانن. ئەوان وا دەزانن شاخی بچووک ئەوان خوڵقاندوویانە و ئەوان کوردستانیان ڕزگار کردووە. پێیان وایە، نابێت لە دەرەوەی ئەوان کەسێکی دیکە پێشبکەوێت. پێیانوایە گەلی کورد جگە لەوان نابێت رێز لە هیچ کەس و لایەنێکی دیکە بگرێت. ئۆجەلان خودایە و دامەزرێنەرانی پەکەکەش پێغەمبەرن. کەسانی دیکە هەموویان عەبد و خزمەتکاری ئەوانن. پەکەکە خاوەنی سیستەمێکی هیرارشی لەو چەشنەیە، “سیستەمیک کە تێیدا کەس یان هەر شتێک خاوەن پلەی جیاواز و دیاریکراون”. قەبووڵ ناکرێت کە کەسێک لە ڕیزی مرید وعەبدایەتی دەربکەوێت. ئەگەر کەسێک تۆزێک پێش بکەوێت، سیستەم هەڵدەوەشێتەوە. لە بەر ئەوە بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە پێشکەوتنی مەزڵووم عەبدی وبە ناوبانگ بوونی پێ قبووڵ ناکرێت. جەوانگەرایی لە سیاسەتی کوردیدا تەحەمول ناکرێت. دایناسۆر بوون بە سەر سیاسەتی کوردیدا دەسەپێت.
عەبدوڵلا ئۆجەلان کاردانەوەی بەرانبەر دەمیرتاش پیشاندا
لە روانگەی مستەفا قاراسوەوە، مەزڵوم عەبدی کەسێکی لاوازە، کە لە پارادیگمای “نموونەیی” تازەی پەکەکە تێنەگەیشتووە. بەو ڕادەیەی پێشکەوتنی مەزڵوم عەبدی بەمەبەستی دەسپێکی یاریەکەو بە ئاگاداری ئەمریکا دەکرێت. پێویستە ئەو یاریە لەناو ببرێت. جەمیل بایکیش هەمان روانگەی هەیە. لە بەر ئەوە لە لایەنی دەروونیەوە، قبووڵ ناکرێ کە مەزڵوم عەبدی زیاتر پێشبکەوێت و لە پەکەکە و سەرکردایەتی دامەزرێنەرەکەی تێپەڕ ببێت. گەر بە بیرتان بێتەوە پەکەکە بۆ سەلاحەدین دەمیرتاش هەمان کاردانەوەی نیشان دا. بە ناوبانگ بوونی سەلاحەدین دەمیرتاش، کاردانەوەی گەورەی لە ناو پەکەکە وبەتایبەت شەخسی عەبدوڵلا ئۆجەلان دا لێکەوتەوە.
عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ خۆی لە تەباخی 2013دا بە سەلاحەدین دەمیرتاشی گوت: “ئەوان تۆ بۆ سەرۆکایەتی ئامادە دەکەن، ئایا تۆش ئەوەت دەوێت؟ من دەزانم، ئێوە دڵخۆشن، ئێوە دەتوانن بەڕێوەی ببەن، بەڵام پێشوەخت من تەدبیرم لە بەڕێوەبەرانی خۆمان وەرگرتووە، ئێوەش پێویستە ئاگادار بن.” ئەو هۆشداریی دا. لەڕاستیدا ئۆجەلان ئەو هۆشداریەی چڕتر کردەوەو لە دژی سەرۆکایەتی کۆنگرەی 2هەمی هەدەپە لە 22ی حوزێرانی 2014دا دەرکەوت. ئاپۆ دەیهەویست سەلاحەدین دەمیرتاش لە سیاسەت دوور بخاتەوە و بیکاتە سەرۆکی شارەوانیەک. ئەو بەردەوام هەوڵی دەدا “فیگەن یووکسەکداخ” پێشبخات و ئامانجی ئەوە بوو کە سەلاحەدین دەمیرتاش بخاتە ژێر سێبەری ئەو. بەڵام بارودۆخی سیاسی ئەوکاتی تورکیا ئەوەی نەدەخواست. نەخشە ڕێی ئۆجەلان شکستی هێنا. هێشتا ئەندامانی ڕادیکاڵی پەکەکە دەڵێن ئاگاهانە دەیانهەوێ سەلاحەدین دەمیرتاش لەدژی عەبدوڵلا ئۆجەلان وەکو ئاڵتەرناتیڤ پیشان بدەن.
بە کورتی؛ کەجەکەـ پەکەکە هیچکات قبووڵ ناکات کە هیچکەسێک لە عەبدوڵلا ئۆجەلان و گروپی ئەنقەرە پێشبکەوێت. بەسەرهاتی کەسانێک کە دەیانهەویت ئەوە لە ناو پەکەکەدا بکەن دەزانرێت. کاتێک کە کەسێک تۆزێک بە ناوبانگ دەبێت، سەری لەدەست دەدات. “مەزڵوم عەبدی”ش بەو شێوازە لە ژێر فشارێکی گەورەی پەکەکەدایە. لەراستیدا کەجەکە لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا مەزڵوم عەبدی وەکو شاهین جیلۆ و “هەڤاڵ” ناو دەبات ئەوە دەسەلمێنێت. پێویستە چاوەڕی بین بزانین لە سیاسەتی پەکەکەدا سیستەمی دایناسۆر بوون دەشکێندرێت یان نا.