پەکەکە بە سیاسەتی رێخۆشکردنەی خۆی بۆ داگیرکردنی کوردستان هیچ هەڵەیەک ناکات، چوونکە ستراتجیە گەنیوەکەی ئاپۆ بە ناوی “برایەتی گەلان” جێبەجێ دەکات.
“هاوکاری تورکیا، سیخوڕی، هاوڕێی ڕێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپە، پشتیوانی فاشیزم”، ئەو تاوانانەی کە پەکەکە هەمووکات “پارتی” پێ تۆمەتبار دەکات. پەکەکە ئەوەی کردۆتە ئاوازێک بۆ خۆی و لە ژێر ئەو ئاوازادا بە دەیان ساڵە سیخوڕی و خزمەتی خۆی بۆ داگیرکەرانی کوردستان بەڕێوە دەبات. بە شێوەیەک ئەگەر ڕووداوێک لە “بۆرکینا فاسۆ” ڕووبدات مام “جومعە” دێت و بەو شێوەیە ڕووداوەکە شرۆڤە دەکات کە پارتی دەستی تێدایە و بە سیخوڕی کردنی پارتی ئەو ڕووداوە ڕوویداوە.!
من باز دەدەم و دواتر دەڵێم پارتی بوو بازی دا
ئێوە باوەڕ دەکەن یان ئێمە لە بن گوێی ئێوەدا هاوار بکەین!
لە گەڵ دەستپێکردنی هەر هێرشێکی تورکیا لە سەر باشووری کوردستان، مام جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕیوەبەری کەجەکە بە کۆد ناوی “جومعە” دەردەکەوێت و باس لە هەندێک رووداو دەکات کە هێشتا ڕوویان نەداوە، خۆی وەکوو غەیبزانێکی سەردەمی فیرعەونەکان و فەیلەسوفێکی ژیر و دانا لە سیاسەتدا پیشان دەدات. هەر وەکو ئەوەی خوێندنەوەی بۆ بارودۆخەکە کردبێت و بزانێت چی ڕوودەدات. لەراستیدا ئەو دەزانێت چی ڕوودەدات، لە بەر ئەوەی خۆی و حیزبەکەی بەشێکن لەو پیلانە.
جومعە وەکوو هەمیشە قسەکانی بەو شێوەیە دەست پێدەکات: “پارتی هاوکاری تورکیا دەکات بۆ ئەوەی پەکەکە لەناو ببات”. مام جەمیل دەیهەوێت بەو قسانە ڕۆژەڤ بگۆڕێت، دەیهەوێت نەمانی پەکەکە و دەستبەردان لە ناوچە ستراتجیەکان بۆ تورکیا، بکاتە کراسێک لەبەر پارتی. دەیهەوێت بە گەلی کورد بڵێت ئەوە ئێمە نین تورکیا دەهێنینە باشوور بەڵکو پارتییە.
لە کاتی دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “پەنجەی هەڵۆ ـ 2″دا کە لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 10/2/2021 سوپای تورکیا لە چیای گارە دەستی پێکرد، پەکەکە جارێکی دیکە میدیاکانی خۆی بە شێوەیەکی بێ ئەخلاقانە لە دژی پارتی و حکوومەتی باشووری کوردستان خستەگەڕ. ئارمانجی پەکەکە وەک هەمیشە چەواشە کردنی ڕاستیەکانە. ئەو دەیهەوێت بە گەلی باشوور بڵێت ئەوە جارێکی دیکە تورک هات ئێمە هەندێک ناوچەی باشوور دەکەینە دیاری بۆیان، بەڵام ئێمە دواتر دەڵێین پارتی بوو کە ئەو دیارییەی دایە تورکیا، بەڵی!! ئێوە باوەڕ دەکەن یان ئێمە لە بن گوێی ئێوەدا هاوار بکەین.!
شەڕ نزیک بۆتەوە، تورک دێت و بە هاوکاری پارتی ئەو شەڕە دەست پێ دەکات
جەمیل بایک لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ “میدیا نیوز” و “فورات نیوز” کە ڕۆژی چوارشەممە 10ی شوبات، لە گەڵ دەسپێکردنی هێرش بۆ سەر گارە بڵاویان کردۆتەوە، چەندین جار هێرشی کردە سەر پارتی و وەکو هەمیشە پارتی بە هاوکاری تورکیا و خیانەت تۆمەتبار کردووە و دەڵێت: “لە کاتێکی نزیک تورکیا شەڕێکی گەورە لە باشوور لە دژی پەکەکە بە هاوکاری پارتی دەست پێدەکات”.
مام جومعە لەو چاوپێکەوتنەدا، هەڵسەنگاندنی بۆ رۆژەڤ و هێرشی تورکیا بۆ سەر باشوور کردووە و،”بسم اللە”ی خۆیشی ئاوا دەستپێکرد: “پارتی هاوکاری تورکیا”یە.
ئێمە لێرە بە نموونە، بە داتا و زانیاری ئەو درۆ شاخدارانەی مام جومعە ئاشکرا دەکەین و ئەو کات ئێوە بڕیار بدەن، بزانن پەکەکە هاوکاری تورکیایە یان پارتی!
بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەیەک بخەینە بەرچاو، پێویستە 30 ساڵ بگەڕێینەوە دواوە، واتە ساڵی 1990 بۆ 2020 بزانین پەکەکە لەو 30 ساڵەدا چی کردووە؟ لە کوێ بوو و لە ئێستادا چی دەکات و لە کوێیە؟ چەند ناوچەی ستراتجی بۆ تورکیا بە جێهێشتووە؟
لە باکوورەوە بەرەو قووڵایی باشوور
لە ساڵی 1990ـەوە پەکەکە %80 ی ناوچەکانی خۆی بە بێ شەڕ بۆ تورکیا بەجێهیشتووە
دوای ئۆپەراسیۆنی “چنگی پڵنگ”ی ساڵی ڕابردوو، سوپای تورکیا 18 خاڵی خۆی لە باشوور جێگیر کرد. قەرەقوولی دروست کرد، تورکیا ڕێگایەکی بۆ خۆی دروست کرد ئەو ڕیگا لە “قولەبانەوە دەست پێدەکات هەتا دەگاتە حەفتەنین”، پەکەکە هاوکاریی کرد،چونکە قولەبان و حەفتەنینیان بەردا و ئامادە نەبوون لە پێناو ئەو ناوچانەدا بجەنگن. بەڵام بەڕێوەبەرانی پەکەکە بێ شەرمانە لە میدیادا دەیانگوت: “ئێمە لە حەفتەنین دنیامان لە پێش چاوی تورکیا تاریک کردووە”!!، ئەوان وا فکر دەکەنەوە کە گەل دەبەنگە، ڕاستی نازانێت و تێناگات کە چی ڕوویداوە!.
لە هێرشی 2019دا بە ناوی “چنگی شێر ـ 3″دا پەکەکە لە سنووری “شرناخ و قولەبان” ناوچەی ستراتیجی وەک:
دەریێ داوەتییا.
مێرگەشیشێ.
گویزێ.
لە ماوەی چەند رۆژێکدا، بۆ عەسکەری تورکیایان جێهێشت و ڕێگایان بۆ داگیرکردنی حەفتەنین خۆش کرد.
دواتر لە ئۆپەراسیۆنی “چنگی پڵنگ” دا پەکەکە لە سەر چۆڵکردنی ناوچەکانی بەردەوام بوو و تورکیان هێنایە لوتکەی خانتۆر و بەردەوام هێنایانە باشوور و لە ناوچانە:
گرێ کۆخێ مچوولی.
گرێ رەش.
گرێ دوپشکی.
گەزنکێ.
کۆخێ مەلە یەحیا.
شەش دارا و شەقۆلە.
شەهید بێریڤان، واتە بەرزایی گەلی پزاغا لە دۆڵی کەشان هەتا دەشتی تاقی، پەرەخ.
سووپای تورکیا لە هەموو ئەو ناوچانەدا جێگیر بوو و خاڵ و قەرەقوولی کردەوە.
دوای ڕادەستکردنی ئەو ناوچانە، پەکەکە بۆ کوێ چوو؟
ئەرێ باشە پەکەکە بۆ کوێ چوو کاتێک کە ئەو دەرگای بۆ تورکیا کردەوە؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە، ئەو هاتە قووڵایی خاکی باشوور و لە حوزێرانی ساڵی ڕابردوودا بەردەوام باز دەدەن هەتا تورکیان هێنایە دەورووبەری دەرکار و باتووف.
گەر کەسێک بپرسێت کە مەگەر پەکەکە هێچ شەڕی لە ناوچەکەدا نەکردووە؟ بەڵێ شەڕی کرد لە هەر شوێنێک کەمێک شەڕی بچووک بچووکی کرد. وەکوو یاری منداڵان کە ئارمانجی ئیستفزازی تورکیا بوو. بۆ ئەوەی سوپای تورکیا بێتە ئەو ناوچانە، پەکەکە لەو شەڕە بچووکانە هەر جارێک ژمارەیەک گەریلا دەکاتە قوربانی. زۆرجار بە دەستی خۆی ئەو قەتڵانەی ئەنجام دەدا و بۆ ئەوەی دواتر بە گەل بڵێت ئێمە لە سەر ئەم خاکە شەڕمان کردووە و ئێمە شەهیدمان داوە.
بە کورتی ئەو ناوچانەی کە لە ساڵی 1990 هەتا ئێستا لە دەستی پەکەکەدا بوون، ئێستا %80 لە دەستی سوپای تورکیادایە، پێویستە گەلی کورد لە پەکەکە بپرسێت بۆچی ئەوان ئەو ناوچانەیان بە بێ شەڕکردن چۆڵ کردووە و بۆچی بەرگرییان نەکرد؟
پارتەکانی باشوور هیچ کات ئامانجیان ئەوە نەبووە کە پەکەکە لە باشوور وەدەربنێن، ئەوان بە تەنیا دەیانهەوێت پەکەکە خەباتی خۆی بباتە باکوور و لەوێ گەلی کورد سەردەست بکات.
سنووری باشوور و باکووری وڵات لە ساڵی 1986ـەوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەکەکەیە، هیچ کاتێک پارتی و یەکێتی ئارمانجیان ئەوە نەبووە پەکەکە بخەنە دەرەوەی ئەو سنوورانە، بە تەنیا ویستوویانە گرینگی بداتە باکوور، شەڕی خۆی لەوێ بکات و تەداخولی کار، خەبات و ئیدارەی باشووری کوردستان نەکات.
جەمیل بایک هەر چەند ڕۆژەو جارێک لە میدیا دەردەکەوێت و پارتی بە هاوکاری داگیرکاریی تورک تاوانبار دەکات، باشە مام جەمیل ئایا پارتی بوو ناوچە ستراتیجیەکانی حەفتەنینی وەکوو:
دەریێ داوەتییا.
مێرگەشیشێ.
خامتوور.
شەرانش.
شەشدارای رادەستی تورکیا کرد؟ چما پارتی بوو بە بێ شەر لەو ناوچانەدا هەڵات؟ مەگەر پەکەکە نەبوو کە بۆماوەی 30 ساڵ لەو ناوچانەدا بوو؟ بۆچی تۆ شەڕت نەکرد و ناوچەکەت نەپاراست؟ یەعنی ئێوە پێتانوایە گەل ئەو ڕاستیانە نابینێت؟ بەڵێ گەل باش دەزانێت کێ دەبەنگە و کێ هاوکاری رێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپەیە!.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
باییک: ئارمانج جگە لە ڕۆژهەڵات داگیرکردنی هەموو کوردستانە
جەمیل باییک لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت: “جگە لە رۆژهەلاتی کوردستان، ئارمانجی داگیرکردنی هەر سێ پارچەکەی تری کوردستانە”، جەمیل باییک بەو شێوەیە لە سەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “ئەو هاوکارییەی پەدەکە دەبێتە هۆکاری داگیرکردنی هەموو کوردستان، جگە لە رۆژهەڵات”، جەمیل باییک بە دەمی خۆی ئیعتراف دەکات کەوا پەیوەندی ستراتجییان لە گەڵ ڕێژیمی ئیسلامی ئێران هەیە و پەکەکە بە دەستووری رێژیمی ئێران لە هێڵی سنووری باشوور و ڕۆژهەڵات جێگیر بوون، هاوکات لە بیری نەکرد کە بارەگای پژاک و سپای پاسداران لە ورمێ، لە تەنیشت یەکن.
رۆژئاوا، شنگال و میحوەری مقاوەمە
باییک دەڵێت: ئێمە عەینی کراس لە بەر شنگالیش دەکەین
سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان جەمیل بایک دەڵێت: “داگیرکەری لە سەر عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی و ڕۆژئاوا، لە شنگال، مەخموور، موسڵ و کەرکووکیش بەردەوام دەبێت”! لە راستیدا مام جومعە لە خاڵێکدا حەقیقەت دەڵێت و ئیعتراف دەکات کەوا دەستوەردانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان دا ئەگەری سەرەکی بوو لە لەدەستچوونی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی. هێشتا گەل لە بیریەتی پێش ئەوەی ڕۆژئاوا داگیر بکرێت، جەمیل بایک و موراد قەرەیلان چیان دەگوت. مەگەر نەیاندەگوت: “ئەگەر ئەردۆغان شەرەفی هەبێت ئەوا هێرش دەکاتە سەر عەفرین”؟ مەگەر نەیاندەگوت ئەگەر تورکیا هێرش بکات ئەوا ئێمە ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرە دەسوتێنین؟!، دواتر چی روویدا؟ عەفرین ڕۆیشت، سەرێ کانی و گڕێ سپیش، بەڵام نە ئیستەنبۆڵ و نە ئەنقەرەش نەسووتان.
ئەو قسانەی جەمیل بایک پێویستیان بە شرۆڤە نیە، ئەو بە ئاشکرا دەڵێت: “کەوا بە چ شێوەیەک ئێمە عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپیمان لە ماوەی چەند ڕؤژیکدا بۆ تورکیا بە جێهێشت، هەمان کراس لە بەر شنگالیش دەکەین”.
پەکەکە ڕێگری لە سیاسەتی قڕکردن دەکات؟
جەمیل باییک لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵێت: ” لەبەر ئەوەی پەکەکە ڕێگری لە سیاسەتی قڕکردنی کوردەکان دەکات، ئەو دەپێکرێت”، ئەو پرسیارەی لێرەدا سەرهەڵدەدات ئەوەیە کە لە کەیەوە سیاسەتی رێگریکردن لە ئینکاری نەتەوەیەک بۆتە رادەستکردنی یەک بە یەکی شارەکان بە داگیرکەران؟ یانیش ئەو سیاسەتە زمان درێژییە لەسەر میدیاکان و هەڵاتنە لە سەر عەرز؟ کەی پەدەکە لە “عەفرین” و “سەرێ کانی” بووە تا هاوکاریی تورکیای کردبێت؟ بەڵێ مامە جەمیل ئەوەت راست گوتووە کە ئێوە دەتوانن لە ماوەی چەند کاتژمێردا شنگال رادەستی تورکیا بکەن و دواتر زمانی خۆتان لە میدیاکاندا بەقەدەر گوریسێک درێژ بکەن و بڵێن: “پارتی هاوکاری تورکیای کرد”. ئەگەر ئێوە راست دەکەن و ناتانهەوێ شنگالیش بە دەردی عەفرین بچێت، لە شنگال بڕۆنە دەرەوە هیچ بیانوویەک بۆ هێرش کردنی تورکیا مەهێڵنەوە.
مێشکی جومعە و مێشکی ئالخماهۆ
ئەگەر پارتی زولەیخایش گەنج بکاتەوە، مامە جومعە هەر بڕوا ناکات!
لە کۆتاییدا ئیمە بە جەمیل باییک دەڵێین، ئێوە بەو سیاسەتی رێخۆشکردنەی خۆتان بۆ داگیرکردنی کوردستان هیچ هەڵەیەک ناکەن! ئێوە ستراتجیە گەنیوەکەی ئاپۆ بە ناوی “برایەتی گەلان” جێبەجێ دەکەن. ئەو ستراتجیەی کە هەموو بەهاکانی نەتەوەی کوردی تێدا بێ واتا دەبێت، حیزبێکی وەکوو پارتی کە بە درێژایی 30 ساڵی رابردوو، هەموو هەوڵێکی داوە بۆ ئەوەی پەکەکە بگەڕێنێتەوە سەر خەتی نەتەوەیی، ئێوە بە سیخوڕی و هاوکاری کردنی داگیرکەری شرۆڤە دەکەن. مامە جەمیل لە کەرەمی خۆت نەخشەی کوردستان دانە پێش چاوەکانت و هێڵێک بکێشە، ئەوکات دەزانیت “گرووپی ئەنقەرە” چەندەی لە خاکی کوردستان فیدای ئاپۆو سیاسەتی بە دیموکراتی کردنی تورکیا کردووە. ئەوکاتە دەزانی شەڕەکانی 30 ساڵ پێش لە کام ناوچانە بوون و لەبەرچی ئێوە ئێستا شەڕەکانتان گواستۆتەوە نزیک گوند و شارۆچکەکانی باشوور؟ مێشکی ئێوە ئەوەندە لە نەتەوەو کوردایەتی بەتاڵ بۆتەوە، وەکوو مێشکی “ئالخماهۆ”ی لێهاتووە کاتێک کە “یوزارسیڤ”ی پێغەمبەر “زولەیخا”ی گەنج کردەوە بەڵام هەر بڕوای پێنەکرد. بۆیە ئەگەر پارتی “مامە جەمیل”یش گەنج بکاتەوە و بیباتەوە بۆ 30 ساڵ پێش، دیسان هەر قبووڵی ناکات کە کێ لەسەر خەتی نەتەوەیی و کوردایەتیە و کێ کەوتۆتە خزمەتی داگیرکەران.