بزانە ئەم کەسە بۆچی خۆی سووتاند

بزانە ئەو کەسە بۆچی خۆی سووتاند

بۆچی خەلیل شەنی تەمەن 50 ساڵ کە لە ئەڵمانیا دەژیا، لە ڕێکەوتی 12/2/2021دا خۆی سووتاند؟

خەلیل شەن لە 12ی مانگ لە ماڵ چووە دەرەوە و هەتا دوو رۆژ کەس هیچ زانیارییەکی لە سەر نەبوو. هاوڕێکانی سەردانی بنکەی پۆلیسیان کرد کە زانیاریەکی لەسەر بەدەست بێنن. دوای ئەوەی سەردانی پۆلیس کرا، پۆلیس زانیاری بەوان دا کە خەلیل شەن لە شاری “درەسدەن” لە بەرامبەر ئەنجومەنی هەرێمەکە خۆی سووتاندووە و با بنەماڵەکەی بێن تێستی DNA بدەن. لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەو کەسەی کە خۆی سووتاندووە “خەلیل شەن” بووە. رەنگە کەم کەس بزانن کە ئەو لەبەر چی خۆی سووتاند.

دواتر ئیدعا کرا کە خەلیل شەن لە بەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆی سووتاندووە.

خەلیل شەن خەڵکی شاری “سێرت”ی باکووری کوردستانە، ماوەی 25 ساڵ بوو لە ئەڵمانیا دەژیا. کەسێک بوو کە نەیتوانیبوو لە سەر ژیانی ئەوروپا ڕابێت. بە هۆکاری ئەوەی کە نەیدەتوانی خۆی لەگەڵ ژیانی ئەوروپادا بگونجێنێت، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە ڕووبەڕوو ببووەوە. هەندێک کێشەی دەروونیی هەبوو.

ڕۆژێک لە ماڵ دەردەچێت و دەڵێت: “من دەچمە بەرلین”. بەڵام دواتر تەرمەکەی دەبینرێتەوە. بەڵام چیرۆکی خۆسووتاندنەکەی لە ڕاگەیاندنی پەکەکەدا بە چەند شێوازێکی جیاواز نووسرا. یەکەم جار گوتیان کە ئەو لە 12ی شوبات خۆی سووتاندووە، هەندێک هەواڵی دیکەش دەڵێن 13ی مانگ خۆی سووتاندووە.

لە ئێستادا چاپەمەنی پەکەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردۆتەوە و دەڵێت کە ئەو “بۆ ئۆجەلان خۆی سووتاندبوو”. ئیدعا دەکرێت کە خەلیل لە نامەیەکی خۆیدا نووسیویەتی: “من ئەو کەسانەی کە پیلانگێڕیان لە سەر سەرۆک ئۆجەلان دروستکرد، شەرمەزار دەکەم، لەعنەتیان لێ دەکەم. پێیان دەڵێم کە هەتا مرۆڤایەتی هەبێت سەرۆکی ئێمە ڕێگای مرۆڤایەتی ڕووناک دەکاتەوە. ئەوەش با ببێتە وانەیەک بۆ ئەو پیلانگێڕانە.”

لە هەمان کاتدا ئیدعا دەکرێت کە خەلیل گوتوویەتی گەلی کورد بۆ خاوەندارێتی لە چارەنووسی ئۆجەلان کاری زۆری نەکردووە، بۆیە خەلیل شەن ڕەخنە لەو کوردانە دەگرێت کە لە ئەوروپا دەژین.

ئایا ئەوە ڕەوایە؟

پەکەکە لە ئێستادا لە سەر خەلیل شەن نامیلکە دەنووسێت و دەڵێت گوێ بدەنە خەلیل شەن و لە سەر ڕێگاکەی بەردەوام بن.

ئایا ئەوە ڕەوایە کەسێک خۆی بسووتێنێت و کەس زانیاری لە سەر ئەو خۆسووتاندنە نەبێت؟ کەس نەزانێت لەبەرچی خۆی سووتاندووە. ئەو سووتاندنە کاریگەریی لە سەر هیچ کەس و شتێک نەکردووە.

ئەوەی پەکەکە دەیکات تەنیا پڕوپاگەندەیە، پەکەکە مردنی پیرۆز دەبینێت، بەڵام ژیانی پیرۆز نابینێت. مردن بۆخۆی وەکوو هێزێک دەبینێت. ئەو چالاکییانە بۆ خۆی وەکو بابەتێکی پڕوپاگەندەیی دەبینێت. لە ساڵی 1999وە نزیک بە 30 ـ 40 کەس لە بەر پیلانگێڕی خۆیان سووتاندووە. بە گشتی ئەو کەسانە کێشەی دەروونیان هەبووە، سەریان لێ شێوابوو، لەگەڵ خۆیان و ژیانی خۆیان ئاشت نەبوون. ئەوان نەیەندەزانی لە ژیاندا چی بکەن بۆیە خۆیان دەسووتاند. پەکەکەش ئەو خۆسووتاندنانەی وەکوو شتێکی پیرۆز پیشان دەدا. دەیهەوێ مردن لەبەرچاوی خەڵک بکاتە شتێکی نۆرماڵ. ئەو چالاکییانە وەکوو کارێکی ئەرێنی پیشان دەدات. هەموو ساڵێک لە 15ی شوباتدا کە عەبدوڵا ئۆجەلان هاتەوە بۆ تورکیا کەسێک خۆی دەسووتێنێت و پەکەکە لە سەر ئەوە پڕوپاگەندە دروست دەکات و ئاراستەی هەستی کوردانی دەکات.

واتە پەکەکە ژیانی مرۆڤ وەکو فیشەکێک لەبەر چەکەکەی خۆی دەبینێت. پەکەکە مردن پیرۆز دەکات، بەڵام ژیان دەکوژێت.

خەلیل شەنی تەمەن 50 ساڵ لەم دونیایە ڕۆیشت. پەکەکە 10 ڕۆژی دیکە وێنەکەی بڵاو دەکاتەوە و پڕوپاگەندەی لەسەر دەکات. بەڵام لە دوای 10 ڕۆژەکە کەس نازانێت خەلیل شەن کێیە؟ مردن بۆ هەموو مرۆڤێکە و ئێمە هەموومان دەمرین، ئەگەر مرۆڤ لە پێناو وڵات و خاک و نامووسی خۆی شەڕ بکات و لە مەتەرێزی بەرەنگاربوونەوەی دوژمندا بمرێت، مانای هەیە. بەڵام هەستێت و بچێت لە دوای 25 ساڵ ژیان لە ئەوروپا و دوای تەمەنی 50 ساڵی خۆی بسووتێنیت چ مانایەکی هەیە؟ هەڵبەت کە بێ ڕامانە. ئەو کارە نە دین، نە ئەخلاق، نە پێوانەکانی ئازادی شتێکی لەو شێوەیە قبووڵ ناکەن. ئەوە ڕوانگەیەکی زۆر بێ مانایە کە خۆت بۆ کەسێک بسووتێنیت. عەبدوڵا ئۆجەلان 22 ساڵە لە تورکیا تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش مانی نەگرتووە، بۆ یەک ڕۆژ گلەیی لە برسیەتی نەکردووە. تەنانەت یەک زللـەشی بەرنەکەوتووە، تەنانەت بەپێچەوانە ئۆجەلان ئەوەشی بە دەوڵەتی تورکی گوت: “من ئامادەم خزمەتی ئێوە بکەم”، کەواتە لەبەرچی خۆی بۆ بسووتێنین؟

پەکەکە ئۆجەلانی لەسەر کورد کردۆتە بت “سەنەم”. لایەنگرانی پەکەکەش ئەو بتە دەپەرستن. ئایا ئەوە چ جیاوازییەکی هەیە لە گەڵ فیرعەونەکانی میسر کاتێک دەمردن دەبوا ئەندامانی بنەماڵەکەی و خزمەتکارەکانی لەگەڵیدا بنێژرابان؟ چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەو شێخەی کە موریدەکانی پێی ماچ دەکەن؟ ئەوە چەندە دواکەوتووییە، ئەوە چەندە کۆیلایەتیە.

با گەلی کورد بەو شتانە هەڵنەخەڵەتێن و هەستەکی نەبن. چالاکیهایەکی لەوچەشنە هیچکات سیمبولی ئازادی نین، بەڵکو نیشانەی کۆنەپەرستی و کۆیلایەتین.

پوستێن ھەمان بەش