کاریگەری پەکەکە و سوپای تورکیا لەسەر سیاسەتی چۆڵکردنی گوندەکان

ئەو سیاسەتەی کە پەکەکە و سوپای تورکیا لە 1994دا لە باکووری کوردستان بەڕێوەیان برد، ئێستا خەریکن لە باشووری کوردستانیش جیبەجێی دەکەن.

بە هاتنی وەرزی بەهار تێکهەڵچوون لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە لە ناو سنووری هەرێمی کوردستاندا سەرلە نوێ دەستی پێکردەوە. لەو تێکهەڵچوونانەی کە لە 24ی نیساندا دەستی پێکرد، زۆرترین زیان بەر گوندی کێستە لە ناوچەی بەرواری باڵا کەوت. باخەکان سووتان، مێش هەنگوینەکان لەناو چوون. لە دە ڕۆژی ڕابردوودا، تێکهەڵچوون ناوەە ناوە تا نزیکی 2 کم گوندەکان هاتووە. بەڵام شەوی 4ی مایس، دۆخەکە گۆڕا و تێکهەڵچوونەکان گەیشتنە ناو گوندەکە. کاتێک کە گریلا لە تەنیشت باخی گوندەکە و خانووەکانەوە تەقەیان لە سەربازانی تورک دەکرد، دوژمنیش بە کۆپتەر، فڕۆکە و تۆپ و هاوەن گوندی کێستەیان تۆپباران کرد. لە نیوە شەودا گوندنشینان مەڕوماڵات و هەندێک کەلوپەلی خۆیان هەڵگرت و چوونە گوندی چەلکێ.

دیار نیە کە گوندی چەلکێش هەتا کۆتایی ئەم حەفتەیە دەمێنێتەوە یان چۆڵ دەکرێت. لەبەر ئەوەی دانیشتوانی گوندی کێستە کە پەکەکە بۆ خۆی وەکوو قەڵخانی مرۆیی بەکاریان بێنێت نەماون، ئێستاش گریلاکان دەچنە تونێلەکانی گوندی چەلکێ و هروور کە خۆیان دروستیان کردووە و بەکاری دێنن. ئەوانەی کە مێژووی باکووری کوردستان لە نزیکەوە هەڵدەسەنگێنن دەبینن کە شوێنی سڤیل و ئەو پڕۆسەی کە لە رێگای خەڵکی سڤیلەوە لە تێکهەلچوونی سوپای تورکیا و پەکەکەدا لە ساڵی 19877دا افرێندراون هاوشێوەی یەکن. واتە، بە پێی نموونەی کێستە، ئێمە دەتوانین چەند بابەتێک ڕوون بکەینەوە.

تاوانی گوندی کێستە چیە؟

پەکەکە لە ساڵی 1985 بەدواوە لە دەورووبەری گوندی کێستە دێت و دەڕوات. تەنانەت مەعسووم قۆرکمازیش نانی گوندی کێستەی خواردووە. دانیشتوانی کێستە هیچ جارێک گریلاکانی پەکەکەیان لە گوندەکەیان دەرنەکردووە و خراپەیان لە گەڵیان نەکردووە. بە کلتووری میوانداری ئەوانیان حەواندۆتەوە. بەڵام پەکەکە لەبەرامبەر ئەو میواندارییەدا ڕێزی لە دانیشتوانی گوندەکە نەگرت. پەکەکە هەستا خەندەقی لە دەورووبەری گوندەکە هەڵکەند و خەڵکی گوند وەکوو قەڵخانی مرۆیی بەکار هێنا.

گوندی کێستە ڕووداوێکی لۆکاڵ نیە. لە ساڵی 1984ـەوە، 4000 گوند لەبەر تێکهەڵچوونی پەکەکە و سوپای تورکیا چۆڵکراون و سووتاون. ئایا بۆچی ئەو گوندانە چۆڵ دەکرێن؟ ڕۆشنبیرانی باشووری کوردستان، کە لە وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێن، پێویستە کە مێژووی باکووری کوردستان لە دوای ساڵی 1984 لە نزیکەوە بخوێننەوە و لێکۆڵینەوەی لێ بکەن. ئەگەر تۆزێک لە باکوور بڕوانین، چەند ئەنجامێکی گرینگمان دەست دەکەوێت.

لە ڕاستای چۆڵ کردنی گوندەکانی باکووری کوردستان

لە کاتی شەڕ لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا، دەوڵەت لە ساڵی 19984دا دەستی بە چۆڵکردنی گوندەکان کرد. بەڵام، چۆڵکردنی گوندەکان لە ساڵی 1994دا بە بەربڵاوی دەستی پێکرد. بە پێی داتا فەرمیەکان، لە باکووری کوردستاندا لە نێوان ساڵانی 1994 تا 1997دا نزیک بە 4500 گوند چۆڵکراون. 3 ملیۆن کورد ئاوارەی شارەکان بوونە.

ئەو پڕۆسەیە لەخۆیەوە پێش نەکەوت. لە ساڵی 1992دا دابڕانی باشووری کوردستان لە عێراق بە هێڵێک کە بە ناوی هێڵی 36 ناودەبرێت، دەوڵەتی تورکی وەکوو هەموو داگیرکەرانی دیکە نیگەران کرد. لەبەر ئەوەی دۆخی ڕەوا لە باشووری کوردستان بۆ هەموو کوردەکان بۆتە سەرچاوەیەک. بە تایبەتی لە بۆتان و دەڤەری جولەمێرگ، کە هاوسنووری سنووری باشووری کوردستانن، زۆرێک لە ناوچەکانیان بە باشی هەستیان بەو شنەبای ئازادییە دەکرد کە لە باشوورەوە هەڵیکردبوو. لە پیرۆزباییەکانی نەورۆزی 92دا، ڕادیکالیزمی نەتەوەیی هێزی مۆراڵی خۆی لە باشووری کوردستان وەرگرتبوو.

بە گەشەسەندنی باشووری کوردستان، دەوڵەتی تورک پێشی بڕیاری کردنەوەی هێڵی سنووری دا و لە 1994دا هەنگاو بە هەنگاو دەستی بە چۆڵکردنی گوندەکان کرد. بەڵام ئەوە پڕۆژەیەکی یەک لایەنە نەبوو واتە تەنیا هی دەوڵەت نەبوو. پەکەکەش پشتگیری ئەو بەرنامەیەی دەوڵەتی بۆ چۆڵکردنی گوندەکان کرد. لەبەر ئەوەی چۆڵکردنی گوندەکان لە بەرژەوەندی پەکەکەشدا بوو. بەڵێ، هەردوو لایەن لە چۆڵکردنی گوندەکان سوودمەند دەبوون. بەڵام بە چ شێوەیەک؟

چۆڵکردنی گوندەکانی کوردستان بە واتای هەڵوەشاندنەوەی ناسنامە دێت

ماوەی سەد ساڵە پۆلیتیکی دەوڵەتی تورک بۆ چۆڵکردنی کوردستان بەردەوامە. لەهەر دۆخێکدا، لەناوبردنی کوردان لە بەرژەوەندی تورکەکاندایە. بەتایبەتی لە چۆڵکردنی گوندەکان زۆر سوود وەردەگرێت. لەبەر ئەوەی گوند، بەراستی کاراکتەری شارە. ناسنامەی کلتووری و ژیانی ئابووری شارەکان بە هەبوونی گوندەکانەوە زیندوو دەمینێتەوە. هەوو شارێک پێویستی بە گوندەکان هەیە. بۆ ئەو مەبەستە، کاتێک کە تۆ بتهەوێت یاری بە ناسنامەی شارێک بکەی، پێویستە تۆ یەکەمجار ناسنامەی گوندایەتی تێک بدەیت. ئەوە لایەنی هۆشمەندی داگیرکەرییە.

گەل ئاوارەی شارە گەورەکان بوون، بێکار بوون، بەخێوکردنی ئاژەڵ نەما، کشتوکاڵ نەما، مرۆڤ بە کاری دەستی لە شارە بیانییەکان وەکوو کرێکار مەحکووم بە ژیان کران. ئاسمیلاسیۆنێکی گشتگیر لەسەر ئەو ئاوارانە بەڕێوە چوو. برسێتی، تینوێتی و لەناو ڕەزالەتێکی گەورەدا هێڵدراونەتەوە. ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان تورکیان نەدەزانی ئەمڕۆ منداڵەکانیان کوردی نازانن. زمانی کوردی لە کۆڵانی گوندە وێرا کراوەکان جێهێڵدرا. واتە، دەوڵەتی تورک بە چۆڵکردنی گوندەکان ڕۆح، هەست هۆشمەندی و زمانی کوردیشی داگیر کرد. ئایا پەکەکە لەوە چەند سوود وەردەگرێت؟

لەبەرچی پەکەکە گوندەکانی کردۆتە ئامانج؟

هەڵوێستی پەکەکە دوای ئەوەی کە کەوتە گەرەکەکانی بۆتان ئەوە بوو کە خەڵکی دەڤەرەکە بکاتە بەشێک لەو شەڕە. لە دەستپێکدا پەکەکە لەناو عەشیرەکاندا بووە هۆکاری کێشەکان، هەندێک عەشیرەت لەبەر کێشەی عەشیرەتی بوونە لایەنگری دەوڵەت. بە یاسای سەربازی زۆرە ملێ، گەنجەکان لە گوندەکان ڕفێندران، هێرشیان کردە سەر قوتابخانەکان و مامۆستایانیان کوشت. وەکوو دیکە، ڕێگای پەیوەندی و زانیارییان لە گوندەکان گرت. گوندنشینەکان لەبەر دەسەڵاتی پەکەکە نەیان دەوێرا ڕەخنە لە پەکەکە بگرن لەبەر ئەوەی دەکوژران. پەکەکە بە تێپەڕبوونی کات، زیاتر لە گوندەکان جێگیر دەبوو. کاتێک کە دەوڵەت لە ساڵی 1992دا هێرشی کردە سەر گوندەکان، پەکەکە بۆ دەوڵەت بیانووی باشی دۆزیەوە. پەکەکە هەموو کات لە گوندەکانەوە هێرشی دەکردە سەر قەرەقوولی تورکەکان و دواتر دەوڵەتیش هێرشی دەکردە سەر گوندەکان.

بەهاری ساڵی 1994، دەوڵەت و پەکەکە دەستیان بە داگیر کردنی ناوچە شاخاوییەکان کرد، ئەو شوێنانەی کە بە هەزاران ساڵ نیشتمانی کوردان بوو، وێرانیان کرد. بۆتان و زاگرۆس ببووە گۆڕستانێک کە تێیدا جن و شەیتان گوێیان لە دەنگی تۆپەکان دەبوو. پەکەکەش لەسەر ئەو ئاوارانە سیاسەتی دەکرد. منداڵانی ئاوارە لە بێهیوایی و بێکاری تێکەڵ بە پەکەکە بوون. پەکەکە و دەوڵەت نەیاندەویست کە گەل بە ئارامی بگەڕێنەوە گوندەکانیان.

نموونە: ئێستا 8000 کەس کە گوندەکانیان چۆڵ کردووە، لە کەمپی مەخموور دەژین، لە دەستی پەکەکەدا ماونەتەوە. بەڕاستی لەو باوەڕەدا بوون کە لە 2004دا بگەڕێنەوە باکوور. وەکوو دیکە، لە ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا ئیمزا کرابوو گارانتی بەو کەسانە درا کە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. بەڵام، پەکەکە گەڕانەوەی ئەو گوندنشینانەی لە بەرژەوەندی خۆیدا نەبینی و ئەوانی مەحکووم بە ژیانی کەمپی مەخموور کرد. لەبەر ئەوەش، پەکەکە ڕانت و پڕوپاگەندەی سیاسی لەسەر ئەوانەی کە لە کەمپی مەخمووردا دەمێننەوە دروست کرد. بەڕاستی لە نیوە زیاتری دانیشتوانی مەخموور چونەتە تورکیا و کێشەی ناسنامەی خۆیان چارەسەر کردووە. زۆر گەنج چوونەتەوە و سەربازییان بۆ سوپای تورکیا کردووە و گەڕاونەتەوە مەخموور. ئەمڕۆش، ڕۆژانە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر پڕیەتی لە دانیشتوانی مەخموور.

بە کورتی، ئەو سیاسەتەی کە پەکەکە و سوپای تورکیا لە 1994دا لە باکووری کوردستان بەڕێوەیان برد، ئێستا خەریکن لە باشووری کوردستانیش جیبەجێی دەکەن. دووبارە گوندەکان چۆڵ دەکرێن. لەو گوندانە ماڵ، ڕەز و مەڕی گوندنشینان لەناو دەبرێن و وێران دەکرێن. گوندنشینەکان ناچار دەبن بچنە شار و بێکار و بێ ماڵ بمێنن. ئەو گەنجانەی کە هەموویان لە گوند کاریان هەبوو، ئێستا بێکار ماونەتەوە. دواتر، پەکەکە دێت و پڕوپاگەندە دەکات کەوا بۆچی گەنجانی کوردستان بێکارن و هەوڵ دەدات کە لەسەر ئەو گەنجە بێکارانە خۆی ڕێکبخات.

کوردانی باکوور زۆر باش ئەو شانۆیە دەزانن. باکوورییەکان بینیان کە پەکەکە گەلی کوردی وەکوو قەڵخانی مرۆیی بەکار هێنا و سیاسەتی ئەوان ئێش و ئازاری میللەتی زیاد کرد. ئەمجار پێویستە گەلی باشوور پێش ئەوەی کە باشوور ببێتە باکوور ئەو ئەزموونەی باکوور باش بخوێننەوە و بە چاو کراوەییەوە بیبینن.

پوستێن ھەمان بەش