پەکەکە پڕۆژەیەکی دەوڵەتی تورکیایە، هەتا ئەو راستیە نەبینرێت، گوند و شاری کوردستان وێران دەبن و داگیرکەرانی کوردستان بەهێزتر دەبن و رێگانادەن کورد هەناسە بدات.
شەڕ لە نێوان سوپای تورکیا و گریلاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان بەردەوامە. لەو شەڕەدا، گوند و شوێن و نیشتمانی باشووری کوردستان بوونەتە بەرەی شەڕێکی دەستکرد و زۆر ئارمانجی شاراوە لە پشت ئەو شەڕەدا هەیە. لە ئەنجامی شەڕی ئەم دواییەدا 10 گوندی دیکە، لەبەر ئەو شەڕە نگریسە ماڵ و موڵکی خۆیان بە جێهێشتووە و باریان کردووە. لەلایەنی ئابووریشەوە لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانە تورکیا دارستانەکانی سووتاندووە و زیانێکی گەورە بەر ڕەز و باخ و بێستانەکانی هاوڵاتیانی ئەو گوندانە کەوتووە. واتە ژیانی خەڵکی ناوچەکە زۆر زەحمەت بووە.
پەکەکە زۆر بە ئاگاهیەوە پلانی داڕشتووە و پڕۆژەیەکی هاوبەشی پێشوو دەداتە خاکی باشووری کوردستان. بەڵام هەموو سیاسەتمەدارەکان تەنیا باسی شەڕ دەکەن و باسی ئەنجامەکانی شەڕ کە کێ سەردەکەوێت و کێ دەدۆڕێت دەکەن. هۆکاری بنەڕەتی ئەو شەڕە بە شێوەیەکی ڕاست و دروست شرۆڤە ناکەن. لە لایەکەوە ئەو شەڕە ڕۆژانە زیانێکی گەورە بە خەڵکی باشووری کوردستان دەگەیەنێت و ئەرکی دەسەڵاتی کوردستان قورستر دەکات. لە لایەنی سیاسیشەوە دەبێتە هۆکار بۆ دروست کردنی کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورە لە ڕێی داخوازە نەتەوەییەکانی کورداندا.
ئەمڕۆ بەرەی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە سەرانسەری ناوچە سنووریەکانی باشوور و باکووری کوردستانە. تورکیا هەنگاو بە هەنگاو لەو ناوچەیە بەرەو پێش دەچێت و لەگەڵ هەر بەرەوپێش چوونێکیش بنکەیەکی نوێی سەربازی دەکاتەوە. ئێستا هەموو بارەگاکانی پەکەکە کەوتوونەتە دەست سوپای تورکیا و بوونەتە بنکەی سەربازیی تورکەکان.
پەکەکە حیزبێکی باکووری کوردستانە، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بۆ جاربەجارێکیش بووە، هەندێک چالاکی بچووک لە باکووری کوردستان ئەنجام بدات، هیچ شەڕێک لەسەر خاکی باکووری کوردستان ناکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە سیاسەتی پەکەکە ئارمانجی دەوڵەتی تورکیای لە باکوور دەستەبەر کردووە و تورکیای بەرەو باشووری کوردستان هێناوە و بە ئارمانجێکی هاوبەش تورکیا لە ناوچەکە جێگیر دەکات. لەبەر ئەو سیاسەت و هەڵوێستەی پەکەکەیە کە تورکیا دەکەوێتە ناو خاکی باشووری کوردستان و بنکەی سەربازی دەکاتەوە، ئەگەر بەهۆی ئەو هەڵوێستەی پەکەکەوە نەبوایە، تورکیا نەیدەتوانی بەو شێوەیە باشوور داگیر بکات.
لەم قۆناغەدا دەسکەوتی هەرە بەرچاو بۆ هەموو کوردان کیانی باشووری کوردستانە. لە باشوور، لەگەڵ زۆر ئاستەنگدا خەبات دەکرێت کە ئەو بەشەی کوردستان بەرەو دەوڵەتبوون ببات. واتە لەم سەردەمەدا ئەگەر هیوایەک بۆ بە دەوڵەتبوونی کوردان هەبێت، تەنها باشووری کوردستانە. هەتا کورد نەبێتە دەوڵەت و خۆیان ڕێک نەخەن، هیچ گارانتیەک بۆ پاراستنی کوردان لە هیچ ناوچەیەک نیە. شتێک کە ڕێگا بدات کورد بگات بە مافە ڕەواکانی تەنها و تەنها بەدەوڵەتبوونە.
ئایا کێ لە دژی بە دەوڵەتبوونی کوردانە؟ بۆچی کورد نابن بە دەوڵەت و مافی نەتەوەیی خۆیان مسۆگەر ناکەن؟ ئەگەر وەڵامی ئەو دوو پرسیارە بە ڕوونی بدرێتەوە، هۆکاری شەڕی تورکیا و پەکەکەش باش دەزانرێت.
زۆر روونە کە ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا نایانهەوێت کورد ببێت بە دەوڵەت. ئەوە نەبەستراوەتەوە بەوەی کە کێ یان کامە لایەن لەو وڵاتانە لەسەر دەسەڵاتە. ئەوە سیاسەتی نەگۆڕی سەدان ساڵەی ئەو وڵاتانەیە. ئەو ڵاتانە دەوڵەتی کوردستانیان داگیر کردووە و ئەگەر بەوان بێت قەد رێگا نادەن کە کورد لە ژێر زوڵم و زۆرداری ئەوان دەربچن.
باشە، جگە لە داگیرکەران کێ نایهەوێت کە کورد ببێتە دەوڵەت، واتا لە حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردان کامە حیزب لە دژی بە دەوڵەتبوونی کوردان شەڕ دەکەن؟ پەکەکە و هەموو ئەو لایەنانەی کە سەر بە دەزگا و دامەزراوەکانی پەکەکەن، نایانهەوێت کورد ببێتە دەوڵەت. ڕۆژانە بەرپرسانی پەکەکە سەبارەت بەوە ڕاگەیەندراو دەدەن و لە بەرامبەر بەدەوڵەتبوونی کوردان لە تەنیشت دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا سەنگەر دەگرن و شەڕی کوردان دەکەن. هەتا کورد ئەوە بە روونی نەبینن و چاوی خۆیان نەکەنەوە، هیچ جارێک ناگەن بە مافە ڕەواکانی خۆیان.
خۆ تێنەگەیاندن لەو راستیە، چاوی سیاسەت کوێر دەکات و وا لە مرۆڤ دەکات کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆی شەڕ بکات. پەکەکە پڕۆژەیەکی دەوڵەتی تورکیایە، هەتا ئەو راستیە نەبینرێت، لە باکوور و باشوور گوند و شار وێران دەبن، دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر خاک و نیشتمانی کوردان بەهێزتر دەبن و ناهێڵن کورد هەناسە بدات.