ئازادکردنی ئۆجەلان

ئێستا دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەرهەمی ستراتیژی 50 ساڵەی “تەڵەی ئاپۆ” بچنێتەوە و دەیهەوێت ئۆجەلان لە دژی ئەو هیوایەی کورد بەکاربهێنێت کە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا چەکەرەی کردووە.

لەگەڵ لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی لە 22ی ئۆکتۆبەر کە تێیدا ڕایگەیاندبوو “با عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت و لە پەرلەمان قسە بکات، با سوود لە مافی هیوا وەربگرێت”، عەبدوڵڵا ئۆجەلان جارێکی دیکە کەوتە ناو ڕۆژەڤی کوردەوە… ئاقڵی دەوڵەتی قووڵی تورکیا دەیهەوێت قۆناغی سێیەمی ستراتیژی 50 ساڵەی ئۆجەلان بەم شێوەیە درێژە پێبدات.

Saving Privete عەبدوڵڵا ئۆجەلان

فیلمی “Saving Privete” (رزگارکردنی ئەر ڕایان) کە لە ساڵی 1998دا دروستکراوە، چیرۆکی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی سەربازێکی ئەمریکی بە ناوی “ڕایان” لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا دەگێڕێتەوە. بەپێی چیرۆکەکە، 8 سەرباز دەچنە هێڵی پێشەوە بۆ ئەوەی ڕایان بنێرنەوە بۆ ماڵەوە و لەوێ دەمرن. تەنها ئەر ڕایان ڕزگاری دەبێت. فیلمەکە کە چەندین پەیامی سیاسی تێدایە، لە ڕاستیدا گیانلەدەستدانی خەڵک بۆ ڕایان، پیرۆز و شکۆمەند دەکات. بەڵێ ڕایان تەنها بیانوویەکە، لە ئەسڵدا سیستەم و ساختەکارییەکی لە پشتەوەیە. هەروەها ماوەی 26 ساڵە کورد بە ئەنقەست بەرەو “ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان” ئاراستە دەکرێت. ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وتی: “دەمەوێت وەک سەربازێک خزمەت بە دەوڵەتەکەم [تورکیا] بکەم”، دەتوانین بڵێین دەستەواژەی “رزگارکردنی ئەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان” بۆ ئەم دۆخە زۆر گونجاوە.

تەڵەی 50 ساڵەی ئاپۆ

دەوڵەتی تورک لە ساڵانی 1970 بەملاوە، پرسی ئۆجەلانی وەک هەنگاوێکی ستراتیجی دژ بە کورد هێنایە ئاراوە. بەشی یەکەمی ئەو ستراتیژە کە دەتوانین ناوی بنێین تەڵەی ئاپۆ، ستراتیژیی قبوڵکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک سەرۆک ئاپۆ لەلایەن کوردەوە بوو.

دەوڵەتی تورک لە نێوان ساڵانی 1974 بۆ 1998 هەوڵیدا ئۆجەلان بکات بە سەرۆکی کوردان. بە درێژایی ساڵانی 1980دا، هەموو دامودەزگا چەپەکانی ناوەند لە ئەستەنبوڵ، وەک یالچین کوچیک، ئۆجەلانیان وەک ڕێبەری کورد دەخستەڕوو. دەوڵەتی تورک لە واقیعی دەروونی-کۆمەڵایەتی کورد تێگەیشتووە: چەندە تورک ڕق و قین لە شتێک دەرببڕێت، کورد زیاتر بەو شتەوە دەلکێ و پێوەی پەیوەست دەبێت. بۆیە ئۆجەلان وەک کەسێک پێشکەش بە کورد دەکرا کە دەوڵەتی تورک لێی دەترسێ  و ڕقی لێیەتی. میسیۆنێرەکانی دەوڵەتی تورک وەک یالچین کوچیک و دۆگو پەرینچەک، بەدرێژایی ساڵان هەوڵیان داوە ئۆجەلان وەک باوکی کورد لە کۆمەڵگادا جێبخەن. سەرەڕای هەموو مێژووە تاریکەکەی ئۆجەلان، سەرەڕای پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک، سەرەڕای ئەوەی هەڤاڵەکانی خۆی کوشت بۆ ئەوەی تەنیا خۆی بمێنێەوە، دەوڵەتی تورک بە دەستی خۆی ئەوەی وەکوو “ڕێبەر ئاپۆ” پێشکەشی بە کوردان کرد.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان-پەکەکە-دەوڵەتی تورک: دەبێت کورد لەپێناو ئۆجەلاندا بمرێت

ئۆجەلان درکی بەم شتە کرد: “هەرچەندە کورد زیاتر لە دەوری کۆببنەوە، بۆ دەوڵەتی تورکیا گرنگتر و بێ بەدیلتر دەبێت”. دەوڵەتی تورکیاش بەمشێوە ئەم هاوکێشەیە دەبینێ: “کورد چەندە ئامادە بێت بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بمرێت، بەو ڕادەیە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەبێت”.

پەکەکە لە 15ی شوباتی 1999دا و کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان هاتەوە تورکیا، بڕیارێکی زۆر گرنگی دا و گوتی: “تا سەرۆکەکەمان لە دیلیدا بێت، بڕیارەکانی پەیوەندیی بە ئێمەوە نیە”. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دروست بوو. چونکە ئۆجەلان لەکاتێکدا کە هێشتا لەناو فڕۆکەکەدا بوو، گوتبووی “دەمەوێت خزمەت بە دەوڵەتەکەی خۆم [تورکیا] بکەم”. جگە لەوەش، مەحاڵ نیە کە “زیندانیەک” بتوانێ بڕیاری سەربەخۆ بدات.

سەرکردایەتی پەکەکە ویستیان “عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک ڕێبەری ڕۆحی ڕابگەیەنێت” و لە کردەوەدا ئەوان بۆخۆیان بڕیار لەبارەی شەڕ و ئاشتیەوە بدەن. کاردانەوەی ئۆجەلان بەرانبەر بەم هەڵویستەی پەکەکە زۆر توند بوو. چونکە دەوڵەتی تورک وەبەرهێنانی لەسەر کردبوو “تا بتوانێت پەکەکە و کورد کۆنتڕۆڵ بکات” و ئەگەر دەوڵەت ببینێت کە ئاپۆ ناتوانێت ئەم کارە بکات، ئەوا مافی ژیانی نابێت. دەوڵەتی تورکیش دەیهەویست کە ئۆجەلان سەرکردایەتی ئەو ڕێکخراوە بکات. ئۆجەلان لە مانگی ئازاری ساڵی 1999دا نامەیەکی نارد و هەڕەشەی لە کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە و دامودەزگاکانی ئەوروپای پەکەکە کرد. ئۆجەلان وتی: “من ڕێبەری ڕۆحی و مەعنەوی نیم، من ڕێبەرێکی سیاسی و سەربازیم”. هەروەها دەوڵەتی تورکیش لە ساڵانی 1999 و 2000دا هەم نامەی بۆ کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە لە قەندیل نووسی و هەمیش لێژنەیەکی بۆ قەندیل نارد و پێیڕاگەیاندن کە ئەگەر پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕەت بکاتەوە، “هیچ سەرکردەیەک بە زیندووی ناهێڵێتەوە”. کەسانی دروستی ناو پەکەکەش بەمشێوەیە تێکەڵ بە “ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ئۆجەلان” بوون.

گەلی باکوور هەمیشە بە وشەی شەڕ و بەرخۆدان و خەبات هان دەدران. ئیدی شەڕ نەما و دەرکەوت کە پەکەکە چەندە بە ئاسانی دەتوانێت بە مەعنەوییاتی ئۆجەلان خەڵک و کادیرەکانی هان بدات. دەیانگوت ئۆجەلان لە گۆشەگیری (تەجرید)دایە و خەڵک دەڕژانە سەر شەقامەکان و دەیانگوت “ڕێبەرەکەمان ژەهراوی دەکرێت” و تاکەکان مانیان لە خواردن دەگرت. پەکەکە گەیشتبووە ئەو ئاستەی کە ئیدی دەیگوت “ئۆجەلان لەبری ئێمە قسە دەکات”.

بەشی دووەمی تەڵەی ئاپۆ: ڕزگارکردنی ئۆجەلان

ئۆجەلان زیانێکی زۆر گەورەی بە سۆسیۆلۆژیی کوردان گەیاند. دامەزراوەکانی وەک خێزان، ژن ـ پیاو، ڕەگەز، ئایین و دامەزراوە مێژووییەکان بێمانا کران و لەناوبران. زیانێکی دیکە ئەوە بوو کە دژی پیرۆزیی ژیانی مرۆڤەکان بوو. ئۆجەلان “خۆسوتاندنی مرۆڤەکانی پیرۆز کرد”. ئۆجەلان لە ساڵی 1988 بەملاوە، لە ناو پەکەکەدا و بەتایبەتی لە ناو ژناندا، کۆمەڵێک موریدی پەروەردە کرد، کە تا مردن دڵسۆزی بن و بە مەرگی ئەوان، زرخێک بۆخۆی دروستکرد. ڕەوایەتیی بە خۆسووتاندنی مرۆڤەکان دا. یەکەم هەنگاو لەم بوارەدا لەلایەن “سەما یووجە”ـەوە هەڵگیرا و لە 21ی ئازاری 1998دا لە زیندان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ئەو کچە 22 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو و دەوترێت ئەوکات پەیوەندی خۆشەویستیی لەگەڵ بەرپرسی زیندانەکانی پەکەکە هەبووە و سزا درابوو. سەما یووجە لەسەر ئەو پەیوەندییەی خۆی وەک “بێ ئەخلاق و خیانەتکار” ناوزەد کرا و لێکۆڵینەوە لێکرابووسەما کە تووشی کێشەی دەروونی هاتبوو و ماندوو بوو، بۆ ئەوەی خۆی بۆ پەکەکە بسەلمێنێت، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

بەڵام لە کاتێکدا سەما ئاگری لە جەستەی خۆی بەردەدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆشکەکەیدا لەگەڵ ژناندا های لایڤ دەژیا.

کاتێک خەڵک خۆیان بۆ ئۆجەلان دەسووتاند، ئۆجەلان بۆخۆی چی دەکرد؟

لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە 200 گەنجی کورد لە پێناو ئۆجەلاندا ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە.

پەکەکە و میدیاکانی و ئۆجەلان گەنجانی کوردیان هان دا کە ئاگر لە جەستەی خۆیان بەربدەن. پاشان، نزیکەی 200 کەس ئاگریان لە خۆیان بەردا کە زۆربەیان لە زیندان و شاخ و ئەوروپادا بوون. هەندێک لەوانەی ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، زۆر گەنج بوون و نەیاندەتوانی لە مانای ڕاستەقینەی ژیان تێبگەن و پروپاگاندای پەکەکە کاریگەریی لەسەر دانابوون. زۆربەیان کەسانێک بوون کە لە ژیاندا سەختی زۆریان بینیبوو و دواجار لە ژیان بێزار ببون و خۆیان تەسلیمی مەرگ کرد. هەندێکیان ئیدی بەرگەی زیندانی بوونیان نەدەگرت، هەندێکیشیان پەنابەر بوون و باری دەروونییان تێکچوبوو. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە کاتێک خەڵک بە دروشمی “ئێوە ناتوانن ڕۆژی ئێمە تاریک بکەن” چالاکییان لەپێناو ئۆجەلاندا ئەنجامدەدا، ئۆجەلان بۆخۆی لە ناو فڕۆکەکەدا دەیگوت: “دایکم تورکە، دەمهەوێت خزمەت بە دەوڵەتی خۆم [تورکیا] بکەم”.

چالاکییەکانی ڕزگارکردنی ئۆجەلان لە دوای 15ی شوباتی 1999

لە دوای 15ی شوبات و بە تایبەتی لە ساڵی 2004 بەملاوە، لە سەدا 90ی ئەو چالاکییانەی کە پەکەکە لە ئەوروپا و باکووری کوردستان و ڕۆژئاڤا ئەنجامیدان، تەنیا لە پێناو ئۆجەلاندا بەڕێوەچوون.

ـ ساڵی 2004 لە باکووری کوردستان “کەمپینێکی خۆ ئیخبارکردن” دەستیپێکرد. هەزاران کەس نامەیان نووسی و دەیانگوت “عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری گەلی کوردە، ئەو ئیرادەی منە” و دایان بە دەوڵەتی تورک. دەوڵەت بۆخۆی پاڵپشتی ئەو چالاکییەی دەکرد.

ـ لە ساڵانی 2005-2006دا کەمپینێک بە ناوی “ئۆجەلان ئیرادەی سیاسی منە” دەستی پێکرد. بۆ ماوەی ساڵێک، کورد بەدوای ئەم هەڵمەتەدا چەقێندرا.

ـ  لە ساڵی 2007دا کەمپینێک بە ناوی “ئیدی بەسە” دەستی پێکرد. کوردان بۆ ماوەی دوو ساڵە بەم کەمپەینە چالاکییان کرد.

ـ ساڵی 2007 پەکەکە بانگەشەی ئەوەی کرد کە “سەرۆک ئاپۆ لە ئیمرالی ژەهراوی دەکرێت”. خەڵک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە “ژەهراویکردنی ئۆجەلان” مانیان لە خواردن گرت و خۆیان سووتاند. کورد لە ساڵانی 2007-2008دا بەم کەمپەینەوە سەرقاڵ کرا. ماوەی 18 ساڵ بەسەر ئەم ئیدیعایەدا تێپەڕ بووە و ئۆجەلان تەمەنی بووەتە 76 ساڵ و تا ئێستاش لە تەندروستییەکی زۆر باشدا دەژی.

ـ ساڵی 2009 هەڵمەتێک بە ناوی “ڕێزدار ئۆجەلان” دەستیپێکرد. خەڵک بە گوتنی “من بە ئۆجەلان دەڵێم، ڕێزدار” خۆیان ئیخبار کرد. پەکەکە بەم دەستەواژەی “ڕێزدار”ـەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ کوردی لە تورکیاوە هەتا ئەوروپا سەرقاڵ دەکات.

ـ ساڵی 2012 لە زینداندا مانگرتن لە خواردن ئەنجامدرا. پەکەکە کادیرانی خۆی لە ناو زیندانەکاندا وەکوو ئامرازێک بەکارهێنا. لە ساڵی 2012دا، لەکاتێکدا کە گفتوگۆ لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا لەئارادا بوو، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پەکەکە بۆ ماوەی 68 ڕۆژ کادیرانی خۆی لەناو زیندانەکاندا بەکارهێنا بۆ ئەوەی کە مان لە خواردن بگرن.

ـ کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ ئازادیی ئۆجەلان لە ساڵی 2012 دەستیپێکرد و کورد بۆ ماوەی دوو ساڵ بەم هەڵمەتەوە سەرقاڵ کرا.

ـ مانگرتن لە خواردن کە لەیلا گوڤەن لە ساڵی 2018دا دەستی پێکرد، مێژوویەکی تاریکی هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە. لەم ماوەیەدا 7 کەس لە زیندان و کەسێکیش لە ئەوروپا بۆ پشتیوانی لە ئۆجەلان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ـ لە ساڵی 2012 تا 2024 پەکەکە بۆ ماوەی 12 ساڵ لە شاری ستراسبۆرگ چالاکییەکی بە ناوی “نۆبەداری” ئەنجامدا. بە ڕێپێوانی دوورودرێژ و هتد… جەماوەری ئەوروپی پەکەکە بەم کارە چەواشە کران.

ئەم کورتە مێژووە دەریدەخات کە چۆن عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پیلانێکی ستراتژیک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە وەک سەرۆک پێشکەش بە کورد کراوە.

لە ماوەی ٢٦ ساڵی ڕابردوودا، کورد لە جیاتی هەنگاونان بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی و کولتووری کوردی و مافە ڕەواکانی خۆی وەک نەتەوەیەک، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی “رزگاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان”دا ئاراستە دەکرێت و بەم شێوەیە لە ئامانجە کوردستانییەکانی دوور خراونەتەوە.

ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە تەرمی گەنجانی کورد دەورە دراوە. بەم شێوەیە وێرانکارییەکانی ئۆجەلان و ڕێکخراوەکەی پەردەپۆش دەکرێت و گەلی کورد مانیپۆل دەکرێت. هەتا کۆمەڵناس و مێژوونووسانی کورد لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم قۆناغەی دوایی بکەن و لە نزیکەوە شیکاری “تەڵەی ئۆجەلان” نەکەن، ناتوانن مێژووی هاوچەرخی کوردستان بنووسن.

ئێستا دەوڵەتی تورک دەیەوێت بەرهەمی ستراتیژی 50 ساڵەی “تەڵەی ئاپۆ” بچنێتەوە و دەیهەوێت ئۆجەلان لە دژی ئەو هیوایەی کورد بەکاربهێنێت کە لە ڕۆژئاڤای کوردستاندا چەکەرەی کردووە.

پوستێن ھەمان بەش