ئازادی بەبێ ڕێکخراوێکی نەتەوەیی بەهێز و خاوەن ئابوورییەکی باش و ئیمکانیاتی هێژا بەدی نایەت.
بووبێ ئەسەر
بێ ئاگاداری ئێمە، (ئەو شتانەی لە بابەتی یەکەمدا باسمان کرد)، دوژمن کاری خۆی بە باشی کردووە و بەردەوامیشی دەیکەن. بەڵام وەک حیزب و ڕێکخراوەکانی باکوری کوردستان پێویستە لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی تێبگەن کە چییان بەسەر هاتووە.
ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ناتەبایی لە نێوان حزبەکانماندا. ئەگەر لەم هەلومەرجە سەخت و دژوارەدا ناتوانین یەکڕیزی یان هاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەدی بهێنین، ئەمە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان، واتە پەروەردەی زیندانی دیاربەکرە.
هێشتا لەناو حیزب و ڕێکخراوەکانی باکووری کوردستاندا سیخوڕ زۆرن. دەبێ هەموو ڕێکخراوێک چاوێک بە ناوخۆی حزبەکەیدا بخشێنێت و ئاوڕ لە ژیانی یەکەیەکەی کادیر و ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بدەنەوە، پێشینەیان لەبەرچاو بگرن، بەدواداچوون بۆ هەڵوێست و قسە و کردەوەکانیان بکەن. ئەوکات دەبینین کە چەندە سیخوڕ و کەسانی وەک ئەوان لەناو ئێمەدا بوونیان هەیە. من باوەڕم وایە لە باکووری کوردستان کەسی لەو جۆرە زۆر هەن. زۆرێکیان دەستیان بەسەر هەندێک پۆستی سەرەکیدا گرتووە و کار بۆ ڕێگریکردن لە یەکڕیزی، هاوکاریکردن یانیش رێگری لە دامەزراندنی بەرەیەکی نەتەوەیی دەکەن.
پێش دروست کردنی ئەو زیندانەی پێی دەگوترا 5نۆلی. زیندانییەکان هەڵوێستی هاوشێوەیان هەبوو و متمانەیان بە هەڤاڵانیان هەبوو، چالاک و زیرەک بوون. یەکڕیزیی نێوانیان و هەماهەنگییان باش بوو. جگە لە پەکەکە، هەموو زیندانییەکانی دیکە پێکەوە کاتێکی خۆشیان بەسەر دەبرد، پێکەوە بوون و شەڕ و ململانێ لە نێوانیاندا نەبوو.
هەر ڕێکخستنێک ئەو هەڤاڵانەی خۆی کە خێزانەکانیان هەژار بوون بە تەنیا جێ نەهێشت. هەموو پارەکانیان لەلای یەک کەسدا کۆ دەکردەوە و وەک کۆمۆنێک پێکەوە دەژیان. جگەرە و خواردن لە دەرەوە دەکڕدرا و جگە لە هەندێ ئیستیسنا، بەشێوەیەکی یەکسان دابەشکرا. بەم شێوەیە ئەوانەی پارەیان هەبوو و ئەوانەی خێزانەکانیان هەژار بوون و نەیاندەتوانی پارەیان بۆ بنێرن، هاوشیوەی یەکتر دەژیان.
بەڵام لەگەڵ کردنەوەی ئەو زیندانە بەناوبانگە، بە زەبری هێز و لێدان، وردە وردە ئەم فۆرمەی ژیانە لە نێو زیندانییەکاندا دوورخرایەوە. ئیدی هەر کەسە و بۆخۆی و بە پێی توانای خۆی دەژیا. هەروەها ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی متمانە بە ڕێکخستن لە نێو زیندانییەکاندا. ئەمە ساڵانێک بەردەوام بوو، ئیدی هەرکەسێک تەنها بۆخۆی لە زینداندا دەژیا. هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کە ڕێکخراوبوونی زیندانییەکان لەناو ببەن و تا ڕادەیەکی زۆریش تێیدا سەرکەوتوو بوون.
ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر زیندانییەکان دانا. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا پەیوەندی و خۆشەویستی و متمانەی نێوان زیندانییەکانیش لەناوچوو. ئەمەش وەک کولتوورێک لە مێشکی زیندانییەکاندا ڕەگی داکوتا. تەنانەت دوای دەرچوونیان لە زیندانیش، زۆربەی کادیرانی پێشوو نەیاندەویست کارەکانیان بە شێوەیەکی ڕێکخراو ئەنجام بدەن. بە واتایەکی تر زیندانییەکانیان ناچار کرد ئەو کولتوورە قبووڵ بکەن. تەنانەت دوای ئازادکردنیان، زۆربەی کادیرە زیرەکەکان ئیتر لە کاری ڕێکخراوەیی نزیک نەبوونەوە.
ئەگەر بارودۆخی ئێستای باکوری کوردستان و دۆخی ئەو زیندانە بەراورد بکەین، دەبینین زۆربەی ئەو کادیرە زانا و لێهاتووانەی ئەمڕۆ بوونیان هەیە، بەشێوەی تاکەکەسی و سەربەخۆ دەجووڵێنەوە و کار دەکەن. لەخۆیدا ئامانجی ئەو زیندانەش هەر ئەوە بوو کە گریگی و کاریگەریی ڕێکخستن و چالاکیی ڕێکخراوەیی لە هزری تاکەکاندا وەلا بنێت و هەر واشی لێهات.
سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی باکوری کوردستان بکەن، دەبینن زۆربەی ئەو کادیرانەی لەو زیندانە هاتوونەتە دەرەوە، بە تاقی تەنها خۆیان کار و چالاکی دەکەن. نووسەر، توێژەر، ستوون نووس، دەنگبێژ و هتد… زۆربەیان لە کاری ڕێکخراوەیی ڕادەکەن. ئەوان بەشدار نابن و ناشیانهەوێت کە بەشداری کاری ڕێکخراوەیی بکەن. بەڵام ئەوانەی کە زۆرترین ڕەخنەش لە حزبەکان دەگرن، هەر خودی ئەوانەن.
جارجارە تێزێک دێننە پێشەوە و دەڵێن: “ئەم ڕێکخراوانە ئەمڕۆ وەڵامدەری قۆناخی ئێستا نین. ڕێکخراوەکانمان ئیدی گەیشتوونەتە کۆتایی تەمەنی بەسوودی خۆیان و ئێمە پێویستمان بە ڕێکخراوی مۆدێرن هەیە”. بەڵام ناڵێن و نانووسن بۆ ڕێکخراوێکی مۆدێرن چی پێویستە و هیچ کارێک و هەوڵێکیشی بۆ نادەن و هەموو شتەکانیان تەنها بە نووسین دەمێننەوە. بێگومان نووسین باشە و ڕێنیشاندان کار و ئەرکێکی پیرۆزە. بەڵام ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمەی کورد پێویستمانە کاری ڕێکخراوەیی و بەهێزە. بەرپرسیارێتی ئەوەیە کە هەرکەسە لە پێناو ئازادیی گەلەکەیدا ڕیسک بکات و دەستی بخاتە ژێر ئەو بەردەی کە ڕۆژێک وڵات ئازاد دەکات.
بەڵام تێبینی ئەوە دەکرێت کە ئەوان هیچ پێشنیارێکی کۆنکرێتییان بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی مۆدێرن نییە. ناڵێن کێشە و کەموکووڕیەکان کامانەن و ڕێگاچارەسەر دەبێ چی بێت، باسی ناکەن و تەنانەت بۆخۆشیان هەوڵی بۆ نادەن کارێکی لەو شێوەیە ڕووبدات. ئەگەر کاری ڕێکخراوەکەش سەرکەوتوو نەبێت، ڕەخنەکانیان دەستپێدەکەن. لەبیریان دەچێت کە وڵاتانی داگیرکراو، ئەستەمە بەبێ ڕێکخستن، بە ئازادی و سەروەری بگەن و سەربەخۆیی خۆیان ڕابگەیەنن.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەموکووڕیانەی ئێستا، پێویستە ڕۆشنبیرانمان، سەرکردەکانمان، حزبەکانمان، هێزەکانمان سەرلەنوێ بە دۆخی ئەو زیندانەدا بچنەوە، ئەوکات دەبینن ئەو کارانەی کە لەو زیندانەدا دەکران و بەسەرماندا دەسەپێندران، لە ئێستادا زۆربەی پاڵەوانەکانی ئەو سەردەمە، بە ئارەزووی خۆیان دەیکەن.
بۆ ئەوەی بتوانین وڵاتەکەمان ئازاد بکەین، پێویستمان بە ڕێکخراوێکی مۆدێرن و بەهێز و بەتوانا هەیە. ڕێکخراوێکمان پێویستە کە ئابوورییەکی باش و دیپلۆماسییەکی باشی هەبێت. بەڵام بەڕاستی کێ لە ئێمە ئەمە نازانێت؟ مادام کە ئێمە دەیزانین، پێویستە خۆمان دەست بە کار بکەین.
ئێمە دەزانین، بەڵام نامانەوێت فێربین، کە ئەمە دەکرێ لە ڕێگەی هاوکاریی هەموومانەوە بەدەست دێت. ئەگەر یەکگرتوو بین، بە بیرهێنانەوەی ئەشکەنجە و ئازارەکانی ئەو زیندانە، دەتوانین ئەو حیزبە پێکبهێنین کە زۆرێک دەیڵێن بەڵام نایکەن. ئەگەر هەریەکەمان لای خۆمانەوە دەستمان بخەینە ناو دەستی یەکتر، ئەوا ڕێکخراوێکی بەهێزمان دەبێت. ئەگەر هەریەکەمان بە پێی توانای خۆمان لە ڕووی داراییەوە هاوکاری حزبەکانمان بکەین، ئاستەنگی دارایی ڕێکخراوەکان لادەبرێن.
ئەگەر زۆرینەی نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد خۆیان ڕێکبخەن و لە چوارچێوەی پارتێکی سیاسیدا جێگەی خۆیان بگرنەوە، ئەو حزبەش لە نووسەران و ڕۆشنبیران هێز بەدەست دەهێنێت. لە کاری ڕێکخراوەییدا تاکەکان بە تەنیا نامێننەوە. بۆ زاڵبوون بەسەر تەنیاییدا، پێویستە ڕێکخراوێکمان هەبێت کە خاوەنداریتیمان لێبکات.
پێویستە باش ئاگادار بین کە ئازادی وڵاتێکی داگیرکراو تەنها لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی بەهێز، خاوەن ئابوورییەکی باش و یەکگرتووەوە بەدەست دێت. بەبێ ئەمە دەتوانین وەک تاک خۆمان ڕزگار بکەین، بەڵام براکەمان لە ژێر داری داگیرکەراندا بناڵێنن. ئێمە دەتوانین وەک تاک پارەمان هەبێت، بەڵام خەڵکە هەژارەکەمان لە برسێتیدا دەمرن یان کوێر دەبن.
بێگومان شتێک نییە بە ئەندازەی ناوی ئازادی جوان و خۆش بێت. بەڵام ئازادی شەخسیی، کاتییە. چونکە داگیرکەرەکان هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن بە ئاسانی موڵکەکەت لێ وەربگرنەوە. هەنگاوێکی زیاتر هەڵبگریت، زیندانییت دەکەن. واتە دەرفەتت پێ نادات کە بە ئازادی خۆت و بەو شێوەیە بژیت کە دەتهەوێت.
مادام دۆخەکە بەم شێوەیەیە، دەبێت خۆمان ڕێکبخەین. ئازادی بەبێ ڕێکخراوێکی نەتەوەیی بەهێز و خاوەن ئابوورییەکی باش و ئیمکانیاتی هێژا بەدی نایەت. ئەوەش تەنها لە ڕێگای پێکهێنانی بەرەیەکی نەتەوەیی بە بەشداریی هەموو حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان پێکەوە، بەدی دێت.
بۆ ئەوەی سبەی ڕۆژ منداڵەکانمان لە وڵاتی ئازادی خۆیاندا بژین و ئازادانە وڵاتی خۆیان بەڕێوەببەن، پێویستە ئێمە ئەمڕۆکە پێکەوە بین، یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین. ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی لە ڕێگەی ڕێکخستنەوە سەردەکەوێت. هەر بۆیەش دوژمنانمان و پەکەکە هەموو هەوڵێکیان بە باشی دەدەن بۆ ئەوەی نەهێڵین ڕێکخراوێکی نەتەوەیی و بەهێزمان هەبێت. بۆچی ئێمە کاری خۆمان ناکەین؟؟ (بەردەوام دەبێت)