“وادیارە پەکەکە نامەیەکی بۆ ئۆجەلان نووسیوە و ڕایگەیاندووە، ئەم ناوەڕۆکە نارەزایەتیی گەلی لێدەکەوێتەوە”.
پرسی نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە چاوەڕوان دەکرا لە ڕێکەوتی 15ی شوباتدا بڵاوبکرێتەوە و دواتریش ڕاگەیەندرا کە بەیاننامەکە لە 15ی شوباتدا ناگات، هێشتا تێکەڵوپێکەڵییەکان هەر بەردەوامن. لە کۆتاییدا جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە ڕایگەیاند کە ئەوان “نامەیەکیان لە ئۆجەلانەوە پێگەیشتووە”. لە ئێستادا مشتومڕێک هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا نامەکەی ئۆجەلان دەخوێندرێتەوە یان نا.
ئایا پەکەکە ڕێگری لە ڕاگەیاندراوەکەی ئۆجەلان دەکات؟
دەگوترێت 6 ڤیدیۆی جیاواز هەن کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئامادەی کردوون و ڕادەستی دەوڵەتی تورکی کردوون. ئەو گرتە ڤیدیۆییانە کە دەگوترێ بۆ ئیدارەی ڕۆژئاڤا، سەرکردایەتی کەجەکە، بەرێوەبەرانی باکوور و بۆ گەلن، لە پشت پەردەی “پارتی دەم”ـەوە باسیان لەسەر دەکرێت. هەروەها نزیکەکانی پارتی دەم باس لەوە دەکەن کە کەجەکە دڵگەرمیی بەو نامانە نیشان نەداوە کە لە ئۆجەلانەوە نێردراوە و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانە دەکات. هەروەها کەجەکە ڕێگریی لە ڕاگەیاندنی فەرمی ئاکامی کۆبوونەوەکانی شاندی پارتی دەم لەگەڵ ئۆجەلان کردووە.
دوای کۆبوونەوەی دووەم، پارتی دەم ڕایگەیاند کە “بەیاننامەیەک بە واژۆی ڕاستەوخۆی ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە”، بەڵام دواتر بەیاننامەکەی خۆی کشاندەوە و هیچ ڕاگەیەندراوێکی بڵاونەکردەوە. نزیکەکانی پەکەکە دەڵێن: “قەندیل فەرمانی بە پارتی دەم داوە کە ڕاگەیاندراو نەدات”.
پێشتر پێگەی “دارکا مازی” ئاسکرای کردبوو کە نامە نیردراوە؟
کۆنسەی بەڕیوەبەریی کەجەکە لە زۆر ڕێگاوە هەوڵی بۆ ئاستەنگکردنی پەیامە ڤیدیۆییەکانی ئۆجەلان داوە. یەکێک لەو ڕێگایانە ئەو لێدوانە بوو کە دەیانگوت “ئێمە ئاگاداری پرۆسەکە نین”.
تا دوو ڕۆژ لەوەپێش سەرکردەکانی پەکەکە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هیچ نامەیەکیان لە ئۆجەلانەوە پێنەگەیشتووە و دەیانگوت “لە ڕێگەی میدیاوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەن”. بەڵام پێگەی “دارکا مازی” لە هەواڵێکیدا کە لە ڕێکەوتی 24ی کانووندا بڵاویکردۆتەوە، ئاشکرای کردبوو کە تولای هاتیمۆغڵو لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی نامەیەکی ئۆجەلانی بۆ پەکەکە بردووە و وەڵامی نامەکەشی وەرگرتووەتەوە و بردویەتیەوە بۆ دەوڵەت.
ئایا پەکەکە قسەکانی ئۆجەلان لە ڤیدیۆکاندا قبووڵ ناکات؟
دوای ئەوەی کە ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا گەڕایەوە بۆ تورکیا، پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی پەکەکە و ئۆجەلان لەوە زیاتر ئاڵۆزتر بوو کە پێشتر بیری لێدەکرایەوە. جەمیل بایک کە بە پیاوی دووەمی ناو پەکەکە ناسراوە، لە دەرەوە پەکەکەی خۆی دامەزراند. دارکا مازی پێشتر لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردبووەوە و دەریخستبوو کە جیاوازییەکە چەندە گەورەیە.
هەم لەناو بازنەی دەوروبەری پەکەکە و هەم لەناو بازنەی پارتی دەمدا باس لەوە دەکرێت کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێککەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هەیە و شەرت و مەرجەکانی ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن قەندیلەوە ڕەتکراوەتەوە. هەروەها کادیرانی پەکەکە لە ئەوروپا دەڵێن، چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک “کەرامەتی کادیرانی پەکەکە دەشکنێت”. بەم پێیە دەوڵەتی تورک بەبێ ئەوەی مافی دەستووری بە کورد بدات، تەنیا پێشنیاری لێبوردنی ئەندامانی پەکەکە و فۆرمولێکی کاتی بۆ سەرکردەکان پێشنیار دەکات.
لە زانیارییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە پەکەکە نامەیەکی بۆ ئۆجەلان نووسیوە و ڕایگەیاندووە “ئەم ناوەڕۆکە نارەزایەتیی گەلی لێدەکەوێتەوە”.
بە واتایەکی تر پەکەکە ڕێککەوتنی ئەردۆغان و ئۆجەلان و باخچەلی قبووڵ ناکات. جەمیل بایک لە دوایین چاوپێکەوتنیدا کە لە کەناڵی ANFدا بڵاوکرایەوە، گوتی: “دەوڵەتی تورک دەیهەوێت سەرۆک ئاپۆ بێحورمەت بکات” و لەو پەیوەندییەدا ئۆجەلانی ئاگادار کردۆتەوە.
ئایا ئۆجەلان هەڕەشەی لە قەندیل کردووە؟
بەڵام ئۆجەلان ڕەخنەی توندی لە قەندیل و کەجەکە هەیە و گوتنی “من شۆڕشگێڕێکی کلاسیک نیم، ئێوە شەڕتان نەبردەوە، ئێوە نازانن چۆن ئاشتی بکەن و ئەگەر گوێم بۆ نەگرن، من خۆم دەکشێنمەوە. من دەمهەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە گۆلی خوێن ڕزگار بکەم”. ئەم زانیاریانە لە سەرچاوەکانی نزیک لە “پارتی دەم” (DEM) دەبیسترێن. وەک زانراوە کە ئۆجەلان چەندین جار بە هەمان شێوە هەڕەشەی لە سەرکردایەتی پەکەکە کردووە. کەواتە ئەمانە ڕاستن.
بە واتایەکی تر قەندیل لەلایەن ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیاوە هەڕەشەی لێدەکرێت. وادیارە سەرکردایەتی پەکەکە هەم بە فریودانی ئۆجەلان و هەمیش بە فریودانی دەوڵەتی تورک، هەوڵی دزینی کات دەدات بۆ ئەوەی کە پرۆسەکە بەبێ مەترسی بڕواتەپێش.
ئەکرانی گەورە لە ستراسبۆرگ
جەمیل بایک سەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە بەیاننامەکەیدا لە تەلەفزیۆنی “ستێرک”دا ڕایگەیاند، نامەیەکی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکەوە پێگەیشتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر ناوەڕۆکی نامەکە نەدرکاند. لە لایەکی دیکەوە ڤیدیۆکانی ئۆجەلانیش لە دەستی قەندیلدایە.
بایک سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی ئۆجەلان بۆ چارەسەری و وتی، “سەرۆک ئاپۆ دەیهەوێت ئەم دەستپێشخەرییە بەهێزتر بکات. بۆ ئەوەی گەلی کورد لە مەیدانی شەڕ وەدەر بنێت و بکەوێتەو ناو گۆڕەپانی خەباتی دیموکراتیکەوە”.
بەڵام لە هەمان کاتدا سەرکردایەتی کەجەکە سبەینێ لە ستراسبۆرگ ڕێپێوانێک بە بۆنەی سالوەگەڕی گەرانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا ڕێکدەخات. لەو ناوچەیەی کە ڕێپێوانەکە تێیدا کۆتایی پێدێت، شاشەیەکی گەورە دانراوە.
سەرکردەکانی پەکەکە لە ئەوروپا دەڵێن ئەگەر هەڵەیەک لە کاتی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی ئۆجەلاندا هەبێت، ئەوا فیلمێکی دیکۆمێنتاری لەسەر ئۆجەلان بڵاودەکرێتەوە. بۆیە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە.