زیندانی دیاربەکر و پەکەکە (1)

زیندانی دیاربەکر و پەکەکە (1)

دەوڵەت و کارمەندەکانی لە زیندانی دیاربەکردا، ئەزموونیان پەیدا کرد، هەربۆیە گرتن و پەروەردەکردنی نیشتمانپەروەران هەنووکەش هەر بەم شێوەیە بەردەوامە.

بووبێ ئەسەر

لە باکووری کوردستان، لەگەڵ دروستکردنی زیندانی دیاربەکردا، بێ ئەوەی ئێمە ئاگامان لێی بێت، مێژوویەکی نوێ دەستی پێکردبوو. بۆیە پێویستە زیندانی دیاربەکر وەکوو میلادێک ناوببەین. چونکە لە ڕاستیدا سەرەتای بێدەنگکردن و لەناوبردنی هەموو کورد بوو. پلانەکە لە دوای ساڵی 1965، دانرابوو. بەم پلانە بۆ ئەوە دانرابوو کە چۆناوچۆن دەکرێ پێش تەواوبوونی پەیمانی لۆزان بزووتنەوە نەتەوەییەکان لە باکووری کوردستان لەناو ببەن و شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا تێکبشکێنن.

لە زینداندا، بە هۆی ترس و ئەشکەنجەکردنەوە، بە بەرتیل یان ئاسوودەیی لە ناو زینداندا، خەڵکێکی زۆریان دەکرد بە پیاوای خۆیان واتە دەیانیانکرد بە سیخوڕ. پاسەوانەکان لە ڕێگەی سیخوڕەکانیانەوە ئاگاداری ناو زیندان دەبوون و دەیانگواستەوە بۆ ئیدارەی زیندان. بۆ وەرگرتنی زانیاری لە سیخوڕەکان، ناویان دەخوێندرایەوە، وەک ئەوەی پارێزەرەکانیان هاتوون بیانبینن و بەو بیانوویە لەناو ژوورەکانی زیندان دەبردرانە دەرەوە و لێیان دەپرسین کە لە ناو ژوورەلانی زینداندا چی دەگوزەرێت و کێ چی دەکات؟ سیخورەکانیش ئەوەی بینیبوویان و بیستبوویان، بۆ پاسەوانەکانی ناو زیندانی دەگێڕایەوە. هەروەها پاسەوانەکانیش بەپێی فەرمانی ئیدارەی زیندانەکە، خەڵکەکەیان ئەشکەنجە دەکرت یان دەیانگواستنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی. لەوێ یان دەبوون بە پیاوی ئەوان یانیش سەریان نەوی نەدەکرد. ئەو کەسانەی کە تەسلیم نەبایان و سەریان نەوی نەکردبا، بۆ ماوەیەکی زۆر لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا دەهێڵرانەوە. ئیدی بۆخۆتان بیری لێبکەنەوە کە لەو ماوەیەدا چییان بەسەر دەهات.

شەڕی پەکەکە لەسەر بنەمای پێگەی ئەو زیندانە لەلایەن داگیرکەرانەوە ئۆرگانیزە کرا و دەستی پێکرد. پلان و پڕۆژەکانی جەنگ بە پێی سیستەمی ئەو زیندانە داڕێژرا و دانرا. بۆیە کاتێک مرۆڤ فۆڕمی بزووتنەوەی پەکەکە و چلاکییە سەربازییەکانی لە تەنیشت یەکتر دابنێت و بەراورد بکات، دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو ڕێکخراوش هاوشێوەی زیندانە. دیارە بێگومان ئەوانەی لەو زیندانەدا نەبووبن لەم دۆخە تێنەگەیشتوون و تێناگەن.

چۆن؟

زۆربەی پاسەوانەکانی ناو زیندانەکە نەخوێندەوار بوون. ئەو کەسە نەزان و جاهیلانەش هەموو جۆرە شێوازێکی نامرۆڤانەیان لەسەر ئێمەی زیندانی تاقی دەکردەوە تەنها بۆ ئەوەی ئافەرەمێک وەربگرن و یان چەند ڕۆژێک پشوویان پێبدرێت. چێژیان لەوە وەردەگرت کە لە پارێزەرێک یان خوێندکارێکی زانکۆ و سەرکردە و بەڕێوەبەری حزیبێکیان دەدا.

سەرۆکی مەفرەزەکانی پەکەکەش زۆربەیان لە کەسانی نەخوێندەوار و نەزان پێکدەهاتن. ئێستا ئدەزانرێت کە ئەوانیش بە ناوی شۆڕشەوە(!) چ خراپە و ماڵوێرانییەکیان بەسەر گوندنشینە هەژارەکاندا هێناوە.

ئەو زیندانییانەی کە گوێڕایەڵی ئیدارە یان بەرپرسانی زیندان نەبایەن، دەبردرانە ژوورە تاکە کەسییەکان، لەوێدا تووشی ئەشکەنجەیەکی ترسناک دەکران بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن ملکەجی داواکارییەکانی بەرپرسانی زیندانەکە بن. بێگومان زۆرکەس سەریان نەوی نەدەکرد و دەکوژران، بەڵام هەرچەندە ڕادەکەی زۆر کەمیش بوایە، هەندێجار سەردەکەوتن.

ئەو گوندنشینانەی کە بە قسەی پەکەکەیان نەدەکرد، زۆربەیان دەکوژران، ماڵەکانیان بەسەریاندا دەڕوخێنرا، واتە کاول و وێران دەکران. ئەوان ئاغا نیشتمانپەروەرەکانیان دەدایە بەر بۆکس و شەپیان تێهەڵدەدان و گاڵتەیان پێدەکردن و بنەماڵەکانیان لەگەڵ منداڵ و کەلوپەلەکانیان دەدرانە بەر دەستڕێژی گوللـە.

ئەو گوندنشینانەی کە پێیان وابوو پەکەکە ڕۆژێک وڵاتەکەیان ئازاد دەکات، خۆشیان دەویستن و پارە یان خواردنیان پێدەدان. ئەمجارە پۆلیس و چەکدارانی دەوڵەتی تورک لەسەر هاوکاریکردنی پەکەکە ئەشکەنجەیان دەدان، زۆرێکیان دەکوژران. لە سایەی ئەم شانۆگەریەی پەکەکە و دەوڵەتی تورکەوە، گوندنشینان ناچار بوون گوندەکانیان و زێدی خۆیان بەجێبهێڵن. بەهۆی ئەم گەمە و شانۆگەرییەوە زیاتر لە چوار هەزار (4000) گوند چۆڵ بوون. نزیکەی شەش ملیۆن کورد، ڕەنگە زیاتریش، لە شارە گەورەکانی تورکیا نیشتەجێ بوون. تەنانەت بەپێی هەندێ خەمڵاندن باس لەوە دەکرێت کە تەنیا لە ئەستەنبوڵ نزیک بە شەش ملیۆن کورد نیشتەجێ بوون. ئەوانەی لە شارە گەورەکانی تورکیادا گیرسانەوە، زمان و داب و نەریتی خۆیان لەبیر کرد. منداڵەکانیان بە زمانی تورکی پەروەردە بوون. بە واتایەکی تر پڕۆژەی تورکبوون هەنگاوێکی بەرەو پێشەوە هەڵگرت.

زۆر وڵات هەن کە ژمارەی دانیشتووانیان لە شەش ملیۆن کەمترە. ئەو گەمە و شانۆگەرییەی کە پەکەکە و دەوڵەتی تورک ئەنجامیاندا، ئامانجی چۆڵ کردن و گۆڕینی جوگرافیای کوردستان بوو. چونکە دەیانزانی دوای سەد ساڵ لە پەیمانی لۆزان، چیتر ئەو دەرفەتەیان لەبەردەستدا نامێنێت…

بەڵام گەمەکانی پەکەکە و دەوڵەت هەر بەوەوە نەوەستا. بۆ ئەوەی سیاسەتمەدارێکی زیرەک و بەتوانا لە وڵاتدا نەمێنێتەوە، پەکەکە بە بیانووی سیخوڕیکردن یان هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورک دەیکوژێت. هەروەها دەوڵەتیش زۆربەی کەسە زیرەک و بەهرەمەندەکانی وڵاتی زیندانی کرد. لێرەشدا دەوڵەت و پەکەکە وێکڕا کاریان کرد و جووڵانەوە. ئەوانەی پەکەکە نەیتوانی یان نەیدەویست بیانکوژێت، ڕادەستی دەوڵەت کران. هەروەها دەوڵەتیش ئەو کەسانەی کە دەیویست بکوژرێن، بۆ پەکەکەی بەجێدەهێشتن. پەکەکەش ئەو کەسانەی دەکوشت و دواتریش وەکوو شەهید ناوی دەبردن.

لە زیندان دەستیان بە پەروەردە کردنی ئەندام و کادیرهایەکی سیاسی کرد کە بیانکەن بە پیاوی خۆیان. لەم بوارەدا هەندێک سەرکەوتووش بوون  و دەوڵەت بەم شێوەیە هەندێک کەسی کرد بە پیاوی خۆی. بۆیە ئەو جۆرە کەسانە بە خێرایی لە زیندان ئازاد دەکران و ڕێگایان بۆ خۆش دەکرا بۆ ئەوەی بڕۆن بۆ ئەوروپا. لە ئەوروپاش هەر وەک پەکەکەییە شەرمێونەکان، کاری سیخوڕییان دەکرد…

زۆربەی ئەو کادیرانەش کە لە زیندادا سەریان نەوی نەکردبوو و خۆیان نەچەماندبوو، دوای ئازادبوونیان لە زیندان، بۆ ئەوەی تۆڵەی خۆیان لە دەوڵەت بستێننەوە و لەپێناو ئازادی گەلەکەیاندا خەبات بکەن، ئەمجارە خۆبەخشانە و بە ویستی خۆیان ڕوویان لە شاخ کرد و تێکەڵ بە بزووتنەوەی پەکەکە بوون. هەندێکیان لە شارەکاندا مانەوە. هەرکاتێک لە شارەکانی کوردستان ڕێپێوان و خۆپیشاندان دەکرا، لە کاتی ئەو خۆپێشاندانانەدا کەسانێک کە بۆ دەوڵەت و پەکەکە مەترسیدار بوون، لەلایەن ئەو کادیرانەی پەکەکەوە کە ببوون بە پیاوی دەوڵەتی تورک، دەکوژران. هەم دەیانکوشتن و هەمیش لەسەریان دەگریان و دەیانکردن بە قارەمان و پڕوپاگەندە و بازرگانیان بە خوێنیانەوە دەکرد.

ئەوانەی پێشتر لە زیندان ئازاد کرابوون و بە دڵی دەوڵەت و پەکەکە بوون، ڕەوانەی شەڕ دەکران و لەوێ دەیانکوشتن و پاشان ڕایاندەگەیاند کە شەهید بووە. بەمشێوەیە پروپاگاندەیان بۆ پەکەکە دەکرد، هەم دەیانکوشتن و هەمیش دەیانکرد بە شەهید.

دەوڵەت و کارمەندەکانی لە زیندانی دیاربەکردا، تەجروبە و ئەزموونیان پەیدا کرد، هەربۆیە گرتن و پەروەردەکردنی نیشتمانپەروەران هەنووکەش هەر بەم شێوەیە بەردەوامە. کەواتە چی دەکەن و چییان دەکرد؟

کەسانی زیرەک و بەهرەمەندیان دەگرت و ئەشکەنجەیان دەدا و تەعدا و زۆریان لێدەکردن و ناچاریان دەکرد کە ببنە پیاوی ئەوان. دیارە لەم ڕووەشەوە سەرکەوتوو بوون. دواتر ئەوانەی کە دەبوون بە پیاوی ئەوان، ڕەوانەی ئەوروپا دەکران بۆ ئەوەی لەسەر کار و چالاکییەکانی ئەورووپا زانیاری باش وەربگرن.

ئەم شێوازەی دەستگیرکردنی خەڵک تا ئێستاش بەردەوامە. ئێستاش چالاکانی زیرەک و بەتوانا دەگیردرێن. لەوێ مەشق و ڕاهێنان دەکەن. زۆرێکیان داواکاری دەوڵەت قبووڵ دەکەن. دەوڵەت بە مەرجێک دەیاننێرێتە دەرەوە کە لە ئەوروپا خزمەتی دەوڵەت بکەن. هەروەها بەشێکی زۆریان وا خۆیان نیشان دا کە لایەنگری پەکەکەن بۆ ئەوەی زۆر زوو نەناسرێنەوە.

لە ئەوروپا و بە تایبەت لە سوید زۆر کەسی لەو جۆرە هەن. زۆرێکیان لە ماڵەکانی ئێمەدان، زۆریان لە شایی و شیوەنی کورداندا ئامادەن، زۆرێک لەو کەسانە دەبنە چالاکترین کەس بۆ ئەوەی هیچ گومانێک لەسەریان نەمێنێتەوە.

بۆ هەڵوەشاندەوەی حزب و ڕێکخراوەکانمان، بۆ نەبوونی یەکڕیزی و پێکەوە کار کردن، زیاتر ئەو کەسانەن کە ئاستەنگ دروست دەکەن و ڕێگا نادەن کە یەکڕیزی و یەکیەتیی حزب و ڕێکخراوە کوردستانیەکان پێکبێت. ئەمانەش وەکوو ئەرکێک جێبەجێ دەکەن کە دەوڵەتی تورک پێی ئەسپاردوون. (بەردەوام دەبێت)

پوستێن ھەمان بەش