یاریەکانی جەوهەر ئاغای هەرکی و لاهوور ئاغای تاڵەبانی!

یاریەکانی جەوهەر ئاغای هەرکی و لاهوور ئاغای تاڵەبانی!

جەوهەر ئاغا و لاهوور لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە بۆ ڕاکێشانی سۆزی هەرکییەکان سیناریۆیەک دروست بکەن و باس لە هەوڵی تیرۆرکردنی جەوهەر ئاغا لە لایەن ئاژانسی پاراستنەوە بکرێت.

 ماوەی چەند ڕۆژێکە لە سۆشیال میدیادا “بەرەی مقاوەمە”ی ئێران لە باشووری کوردستان، کە پێک دێت لە میدیای “پەکەکە، یەنەکە و حەشدی بە ناو شەعبی”، مژاری گەرمیان بۆتە جەوهەر ئاغای هەرکی.

میدیای ژێردەسەڵاتی یەنەکە بە گشتی و میدیای ژێر دەسەڵاتی لاهوور شێخ جەنگی بە تایبەتی و هەندێک لە ڕێکخراوە میدیاییەکانی سەر بە پەکەکە وەکوو تەڤدا پرێس کە لە لایەن هەندێک لە کوردانی باشووری کوردستانەوە کە نزیکن لە جەمیل بایک و لاهوور شێخ جەنگی سەرپەرشتی دەکرێت، هەواڵی ساختە بە سیناریۆیەکی زۆر لاواز ساز دەکەن. لە هەواڵەکاندا کە هەموو کەس دەزانێت لە یەک شوێن و بە یەک دەستوور ئاڕاستە دەکرێن، گوترا کە ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای چایچیەکەوە ویستوویەتی جەوهەر ئاغای هەرکی بکوژێت. بۆ سەلماندنی قسەکەیان هەواڵ لە دوای هەواڵ و درۆ لەسەر درۆیان ڕیز کرد، بە شێوەیەک کە سۆشیال میدیا پڕ بوو لەو هەواڵە درۆینانە، هەڵبەت ئەو پێکەوە کارکردنە بۆ جێبەجێکردنی یەک ئارمانج ئەنجام درا. ئەو هێزانە دەیانهەوێت لە لایەکەوە نوێنەری ئێران لە باشووری کوردستان بتوانێت بەوە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەنگی هەندێک عەشیرەتی هەرکی بەدەست بێنێت تاوەکوو بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئێران لە باشوور بپارێزێت. لە لایەکی دیکەشەوە دەیانهەوێت نائارامی لە دەڤەری بادینان دروست بکەن و عەشیرەتی هەرکی لە دژی ڕێکخراوەکانی ئاسایشی باشوور بەکاربێنن، بەڵام ئەو ویستانەیان هەر زوو ئاشکرا بوو و بوونە بڵقی سەر ئاو!

ئایا عەشیرەتی هەرکی و جەوهەر ئاغای هەرکی کێن و لاهوور شێخ جەنگی لە ڕێگەی ئەوەوە دەیهەوێت چی بکات؟

جەوهەر محیەددین جەهانگیر حاجی ئاغای هەرکی، یەکێک لەو کەسانەیە کە لە سەردەمی ڕێژیمی سەددام حوسێندا وەکوو سەرۆک جاش دەستنیشان کرابوو. ئەو بە یەکێک لەو کەسانە دەناسرێت کە زیاتر لە هەموو سەرۆک جاشەکان تینووی پارە و خوێنی پێشمەرگە و وڵاتپارێزانی کوردە، سەددام حوسێن ئەوی وەکوو سەرۆکی فەوجی 8ی جاشە کوردەکان دەستنیشان کردبوو. لە ژیانی تایبەتی خۆیدا پێش ساڵی 2003 ئەو نەک تەنیا لە گەڵ دەزگای هەواڵگری عێراقدا لە پەیوەندیدا بوو، بەڵکوو بۆ بەدەست خستنی کار و بازرگانی خۆی و بەدەست خستنی پارە، پەیوەندیی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری تورکیا، سووریا و ئێرانیشدا هەبووە و هەیە. دوای لەناوچوونی ڕێژیمی سەددام حوسێن لە عێراق، واتە دوای ساڵی 2003 و ئازاد بوونی عێراق ئەو هەڵدێت و خۆی دەشارێتەوە. دواتر بۆ پاراستنی ژیانی خۆی دەچێت و داوای لێخۆشبوون لە بارزانی و بنەماڵەکەی دەکات، لەبەر ئەوەی بنەماڵەی بارزانیش بنەماڵەیەکن کە هەر کەسێک بچێت داوای لێبووردن بکات، ئەگەر هەر تاوانێکیشی ئەنجام دابێت ئەوا ئەو دەبوورن، بەو مەبەستە ئەو دەبوورن کە دەبێت پەشیمان بووبێتەوە و بە تاوانەکانی خۆی زانیبێت و لێرە بەدواوە خزمەتی دۆزی کورد و کوردستان بکات.

باوکی جەوهەر ئاغا، واتە محیەددین ئاغا کەسێکی زۆر بەڕێز و خاوەن دەسەڵات بوو لەناو عەشیرەتی هەرکی، هەرکی ڕێزی زۆری لێدەگرن، لەبەر ئەوەی بۆ عەشیرەتی هەرکی  و وڵاتەکەی کاری دەکرد و کەسێکی پاک و نەتەوە پەروەر بوو. بەڵام جەوهەر ئاغا بە تەواوی پێچەوانەی باوکی بوو. کەسێکی دژە نەتەوە بوو و هیچ گرنگی بە عەشیرەتەکەی نەدەدا و بە بازرگانییەوە سەرقاڵ بوو، لەبەر ئەوە ئەو ڕێزەی کە لە باوکی دەگیرا لەو نەدەگیرا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پیشاندانی نیەت پاکی، لە دهۆک و لە گەڕەکی ماڵتای لە لایەن بنەماڵەی بارزانیەوە، خانوویەکی بۆ دابین دەکرێت و خزمەتی دەکرێت. هەروەها بارزانی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2004ی پەرلەمانی عێراقدا، جەوهەر ئاغا وەکوو بەربژێری پەدەکە دەستنیشان دەکات، بەڵام جەوهەر ئاغا دەنگی پێویست بەدەست ناهێنێت و لە هەڵبژاردندا سەرناکەوێت. ئەوەش باشترین بەڵگەیە کە هەرکییەکان لە گەڵیدا نین. هەروەها لەبەر ئەوەی داوای ناڕەوا لە حکوومەت و پەدەکە دەکات حکوومەت داواکاری ئەو جێبەجێ ناکات و جارێکی دیکە وەکوو کاری هەموو جارێکی خیانەت دەکات و دەچێتە سووریا و لەوێ جارێکی دیکە هاوسەرگیری دەکاتەوە. دواتر لە درێژەی  هاوکاریکردنی لەگەڵ کۆنە بەعسییەکاندا لە وڵاتی سووریا و تورکیا، کۆمەڵەیەک بە ناوی “تجمع عراقی الشمال” لەگەڵ ئەرشەد ئەحمەد زێباری پێکهێنا. دوای ئەوەی کە لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو، حیزبێکی بە ناوی حیزبی ئازادی و دادپەروەری کوردستان دامەزراند و خۆی وەکوو سەرۆکی ئەو حیزبە ڕاگەیاند. بەڵام دووبارە لەو کارەشیدا سەرنەکەوت و لە 6/7/2012دا جارێکی دیکە گەڕایەوە ناو ڕیزەکانی پەدەکە.

لاهوور شێخ جەنگی لە ڕێگای جەوهەر ئاغاوە دەیهەوێت چی بکات؟!

هەروەک دەزانرێت و دەبینرێت، عەشیرەتی هەرکی بەشێکە لە کۆنفیدراسیۆنی بارزان کە لە 7 عەشیرەت پێک دێت و لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی پەیمانی داوە کە لەسەر ڕێبازی بارزانی بەردەوام بن و بۆ کوردستان کار بکەن. عەشیرەتی هەرکی بە یەکێک لە عەشیرەتە گەورەکانی کوردستان دەناسرێت و لە پێناو کوردستاندا قوربانی زۆر گەورەیان داوە، بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە داعش ئەوە زۆر بە ڕوونی بینرا.

دوای محیەددین ئاغا، هەموو کەس لەبەر باوکی ڕێزیان لە جەوهەر ئاغا دەگرت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نەکەوتنە ژێر دەسەڵات و فەرمانەکانی. لەبەر ئەوەی جەوهەر ئاغا ڕێگای ڕاستی بزر کردووە و هەر کاتەو لە شوێنێکە و بە جێگای ئەوەی گرنگی بە عەشیرەتی خۆی و وڵاتەکەی بدات، سەرقاڵی خۆ دەوڵەمەند کردنە و پەیوەندیی لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا هەیە. ئەو لە بازرگانیشدا سەرکەوتوو نابێت، ناتوانێت پارە و دەستکەوتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەدەست بێنێت، بۆیە ناچار دەبێت ئەم جارە بچێتە ناو ڕیزەکانی یەنەکە. لەناو یەنەکەشدا بە تایبەتی دوای ئەوەی کە لاهوور شێخ جەنگی وەکوو هاوسەرۆک دەستنیشان کراوە، جەوهەر ئاغا داواکاری گەورەی لە یەنەکە کرد، بەڵام لاهوور جەنگی یەکەم جار ڕازی نابێت، لەبەر ئەوەی لاهوور باشتر لە هەموو کەسێک قورسایی و دەسەڵاتی جەوهەر ئاغا دەزانێت. لاهوور دەزانێت کە جەوهەر ئا‌غا لەبەرئەوەی ئێستا لەناو هەموو هەرکییەکاندا وەکوو ئاغا نابینرێت، ناتوانێت هاوکاری یەنەکە بکات تا لەو ڕێگایەوە ژمارەی دەنگەکانی خۆی بە تایبەتی لە بادینان زیاد بکات. بە ناچاری و بە فەرمانی لاهوور جەنگی میدیای یەنەکە دەستیان بە دروست کردنی ئەو سیناریۆ ساختە کرد و بڵاویان کردەوە کە ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستان ویستوویەتی جەوهەر ئاغا بکوژن. مەبەستی لاهوور شێخ جەنگی لەو سیناریۆیە ئەوەیە کە بتوانێت کاریگەری لەسەر هەرکییەکان دابنێت و ژمارەی دەنگەکانی خۆی لەو دەڤەرە زیاد بکات، بەڵام ئەو سیناریۆیە هەر زوو ئاشکرا بوو و هەرکییەکان بە شێوازی جیا جیا لە سۆشیال میدیادا وەڵامیان دایەوە.

بە پێی زانیارییەکانی پێش ئەو سیناریۆ ساختەیە، لاهوور جەنگی و جەوهەر ئاغا لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە و لە کۆبوونەوەکەدا جەوهەر ئاغا کۆمەڵێک داواکاری لە لاهوور دەکات. داوای لێدەکات کە پارە و پلەی حیزبی و حکوومی بە خۆی و بنەماڵەکەی بدرێت، لاهوور جەنگیش لەبەر ئەوەی قورسایی جەوهەر ئاغا لەناو هەرکییەکان باش دەزانێت بە داواکانی ڕازی نابێت، بەڵام جەوهەر ئاغا تکا لە لاهوور دەکات کە داواکانی جێبەجێ بکات، لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێکدەکەون کە بۆ ڕاکێشانی سۆزی هەرکییەکان سیناریۆیەک دروست بکەن و پێش وەختیش هەموو شتێکیان ئامادە کرد. سیناریۆکەش ئەوە بوو کە لە میدیادا باس لە هەوڵی تیرۆرکردنی جەوهەر ئاغا لە لایەن ئاژانسی پاراستنەوە بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چایچی جەوهەر ئاغایان بەکار هێناوە و بە زۆری ڤیدیۆیەکیان پێ دروست کرد کە تێیدا بە تەلەفۆن لەگەڵ کەسێک قسە دەکات وا دەردەکەوێت کە ئەو کەسە سەر بە ئاژانسی پاراستنی هەرێمی کوردستانە، بەڵام شتی سەیر ئەوەیە کە لە دوای ئەو ڤیدیۆیە ڕاگەیەندرا کە چایچیەکە لە لایەن پاراستنەوە ڕفێندراوە، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر ئەو ڤیدیۆیەیان پێ دروست کردبوو!

ئێمە بە تەنیا ئەو پرسیارە دەکەین، ئایا لە کەیەوە لە مێژوودا ڕوویداوە کە چایچی بیەوێت ئاغای خۆی بکوژێت و دوای ئەوەی کە دەزانرێت و دەستبەسەر دەکرێت، ئەو چایچیە بتوانێت لە دەستی ئاغاکەی هەڵبێت و لە زیندان ڕابکات و دواتر جارێکی دیکە لە لایەن ئەو کەسەوە کە فەرمانی پێکردووە بڕفێندرێت؟!

پوستێن ھەمان بەش