ڕاستیی ئەو هەواڵەی میدیای پەکەکە کە دەڵێت 180 پێشمەرگە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، چیە؟

ڕاستیی ئەو هەواڵەی میدیای پەکەکە کە دەڵێت 180 پێشمەرگە دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، چیە؟

لە هەواڵێکدا ئاژانسی هەواڵی پەکەکە “ANF”، نووسیویەتی کە 180 پێشمەرگە لە دهۆک دەستیان لە کار کێشاوەتەوە، لەبەر ئەوەی نەیان دەویست لە دژی پەکەکە شەڕ بکەن. ڕاستیی ئەو هەواڵە دوو ڕیزیە، کە سەرچاوەکەی نادیارە چیە؟

ئایا میدیاییە…؟

میدیای پەکەکە هەموو ڕۆژێک ئێمە تووشی سەرسوڕمان دەکات. ئەو هەموو ڕۆژێک هەواڵی درۆ و چەواشە لەسەر باشووری کوردستان بڵاو دەکاتەوە. هەر کاتێک کە هەواڵی درۆ دەخوێنینەوە، دەڵێین کە درۆ لەوە گەورەتر نیە، بەڵام ئەوان ئێمە سورپرایز دەکەن و جارێکی دیکە درۆیەکی گەورەتر ساز دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. لەڕاستیدا، میدیای پەکەکە وەکوو ئۆتۆمبێلێکە کە ستۆپی نەماوە، دیار نیە لە کوێ و چ کاتێک ڕادەوەستێت و چی بەسەر دێت. لە لایەکەوە، بە چالاکان و کارمەندەکانی ڕاگەیاندنی لە میدیای کۆمەڵایەتیدا، لە لایەکی دیکەشەوە، بە ساز کردنی هەواڵی درۆ و بڵاوکردنەوەیان بە زمانە جیا جیاکان، هەموو هەولیان ئەوەیە کە زیان بە گەلی کورد بگەیەنن. شتی جێگای سەرنج ئەوەیە کە ئەو هەواڵە درۆیانە هیچکات لە دژی داگیرکەران ساز ناکرێن، بەڵکو تەنیا لە دژی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و پارتە سیاسییەکانی دیکەی کورد ساز دەکرێن. لەبەر ئەوە پەکەکە لوولەی چەکەکانی بەرلەوەی ڕوویان لە دوژمنانی کورد بێت روویان لە سینگی کوردەکانە.

بە تایبەتی دوای ئەم هێرشەی کۆتایی کە پەکەکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامی دا، میدیای پەکەکە بەدوور لە هەرچەشنە بنەمایەکی ئەخلاقی و مرۆیی، لە میدیاکانیدا هێرش دەکاتە سەر بەهاکانی باشووری کوردستان. دیارە ئەگەر کەسێک لەناو هەر کۆمەڵگایەکدا هەواڵێکی لەو شێوەیەی پەکەکە درۆ و چەواشە بڵاو بکاتەوە، زەنگۆڵەیەک بە دوایەوە دەبەستنەوە و لەناو خەڵکدا ڕیسوای دەکەن و ئەو کەسە وەکوو ئاژاوەچی و گەندەڵ دەناسێنرێت. بەڵام بە داخەوە پەکەکە لەکاتێکدا ئیدیعای میدیای ئازاد دەکات، بڵاو کردنەوەی هەواڵی چەواشە و درۆیین بۆتە ئەرکی رۆژانەی و دەزگاکانی راگەیاندنی پەکەکە بەو درۆیانەیان دەناسرێنەوە.

ئەگەر بەتەنها راوەستەیەک لەسەر ئەو هەواڵە درۆیینانەی ڕاگەیاندنی پەکەکە بکەین کە تەنیا لەم مانگەدا بڵاوی کردوونەتەوە: نێچیرڤان بارزانی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستانی بە تورکیا فرۆشتووە، ئیدعای ئەوەی کردووە کە میلیشیا عەرەبەکانی لە عەفرینەوە بردۆتە باشووری کوردستان و ئەوان لە گەڵ پێشمەرگە ڕاهێنان دەکەن. حەتا ئەوەی کە ئەوەندە لە درۆکان چوونەتە پێشەوە و گوتوویانە: سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیمارات بۆ داواکردنی ڕادەستکردنی سەرۆکی مافیای تورکیا سەدات پەکەر بوو. ئەوان سەردانی مەسروور بارزانیان بۆ بەلجیکا و یۆنانستان وەکوو گەڕی پشتگیری تورکیا شرۆڤە کرد.

ئێستاش، میدیای پەکەکە هێشتا لە ڕاگەیاندنی دەزەنفۆرماسیۆن ـ زانیاری ناڕاست کە بڵاو دەکرێنەوە تاوەکوو خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێندرێت ـ بە توندی لەسەر باشووری کوردستان بەردەوامە. بۆ ئەو مەبەستە، پەکەکە دەیهەوێت یەکەمجار نرخ و بەها سەرەکییەکانی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان سووک و بێحورمەت بکات و وەکوو دوژمن پیشانی دەدات. شتێکی سەیر کە لەم دواییانەدا چاپەمەنی پەکەکە ئیدعای دەکات ئەوەیە کە لەلایەک خۆی بە پێشەنگی ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی باشووری کوردستان دادەنێت و لە لایەکی دیکەشەوە، چالاکی سەربازی و سیاسی سەد ساڵەی باشووری کوردستان و پێشمەرگەکان دەکاتە ئامانج.

ناشیرین کردن و بێحورمەتی کردن بە پێشمەرگەی کوردستان، شتێکی تازە نیە

پەکەکە ئێستا لە میدیا و بڵاوکراوەکانیدا، ڕاستەوخۆ ڕوانگەی پیشمەرگە بە ئامانج دەگرێت. بە ڕاستی، ئەو هێرشە ماوەیەکی دوورر و درێژە ئەنجام دەدرێن. بەڕێوەبەری پەکەکە جەمیل بایک، لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەڵمانی Frankfurter Allgemeine لە 22ی ئابی ساڵی 2014دا گوتی: “پێشمەرگە ناتوانێت شەڕ بکات، ئێوە ئەو چەکانەی خۆتان بدەنە ئێمە.” دوای ئەو ڕۆژە، میدیای پەکەکە  بێ پسانەوە سیاسەتی شەرمەزارکردنی پێشمەرگەکانی کوردستانی دەست پێکردووە. ئیدعای ئەوە کرا کە سوپای تورکیا ڕاهینانی بە هێزی پێشمەرگە کردووە و کاتێک کە ئەو درۆیە جێگای نەگرت ئەوجار ئیدعای ئەوەیان کرد کە لە نێوان هێزی پارامیلیتەری ئاکەپە ـ سادات و پێشمەرگەدا پەیوەندیی هەیە. پەکەکە هەوڵەکانی پێشمەرگە بۆ ئاسایشی ناوچەکە وەکوو هێرش بۆسەر خۆی دادەنیت و بەردەوام درۆیان دەکات.

موراد قەرەیلان، لە قسەکانی ئەو ڕۆژەیدا، دەیگوت: “پێشمەرگەکان نەیاندەزانی دەچنە کوێ”، ئەو ویستی ڕوانگەی “پێشمەرگە نەزانە، جاهیل و فریوخواردوون” بخوڵقینێت. قەرەیەلان باسی لەو پێشمەرگانە دەکرد کە لە لایەن پەکەکەوە شەهید کران. پێشمەرگە خاوەن ڕابردوویەکی زیاتر لە 100 ساڵی مێژووییە، کە لەپێناو رزگاریی نەتەوەیی کورددا، بە هەزاران شەهیدیان داوە و هەموویان ڕاهێنانی ئاکادیمی سەربازیان پێکراوە و ئەوەندە تێگەیشتوون کە بە هیچ شێوەیەک هەڵ ناخەڵەتێندرێن. بەڵام ئەگەر ئێوە بە قەرەیلان بڵێن: کە ئێوە چۆن منداڵانی لەدایکبووی ساڵانی 2007، 2008، 2009، کە هێشتا مافی هەڵبژاردنیان نیە و توانای هەڵبژاردنی ئایدۆلۆجیان نیە، نازانن ئیمزایەک لەسەر کاغەز بکەن… بۆچی دەیانبەنە شەڕ، قەرەیلان دەڵێت: “شەهیدانی ئێمە پیرۆزن، ئێمە رێگا نادەین کە گومان لەسەر ئەوان بکرێت”. شەڕڤانانی بی ڕیش و سمێڵ واتە منداڵ…

بەئارمانج کردنی پێشمەرگەکان خیانەتێکە لەبەرامبەر مێژووی کوردستاندا

پێشمەرگە هەڵوێستێکی سەربازی، سیاسی و کلتووری گەلی کوردە لە دژی کۆمەڵکوژی و سیستەمی داگیرکاری سەدەی 20. پێشمەرگە موڵکی حیزبێک نیە، پێشمەرگە ناسنامەی خەبات و بەرخۆدانی سەد ساڵەی نەتەوەیی و نەتەوە پەروەری کوردە. خەباتی پێشمەرگە سەرهەڵدانی کوردانەیە لە دژی کۆلۆنیالیزمی نێودەوڵەتی سەدەی 20. پێشمەرگە پارێزەری نەتەوەی کوردە.

دژایەتیکردنی بەو شێوەیەی پێشمەرگەی کوردستان و مێژووە پڕ لە شانازیەکەی، دوژمنایەتی و بەئارمانج کردنیان بە واتای خیانەت لە خاکی کوردستان، نەتەوەی کورد و رابردووی سەد ساڵەی خەباتە رەواکەی دێت.

بچووک کردنەوەی پێشمەرگە خیانەتە لە مێژووی کورد. ئەوەی پەکەکە دەیهەوێت بیکات ئەوەیە کە قارەمانێتی و مێژووی پێشمەرگە چەواشە بکات و دەسکەوتەکانی بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات. پەکەکە دەیەوێت لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بێت. سبەی یان دوسبەی، بە هاوکاری هەندێک ئەندامی یەنەکە، یەک یان دوو کەس دەردەکەون و بڵێن، بڕوانن، پێشمەرگە دەستی لە پێشمەرگایەتی بەردا. واتە، ئەو ئاژاوە ـ فەساد و خراپیە بەردەوام دەبێت.

هێرشی پەکەکەش بۆ سەر پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. لەبەر ئەوەی بۆ پەکەکە، هەڵوێستێکی کوردانە و شوناسخوازانەی نەتەوەیی کوردی نیە و بەرژەوەندییە حیزبیەکانی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە.

چەتەگەری میدیای پەکەکە

لەراستیدا پەکەکە ڕێکخراوێکی چەتەگەرییە. سەری ئەو ڕێکخراوە چەتەیەش ڕاگەیاندنی پەکەکەیە. هەڵەی هەرە گەورەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەو تایبەتمەندیە وێرانکەر، هەڕەشە ئامێز و داگیرکەرانەیەی پەکەکە خێرا و بە وردی نابینێت و پەکەکە وەکوو ڕێکخراوێکی سیخوڕ و بەکرێگیراو سەیر ناکات بەڵکو وەکوو حیزبێک دەیبینێت. بەڵام، پێویستە باشووری کوردستان زمانی خەباتی خۆی لە بەرامبەر دژبەرەکەیدا دیاری بکات. لەگەڵ مافیا و جاشدا بە ڕێبازی دیموکراتی شەڕ ناکرێت. بەرێوەبەرایەتی کوردستان لەو بابەتەدا زۆر نەرم و کراوە دەجووڵێتەوە. بە هیچ شێوەیەک وەڵامی ئەوانی بە هەمان زمان  چەقبەستویی پەکەکە نەداوەتەوە.

نموونە، پەکەکە دەڵێت 180 پێشمەرگە چەکیان داناوە، پێشمەرگە هەڵاتن، ئەوان نەزانن و هتد… بەڵام، بە هەزاران کەس کە لە پەکەکە دابڕاون لە باشووری کوردستانن. ئەو رۆژەی ئەو شوێنەی کە پێشمەرگەکانی لێ شەهید بوو، 4 گریلای پەکەکە پیاو و ژن، خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە کرد. هەموو ڕۆژێک بە دەیان گریلای پەکەکە خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە دەکەن. بەڵام بەرێوەبەرانی کوردستان هیچ جارێک ئەوەیان وەکوو بابەتێک بۆ پڕوپاگەندە بەکار نەهێناوە. ئەوانەی کە بە دووگیانی لەناو بران، ئەوانەی کە ئەشکەنجە کران و لە ناوبران، ئەو بریندار و نەخۆشانەی کە لەسەر ڕێگاکاندا بەجێ هێڵدران و هتد… حکوومەتی کوردستان هیچ جارێک باسی ئەوانی نەکرد. حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە هەموو کاتێک ئاست و حورمەتی  خۆی پاراستووە و خۆی بۆ ئاستی نزمی میدیای پەکەکە بچووک نەکردۆتەوە.

بەڵام چاپەمەنی پەکەکە لەسەر ئەو هەڵوێستە هێرشکارانە و بێشەرمانەیەی خۆی بەردەوامە. ئەوانەی کە دەڵێن بێ لایەنین، ئەگەر لە بەرانبەر ئەو هەڵوێستە هێرشکاریانەی پەکەکەدا گوێی خۆیان گرتووە و هیچ نابیستن، با دەست لەو بێ لایەنییە کۆمێدییەی خۆیان هەڵبگرن. ئەوانەش کە دەزانن پێشمەرگە ماوەی 100 ساڵە قورسایی خەبات و بەرخۆدانی کوردستانیان خستۆتە سەر شانی خۆیان و لە پاراستنی کوردستان بەردەوامن، پێویستە بێنە مەیدانەکە و بە پەکەکە بڵێن ئێدی هەولەکانت بۆ وێران کردنی کوردستان ڕابگرە.

پوستێن ھەمان بەش