پەکەکە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەنەکەدا تێکنەچن، بە هیچ شێوەیەک باسی قوربانیەکانی لە ناوچەکانی زۆنی سەوزدا ناکات و دەیانشارێتەوە.
پەکەکە حوزووری خۆی لە باشووری کوردستان لەسەر بنەمای دژایەتی کردنی حکوومەتی هەرێم بینا کردووە. پەکەکە بۆ شاردنەوەی ئەو دژایەتی کردنەشی هەوڵ دەدات کە کێشەکەی وەکوو کێشە لەگەڵ پەدەکەدا پیشان بدات. لەبەر ئەو هۆیە، بەرێوەبەرایەتی پەکەکە بۆ ئەوەی پەدەکە ناشیرین بکات، کەمپەینێکی گەورەی دەست پێکردووە. پێشەنگایەتی ئەو کەمپەینەش دژی پەدەکە، لە ئەستۆی میدیای پەکەکەیە کە هیچ بەهایەکی ئەخلاقی و پرەنسیبێک ناناسێت. بەرێوەبەرایەتی پەکەکە لە ڕێگای میدیاوە دۆخی ئاڵۆزی خۆی دەشارێتەوە و لە هەمان کاتدا حیزبێکی وەکوو پەدەکەی کردۆتە ئارمانجی هێرشە میدیاییەکانی کە مێژوویەکی دێرینی لە خەبات کردن بۆ دۆزی نەتەوەیی کوردستاندا هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە، هەوڵ دەدات پەدەکە بە بەرپرسیاری هەموو شکستەکانی خۆی دابنێت. بە تایبەت لە مانگی گوڵاندا، پەکەکە دەیهەوێت گوتارێکی وەکوو “ئێمە لە شەڕدا تورکیەمان تێک شکاندووە، بەڵام پەدەکە بە هاواریانەوە هات و رێگا نادات کە ئێمە دەوڵەتی تورکیە تێک بشکێنین” بڵاو بکاتەوە. ئەوانەی کە پەکەکە نەناسن ڕەنگە وابزانن کە پەکەکە هەموو خاکی باکووری ڕزگار کردووە تەنیا ئەو هێڵەی باشووری کوردستان ماوە کە ڕزگاری بکات.
پەکەکە لە باکووری کوردستان لە دژی دەوڵەتی تورک لە بواری سەربازیدا تێک چووە و ناتوانێت بە خۆیدا بچێتەوە. لە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوادا وەکوو عەفرین و سەرێ کانی، بینرا کە پەکەکە ناتوانێت لەەبواری سەربازیدا دەوڵەتی تورک رابگرێت. لە هەردوو پارچەی کوردستاندا (باکوور ـ ڕۆژئاوا)، پەکەکە لە بواری سەربازیدا تووشی گرفت بۆتەوە و لە دۆخێکی زۆر مەترسیداردایە.
پەکەکە سەرەڕای ئەو دۆخە لاوازەی خۆی، ئیدعا دەکات کە دەیهەوێت تورکیە لە باشووری کوردستان لەناو ببات و دەیهەوێت نەمان و شکستەکانی بخاتە ئەستۆی پەدەکە و هەوڵ دەدات بە میتۆدی خۆی مێشکی خەڵک بشواتەوە. پەکەکە ئیدعا دەکات کە پەدەکە سەبارەت بە هێزە سەربازییەکانیان زانیاری دەداتە دەوڵەتی تورک و سەرجەم گەلی باشوور بە جاشێتی کردن بۆ دەوڵەتی تورک تۆمەتبار دەکات.
بەڵام، لە راستیدا شکستەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان چەند هۆکارێکی بنەڕەتییان هەیە. لەوانەش یەکەم: میت لەناو ڕیزەکانی پەکەکەدا رێکخستنی زۆری کردووە و ئەوانیش لەریگای بەکارهێنانی تەلەفۆن، رادیۆ، ئامرازەکانی گەیاندن و گواستن و مۆتۆڕسیکل مەجالی کۆنتڕۆڵ دەداتە دەستی تورکەکان. دەوڵەتی تورک لەبواری کەلووپەلی تەکنیکی کۆنترۆڵ کردن و چاودێری کردندا زۆر پێشکەوتووە و هەنگاو بە هەنگاو بە دوای پەکەکەوەیە. هەروەها بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەموو کات چاودێری ناوچەکە دەکات.
دووەم: زۆر زانیاری لە لایەن پەکەکە خۆیەوە بۆ تورکەکان دەچێت. ئەو شوێنانەی کە هاوڵاتی سڤیلی لێ نیە و پەکەکە هیچ جارێک رێگا نادات کە هاوڵاتی سڤیل بچنە ئەو ناوچانە، پەکەکە تووشی شکستی زۆر گەورە بووە و بۆشایی ئەمنیی زۆری هەبووە. ئەوەش ئەو پرسیارە دروست دەکات کە کاتێک فڕۆکەکانی تورکیە لە ئۆتۆمبێلێک دەدەن چۆن دەزانن کە کێ لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدایە و پلەکەی چیە؟ لە هەواڵی تورکەکان بڕوانن کاتێک بۆردوومان دەکات دەڵێت ئێمە ئەو فەرماندەیەی پەکەکەمان کردە ئامانج. ئەگەر زانیاریەکان لەناو پەکەکەوە نەچووبن ئایا تورکەکان چۆن دەزانن کە لە کێیان داوە. هەروەها پەکەکە پەیوەندیی قووڵی لەگەڵ دەزگا هەواڵگریەکانی وەکوو زانیاری، ئیتلاعاتی ئێران و هتدیش هەیە. وەکوو دیکە، میت بۆ خۆی زۆر باش لەناو پەکەکەدا ڕێکخستنی کردووە. دووری نێوان شوێنی فەرمی میت لە سلێمانی و سێ ڕێکخراوی پەکەکە تەنیا 1.5 کیلۆمەترە. واتە پەکەکە و میت لە سلێمانی دراوسێی یەکدین. بە تایبەتی سەرجەم کەسانی نزیکی پەکەکە لە سلێمانی، لەگەڵ میت پەیوەندییان هەیە. واتە، سەرچاوە بنەڕەتیەکانی میت لە بناگوێی پەکەکەدان.
سەدا هەشتای هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر پەکەکە لەو ناوچانە ئەنجام دەدرێن کە شەڕیان تێدا نیە. بە تایبەتی ئەو ئەندامانی سەرکردایەتی پەکەکە لە هێڵی قەندیل، ئاسۆس و سلێمانی، دەکرێنە ئامانج کە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆلی یەنەکەن. سەرەڕای ئەوەش، پەکەکە لەسەرجەم شکستەکانیدا هەر پەدەکە بە بەرپرسیار دەبینێت. بۆ ئەوەی زیان بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ یەنەکەدا نەگەیەنێت، زیانەکانی خۆی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەنەکەدا دەشارێتەوە.
ئەو چیرۆکانەی کە پەکەکە دەیانشارێتەوە
دیار غەریب
دیار غەریب کارمەندی پەکەکە و ئەندامی جڤاتی سەرۆکایەتی، هاوسەرۆکی پێشووی پەچەدەکە بوو، لەو رووداوەدا پەکەکە دووبارە پەدەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تاوانبار کرد. بەڵام، دیار غەریب چووبووە شارۆچکەی قەڵادزێ کە لە ژێر دەسەڵاتداری یەنەکە دایە و لەگەڵ هەندێک هەڤاڵی خۆی لە ناو یەنەکەدا و کۆمەڵە کەسێک کە ئەوان لە سلیمانیەوە بانگهێشتی دانیشتنەکەیان کردبوو، کۆببوەوە. غەریب دواتر لە 27ی حوزەیرانی 2019دا لە قەڵادزێ هەڵهات و چووە قەندیل. لە ڕێگادا سڵاوی لە خاڵی پشکنینی یەنەکە لە شارۆچکەی سەنگەسەر کرد و تەنها دوای 20 خولەک ئەو ئۆتۆمبێلە لە لۆفەکانی کورتەک، بووە ئارمانجی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە. فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەکی سڤیلیان لە پشت سەری ئۆتۆمبێلەکەی دیار غەریب کردە ئارمانج. ڕۆکێتی دووەم بەر ئەو ئۆتۆمبێلە کەوت کە دیار غەریبی تێدا بوو. پەکەکە دەیویست مردنی دیار غەریب بشارێتەوە. لە چاپەمەنیدا تەنیا 4 هاوڵاتی سڤیل و 5 کەسی بریندار کە لە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتی سڤیلدا گیانی خۆیان لەدەست دا، ڕاگەیەندرا. بەڵام، دوای راگەیەندراوەکەی دەوڵەتی تورک لە 7ی تەمووزدا کە گوتبووی “دیار غەریب کوژرا”، پەکەکە چۆنیەتی گێڕانەوەی رووداوەکەی گۆڕی. ئەوان دەیانویست رووداوی دیار غەریب بشارنەوە و ۆیە گوتیان ئەو لە 5ی تەمووزدا گولـلە باران کراوە.
لەو ڕووداوەی دیار غەریب دا، ئەندامێکی پایە بڵندی پەکەکە بە کۆدناوی دەوران (موراد گووندووز) لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوو کە ناوی لە لیستی ڕەنگ پرتەقاڵی دەوڵەتی تورکیادا بووە.
قاسم ئەنگین
بەرێوەبەرێکی پایەبەرزی دیکەی پەکەکە، کە لە هەرێمی یەنەکەدا گیانی لەدەست داوە، قاسم ئەنگین بوو. چیرۆکی کوشتنی قاسم ئەنگینیش لە لایەن پەکەکەوە چەواشە کرا. قاسم ئەنگین، ئەندامی کومیتەی ناوەندی پەکەکە بوو. لە 27ی گوڵاندا لە گوندی سەفرەی سەر بە شارۆچکەی ماوەت لەگەڵ 4 گریلا کرانە ئامانج. ماوەت تەنیا 65 کم لە شاری سلیمانیەوە دوورە. سەرەڕای ئەوەش، پەکەکە مێژوو و شوێنی ڕووداوەکەی گۆڕی تاوەکوو سێبەر لەسەر پەیوەندییەکانی ئەوان و یەنەکە دروست نەبێت. پەکەکە شوێنی رووداوەکەی قاسم ئەنگینی لە دەڤەری برادۆست دەستنیشان کرد. دەڤەری برادۆست لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەدەکە دایە. بەو شێوەیە پەکەکە دووبارە رووداوەکەی ئاڵۆز کرد و وایکرد کە ڕۆڵی یەنەکە بشاردرێتەوە.
ئایا ئارمانج بەتەنها رەزا ئاڵتوون بوو یان هەر 3 ئەندامی کومیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە بوو؟
لە 21ی ئاداری ساڵی 2019دا، 2 ئۆتۆمبێلی پەکەکە لە قەڵادزێوە بەرەو گوندی ژاراوە دەچوون، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە واتە ڕەزا ئاڵتوون لە ئۆتۆمبێلێکدا بوو. لە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەشدا هەریەک لە سەرحەت ڤارتۆ (ئەمروڵڵاهـ دورسون)، سینانە سوور (ئال ئاکتاش) و ناڤدار ئامەد (میکائیل یۆزدەمیر)ی تێدا بوو. ئەوان بەو ڕێگایەی کە دیار غەریب گیانی لەدەست دابوو دەچوونە قەندیل. بە خاڵی کۆنتڕۆڵی یەنەکەدا تێدەپەڕین. دوای ماوەیەکی کورت فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە ڕۆکێتی یەکەمیان لەو ئۆتۆمبێلە دا کە 3 ئەندامی کومیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکەی تێدا بوو. هەر 3 ئەندامەکەی پەکەکە لەوێ گیانیان لەدەست دا. ئۆتۆمبێلی ڕەزا ئاڵتوون بە زەرەرێکی کەم لە ڕۆکێتەکە ڕزگاری بوو. ڕەزا ئالتوون بریندار بوو. شۆفێرەکە ئۆتۆمبێلەکەی بەرەو قەڵادزێ لێخوڕی. ئەو دەیویست هەم شوێنی خۆیان ون بکات و هەمیش ڕەزا ئاڵتوون بباتە نەخۆشخانە. نێوانی کورتەک و سەنگەسەر بووەتە شوێنی نێچیری سەرکردەکانی پەکەکە.
یەنەکە و پەکەکە ئەو ساڵە بڕیاریان دابوو کە لە چیای قەندیل جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن. ئەندامانی کومیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە بۆ ئامادەکاری نەورۆز لەگەڵ بەرپرسانی یەنەکە لە ناوچەکە لە پەیوەندیدا بوون. 4 کاتژمێر پێش ئەوەی کە ئۆتۆمبێلەکەیان بکرێتە ئارمانج لەگەڵ ئەندامانی یەنەکەدا بە تەلەفۆن قسەیان کردبوو. پەکەکە بریندار بوونی ڕەزا ئاڵتوونی شاردەوە. دوای ئەوەی کە پەکەکە کوژرانی 3 بەرێوەبەری خۆی و 2 کەسی لەگەڵ ئەواندا ڕاگەیاند، گەلی ناوچەکەی بە “خۆفرۆش و سیخور” تۆمەتبار کرد. پەکەکە پەیوەندییەکانی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست دابوو لە گەڵ یەنەکەدا شاردەوە.
هێرش لە چیای ئەزمەڕ
دوو کەسایەتی گرینگی پەکەکە، دەمهات عەگید (سەیید خان ئەیاز) و جەمیل ئامەد (ئەسەر ئرماک)، ئەندامانی کومیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە و بەرپرسیاری پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ یەنەکە، لە 15ی تشرینی دووەمدا لە چیای ئەزمەڕ لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کوژران. لە رووداوەکەدا، خەباتکاری پەکەکە NLP بە برینداری ڕزگاری بوو. چیای ئەزمەر لە تەنیشت سلێمانییە، ناوچەیەکی بچووکی گەشتوگوزارییە. سەیید خان ئەیاز و کەسێک بە کۆد ناوی ئەحمەد، کارمەندی دەزگای هەواڵگری کە بە برینداری گیانیان لەدەست دابوو، بە نوێنەرایەتی پەکەکە هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەنەکەدا بەڕێوە دەبرد. سەیید خان ئەیاز لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و کارمەندانی دەزگای هەواڵگری زانیاریی یەنەکەدا ڕۆژانە لە پەیوەندیدا بوون. کردنە ئارمانجی ئەو دوو کەسە بەو شێوەیە، ئاڵۆزیەکی کاتیی لە نێوان یەنەکە و پەکەکە دا دروست کرد. یەنەکە رێگای نەدا مەراسیمی ئەو دوو تەرمەی لە ناوەندی سلێمانی بەڕێوە بچێت. بۆ ئەوەی کاروان لەگەڵ جەنازەکاندا نەچێت، ئەوان جەنازەکانیان لە نەخۆشخانە ڕفاند و بردیانیانە سەر ئەو ڕێگایەی کە دەچێتە قەندیل. کۆمەڵێکی بچووک لە خەڵک لە گوندەکانی قەندیل بەشداری مەراسیمی ناشتنەکە بوون. پەکەکە بە هیچ شێوەیەک لە میدیاکانیدا باسی لە رێگریکردنی یەنەکە لە مەراسیمەکە و ڕفاندنی جەنازەکان نەکرد. ئەوان یەنەکەیان تاوانبار نەکرد. دواتر لە ساڵوەگەڕی ڕووداوەکەدا، پەکەکە دووبارە پەدەکەی تۆمەتبار کرد و قەد باسی یەنەکەی نەکرد.
دووبارە قەڵادزێ، دووبارە یەنەکە و دووبارە تەلەفۆن
لە 13ی حوزەیراندا، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە لە گوندی دارشمەنەی قەڵادزێ لە ئۆتۆمبێلێکی سڤیلیان دا و 4 کەس کوژران. ڕاگەیەندرا کە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە بە ناوی ئوولاش دۆگان بە کۆد ناوی ئوولاش دێرسم و 3 گریلای دیکە لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوونەتە ئامانج. ئوولاش ئەندامی کۆنسەی فەرمانداریی هەپەگە بوو. لە قەندیلەوە هەتا خواکوورک سەر فەرمانداریی گشتی ئەیالەتەکە بوو و ئێدعای ئەوەش کرا کە ئەو پێشەنگی هێزەکانی خۆپارێزیشی دەکرد. لە ئۆتۆمبێلەکەدا هاوڵاتییەکی سڤیل بە ناوی بەکر تۆفیق، خەڵکی قەڵادزێش گیانی لەدەست دا. پەکەکە ئەو رووداوەی تا ئەو کاتەی کە دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند ئەوان ئوولاش دێرسمیان کردۆتە ئامانج، دەشاردەوە. ئەوان هەموو ئەو کەسانەی کە لە ڕووداوەکاندا گیانیان لەدەست داوە وەکوو سڤیل پیشان دا.
کوژراوەکانی لە قەندیل
جگە لەوانە، زۆرێک لە کادرەکانی بەڕێوەبەری پەکەکە لە چیای قەندیل بوونە ئارمانجی هێرشە ئاسمانییەکان. زۆرێک لە بەڕێوەبەرانی دیکە، لەسەر ڕێگای هاتوچۆی ڕانیە، سەنگەسەر و قەڵادزێ گیانیان لەدەست دا و ناو و ناونیشانیان رانەگەیەندراوە.
ناوی هەندێک لەوانە بریتین لە:
1 ـ ئەردۆگان یوونال، بە کۆد ناوی دۆگان نوورهاک، کە یەکێک بوو لە بەرێوەبەرانی دەزگای هەواڵگری پەکەکە NLP و هەروەها بەرپرسی یەکینەی تەکنەلۆجیا بوو، لە 24ی تەمووزی 2019دا لە هێرشێکی ئاسمانیدا گیانی لەدەست دا.
2 ـ عەبدولڕەحمان حەمۆ، بە کۆد ناوی دۆزدار حەمۆ، ساڵانێک لەناو پەکەکە و خەباتی ڕۆژئاوا لە ئاستی هەرە بەرزدا بەڕێوەبەرایەتی دەکرد. کادرێکی ساڵی 1990 بوو. ئیدعا کرا کە دۆزدار حەمۆ بە بێ ئیزنی پەکەکە نەوتی بە دەوڵەتی سووریا فرۆشتووە و گەندەڵی کردووە. بەو بیانوویە کێشایانە قەندیل و لەوێ بێسەرو شوێن بوو. دواتر گوترا کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژراوە.
3 ـ مەر ئایدن، بە کۆد ناوی ڕێناس ئایدن، کە بەرپرسی خەباتی گومرگەکانی پەکەکە بوو، لە 2ی شوباتی ساڵی 2021دا لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیدا گیانی لەدەست دا.
4 ـ کۆردیناتۆری گشتی ناوچەی قەندیل ئایتەن ئامەد (خالیدە تار) کە ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەژەکە بوو لە 9ی ئاداری ساڵی 2020دا لە قەندیل کرایە ئامانج. پەکەکە تا ئێستاش سەبارەت بەو راگەیەندراوی نەداوە.
5 ـ دەلال نوورهاک، ناوی ڕاستەقینەی ئەسما ئەرات ئەندامی پەژاک و کۆنسەی بەرێوەبەری کەژەکە، لە 2019دا لە قەندیل کرایە ئارمانج. پەکەکە تا ئێستا راگەیەندراوی نەداوە.
6 ـ دوکتور ژییان (سالیحا کایتار) ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە، کۆردیناتۆری پەکەکە لە رووسیا و کادرێکی قەدیمی بوو و لە 19ی ئابی ساڵی 2019دا لە قەندیل گیانی لەدەست دا و تا ئێستا پەکەکە ڕاگەیەندراوی لەسەر نەداوە.
7 ـ هاجەر گۆیی (نەزیفا بیلەن) فەرماندەیەکی قەدیم بوو. لە 20ی ئاداری 2020دا لە قەندیل بووە ئارمانجی فڕۆکەکانی تورکیە. ئەویش ئەندامێکی پلە باڵای بزووتنەوەی ژنانی پەکەکە بوو.
پەکەکە تەنیا ناوی 16 کادری خۆی کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەنەکەدا گیانیان لەدەست داوە راگەیاندووە. تاوەکوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەنەکەدا خراپ نەبن، پەکەکە بە هیچ شێوەیەک باسی کوشتنی ئەو شەهیدانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەنەکە نەکرد و ئەوی تاوانبار نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە پەکەکە زانیاری هەڵەی بە گەل و بنەماڵەکانیان دا و وەکوو هەمیشە پەدەکە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تاوانبار کرد و دەکات.