ڤاکسینی لەخۆیدا و یەک ملیۆن دۆلاری بردەوە

ڤاکسینی لەخۆیدا و یەک ملیۆن دۆلاری بردەوە

کامیرۆن کاری چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل دەکات و پێشبینیی نەدەکرد بە وەرگرتنی ڤاکسین، یەک ملیۆن دۆلار بباتەوە.

حاکمی ویلایەتی واشنتی ئەمریکا چەکێکی یەک ملیۆن دۆلاری بۆ کامیرۆنی تەمەن 23 ساڵ واژۆ کرد، کە لە لۆتەریی وەرگرتنی ڤاکسیندا بۆی دەرچووە.

 جەی ئنسلی، حاکمی ویلایەتی واشنتن ڕایگەیاند “هەرگیز چەکێکی یەک ملیۆن دۆلاریم بە هیچ کەس نەداوە. ئەمە ئەزموونێکی نوێیە لە ژیانمدا و دڵخۆشم کە توانیم ئەوە بکەم. بەڵام دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە ئێستا ملیۆنان کەس لە واشنتن هەست بە خۆشییەکی زیاتر دەکەن لەوەی کە چەکێکی ملیۆن دۆلارییان پێدرابێت، چونکە ئێستا چوار ملیۆن کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە”.

 کامیرۆن کاری چاککردنەوەی ماتۆڕسکیل دەکات و پێشبینیی نەدەکرد بە وەرگرتنی ڤاکسین، یەک ملیۆن دۆلار بباتەوە.

 کامیرۆن، براوەی یەک ملیۆن دۆلار لە لۆتەریی ڤاکسینی کۆرۆنا رایگەیاند “یەکێک لە شتە سەیرەکان ئەوەیە کە من ئاگام لەم شتە هەمووی نەبوو، تاوەکو ئەوکاتەی پەیوەندییەکم بۆ هات. لەڕاستیدا سەرەتا بڕوام بەم شتە نەبوو، بەڵام رۆیشتم و ڤاکسینم وەرگرت، ویستم لەگەڵ هەموو ئەوانەی چواردەورم سەلامەت بم. ویستم خێزانەکەم و هاوڕێکانم سەلامەت بن”.

 ویلایەتی واشنتن یەکێکە لەو چەندین ویلایەتەی دیکەی ئەمریکا کە ناوی ئەو کەسانەی ڤاکسین لە خۆیان دەدەن دەخەنە لۆتەرییەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی خەڵک هانبدرێت زیاتر ڤاکسین وەربگرن.

 هەفتەی رابردوو، بەرپرسانی ویلایەتەکە رایانگەیاند، بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون و 70%ی کەسانی تەمەن 16 ساڵ و بەرەوسەرەوە لانیکەم یەک قورچکە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

 بەگوێرەی ناوەندی پێشگیریکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا سەرووی 336 ملیۆن و 600 هەزار قورچکە ڤاکسین لەو وڵاتە لە خەڵک دراون و 48.4%ی دانیشتووان کە دەکاتە 160 ملیۆن و 700 هەزار کەس، هەردوو قورچکە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

پوستێن ھەمان بەش