ئەمڕۆ 38مین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بارزانییەکانە

ئەمڕۆ 38مین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بارزانییەکانە

بە گوێرەی ئەو پێوەر و یاسانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندی کردوون و کاری پێدەکرێت، قەتڵوعام و کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.

ئەمڕۆ 31 ی تەمموز، 38 ساڵ بەسەر یەکێک لە تاوانە دڕندەكانی كومەڵكوژی دژ بە گەلی كوردستان لەسەر دەستی فاشیزمی بەعس تێپەڕ دەبێت، کە ئەویش تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدكردنی بارزانییەكانە کە تێیدا هەشت هەزار هاووڵاتیی بێتاوان کۆمەڵکوژ کران.

 38ساڵ لەمەوبەر و بەرەبەیانی 31/7/1983 بە پیلانێكی پێشتر بەرنامە بۆ داڕێژراو ڕژێمی ڕووخاوی بەعس و بە فەرمانی سەدام حوسێن شاڵاوی رەشبگیریی بارزانییەكانی لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا دەستی پێکرد و بردنیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.

تەنیا دوو مانگ دوای ئەو تاوانە دژە مرۆییە سەدام حوسێن مەبەستی رژێمەکەی لەو تاوانە نەشاردەوە و بە ئاشکرا لە دەزگاکانی میدیاوە گوتی: “ئەوانە بە توندی سزای خۆیان وەرگرت و فڕێ درانە دۆزەخەوە”.

بە گوێرەی ئەو پێوەر و یاسانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێکڕای دەنگ لە 12-1-1951 ـەوە پەسەندی کردوون کاری پێدەکرێت، قەتڵوعام و کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.

دوای ساڵی 2005، لە کۆی (16) دۆسیەی کورد لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا، تەنیا (6) دۆسیە یەکلایی کرایەوە، لەوانە: “کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال، بێ سەروشوێنکردنی بارزانیەکان، و فەیلییەکان) بە جینۆساید ناسێندران.

هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق لە 3/5/2011 بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکەی داوە، بەڵام بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە جینۆساید نەناسێندراوە و حکوومەتی عێراقیش داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و بارزانییەکان نەکردووە و قەرەبووی هیچیان نەکردووەتەوە.

لە ساڵی 2005 رووفاتی 503 کەس لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤ و لەساڵی 2014 یش 93 رووفاتی دیكە لەڕێگەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هێنرانەوە بارزان و گەڕانیش بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی دیکە بەردەوامە.

یادەکە لە کاتێکدایە پرۆسەی دەرهێنانەوەی رووفاتەکانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ساڵی ڕابردوودا لە سەماوە دەستی پێکردووە، لەکۆی 80 رووفات زیاتر لە 60 رووفاتیان پرۆسەی پاککردنەوە و ھەڵگرتنەوەیان بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام پرۆسەکە بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە ڕاگیراوە.

بە گوتەی ڕێبوار ڕەمەزان بارزانی، بەڕێوەبەری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزان، بە پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شەهیدان مۆنۆمێنتێکی بەشکۆ و سەردەمیانە بۆ قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەکان لە دەڤەری بارزان دروست کراوە، بەڵام لەبەر ڕەوشی کۆرۆنا نەتوانراوە لە ساڵوەگەڕی ئەو یادەدا ڕێوڕەسمی بۆ بگیرێت.

پوستێن ھەمان بەش