کەجەکە بانگەوازی شەڕ لە دژی پارتی دەکات

کەجەکە بانگەوازی شەڕ لە دژی پارتی دەکات

پەکەکە هەموو ئەو ناوچانەی ڕادەستی ئەرتەشی تورک کرد کە تێیاندا دەسەڵاتدار بوو.

لە راگەیەندراوێکدا کە لە 31/7/2021 کە لەسەر ناوی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بڵاو کراوەتەوە، لە دژی پەدەکە و هێزەکانی پێشمەرگە شەڕ ڕاگەیەندراوە. کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ماوەیەکی نزیکدا هێرشێکی بەرفراوانتر لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام دەدەن.

پەکەکە ـ کەجەکە لە ساڵی 2019ـە بەدواوە شەڕێکی رانەگەیەندراو لە دژی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە دەبات. تا ئێستا 9 پێشمەرگە لە لایەن پەکەکەوە شەهید کراون و بە دەیان پێشمەرگەش بریندار بوون. هاوکات 7 بۆمبی چێندراو کە پەکەکە لە 6 مانگی ڕابردوودا تەنیا لە هەرێمی بادینان لەسەر ڕێگای هاوڵاتیانی سڤیل داینابوونەوە، پووچەڵ کراونەتەوە.

ئایا کەجەکە ـ پەکەکە توانیویەتی پێش بە هیچکام لە هێرشەکانی تورکیە بگرێت؟

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا ئیدعا کراوە کە گریلا لە دژی دەوڵەتی تورک شەڕ دەکات و هێرشەکانیان تێکدەشکێنێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا گوتراوە: “ئەگەر پەدەکە هەوڵی سەرقاڵ کردنی گریلای نەدابایە و ڕێگایان دابا کە گریلاکان شەڕێکی کاریگەر دژی ئەرتەشی تورک ئەنجام بدەن، ئەوا گریلا دەیتوانی دەوڵەتی تورک لە 2 ئۆپەراسیۆنی پێشوودا تووشی شکست بکات و ناچار بە پاشەکشەی بکات.”

کەجەکە ئیدعا دەکات کە ئەرتەشی تورک لە مانگەکانی ڕابردوودا تووشی شکست هاتووە بەڵام لەلایەن پەدەکە و پێشمەرگەوە ڕزگار کراوە. بەڵام چاودێرانی سەربازی و سیاسی و ئامارەکانی شەڕ ئەوە دەسەلمێنن کە پەکەکە لە مێژووی سەربازی خۆیدا بە دۆخێکی زۆر دژواردا تێدەپەڕێت. دۆخی ئاشکرای ناوچەکە و کوژرانی بەڕێوەبەرانی پلە باڵای پەکەکە، تێکشکانی پەکەکە لەبەرەی شەڕدا پشتڕاست دەکەنەوە.

پەکەکە ئیدی ناتوانێت لە چیاکانی باکووری کوردستان چالاکی بکات. نزیکەی 5 ساڵە کە لە باکووری کوردستان چالاکییەکی بچووکی ئەنجام نەداوە و زەربەیەکی لە ئەرتەشی تورکیە نەداوە.

پەکەکە لە باکوور بێهێز و بێ دەسەڵات بووە. تەنیا لە هەر چەند ناوچەیەک ژمارەیەک کەسی نیوە سڤیلی بە تەنیا ماونەتەوە. پەکەکە لە باکووردا لە دۆخێکی نالەباری نیزامیدایە و هاوکات لە باشووریش کەوتۆتە ڕەوشێکی خراپی هاوشێوەوە. پەکەکە لە ساڵی 2018 بەدواوە لە هەموو هێرشەکانی ئەرتەشی تورکیە لە دژی باشووری کوردستان شکستی خواردووە و بەشێکی بەرچاوی بارەگاکانی لەدەست داون. ئەرتەشی تورک سەرجەم ئەو ناوچانەی داگیر کردوون کە پێشتر وەکوو هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دەناسران. پەکەکە هەموو ئەو ناوچانەی ڕادەستی ئەرتەشی تورک کرد کە تێیاندا دەسەڵاتدار بوو. لەو هێرشانەی کە ئەرتەشی تورک لە دژی حەفتەنین لە ساڵی 2020دا ئەنجامی دا، پەکەکە ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەرتەشی تورک شپرزە بووە، بەڵام ئەرتەشی تورک ئێستا لە حەفتەنین هەموو خاڵە ستراتژییەکانی بەدەست خستووە و بارەگای خۆی تێدا کردۆتەوە. لە هێرشەکانی تورکیە لە هێڵی مەتین ـ ئاواشین دا کە لە ساڵی 2021دائەنجام دراون، پەکەکە هەموو خاڵە ستراتژیک و هەموو ناوچەکانی جێهێشت. هەرێمەکانی پاراستنی میدیا ئەمڕۆ بۆ پەکەکە بۆتە ناوچەیەک وەکوو ناوچەکانی باکووری کوردستان وناتوانن تێیدا بژین.

پەکەکە هەموو حەوتوویەک دیمەنی چالاکییەکان لە دژی ئەرتەشی تورک لە “گریلا تیڤدا” بڵاو دەکاتەوە. ئەو وێنانەی کە تێیدا دیار نیە کە سەربازانی تورک مردوون یان نا، هەموویان بۆ پڕوپاگەندەن. ئەو هەوڵ دەدات کە بەو ڤیدیۆیانە جەماوەرەکەی بە پێوە ڕابگرێت. هەموو ڤیدیۆکانیش ئارشیڤن. ئایا ئەگەر ئێمە وا حیساب بکەین کە پەکەکە ڕۆژانە بە دەیان سەربازی تورک لە قاشوورا، زاپ و حەفتەنین دەکوژێت، ئەوە بەو واتایە نایەت کە دەوڵەتی تورک تێکچووە و پەکەکە سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. پەکەکە بە ناوی گریلاوە بۆ ماوەیەکی کورت تەقە دەکات و دواتریش ناوچەکە بۆ ئەرتەشی تورک جێدەهێڵێت و بۆ خۆی هەڵدێت. دواتریش ناوی گەورەی وەکوو “بازەکانی زاگرۆس” و جەنگاوەرانی حەفتەنین و هتد لەخۆی دەنێت. بەڵام لە ڕاستیدا نە شەڕێک بوونی هەیە و نە بازیش. پەکەکە هەموو شەڕەکان لەسەر پشتی ڕاگەیاندنی خۆی بەڕێوە دەبات.

پەکەکە ناتوانێت ئەو شکستە نیزامیانەی خۆی بە پەدەکە و پێشمەرگە بشارێتەوە. هاوکات ئەوە لە بواری تاکتیکی نیزامیدا نامومکینە. لەبەر ئەوەی ئەرتەشی تورک نەک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی باشووری کوردستان، بەڵکو لەو ناوچانە پێشڕەوی دەکات کە لە دەستی پەکەکەدان. واتە، بە ئازادی سووڕانەوەی گریلا ماتۆرسەوارەکانی پەکەکە لە کۆڵانی گوندەکانی “شێلادزێ”دا ناتوانێت لە شەڕ لە دژی ئەرتەشی تورکدا ڕۆڵی هەبێت.

پەکەکە بەشە بەشە خاکی باشوور ڕادەستی دەوڵەتی تورک دەکات و ئەرتەشی تورکیش هێدی هێدی لە هەموو سنوورەکانەوە 45 کیلۆمەتر چۆتە ناو خاکی باشوور، لە بەر ئەو هۆکارە مەترسیدارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕێگری لە پێشڕەویەکانی هەردوو هێزەکە (تورکیە و پەکەکە) بکات و نەهێڵێت نزیکی شارەکان ببنەوە، پێشمەرگەکانی کوردستانی لەو ناوچانە جێگیر دەکات. لەبەر ئەوەی پەکەکە هەر ساڵ بەشێکی خاکی باشوور ڕادەستی دەوڵەتی تورک دەکات و دواتریش هەنگاو بە هەنگاو بەرەو قووڵایی هەرێمی کوردستان دەڕوات. کەس بە پەکەکەی نەگوتووە بۆچی لە ئەرمووشی، لە دالانپەڕی، لە شەتوونسی یان لە گەلیی پساخای. بەڵام ئێمە دەڵێین تۆ چ کارێکت لە دێرەلۆک، شێلادزێ، ئامێدی، دیانا و زاخۆ هەیە. ئەگەر تۆ نەتتوانیبێ خۆت لە چیاکانی زاگرۆس بپارێزیت چۆن دەتوانیت خۆت لەناو شارەکان واتە لەناو منداڵ، ژن و بەساڵاچواندا بپارێزیت؟ ئەوجار پێویست بەوە ناکات خۆت لە گێلی بدەیت و بتهەوێ “جووت کردن پیشانی جووتیار بدەی”.

پەردەی نهێنی لەسەر ڕاگەیەندراوەکەی قەرەیلانە

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا داوا لە هەموو کەس دەکرێت کە لە دژی داگیرکاریی تورک هەڵوێست بگرن. بەڵام، لە ڕاگەیەندراوەکەدا قەت باسی ئەو تەکلیفە نەکراوە کە دەوڵەتی تورک لە پەکەکەی کرد، واتە ” لە دژی حکوومەتی باشوور شەڕ بکات”. موراد قەرەیلان ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە لە 10ی تەمووزدا گوتی: “دەوڵەتی تورک تەکلیفی لەوان کردووە و داوای لێکردوون کە شەڕ لە باکووری کوردستان ڕابگرن و لە پارچەکانی دیکەی کوردستان شەڕ بکەن”. کەجەکە و ڕێکخراوەکانی دیکەی پەکەکە سەبارەت بە دیدار لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا هیچ زانیارییەکی دیکەیان نەدرکاند. کاتێک لەو ڕاستیە ورد دەبینەوە بە روونی دەردەکەوێت کە لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا ڕێککەوتنێک هەیە کە شەڕ لە باشووری کوردستان بەرفراوان دەکات.

هێرشەکەی کۆنیا و ڕاگەیەندراوی کەجەکە

کاتی ڕاگەیەندراوی کەجەکە زۆر جێگای تێڕامانە. ئەو ڕاگەیەندراوەی کەجەکە لە کاتێکدا دەرکرا کە 24 کاتژمێر بەسەر کوشتنی 7 کورد لە کۆنیا لە هێرشێکی نەژادپەرەستیدا  تێنەپەڕیبوو. ڕاگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە کە تورکیە بە هەموو هێزی خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر کوردانی سڤیل و دەیهەوێت کۆمەڵکوژی لەسەر کوردان ئەنجام بدات، پەکەکە لەو دۆخە هەستیارەدا دژی حکوومەتی هەرێمی باشوور و پێشمەرگەکانی کوردستان بانگەوازی شەڕ دەکات.

پوستێن ھەمان بەش