مەزڵووم عەبدی: شانازی بە ناسنامەی سووریەوە دەکەین

مەزڵووم عەبدی: شانازی بە ناسنامەی سووریەوە دەکەین

مەزڵووم کۆبانی: “ئێمە شانازی بە ناسنامەی سووریەی بوونمانەوە دەکەین و سەرجەم ئەو هێزانەی کە لەژێر چەتری “هەسەدە”شدان بەوە سەرفرازن”.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریەی دیموکراتیک (هەسەدە) دەڵێت: شانازی بە ناسنامەی سووریە دەکەین و دەمانهەوێت کێشەکانمان لەگەڵ حکوومەتی سووریە چارەسەر بکەین.

مەزڵوم عەبدی، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە، کە تێیدا فەرماندە هێزەکان و ئەنجوومەنی سەربازی رۆژئاوای کوردستان، شاندی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەرپرسانی بەڕێوەبەریی خۆسەر بەشدار بوون قسەی کرد.

عەبدی جارێکی دیکە دووبارەی کردەوە کە هەسەدە ئامادەیە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە دیالۆگ بکات کە خوازیاری چارەسەر کردنی ئاڵۆزی سووریەن و گوتی: “ئێمە بە دیالۆگ، ئاگربەست، دیالۆگی سووری ـ سووری، چارەسەری سیاسی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی “شام” داین. پێویستە پەیامی ئێمە بە هەڵە وەرنەگیرێت. ئێمە ڕاگەیەندراوەکانی حکوومەتی شام سەبارەت بە هێزەکانمان قبووڵ ناکەین و هێزەکانمان ناکەونە خزمەتی سووریە. دیمەشق هێزەکانی ئێمە بە خیانەتکار و پارچە کردنی وڵات تاوانبار دەکات. ئێمە پێیان دەڵێین، ئەوکاتەی کە ئێوە ئەو هەرێمەتان بۆ داعش و کۆمەڵێک تیرۆریست بەجێهێشت، ئەوە هێزەکانی ئێمە بوون کە ئەم هەرێمانەیان ڕزگار کرد و خەڵکەکەیان پاراست.”

هەروەها عەبدی گوتی سەرفرازم کە خەڵکی سووریەم  و لەدرێژەی ئاخاوتنەکەیدا رایگەیاند: “ئێمە شانازی بە ناسنامەی سووریەی بوونمانەوە دەکەین و سەرجەم ئەو هێزانەی کە لەژێر چەتری “هەسەدە”شدان بەوە سەرفرازن. لە کۆبوونەوەی پێشوومان بڕیارێکی گرنگمان دا کە پەیکەری ڕێکخستنی هەسەدە بگۆڕین، بەڵام لەبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیە و ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو بڕیارە و گەلێک بڕیاری دیکە جێبەجێ نەکراون”.

مەزڵووم عەبدی سەبارەت بە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو هەرێمانەی کە دەوڵەتی تورکیە داگیری کردوون دوا و ئاشکرای کرد کە گۆڕینی دیمۆگرافیا بێ پسانەوە بەردەوامە.

لە درێژەدا عەبدی دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورکیە ڕۆژانە ئاگربەست پێشێڵ دەکات و جەختیشی کردەوە کە هاوکاریی هەسەدە لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیە بۆ پاراستنی ئاگربەست لە سنوورەکانی باکوور بەردەوامە.

پوستێن ھەمان بەش