هەڵسەنگاندنێک لەسەر پەکەکە و پرسی ئاڵای کوردستان

ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای پیرۆز و رەنگینی کوردستانە. بە دەیان هەزار کوڕ و کیژی کورد گیانی خۆیان فیدا کردووە تاوەکوو کوردیش ببێتە خاوەن ئاڵا. ئاڵا بە واتای وڵات دێت. ئەوەی جێگای موناقشە نیە ئەوەیە کە هەر کەس و نەتەوەیەک بە سیمبۆلەکانیەوە دەناسرێتەوە. لە مێژووی کۆنیشدا، ئاڵاکان هەر سیمبۆل بوون. ئاڵا سیمبۆلی کۆمەڵگەکانن. سیمبولێکن کە وەبیری مرۆڤی دێننەوە کە ئەوان کێن. ئاڵا ئەو سیمبولەیە کە دیاریی دەکات “مرۆڤ کێیە و لەکوێیەوە هاتووە”. ئاڵا ناسنامەی نەتەوەییە. ئێمەی کوردیش خاوەن ئاڵا و سیمبولین. بەڵام کوردەکان لە مەسەلەی ئاڵادا وەکوو زۆر مەسەلەی دیکە لەگەڵ یەکتر ناتەبان و روانگەیەکی بەدەر لە روانگەی سروشتی جیهانیان لەسەر پرسی ئاڵا هەیە و هەندێک هەن کە دوژمنایەتی لەگەڵ ئاڵاکەی خۆیان دەکەن.

هەر دوو وڵاتی کۆریای باشوور و باکوور ئەگەرچی دوژمنی یەکدین، بەڵام دیسانیش کۆریای باکوور، ئاڵاکەی کۆریای باشوور وەکوو ئاڵای خۆی قبووڵ دەکات. ئەوان نالێن ئەم ئاڵایە تەمسیلی کۆریا ناکات. کۆریەکان لەسەر ئاڵا مشتومڕیان نیە. ئەو گەلانەی کە لە ئورووپا بەسەر وڵاتەکاندا دابەش کراون، هیچ مشتومڕێک لەسەر ئاڵاکەیان ناکەن. کێ ئەو کارە دەکات؟ کوردەکان دەیکەن. جیهانی بیری چەپ لەژێر سەرۆکایەتی پەکەکەدا دوژمنایەتییەکی گەورەی ئاڵای کوردستان دەکات.

مستەفا قەرەسوو پێشەنگی دوژمنایەتی کردنی ئاڵای پیرۆزە

پەکەکە ئاڵای کوردستان قبووڵ ناکات. لەهیچ چالاکییەکی پەکەکەدا ئاڵای رەنگینی کوردستان نابیندرێت. تاقە جارێک کە پەکەکە ئاڵای رەنگینی بەکارهێنا لە پرۆژەی کۆنگرەی ـ گەل (2003ـ2004)دا بوو. لەو کاتەدا پەکەکە وای نیشان دەدا کە دەربازی سیستمی کۆنگرە بووە، واتە خۆی لە سیستمی حیزبایەتی دەرهاویشتبوو. خەڵک بەشداری کۆنگرەکەیان بوون و لە هەر گۆشەیەکەوە وێنەی بەرز کردنەوەی ئاڵای رەنگینی کوردستان لە چاپەمەنیەکاندا بڵاو کرانەوە. مستەفا قەرەسوو یەکەم کەس بوو کە لەو رەوشە ناڕەحەت بوو، ئەو دەڵێت: “ئەو ئاڵایە سیستمی ئاغایەتی و هێڵی پەدەکەیە و تەمسیلی ئێمە ناکات”. هەروەها عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر ئاڵای رەنگین دەڵێت: “ئەو ئاڵایە ئاڵای بارزانیە، ئەوە ئاڵای دەوڵەتخوازییە. ئەوان دەیانهەوێ گەلی کورد لەژێر ئەو ئاڵایەدا کۆ بکەنەوە و کوردستانێکی بچووک دابمەرزێنن. ئەوان دەیانهەوێ ئیسرائیلی دووهەم دروست بکەن. ئێمە ئەو ئاڵایە رەد دەکەینەوە. ئاڵای ئیمە ئاڵای کۆنفیدرالیزم و برایەتی گەلانە، نەک ئاڵای دەوڵەتی نەتەوەیی”. پاش ئەو روانگەیە، ئاڵای رەنگین بۆ پەکەکە بووەتە “نیگارێک و نەخشەیەک” بۆ دوژمنایەتی کردن.

لەئێستادا زۆرێک لە رۆشنبیران وخەڵکی نیازپاک دەڵێن کە هەڵوێستی پەکەکە بەرانبەر بە ئاڵای رەنگین، هەڵەیە و ئەو روانگەیەی پەکەکە پێویستە بگۆڕدرێت. بەڵام خەڵکی نیازپاک ناتوانن واقیعی پەکەکە بگۆڕن، لەبەر ئەوەی هەڵویستی پەکەکە لەمەڕ ئاڵای کوردستان، تاکتیکی نیە بەڵکوو ستراتژیکیە. ئەوە بە هەبوونی ئۆنتۆلۆژیک “زانستی وجوود”ی پەکەکەوە گرێدراوە. پەکەکە لەو بوارەدا هەوڵێکی تایبەتی دەدات و لەژێر چەند دەستەواژەیەکدا پەلاماری ئاڵای کوردستان دەدات.

پەکەکە: ئاڵا سیمبولی دواکەوتووییە

کاتێک کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەساڵی 1999دا گەڕایەوە تورکیە، جەوهەری ئیدئۆلۆژیەکەی خۆی گۆڕی و چەمکی “نەتەوە ـ دەوڵەت”ی سەراوبن کرد و چەواشەکارییەکی گەورەی پێکهێنا. بەو پێیە روانگەی نەتەوەخوازی وەکوو روانگەیەکی دواکەوتووانە پیشاندرا. بۆ ئەو مەبەستەش روانگەی بەشێک لە فیلسووفە ئانارشیستەکان وەکوو نموونە بڵاو کرانەوە، بەتایبەت روانگەی کەسانێک وەکوو “موڕای بووکچین”. سەرەڕای 100 ساڵ ئینکار کران و بێبەری بوون لە ناسنامە و لەکاتێکدا گەنجەکان تەنانەت زمانی دایکیشیان نازانن، روانگەی ئامریکاییەک دەکرێتە نموونە کە لەسەرجەم مافەکانی هاووڵاتیبوون سوود وەردەگرێت، خاوەن پاسپۆرتێکە و مافی ئەوەی هەیە کە بە هەر زمانێک بیهەوێت قسە بکات، تەنانەت ئەگەر بیهەوێت بۆی هەیە ئەو دەوڵەتە هەڵبوەشینێتەوە کە تێیدایە، بۆی هەیە لە زانکۆکاندا دەرس بڵێتەوە. واتە کەسێکی دانیشتووی ئامریکا بۆ گەلی کورد کە بندەست، هەژار و بێ ناسنامەیە وەکوو بوت “سەنەم” پیشان دەدرێت.

ئێمە باس لە روانگەی “موڕای بووکچین” و کەموکوڕییەکانی ناکەین. ئانارشیزم کە لە جیهانی ئێستادا بۆخۆی زۆر کێشەدار و بێچارەسەرە، دەیانهەوێ ەکوو رێگاچارەیەک بیخەنە بەردەم گەلی کورد کە بەهەموو شێوەیەک هەوڵی سڕینەوەی دەدرێت، لەگەڵ کۆمەڵێک پرسی گرنگی وەکوو زمان، ناسنامە و مەوجوودیەت بەرەوڕوویە و هەڕەشەی قڕکردنی لەسەرە. بەمشێوەیە کوردیان مەحکووم بەوە کردووە کە پرسەکەیان بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە.

عەقڵانییەت ئەوەمان پێ دەڵیت کە ئەگەر پەکەکە بەڕاستی ناسنامەی نەتەوەیی و بەدەوڵەتبوون بە هەڵە دادەنێت دەبووا سەرەتا هێرشی بۆ سەر ناسنامەی نەتەوەیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان کردبا. دەبوا هێرش بکەنە سەر ئەوانەی کە زوڵم لە کوردەکان دەکەن. بەڵام بناخەی تێزەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان لەسەر بەهێز کردنی تورکبوون بنیات نراوە. ئەگەر ئێوە دژایەتی دەوڵەتی تورکیە ناکەن، لەبەرچی دژی دەوڵەتی کوردی دەوەستێنەوە؟ پەکەکە تەنها شوناسی نەتەوەیی کورد رەد دەکاتەوە، تەنها دەوڵەت ـ نەتەوە بۆ کوردستان رەد دەکاتەوە. پەکەکە تەنها ئاڵای کوردستان رەد دەکاتەوە، دەنا لەبەردەم ئاڵای داگیرکەراندا چۆک دادەدات.

بنەماڵەیەکی کوردی خەڵکی سلێمانی تەنها لەبەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک لە تورکە فاشیستەکانەوە کۆمەڵکوژ دەکرێن، هاوکات لە رێوڕەسمێکی پەکەکەدا لەبەر دێری کۆلن ـ دۆم، ئەو نیشتمانپەروەرانەی کە ئاڵای کوردستانیان بەرز کردبۆوە لەلایەن پەکەکەوە لە ڕیوڕەسمەکە وەدەرنران. هەڵوێستی پەکەکە لەهەمبەر ئاڵای کوردستان هاوشێوەی هەڵوێستی تورکەکانە.

پەکەکە: ئەو ئاڵایە ئاڵای مەهاباد نیە

لەبەر ئەوەی کە پەکەکە دەزانێت سەرجەم تاکەکانی گەلی کورد بە سەفسەتەی ئیدئۆلۆژیک هەڵناخەڵەتێندرێن، هەوڵ دەدات یاری بە هەستی مرۆڤەکان بکات و دەڵێت: “ئەو ئاڵایە، ئاڵایەک نیە کە لە مەهاباد هەڵکرا”. ئەم رستەیە بۆ ئەو مەبەستە دەڵێت تاوەکوو ئەو روانگەیە لە زەینی گەلدا جێبخات. چالاکە میدیاییەکانی پەکەکە دەست بە درۆ و چەواشەکاری دەکەن. ئامانجی سەرەکی پەکەکە تەنها خوڵقاندنی بێ باوەڕی و هەروەها بێ ڕێزی کردنە لە هەمبەر ئاڵای کوردستان.

لە ساڵی 1920دا حیزبی “تەعالی و تەرەقی” ئەو ئاڵایەی دانابوو. لەو رۆژەوە هەتاوەکوو ئەمڕۆ لەگەڵ هێندی دەسکاری کردنی بچووکدا، ئاڵای رەنگین بۆتە سیمبۆلی کوردەکان. هەمان ئاڵا لە 26ی سەرماوەزی ساڵی 1324دا لە مەهاباد هەڵکرا. ئەو سیمبۆلە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان کە لە نوێنەرانی گەلی کورد پێکهاتبوو، پەسند کراوە.

ئەوەی کە پەکەکە پێویستە رێزی لی بگرێت، ئیرادەی پەرلەمانی کوردستانە. ئەو ئامانجە راستەقینەیەی کە پەکەکە لە پشت کێشەی ئاڵاوە دەیشارێتەوە، دوژمنایەتی کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. هەربۆیە پەکەکە قەوارەی رەوا و سیاسی باشووری کوردستان تەنها بە باشوور ناو دەبات. بەڕێوەبەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان قبووڵ ناکات. رەدکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە رەد کردنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئەگەرچی رۆژئاوا قەوارەیەکی نێونەتەوەییش نیە و تەنها لەلایەن گرووپێکی سەر بە پەکەکەوە بەڕێوە دەبرێت و ئاڵایەکیان دەستنیشان کردووە، بەڕیوەبەرایەتیی باشووری کوردستان و میدیاکانی وەکوو بەڕێوەبەریی خۆسەری رۆژئاوا ناوی دەبەن. بەڕێوەبەریی رۆژئاوا بۆی هەیە ئاڵای خۆی لە سەرجەم ناوچەکانی باشووردا هەڵبکات، بەڵام لە رۆژئاوادا ئاڵای کوردستان تەنها لە چەند مانگی دواییدا و ئەویش لەسایەی دانوستانەکان بە سەرپەرستیی ئامریکا رێگا دراوە هەڵبکرێت و لە بەشێک لە ئاسمانی رۆژئاوادا بشەکێتەوە.

واقیعی سەربازیی پەکەکە و بێرێزی کردنی بە ئەرزشە نەتەوەییەکان پێویست بە لیکۆڵینەوە و شرۆڤەی چڕ ناکات و گومانی تێدا نیە کە: دژایەتی کردنی پەکەکە لەگەڵ ئاڵای کوردستاندا، دژایەتی کردنی ئەو حیزبەیە لەگەڵ کوردایەتیدا.

پوستێن ھەمان بەش