ئەو کارەی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوە بووە کە چالاکانی ژینگەیی و خەڵکی نیشتمانپەروەر بە بیانووی ئاگرکەوتنەوەکان بکوژرێن.
ماوەی چەند ڕۆژە ئاگری دارستانەکانی “گێڵی کەران” لە مەریوان بەردەوامە و سەرەڕای ئەوەیکە بەشێک لەو ئاگرە لەلایەن خەڵکی ژینگەدۆست و چالاکانی ژینگەیی کۆنترۆڵ کراوە بەڵام هەنووکەش بەشێک لەو دارستانانەی رۆژهەڵات لە ئاگردا هەڵدەقرچێن.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندەکانی هەواڵی رۆژهەڵات، ئەگەرچی ژینگەپارێزان بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە توانیبوویان بەشێکی زۆری ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن بەڵام ڕۆژی ڕابردوو ئاگرەکە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بووەتەوە کە لە کۆنترۆڵ دەرچووە.
زانیاریە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران لە ئاگری دارستانەکانی “گێڵی کەران” بۆ تێرۆری چالاکانی ژینگەیی کەڵکی لە تەڵەی ئینفجاریی فۆسفۆر وەرگرتووە.
ئەو کارەی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوە بووە کە چالاکانی ژینگەیی و خەڵکی نیشتمانپەروەر بە بیانووی ئاگرکەوتنەوەکان بکوژرێن.
شایانی باسە هاوینی 2018، کاتێک “شەریف باجوەر” ژینگەپارێزی ناسراوی رۆژهەڵات لەگەڵ چەند هاوڕێی دیکەی خەریکی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بوون بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستدا.
ساڵی رابردووش کاتێک گرووپێک لە ژینگەپارێزانی دیکەی رۆژهەڵات بەناوەکانی “موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی” سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان بوون بەشێوەیەکی گوماناوی لە ئاگردا سووتان و گیانیان لەدەستدا.