هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە

هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە

پەکەکە لە دژی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەر شەڕ ناکات و تاکە شوێن کە هەڕەشەی لێدەکات باشووری کوردستانە.

مەحموود بەرخوەدان فەرماندەی هەسەدە کە لە ناو پەکەکە بە مەحموودە ڕەش ناسراوە، گوتوویەتی: “ئەگەر پێشمەرگە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی گریلا، ئێمە بێ لایەن نابین، دیارە کە ئێمە کێ دەپارێزین”. هەوجە نیە کە ئێمە شرۆڤەی جۆراوجۆر بۆ ئەو قسەیە بکەین، قسەکەی مەحموودە ڕەش تەنیا یەک شرۆڤەی هەیە ئەویش ئەوەیە: ئەوە هەڕەشەیە و هەڕەشەیەکی زۆر بێ ئەخلاقانەیە.

هەسەدە بڕیارەکانی لە پەکەکە وەردەگرێت

ئەو هەڕەشەیەی کە لەلایەن مەحموودە ڕەشەوە کراوە، ئەو پێویستییە دینیتە گۆڕێ کە جارێکی دیکە لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی هەسەدە بکرێت، لەبەر ئەوەی هەسەدە لقێکی پەکەکەیە. هەرچەندە کە هەموو کورد، بە بێ ئەوەی کە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرن، وەکوو کورد، چاوی خۆیان لە بەرامبەر هەموو هەڵەکانی هەسەدە دادەخەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە نابی ناسنامەی هەسەدە پشتگوێ بخەین. ئەو ڕاستیە هەموو ڕۆژێک لەبەر چاومان دووبارە دەبێتە کە هەسەدە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ناوەندێک بە ناوی ناوەندی نەپەگە کە لە لایەن موراد قەرەیلانەوە بەڕێوە دەبرێت.

رەنگە پێکهاتەی هەسەدە هەموویان کورد نەبن، بەڵام بەڕێوەبەری و سیستەمەکەی، فەرمانەکانیان لە پەکەکە ـ نەپەگە وەردەگرن. چارەنووسی کوردانی ڕۆژئاوا لە دەستی گرووپی بەڕێوەبەریی پەکەکەدا بۆتە یارییەک، کۆمەڵەیەکی پیر و بەساڵاچووی وەکوو جەمیل باییک و موستەفا کاراسوو کە شەربەتی چەپی تورکیان خواردۆتەوە، بۆ ئەو پڕۆژانەی کە لە مێشکیان دایە، بە بێ دوو دڵی هەموو ڕۆژئاوا دەخەنە ناو ئاگرەوە.

پەکەکە سواری چارەنووسی ڕۆژئاوا بووە و دانابەزێت

هەسەدە ـ پەیەدە ـ بەڕێوەبەریی خۆسەر چی دەڵێن با بڵێن، لە ڕاستیدا پەکەکە کادرە دوگمەکانی وەکوو بەرئاشێک لە چارەنووسی کوردانی ڕۆژئاوا جێگیر کردووە. پەکەکە 1 ملیۆن کوردی لە ڕۆژئاوا دوور خستەوە، هەروەها ئەوانەی کە ماویشن چاوترسێنی کردوون، هەموو ئەوانەی کە ماون ئاپۆلیتیکن و تەنیا بە دوای بادا جووڵە دەکەن.

هەروەها خۆپیشاندانی ڕادیکاڵ هەیە کەوا پەکەکە هەموو کات لە ڕاگەیاندندا بڵاوی دەکاتەوە کە ژمارەی ئەوان لە تەواوی ڕۆژئاوا ناگاتە 5 هەزار کەس. واتە پەکەکە هیچ بەرنامەیەکی بۆ رزگاریی ڕۆژئاوا نیە. بەڵێ ڕۆژئاوایەک بوونی هەیە بەڵام هی رۆژئاواییەکان نیە. ئەو ڕۆژئاوایەی کە پەکەکە باسی لێوە دەکات تەنیا ئەوەیە کە بۆ بەرژەوەندی حیزبەکەی بەکاری دێنێت.

ئارمانجی سەرەکی پەکەکە ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بخنکێنێت، جەمیل بایک و شوێنکەوتووەکانی بۆ ئەوەی هەڵوەشانەوەی هەولێر ببینن، بە ئەندازەیەک پڕ بوون لە ڕق و کینە وحرس و خوێن بەرچاوی گرتوون، بۆ ئەوەی ئارمانجەکەیان بپێکن ئامادەن هەموو ڕۆژئاوا بخەنە ناو شەڕێک دژی باشووری کوردستان. ڕۆژئاوا ئامێرێکە لە دەستی ئاغاکانی پەکەکە بۆ شەڕ، کەی بیانهەوێت بەکاری دێنن.

پیلانی پەکەکە بۆ گەلی ڕۆژئاوا تەنیا ئەوەیە هەرکات پێویست بێت شەڕی حکوومەتی باشووری کوردستانیان پێبکات

مەرامی پەکەکە بۆ زیاد کردنی هێزی سەربازی خۆی لە ڕۆژئاوا هیچ جارێک نە لە دژی دەوڵەتی سووریە بووە، نە لە دژی دەوڵەتی تورکیە. پیلانی پەکەکە لەسەر هێزەکانی هەسەدە و یەپەگە ئەوەیە کە ئەو هێزانە وەک هێزی یەدەک بەکار بێنێت و هەر لە سەرەتاوە حیسابی خۆی کردووە کە هەرکات پێویست بکات بەو هێزانە شەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بکات.

لە ئێستادا پەکەکە دەیهەوێت هێزی سەربازی خۆی تەنیا لە دژی پێشمەرگە بەکار بێنێت. پەکەکە لە دژی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەر شەڕ ناکات، لە تورکیە شەڕ بوونی نیە، لە ئێران شەڕ بوونی نیە، لە دژی ڕێژیمی ئەسەد واتە سووریە شەڕ ناکات، هەروەها لە دژی عێراقیش شەڕ ناکات.

لە ئێستادا پەکەکە تەنیا لە هەرێمی کوردستان لەناو شەڕدایە و تاکە شوێن کە هەڕەشەی لێدەکات باشووری کوردستانە.

ڕاگەیەندراوەکەی 31ی تەمووزی کەجەکە

پەکەکە پیلان دادەنێت کە تا هەڵبژاردنی عێراق دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز بکات، لەبەر ئەوەی دەزانێت لە هەر هەڵبژاردنێکی عێراقدا، حکوومەت زۆر درەنگ پێک دەهێندرێت و بۆشاییەک لەو نێوانەدا دروست دەبێت، بۆ ئەو مەبەستە لە کاتی هەلبژاردن و دوای هەڵبژاردن پیلان بۆ شەڕ لە دژی پێشمەرگە دادەنێت. لە راستیدا لە ئەگەری روودانی شەڕێکی لەو شێوەیەدا پاڵپشتی سەرەکی پەکەکە گرووپی لاهوور جەنگی لەناو یەنەکەدا بوو.

بە پشتگیری لاهوور پەکەکە دەیویست ئەو شەڕەی کە لە دژی هەرێمی کوردستان دەستی پێدەکەن وەک شەڕ لە دژی پەدەکە و دەوڵەتی تورک پیشانی بدەن. ڕووداوەکانی ئەم دواییە لە ناوەندی سلێمانی کە لە بەرامبەر لاهووردا ڕوویان دا، ئەو پیلانەی کەمێک تێکدا، بەڵام لەبەر ئەوەی شەڕ لە دژی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بۆ پەکەکە ستراتژیکە، ئەوان تەنیا هەندێک گۆڕانکاری بچووکیان لە پیلانەکەیاندا کردووە و ئەو پیلانەیان هەڵنەوەشاندۆتەوە. لەبەر ئەوە لە 31ی تەمووزدا ڕاگەیەندراوێک بەناوی بەڕێوەبەریی کەجەکەوە بڵاو کرایەوە و تێیدا داوای چالاکی لە “ڕۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند و هەر کەسێک کە لە دژی پەدەکەیە” کرا.

بێگومان لەو دۆخەدا ڕۆڵێکی بەرچاو بۆ ڕۆژئاوا دانراوە. پەکەکە لە ئێستادا هەوڵی گەورە دەدات کە ئاماژەیەکی  وەها دروست بکات، کە شەڕ لەنێوان هەموو کوردان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژ بە پەدەکەدا ئەنجام دەدرێت.

بەبێ باشوور و بارزانی، ڕۆژئاوا نەیدەتوانی هەناسەش بدات

پێویستە بە موحموودە ڕەش یانیش “جەبلخانچی” کە لە هەموو ژیانیدا تەنها لە رۆژئاوا پارە و دەسەڵاتداریی بەخۆیەوە بینیوە، بگوترێ: “ئەگەر بارزانی لە 2011 پشتگیریی لە ڕۆژئاوا نەکردبا، مەحموود تۆ تا ئێستاش لە تیمێکی جەبلخانەدا دەبوویتە کۆیلە و هێشتا بەرپرسی 5 هێستر و 3 جەبلخانەچی دەبووی”.

کاتێک ئەل نووسرە هێرشی کردە سەر سەرێکانی، ئێوە یەک گولـلەتان نەبوو بیتەقێنن و بارزانی هەموو تەقەمەنی و پێداویستیەکانی شەڕی بۆ ئێوە بەڕێ کرد و ئاڵدار خەلیل هەموو ڕۆژێک لە هەولێر لە دەرگای پەدەکەی دەدا و لیستی پێداویستییەکانی ڕۆژئاوا لە گولـلە و بۆمب و پێداویستیەکانی شەڕی داوا دەکرد.

بە بیری خۆتانی بێننەوە مەحموودە ڕەش، تۆ فەرماندەی پلە یەک بووی لە کۆبانێ، ئێوە لە شەوێکدا بە دەیان گوندتان چۆڵ کرد، تەنیا 2 ـ 3 کیلۆمەتر لە خاکی کۆبانێ بە دەستی ئێوەوە مابوو. ئێوە لە پرسووس لەبەر دەروازەی سنووری تورکیە بوون و تۆ جلوبەرگی شەخسیت لەبەر کردبوو، ها ئێستا ها کەمێکی دیکە تاوەکوو کۆبانێ بەردەیت و بەرەو تورکیە هەڵبیت، لەو کاتە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە هاواری براکانیانەوە هاتن و تۆ جلوبەرگە شەخسییەکەت داکەند و دووبارە جلوبەرگی سەربازیت لەبەر کرد، بە بیرت دێتەوە؟!

پێویستە ئێوە بە بیری خۆتانی بێننەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە بە بیرتانی دێنینەوە، بارزانی بوو کە پرسی ڕۆژئاوای بردە ئاستی نێونەتەوەیی و ڕێگای لەبەردەم داگیرکردنی ڕۆژئاوادا گرت. هاتنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ ناسنامەیەکی نێونەتەوەیی بۆ ڕۆژئاوا دروست کرد، لەبەر ئەوەی دیپلۆماسی ڕۆژئاوا لە هەولێر بەڕێوە دەچوو. هەتا ئەو کات هیچ هێزێکی نێونەتەوەیی یەپەگە و پەیەدەی نەدەناسی، ئەو کەسەی کە دەرگای ڕۆژئاوای بەڕووی هێزە نێونەتەوەییەکاندا کردەوە بارزانی بۆخۆی بوو. تا ئەو کات شاهین جیلۆ نەببووە گەنەرال مازڵووم، هێشتا ئاڵداری تەکنیکچیش نەببووە ئاڵدار خەلیل و هێشتاش تۆ مەحموودی جەبلخانەچی بووی.

ئەگەر بارزانی و پەیمانی دهۆک نەبووبان، ئەگەر پێشمەرگە نەهاتبان، ئێوە وەک دەیان هەڤاڵی خۆتان لە پرسووس لەناو خەڵکدا وون دەبوون.

پێویستە هەموو کورد ئەو ڕاستییە بزانن، ئەوەی کە ڕۆژئاوای کردە ڕۆژئاوا، هێزی دیپلۆماتیک و هەوڵەکانی هەرێمی باشووری کوردستان و شەخسی بارزانی بوون. پێویستە کورد ئەو راستییەش بزانن: ئەوەی کە مەحموودە رەش کردی ئەوەیە: “ئەو کانییەی کە ئاوی لێخواردۆتەوە لێڵی کردووە و خیانەتی لە کوردستان کردووە”.

مەحموود ئەفەندی، ئایا شوێنێکی دیکە نیە تۆ شەڕی لێ بکەیت؟

مەحموودە ڕەش، گەر تۆ ئەوەندە ئامادەی شەڕ کردنیت، روو لە کۆنیا بکە کە چەند ڕۆژ پێش 7 کوردی تێدا کوژران، ئەگەر ئازایت بڕۆ لەوێ شەڕ بکە، حەیفە نەڕۆیت. ئەو شوێنەی کە ئێوە پێی دەڵێن “ناوچەی گریلا” هەمووی لە باکووری کوردستان لە دەستی تورکیا دایە، ئەو چیایانەی کە 10 ساڵ پێش گریلاکان تێیاندا بوون و ئاهەنگیان دەگێڕا، ئێستا یەک گریلاشی بۆ دەرمان تێدا نەماوە. پێشنیارت پێ دەکەین بڕۆ ئەو ناوچانە ڕزگار بکە.

ئێمە دەستمان لە هەموو ئەوانە بەردا، تۆ دەتوانی بچیت عەفرینی ڕەنگین ڕزگار بکەی کە بۆخۆتان ڕادەستی داگیرکەرانتان کرد. ئەگەر ئەو   کککارە بکەیت هەموو کورد شانازیت پێوە دەکەن. ئەگەر ئازایت ئەو عەفرینە رزگار بکە کە هێشتا کەس نازانێت چۆن و بۆچی لەناکاو چۆڵتان کرد و بەدەیان ژنی کورد ڕفێندران و هێشتاش لە زیندانەکانی تورکیە دان. بڕۆ ئەوان ڕزگار بکە.

ئەرکی لەپێشینەی تۆ ڕزگار کردنی عەفرینە، لەبەر ئەوەی تۆ عەفرینت بەردا و هەڵاتی.

مەحموودە ڕەش یەکێک لە فەرماندەکانی عەفرینە

مەحموودە ڕەش لەسەر موبلەکەی راکشاوە و دیارە کە چەندە بڕیاردەر و دڵخوازە کە کوردان بکوژێت و دەڵێت: “ئێمە هێرش دەکەینە سەر پێشمەرگە”. مەحموودی جەبلخانەچی لە عەفرینیش لەو قسە گەورانەی دەکرد، دەیگوت کە عەفرین بۆ تورکیە دەبێتە دۆزەخ. بەڵام لەکاتێکدا کوردیناسیۆنی شەڕ فەرمانی پێدابوو کە بچێتە چیای “هاوارا”، ئەو فەرمانەکەی جێبەجێ نەکرد و منداڵانی بچووک و خەڵکی ناردە چیای هاوارا و بۆخۆی لە ناوەندی شار دەرنەچوو.

مەحموودە ڕەش خەڵکی عەفرینی بۆ خۆی کردە قەڵغانی زیندوو، بڕیارگەی خۆی لە ناو شار و لە تەنیشت نەخۆشخانەی عەفرین دانا و لەوێوە شەڕی بەڕێوە دەبرد.! پێیوابوو دوژمن لە نەخۆشخانە نادات بۆیە خۆی دایە بەر سێبەری نەخۆشخانەی عەفرین و بەو کارەشی بریندار و کەسانی ناو نەخۆشخانەکەی کردە ئامانجی هێرشەکانی سوپای تورکی فاشیست و داگیرکەر.

بۆ یارمەتیدانی محموودە ڕەش 2 هێز کە هەر یەک لەوان لە 250 شەڕڤان پێک دەهات لە هەرێمی جزیرەوە بەڕێ کران، بەڵام بە داخەوە لەو دوو هێزە تەنیا 50 شەڕڤان بە سڵامەتی ڕزگار بوون. لە هەمان کاتدا 1500 کادری ناوچەی عەفرین لە ژێر فەرمانی ئەودا بوون و لەوانەش زیاتر هێزی خەڵکی لەگەڵ بوو، بەلام نزیکی 3000 شەهیدی لە دوای خۆی بەجێ هێشت و هەڵات و چووە شەهبا.

بەڵێ لەسەر کورسی پاڵ دانەوە هەڕەشە کردن زۆر ئاسانە. ئەو مەحموودە ڕەشەی وەکوو فەرماندەیەکی سەرفراز قسە دەکات و لەسەر مۆبلەکەیەوە هەڕەشە دەکات، کاتێک فیشەکێک دەتەقێت خۆی لە پشتی منداڵانی ئەو گەلەدا دەشارێتەوە.

مەحموودی جەبلخانەچی دەیهەوێت خۆی بۆ پەکەکە ئیسبات بکات؟

هەڵاتنی مەحموودە رەش لە شەڕی عەفرین بووە هۆکاری کاردانەوە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و ڕای گشتییەوە کە پەکەکە مەجبوور بوو لێپرسینەوە لە مەحموودە ڕەش بکات.

ئەویان لە ڕۆژئاواوە بردە چیای گارە و خولێکی پەروەردەیی لە ناوەندی ئیدۆلۆژی بینی. مەحموودە ڕەش بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە ڕۆژئاوا بە دەیان  لاپەڕە ڕاپۆرتی نووسی. سەرئەنجام دوای چەند مانگێک سەرلە نوێ گەڕایەوە ڕۆژئاوا.

کاتێک کە مەحموودە ڕەش گەڕایەوە ڕۆژئاوا سەبارەت بەو ئەشکەوتی پەروەردەییەی کە لێی دەمایەوە دەیگوت: “مرۆڤ لە ئەشکەوتی پەروەردە لە لەدایکبوونی خۆی پەشیمان دەبێتەوە، ئەگەر دووبارە بانگم بکەن هەڵدێم و ئامادە نیم جارێکی دیکە بچمەوە ئەو ئەشکەوتە”.

ئەمجار بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەشکەوتە، چی پێ بڵین وا دەکات. ئێستا ئەو وەکوو پەکەکەییەکی عاقڵ جووڵە دەکات، ئەو وەکوو فەرماندەیەکی گەورەی شەڕ هەرەشە لە پێشمەرگە دەکات، بەلام ئێمە باش دەزانین کە مەحموود کێیە، ئەو بۆ خۆی ئەو بوێریەی نیە کە بێت فیشەکێک بتەقێنێت، بەڵام، دەیهەوێت بۆخۆی لە حەشارگەی جزیرێ پاڵی لێ بداتەوە و منداڵی خەڵک بەکوشتن بدات، وەکوو ئەوەی کە لە عەفرین کردی.

ئایا ئەو دەیهەوێت بە عەرەب، شیعە و چەپەکانی تورکەوە هێرش بکاتە سەر پێشمەرگە؟

مەحموودە ڕەش بە هێزەکانی هەسەدەوە کە 70٪ی ئەو هێزە لە عەرەب ـ سریانییەکان پێک دێت، هەڕەشەی هێرش کردنە سەر پێشمەرگەکانی کوردستان دەکات. واتە دەیهەوێت عەرەبەکان بەربداتە گیانی کوردستان. ئەو دەیهەوێت بە هێزە عەرەبەکان شەڕی پێشمەرگەکانی کوردستان بکات. وەکوو سەددام، ئەویش ئەو سوپایەی کە لە فەلەستینەوە هێنابوونی ناردنیە سەر کوردستان. وەکوو داعش، ئەوانیش لە ڕیگەی تیرۆریستان لە وڵاتە جۆربەجۆرەکانەوە، هێرشیان دەکردە سەر کوردستان.

لە ژێر ئەو قسانەی مەحموودە رەشدا راستییەکی پەکەکە شاردراوەتەوە، پەکەکە بزووتنەوەیەکی کوردستانی نیە، پەکەکە بزووتنەوەیەکی وڵاتپارێز نیە، ئەوانەی کە لەسەر پیلان و داخوازی کەسانی دیکە هێرش بکەنە سەر کوردستان هیچکات نابنە بەشێک لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد.

پەکەکە تا ئەو رادەیە خیانەتکارە کە دەیهەوێت بە هاوکاری ئەو حیزبە چەپە تورکانەی کە لەگەڵیدان، بە هاوکاری ئەو عەرەبانەی کە لەناو هەسەدەدان و بە پاڵپشتی ئەو شیعانەی کە لەناو حەشدی بەناو شەعبیدان، پەلاماری باشووری کوردستان بدات.

بۆ پەکەکە ئاسانە کە خیانەت لە کوردستان بکات، ئەگەرچی ئێمە لە دەستپێکدا هەڕەشەکەی مەحموودە ڕەشمان وەک هەڕەشەیەکی بێ ئەخلاقانە ناو برد، بەڵام کاتێک کە لەم زاویەوە لێی دەڕوانین، ئەوە جگە لەوەی کە بێ ئەخلاقییە، هاوکات هەڕەشەیەکی بەتەواوی خائینانە و دوژمنکارانەشە.

پوستێن ھەمان بەش