وێڕای وشکەساڵی و دابەزینی بە تەوژمی ئاو لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان و ئێران، خەڵکی پارێزگای “کرماشان” سەرەڕای گەرمای بێ وێنە و هەلومەرجی دژواری کۆرۆنا، بەردەوام لەژێر گوشاری پچڕانی ئاوی خواردنەوەن.
پێشتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەم ئاوی، ئاوی بەنداوی “گاوشانـ”ـیان بۆ ئەو پارێزگایە گواستەوە، بەڵام نەتەنیا کێشەکە چارەسەر نەکرا، بەڵكوو بووە هۆی پچڕانی 50٪ی ئاوی شاری “کرماشان”.
“محەممەد ڕەزا شەهلایی” بەڕێوبەری ئاوی ناوچەی “کرماشان” وتوویەتی: “بەکارهێنانی سەرانەی ئاو لە “کرماشان” بەنیسبەت بە نێونجی شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران، زیاترە.
هەروەها ناوبراو وتوویەتی: “ئاوی خواردنەوەی شاری کرماشان لە 150 هەتا 160 بیری ئاو لەنێو شار، کانیاوی تاقۆسان، سەراوی قەنبەر و کارێزی ڕوزان و لانیکەم یەک میتری سێ جا لە چرکەدا لە بەنداوی گاوشان، دابین دەکرێت”.