“پەکەکە جەریانێکی وەهایە کە بە بێ ئەوەی چاوی بنووقێنێت و بچووکترین خورپەی بە دڵدا بێت، کادرە 20ـ30 ساڵ خزمەتەکانی خۆی دەکووژێت”.
ناوەندی میدیایی پەکەکە لە چەند رۆژی رابردوودا راگەیەندراوێکی شانۆ ئاسای لەسەر شەهید کرانی دوو پێشمەرگەی کوردستان لە دینارتە بڵاو کردەوە و بەوپەڕی رووهەڵماڵراویەوە گوتیان کاری ئێمە نەبووە.
هیچکەسێک گومانی لەوە نیە کە پەکەکە لە 16ی ئەیلوولدا دوو پێشمەرگەی کوردستانیان شەهید کرد. وەزارەتی پیشمەرگەی کوردستان، خەڵکی ناوچەکە، ئەو پێشمەرگانەی کە لەناوچەکە بوون و شایەتحاڵانی رووداوەکە هەموویان پشتڕاستیان کردەوە کە شەهید کردنی ئەو پێشمەرگانە، کاری پەکەکە بووە. تەنانەت کادر و لایەنگرەکانی پەکەکەش بە باشی دەزانن کە پەکەکە ئەو کارەی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە بەوپەڕی روهەڵماڵراویەوە دەڵێت ئەوە کاری ئیمە نەبووە.
هەر لەو پەیوەندیەدا ئەندامێکی ناوەندی میدیایی هەپەگە بەناوی وتەبێژەوە راگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە. ئەو کەسە بە ناوی “سەردار یەکتاش” بۆ ئەوەی بڵێت “ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان بەو رووداوەوە نەبووە”، لێدوانێکی بۆ ANF دا، بەڵام وەکوو میتۆدی شەڕی نەرم، لە لێدوانەکەیدا بە ناراستەوخۆ گوتی کە ئێمە ئەو کارەمان نەکردووە. هاوکات وا قسەی دەکرد وەکوو ئەوەی بڵێی رووداوەکە زۆر گرینگ نەبووە. وەکوو ئەوەی هیچ مرۆڤێک گیانی لەدەستنەدابێت، وەکوو ئەوەی ئەو مرۆڤانە بنەماڵە و کەسوکاریان نەبێت، ئەوان باب نەبووبن و خاوەن ماڵ و مندال نەبوون، وەکوو ئەوەی کە ئەوان پێشمەرگە نەبووبن و وەکوو ئەوەی کە باس لە بابەتێکی کەم بایەخ بکرێت، قسە لەسەر ئەو رووداوە کرا. بێگومان ئەوە قسەی کارمەندێکی ئاسایی پەکەکە نیە بەناوی سەردار، بەڵکوو لە راستیدا ئەوە رێبازی راستەقینەی پەکەکە و هەپەگەیە. کوشتن و ئینکار کردن رێبازێکە، رێبازی خائیینان و نیشتمانفرۆشەکانە.
دووبارە کردنەوەی رێبازێکی کۆن
پەکەکە لە کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا 12 پێشمەرگەی کوردستانی شەهید کردوون و هەتا ئێستا دانی بە شەهید کردنی هیچیەک لەو پێشمەرگانەدا نەناوە و بەردەوام ئینکاری دەکات.
هەپەگە رووداوی “سەرزێڕ” و شەهید کردنی “غازی ساڵح ئالیخان” بەڕیوەبەری ئاسایشی ئینکار کرد و دواتر شەهید کردنی پێنج پێشمەرگەی کوردستانی لە ئامێدی ئینکار کرد. تەنانەت لە ئاستی زۆر باڵادا، موراد قەرەیەلان دەرکەوت و گوتی: “فڕۆکەکانی تورکیە ئەوانیان بوردومان کردووە و پێویستە کومیتەیەکی سەربەخۆ و بێ لایەن، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات”. ئەوە چەندین ساڵە پەکەکە خەڵکی سڤیل و پێشمەرگەکانی کوردستان شەهید دەکات و دواتر حاشای لێدەکات و دەڵێ کاری ئێمە نەبووە. بەکورتی پەکەکە دەیهەوێت خۆی لە پشت درۆیە گەورەکانیەوە حەشار بدات.
لێدوانەکانی “ئۆزگۆر ژیاندا”
لێدوانەکانی “ئۆزگۆر ژیاندا” یەکێک لە فەرماندەکانی پەکەکە، هەموو شتێکی ئاشکرا کرد.
هەموو ئەو رووداوانەی کە پەکەکە رەدی کردبوونەوە، لە بریارگەی ناوەندیی هەپەگەوە پلانیان بۆ داڕێژرابوو. رووداوەکەی دینارتەش هەر لە بڕیارگەی هەپەگەوە پلانی بۆ دانرابوو. پیلانێکی زۆر بەربڵاو وەکوو دەسپێکی قۆناخێکی نوێ لە شەڕ دژ بە پێشمەرگە دانرابوو. ئەگەر لەو ماشینەدا نەک 2 پێشمەرگە بەڵکوو 20 پێشمەرگەش هەبان، بێگومان سەرجەمیان شەهید دەبوون، لەبەر ئەوەی کە بۆمبێکی بەهێزی 500 کیلۆیی بە ماشینەکەدا تەقێندرایەوە. ئەو پیلانە راستەوخۆ لەلایەن موراد قەرەیەلانەوە داڕێژرابوو و سەرپەرشتی دەکرا. پەکەکە لەو پیلانەدا دوو ئامانجی هەبوو:
پەکەکە پیلانەکەی ئەوە بوو کە سەرجەم دەڤەری بادینان بکاتە گۆڕەپانی شەڕ
یەکەم: ئامانجی یەکەم لەو پیلانە ئەوە بوو کە دەوڵەتی تورکیە زیاتر راکێشی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات. پەکەکە نیوەی خاکی ئەو ناوچەیەی کوردستان کە لەمێژوودا بە “بادینان” ناسراوە، بۆ ئەرتەشی تورکیەی بەجێهێشت. ئامانجی پەکەکە ئەوە بوو کە سەرانسەر ناوچەی بادینان بکاتە گۆڕەپانی شەڕ. واتە پەکەکە لەباتی ئەوەی خاکی داگیرکراوی کوردستان لە دوژمن وەربگریێتەوە و رزگاری بکات، ئامانجی ئەوەیە کە خاکی تاکە پارچەی ئازاد کراوی کوردستان بخاتە ژێر داگیرکاریی تورکیە و باکوور وەکوو جوغرافیا، بکێشێت بەسەر باشووردا. بۆ ئەو پیلانە، دەڤەری بادینان تایبەتمەندییەکی گرینگی هەیە. پیلانی پەکەکە ئەوە بوو کە شەڕ هەتا دەروازەی هەولێر ببات. ئەوە پیلانیکی زۆر مەترسیدار و دوژمنکارانەیە. لە راستیدا پەکەکە پاییزی ساڵی رابردوو دەیهەویست لەو ناوچەیە شەڕ دەستپێبکات، هەر بۆیە دەیهەویست لەسەر هێڵی دینارتە جێگیر ببێت و ئەوێش هاوشێوەی ناوچەکانی نهێڵێ، نێروە و رێکان بکاتە ناوچەی شەڕ. بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەوکات نەیتوانی ئەو پیلانەی جێبەجێ بکات، بەڵام ئەمساڵ دەیانهەوێ بە چاوسووری ئەو پیلانەیان جێبەجێ بکەن.
دووەم: ئامانجی دووەم پەیوەندیی بە میتۆدەکانی شەڕی دەروونی پەکەکەوە هەیە. پەکەکە ئەوە بۆ ماوەی 3 ساڵە شەڕێکی ئاست نزمی دژ بە پێشمەرگەکانی کوردستان راگەیاندووە. پەکەکە بۆخۆی باش دەزانێت کە ئەگەر ئەو لە ئاستێکی بەربڵاودا لەگەڵ پێشمەرگە تووشی شەڕ ببێت، زیانێکی زۆر گەورە دەکات، هەربۆیە ئەو شەڕێکی سنووردار دژ بە پێشمەرگە بەڕێوە دەبات. پەکەکە شەڕە میدیاییەکانی بەهەموو شێوەیەک و بەبەربڵاوی ئەنجام دەدات، بەڵام شەڕی سەربازی بە شێوەی سنووردار و بە پارێزەوە ئەنجام دەدات. دەیهەوێت کە کوشتنی کوردەکان زۆر نۆرماڵ بێتە بەرچاو و ئەو بیرۆکەیە لەناو کۆمەلگەدا بەتەواوی جێبخات. وا پێشبینی دەکرێت کە ئەو دۆخە لە داهاتووشدا هەروا بەردەوام بێت. واتە لێرە بەدواوە هەموومان دەیبینین کە پەکەکە دیسان مین دەتەقێنێتەوە و ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید دەکات و هەر مانگەو لە ناوچەیەک هێرشێکی لەو شێوەیە ئەنجام دەدات و کوشتن و ئاڵۆزی دەکاتە بەشێک لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی باشووری کوردستان. ئەوە تاکتیکەکانی ئەو شەڕە نەرمانەن کە پەکەکە بەڕێوەیانی دەبات، بەڵام ئێمە دەزانین کە رووداوەکان لۆکاڵی نین و پەکەکە شەرێکی بەردەوام بەڵام سنوورداری دژ بە باشوری کوردستان دەستپێکردووە.
شەڕێکی نامەردانە
پەکەکە ئەو شەڕە بەشێوەی ئاشکرا و بەربڵاو دەست پێناکات و خۆی وا پیشان دەدات کە خوازیاری یەکیەتیی نەتەوەییە، بەڵام لە لە کردەوەدا بەشێوەیەکی زۆر نامەردانە پێشمەرگە شەهید دەکات. لەلایەکەوە قەرەیەلان دەڵێت کە ئەو دەیهەوێت چاوی بە مەسعوود بارزانی بکەوێت و لەلایەکی دیکەوە لە سەرجەم چاپەمەنی و میدیاکانیدا پارتی و بارزانی وەکوو خائین ناو دەبەن. قەرەیەڵان دەڵێت ئێمە نامانهەوێ کوردان بکوژین بەڵام هاوکات مستەفا قەرەسوو دەردەکەوێت و دەڵێت: “کوشتنی پێشمەرگە بە واتای شەڕی براکوژی نایەت”. پەکەکە بەتایبەت لەبواری شەڕی ڕەوانی و نەرمدا، زنجیرە هێرشێکی پێکەوە گرێدراو ئەنجام دەدات، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە هێرش دەکات، خۆیشی وەکوو مەغدوور پیشان دەدات. پەکەکە پێشمەرگە شەهید دەکات بەڵام دەڵێت پێشمەرگە لە ئێمەیان داوە. ئەوان درۆی گەورە گەورە دەکەن بەڵام خۆیان وەکوو راستگۆ پیشان دەدەن. ئەوەی میتۆدی شەڕی نەرم و رەوانی پەکەکەیە و پێویستە هەموولایەک بەرەنگاری ئەو شەڕە دەروونیەی پەکەکە ببنەوە، چوونکە ئەو خۆی بە دوژمن دانانیت بەڵام لەهەر شوێنێک بۆی بلوێت هێرش دەکات.
هەڵوێستی نەرم سوودی تەنها بۆ پەکەکە دەبێت
سەرەتا پێویستە لە هەمبەر پەکەکەدا هەڵوێستێکی سیاسی جیددی بگیردرێتە بەر. پێویستە حکوومەتی کوردستان پێداچوونەوە بە روانگەی خۆی لەسەر پەکەکە بکات و ئیدی وەکوو بزاڤێکی کوردی سەیری نەکات و سەرجەم ئەو لێبووردەییەش کۆتایی پێ بێنێت کە بەرانبەر بەو حیزبە دەیگرێتەبەر. هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش پێویستە بەو بڕوایە بگات کە لەگەڵ دوژمنێکی بێبەخت بەرەوڕوویە و بەو تێگەیشتنە بگات کەوا پەکەکە دوژمنێکی مەترسیداری کوردستانە و تەنانەت لە داعشیش مەترسیدارترە. پێشمەرگەکانی کوردستان هێشتا دڵیان نایەت تەقە لە گریلاکانی پەکەکە بکەن و بە چاوی برای خۆیان سەیریان دەکەن، بەڵام ئەوا چەندین جارە ئەو بەناو برایە لە پشتەوە خەنجەر لە پێشمەرگەکانی کوردستان دەدات. کاتی ئەوە هاتووە کە ئیدی رێگا بە پەکەکە نەدرێت لە هەستپاکیی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوئیستیفادە بکات.
لە هێرشەکەی “دینارتە”دا پەکەکە چوار بۆمبی گەورەی دانابوویەوە، هەر بۆمبێک لە 500 کیلۆ TNT پێکهاتبوو. یەکێکیان بە ئوتۆمبێلێکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستاندا تەقیەوە و 2 پێشمەرگەی ناو ماشینەکەی شەهید کرد. دەیهەویست یەکێکی دیکە لە بۆمبەکان بە ئامبۆلانسەکەدا بتەقێنێتەوە بەڵام بە هەڵکەوت چاشنیەکەی باش عەمەلی نەکرد و پاش ئەوەی کە ئامبۆلانسەکە تێپەڕ بوو ئەوسا تەقیەوە. ئەو دوو بۆمبەکەی دیکەش لە قەراخی جادەکە دانرابوونەوە تاوەکوو لەکاتی هاتووچۆی هێزەکانی پێشمەرگەدا بتەقێنەوە بەڵام وریایی و هوشیاریی هێزەکانی پێشمەرگە وایکرد کە تیمی ئەندازیاری پێشمەرگەکان بۆمبەکان پووچەڵ بکەنەوە و بە خۆشیەوە هیچ زیانێکیان نەبوو. گریلاکانی پەکەکە نزیکەی 300 میتری رێگاکە و کێڵگەکانی ئەو مەسیرەیان مینڕێژ کردبوو. پیلانەکەی پەکەکە ئەوە بوو کە ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە شەهید بکات و دەیهەویست هێرشێکی کۆمەڵکوژانە و پڕ لە رق و قین ئەنجام بدات. بۆیە پێویستە لە مەرامەکانی پەکەکە تێبگەین و وەڵامی ئەو دوژمنکاریانەی بدرێتەوە.
چاوەڕوانی جوامێر بوون لە پەکەکە هەڵەیە
بەڵام هەنووکەش رۆشنبیر، بژاردە، نووسەر و رۆژنامەوانانی کورد وەکوو پێویست لە بەرانبەر پەکەکەدا هەڵوێست ناگرن. ئەوان هێشتا دەڵێن دژی شەڕی براکوژین و نابی رێگا بدرێت شەڕ دەستپێبکات. بەڵام بەپێچەوانەوە پەکەکە شەڕی دژ بە حکوومەتی کوردستان دەستپێکردووە. پەکەکە بە واتای حەشدی شەعبی دێت، پەکەکە بە مانای میلیشیاکانی سەر بە ئێران دێت. ئەگەر هەڵوێستێک دژ بە پەکەکە بگیرێتەبەر بەو مانایە نایەت کە دژ بە هێزێکی کوردی هەڵوێست گیراوە بەڵکوو لە راستیدا بە واتای هەڵوێست گرتن دژ بە حەشدی شەعبی و میلیشیا و هاوپەیمانەکانی ئێران دێت. دۆخەکە ئەوەندە ساکار نیە کە بە چەند لێدوان چارەسەر بکرێت، ئامانجی پەکەکە روونە، ئامانجەکەی لەناوبردنی هەرێمی کوردستانە. بەڵام ئامانجی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە رێگری لە شەڕێکی ناوخۆیی لە نێوان کوردەکاندا بکات. لەنیوان ئەو دوو ئامانجانەدا جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە. تۆ ناتوانی گوڵ پێشکەش بەو کەسە بکەیت کە لوولەی چەکەکەی روو لە سینگی تۆ گرتووە، بە تایبەت بۆ جەریانێکی مەترسیدار و بێ پرنسیپی وەکوو پەکەکە. پەکەکە جەریانێکی وەهایە کە بە بێ ئەوەی چاوی بنووقێنێت و بچووکترین خورپەی بە دڵدا بێت، کادرە 20ـ30 ساڵ خزمەتەکانی خۆی دەکووژێت. چاوەڕوانی هاوپەیمانێتی، هاوڕێیەتی، کوردایەتی، وەفاداری، دۆستایەتی و قارەمانەتی لە پەکەکە مەکەن، ئەو زاتە زۆر زۆر لەو بایەخانەوە دوورە. پەکەکە لە داهاتووشدا بەشێوەی خائینانە و فریوکارانە لە هێرشەکانی بۆ سەر پێشمەرگە و کوردستان بەردەوام دەبێت. راگەیەندراوی وتەبێژی دەزگای راگەیاندنی هەپەگە کە تێیدا دەڵێ ئێمە ئەو هێرشانەمان ئەنجام نەداون، لە راستیدا بەو مانایە دێت: “ئێمە کردمان و ئەگەر لە دەستیشمان بێت لەوە زیاترتان پێدەکەین.