ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبری 2017یە

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبری 2017ـەیە

بەهۆی ئەو خیانەتە نگریسەوە دوژمنانی کورد زۆر بە ئاسانی توانیان جارێکی دیکە سێبەری ڕەشی داگیرکاریی خۆیان بەسەر کەرکووک و بەشێک لە ناوچەکانی دیکە باشووری کوردستاندا بکێشن.

دەوڵەتی عێراق بە رێکەوتن لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان و وڵاتانی ئیمپریالیستی و بە هاوکاریی خیانەتکارانی کورد، لە 16ی ئۆکتۆبری 2017دا پەلاماری کەرکووکی دا.

لە رێکەوتی 7ی حوزەیرانی 2017دا گەلی کورد بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی پەسند کرد. پەسند کردن و جێبەجێ کردنی بڕیارێکی بوێرانەی لەوشێوەیە زۆر زەحمەت بوو، چوونکە ناکۆکی نیوان لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان پەرەی سەندبوو و هاوکات دەستێوەردانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و بەتایبەت رێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەشێک لە حیزبە سیاسیەکانی باشوور دانابوو.

سەرەتا جگە لە PDK، زۆربەی حیزبەکانی باشووری کوردستان موخالفی بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوون، بەڵام سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستی لە خەبات و چالاکی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم هەڵنەگرت و سەرئەنجام یەکیەتی نیشتمانی رازی بوو کە دەنگ لەسەر بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بدات. بڕیارەکەی یەکیەتی گرنگییەکی تایبەتی هەبوو.

لە رێکەوتی 7ی حوزێراندا نوێنەری لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆبوونەوە و بریار درا کە لە باشووری کوردستاندا ریفراندۆم بۆ بریاردان لەسە سەربەخۆیی بەڕێوە بچێت.

بەر لەو قۆناغە، بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی باشووری کوردستان واز لە بەڕێوەبردنی ریفراندۆم بهێنن و لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببنەوە، هەوڵێکی بەرفراوان و جیددی و هێرشێکی توند دەستیپێکرد. بەڵام ئیرادەی سەرۆکایەتی هەرێم لەوە بەهێزتر بوو کە بەو فشارانە پاشگەز ببنەوە.

دواتر بۆ ئەوەی رێگری لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم بکرێت، هێرشی فیعلی و پراکتیکی دەستیپێکرد، بەڵام ئەو هێرشانەش سەرکەوتوو نەبوون.

دواتر دەوڵەتانی زلهێز وەکوو ئامریکا و ئینگلیس و… هەوڵێکی بەربڵاویان دەستپێکرد بۆ ئەوەی وەکوو هەمیشە بە چەند بەڵینیکی زارەکی بەناوی وەپاش خستنی ریفراندۆمەوە، ئەو دەرفەتە لەکیش کوردەکان بدەن. سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتیی باشووری کوردستان لەبەرانبەر داواکاریی وڵاتانی زلهێزدا کۆمەڵێک پێشنیاری ستراتژیکیان خستە بەردەمیان و پێیان راگەیاندن کە ئەگەر بە فەرمی ئەو پێشنیارانە پەسند بکرێن و گارانتی جێبەجێ کردنیان بدریت ئەوکات بیر لە داواکاریەکانیان دەکەنەوە. بەڵام ئەو وڵاتانە ئامادە نەبوون گەرەنتی جیێبەجێ کردنی بەڵینەکانیان بدەن.

لە 25ی ئەیلوولی 2017دا ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بەشێوەیەکی دیموکراتیک و ئازادانە لە باشووری کوردستاندا بەڕێوەچوو. پاش دوو رۆژ ئەنجامی فەرمیی ریفراندۆم راگەیەندرا و 93٪ لە کوردستانیان دەنگی “ئەرێ”یان بە سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان دابوو.

کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەتایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێپێوان و شادی و دروشمدان و بەرزکردنەوەی دروشمی پشتیوانی کردن لە ریفراندۆم سەربەخۆیی کوردستان بەجۆرێک لە ریفراندۆمەکەدا بەشدار بوون و سەلماندیان کە دامەزراندنی دەوڵەتیکی سەربەخۆی کوردی ئاوات و خولیای سەرجەم کوردە نیشتمانپەروەرەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە.

دەرئەنجامی ئەو هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەیە بوو بە بڕگەیەکی مێژووی لە دیرۆکی کوردستاندا و خەباتی کوردانی بەڕادەی 200 ساڵ وەپێش خست.

ئەنجامی ریفراندۆم و دەنگی “ئەرێ”ی زیاتر لە سەدا نەوەدی خەڵکی کوردستان بە سەربەخۆیی، سەلماندی کە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتیی باشووری کوردستان، حکوومەتی هەرێم و حیزبە سیاسیەکانی باشووری کوردستان خەبات و چالاکییەکی بەبەرنامە و دەقیقیان بەڕێوە بردووە و سەرجەم خەڵکی کوردستان بە چاوی سپاس و پێزانینەوە لەو هەوڵانەیان روانی و دەستخۆشییان لێکردن.

ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، یەکیەتییەکی راستەقینەی نەتەوەیی لەناو سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستاندا پێکهێنا.

ئەنجامی ریفراندۆم سەلماندی کە کوردستان وڵاتیکی ئارام و پێشکەوتووە، چونکە لەگەڵ ئەوەی کە کوردستان بە قۆناخێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕی و بارودۆخێکی زۆر دژواری هەبوو، لە پرۆسەی دەنگداندا هیچ رووداوێکی نەخوازراو و پێکدادانێک رووینەدا.

ساتی راگەیاندنی دەرئەنجامی ریفراندۆم بۆ کوردەکان لە سەرانسەری جیهاندا بوو بە هۆی هەیجان و کەیفخۆشییەکی گەورە و لە سەرجەم پارچەکانی کوردستاندا و لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی جیهاندا کە کوردیان تیدا نیشتەجێیە، شایی و دیلان بەڕێوە چوو. کوردەکان رژانە سەرشەقامەکان و وەکوو جێژنێکی نەتەوەیی شاییان گێڕا، گۆرانی و سرودیان گوتەوە و بە جل و بەرگی کوردیەوە پیرۆزباییان لەیەکتر دەکرد. بە کورتی کوردستان سیمای رۆژانی جیژنێکی نەتەوەیی بەخۆیەوە گرتبوو.

هۆکاری ئەو هەموو شادی و کەیفخۆشیانە روون بوو، چوونکە ریفراندۆم چارەنووسی کوردەکانی دەگۆڕی و لە نەتەوەیەکی ژێردەستە و نیشتمانیکی داگیرکراوەوە دەیکردن بە خاوەن کیانێکی سەربەخۆ و دەوڵەتێکی کوردیی دەهێنایە سەر نەخشەی سیاسیی جیهان.

بێگومان دەرئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان چەندە بۆ کوردەکان دڵخۆشکەر بوو ئەوەندەش زەبرێکی کەمەرشکێن بوو لە پەیکەری داگیرکەرانی کوردستان  و ژیواری داگیرکەرانی کوردستانی خاپوور دەکرد. هەربۆیە لەگەڵ راگەیاندنی دەرئەنجامی ریفراندۆمدا داگیرکەرانی کوردستان هەوڵەکانیان بۆ پیلانگیڕی و پەلاماردانی کوردستان چڕتر کردەوە.

بەڵام هەموومان باش دەزانین هیچکام لە داگیرکەران بە تاقی تەنیا خۆیان نەیاندەوێرا هێرش بکەنە سەر کوردستان و بۆ جێبەجێ کردنی پیلانە قێزەونەکانیان پێویستیان بە چاوساغ و هاوپەیمان هەبوو. هەزران هەزار مخابن دیسان لەناو کورداندا خائن هەبوون و هەر لە یەکەم قۆناخەکانی دەرکردنی بڕیاری ریفراندۆم و جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا کەسان و گرووپگەلێک هەبوون کە زەمینەی خیانەتکاری و خۆفرۆشی و نیشتمانفرۆشییان تێدا بەدی دەکرا و بە روانگە و کلتووری دژی گەلی و دژی نەتەوەیی و دژی نیشتمانیەوە ببوون بە ئەڵقە لەگوێی مەلاکانی تاران و لەگەڵ رێژیمە ئیسلامیە داگیرکەرەکەی تاراندا رێکەوتبوون.

حکوومەتی عێراق بەپەلە و بە نهێنی دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کەسە لەرزۆک و خۆفرۆشانەدا کرد.

دەوڵەتی عێراق بە رێکەوتن لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان و وڵاتانی ئیمپریالیستی و بە هاوکاریی خیانەتکاران و خاکفرۆشانی کورد، لە 16ی ئۆکتۆبری 2017دا پەلاماری کەرکووکی دا.

لەبەر ئەوەی گرووپی خیانەتکاران، بەشێک بوون لە بەرپرسانی ناو یەکیەتی نیشتمانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان “مەسعوود بارزانی” نەیدەویست فەرمانی جەنگیان بە دژ دەربکات چوونکە بێگومان شەڕی ناوخۆیی کوردستانی لێدەکەوتەوە و زیانێکی زیاتری بە کوردستان دەگەیاند.

بەهۆی ئەو خیانەتە نگریسەوە دوژمنانی کورد زۆر بە ئاسانی توانیان جارێکی دیکە سێبەری ڕەشی داگیرکاریی خۆیان بەسەر کەرکووک و بەشێک لە ناوچەکانی دیکە باشووری کوردستاندا بکێشن.

فەرماندەیەکی پایەبەرزی میلیشیاکانی حەشد بەناوی “محمد سەبری”، رۆڵی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستانی لە خیانەتە نگریسەکەی 16ی ئۆکتۆبردا بەرز نرخاند و بە فەرمی و بە ئاشکرا رایگەیاند “ئێمە (حەشدی شەعبی)، ئەو هەڵویستەی یەکیەتی نیشتمانی قەد لەبیر ناکەین”.

فەرماندە پایەبەرزەکەی حەشد لەو راگەیاندراوە، روودانی خیانەتی پشتڕاست کردەوە و لە درێژەدا دەڵێت: “کۆمەڵێک گرفت لە کەرکووک سەریانهەڵدا و بابەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان هاتنە ئاراوە کە “ئیمە وەکوو هەنگاوێک بۆ دابەشکردنی عێراقمان دەزانی”.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق وەکوو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری داگیر کردنەوەی کەرکووکی دەرکرد.

ئەرتەشی عێراق و میلیشیاکانی حەشد و سپای پاسدارانی ئێران بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی، بەرنامەیان ئەوە بوو کە بە کەرکووکەوە نەوەستن و سەرجەمی باشووری کوردستان داگیر بکەن و قەوارەی سیاسیی هەرێم لەناو ببەن، بەڵام بەرەنگاری پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بەتایبەت لە پردێ و سەحێلا پۆرتی شکاندن و سەلماندی کە ئەگەر دەستی رەشی خیانەت نەبێت، پاسدارو میلیشیاکانی حەشد لاوازتر لەوەن کە بتوانن پێی گڵاویان بنێنە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان و قەد قەد ناتوانن خۆیان لە بەردەم هەڵمەتی شیرانەی پیشمەرگەکانی کوردستاندا ڕابگرن.

پوستێن ھەمان بەش