لە کۆبانێ کوشتار و لە درۆزنەکانی قەندیلیش بێدەنگی!

لە کۆبانێ کوشتار و لە درۆزنەکانی قەندیلیش بێدەنگی!

“بەڕێوەبەرانی پەکەکە دەبێ تێبگەن کە ئیدی ناتوانن گەلی کورد هەڵبخەڵەتێنن، چونکە خەڵکی کوردستان دەزانن پەکەکە درۆزنە و ئیدی بڕوا بە درۆیەکانیان ناکات”.

مەمەت میردینی

بەرپرسەکانی پەکەکە فێر بوون، هەرکات کە گریلایەکیان یان بەرپرسێکی ناوسراویان لەناو هەرێمی باشووری کوردستاندا لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیەوە دەکرێنە ئامانج، راستەوخۆ پەدەکە و حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان تۆمەتبار دەکەن. پەکەکە بەردەوام دەڵێت: “پەدەکە لە پێدانی گەرا و زانیاری بە دەزگا هەواڵگریەکانی تورکیەدا دەستی هەیە و هاوکاریی تورکەکان دەکات”. بەڵام کاتێک کە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵ خۆی یان هاوپەیمانەکانی گریلایەک دەکرێتە ئامانج، پەکەکە کوێر و لاڵ دەبێت و ناوێرێت هیچ راگەیەندراوێک بدات و وا پیشان دەدات کە ئینگار هیچ رووی نەداوە.

ئەو هەڵسوکەوتە دوور لە ئەخلاقەی پەکەکە ئەوەندە دووپات بۆتەوە کە ئیدی بۆخۆشیان خەریکە بڕوا بە درۆیەکانی خۆیان بکەن. لەگەڵ ئەوەی کە دەزانن باشووری کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نیە بەڵام بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە و دەیانهەوێ گەلی کورد بە درۆکانیان هەڵخەڵەتێنن. ئەوەندەیان ئەو درۆیانە دووپات کردۆتەوە کە لە ئێستادا بۆخۆشیان بڕوایان پێکردوون.

بێئەخلاقیەکانی پەکەکە لەو مژارەدا گەیشتۆتە ئاستێک کە ئەگەر کادرێکی پایەبەرزی ئەو حیزبە بەهۆی نەخۆشیەوە یان لەئەنجامی تەسفیەحیسابی ناوخۆییدا لەلایەن خودی پەکەکەوە کوژرابێت، یەکسەر راستەوخۆ پارتی و باشووری کوردستان تۆمەتبار دەکەن. ئەم هەڵوێستە قێزەونەی پەکەکە لەم دواییانەدا چەند جار لەلایەن بەڕێوەبەرانی ئاستی سەرەوەی پەکەکە وەکوو بەسی هۆزات و مستەفا قەرەسوو دووپات بۆتەوە. بەسێ هۆزات لە لێدوانێکیدا گوتی: “90٪ لە زیانەکانی پەکەکە لە ئەنجامی ئەو زانیاریانەوە دێن کە پەدەکە بە دەزگای هەواڵگری تورکیە (میت)یان دەدات”. قەرەسووش زۆرجار پارتی بە پێدانی زانیاری هەواڵگری بە تورکیە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: “لەبەر ئەوەی کە ئەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدان، پارتی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا بەرپرسیارە کە تورکیە دژ بە کادر و گریلاکانی ئێمە ئەنجامیان دەدات”. بەڵام لە راستیدا ئەو ناوچانە کە بەرپرسانی پەکەکە باسیان لێوە دەکەن نەک هەر لەژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدا نین، بەڵکوو لە ژێر کۆنترۆڵی خودی پەکەکەدان و ناوی “هەرێمێن پاراستنا مەدیا”ی لەسەر داناون. پەکەکە رێگا نادات پەلەورێکیش لەو ناوچانەدا بە بێ ئیزنی ئەو هەڵفڕێت. رێگای نەداوە و رێگاش نادات کە تاقە یەک کەسی سڤیل سەردانی ئەو ناوچانە بکات، ئیدی بۆ پەدەکە بە بەرپرسیار دادەنرێت؟! هۆکارەکەی روونە، پەکەکە هەوڵ دەدات پەدەکە لە ناو گەلی کورددا بشکێنێت و بەوەش زیان و شکستەکانی خۆی بشارێتەوە.

ئێمە باسی ئەو کەسانە ناکەین کە پێشتر لەناو پەکەکەدا و بەدەستی خودی پەکەکە تەسفیە کراون و کوژراون. ئێمە باس لە مێژوویی قێزەونی پەکەکە ناکەین کە تێیدا بە سەدان کادری خودی حیزبەکە بەشێوەی جیاواز تەسفیە کراون. بەڵکوو ئێمە دەمانهەوێ باسی ئەمڕۆ بکەین. ئێمە دەمانهەوێ لە بەرپرسانی پەکەکە کە هاوشێوەی تووتی تەنها دەزانن قسەکان دووپات بکەنەوە، بپرسین ئەگەر ئێوە لەو شوێنانەی کە پەدەکە باڵادەست و دەسەڵاتدارە ئەو حیزبە تۆمەتبار دەکەن، لە رۆژئاوای کوردستاندا کێ باڵادەستە کە لەمڕۆژانەدا دوو ئەندامی رێبەریتان لەوێ کرانە ئامانج؟! لەبەرچی لەسەر بە ئامانج کرانی رێبەرەکانتان لە رۆژئاوای کوردستاندا بێدەنگن؟

لەگەڵ ئەوەی کە سەرجەم دەزگا و دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگریەکانی رۆژئاوای کوردستان لە کۆنترۆڵی پەکەکەدان، بەلام زۆرجاران کادرە پایەبەرزەکانیان لەو بەشەی کوردستاندا دەکرێنە ئامانج. بۆ نموونە رۆژی چوارشەممە 20ی ئۆکتۆبری 2021، ماشێنی “بەکر جەڕادە” هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی کۆمەڵایەتی سەر بە بەڕێوەبەریی خۆسەر، لە شاری کۆبانێ کرایە ئامانج و بەپێی راگەیەندراوی ئاسایشی پەیەدە / پەکەکە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بەکر جەڕادە بریندار بووە و هاوکات 2 ئەندامی بەڕێوەبەریی خۆسەر بە ناوەکانی “فارس مزی” و “حەمزە حەمزە”ش گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکە خەڵکی سڤیلیش بریندار بوون.

لێرەدا پێویستە لە بەسێ هۆزات و قەرەسوو بپرسین خۆ کۆبانێ لە ژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدا نیە تا بە قەولی ئێوە ئەو حیزبە زانیاریی بە دەوڵەتی تورکیە دابێت، کەواتە ئایا ئێوە بۆختان زانیاریتان بە میتی تورک داوە؟ هۆکاری چیە کە ئێوە لە میدیاکاندا دەرناکەون و بەرپرسیارەکانی ئەو هێرشە ئاشکرا ناکەن؟! ئایا دەکرێ ئینسان تا ئەو رادەیە بێ ئەخلاق و بێ حورمەت بێت؟! هەروەک چۆناوچۆن کادرەکانی ئێوە لە کۆبانێ و شنگال کە لەژێر کۆنترۆڵی خۆتاندایە دەکرێنە ئامانج، لە ئامیدی و دهۆک و هەولێریش کە لەژێر کۆنترۆڵی پەدەکەدایە، دەکرێنە ئامانج. پێویستە باش تێبگەن کە ئیدی ناتوانن گەلی کورد هەڵبخەڵەتێنن، چونکە گەلی کورد بۆی دەرکەوتووە کە ئێوە درۆزنن و ئیدی بڕوا بە درۆیەکانتان ناکات و رووی راستەقینەتان بۆ خەڵکی کوردستان دەرکەوتووە. جارێکی دیکە کە دێنە سەرشاشە و لە میدیاکاندا دەست بە درۆ کردن دەکەن، بە خێری خۆتان تۆزقاڵێکیش شەرم بکەن. خێرتان دەگاتێ ئەگەر تۆزقاڵێک رێزی خۆتان بگرن و کەمتر بێ حورمەتی بە گەلی کورد بکەن، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا هەموو کەس شارەزای کانزاکەتان بووە و دەزانێت کە بەردەکانتان بایی چەندن.!

پوستێن ھەمان بەش