ئەوانەی لە سێمالکا هاوار دەکەن کێن؟

ئەگەر ئەو کەسانە توانای لێپرسینەوەیان هەبایە پێویست بوو سەرەتا دەستیان لە بینی پەکەکە گیر کردبا و پرسیاریان لە چارەنووسی ئەو لاوانە بکردبا کە بەدەستی پەکەکە تیرۆر کراون.

پەکەکە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئاژاوەگێڕی و خوڵقاندنی رق و قین و نفرەت لەنێوان کوردەکاندا بەردەوامە و هەوڵدەدات کوردستانیەکان دژ بەیەکتری هان بدات. ئێزدیەکان پارچە پارچە بکات و بیانکات بە دوژمنی یەکدی. پەکەکە دەیهەوێت ناسنامەی نەتەوەیی ئێزدیەکان بسڕێتەوە. بە کورتی کورد لەهەر کوێ برینێکی هەبێت پەکەکە هەوڵ دەدات بەهەر شێوەیەک بۆی بکرێت ئەو برینە بکولێنێتەوە.

پەکەکە دەیهەوێت شەڕ بخاتە ناو ماڵی کوردان

شانۆی ژنان کە لەم رۆژانەدا لە سێمالکا پیشاندرا، لەچوارچێوەی ستراتژی قووڵی بەش بەش کردنی کوردستان و خەوشدار کردنی رۆحیی کوردەکان بەڕێوە چوو. پەکەکە ناکۆکی نێوان حیزبەکان دەکاتە هەوێنی لەت لەت کردنی کۆمەڵگەی کوردستان و نەتەوەی کورد، دیارە مامۆستای ئەو ستراتژیەش تورکیەیە.

تورکیە لە باکوور و لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، پێکهێنانی جیهانێکی یەکگرتووی رۆحی کوردەکان وەکوو مەترسییەکی گەورە بۆسەر خۆی دەزانێت، هەر بۆیە ئەگەر بتوانێت تەنها یەک کەسی کورد بۆخۆی بەکار بهێنێت، ئەوا بە سەرکەوتنی دەزانێت.

هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەو ژنە کوردانەی کە دەوڵەتی تورکیە لەبەردەم دەرگای ئۆفیسی هەدەپە کۆی کردبوونەوە نیە لەگەڵ ئەو ژنانەی کە پەکەکە هێنابوونی و لە بەر دەروازەی سنووریی سێمالکا داینابوون.

هەر دوو لایەن لەو کەسانەن کە توانای تێگەیشتنیان لەو کارە نیە کە ئەنجامی دەدەن و نازانن ئەوجۆرە بەکارهێنانەی ژنان نەک هەر خێری بۆ کورد نیە بەڵکوو زیان بە ئێعتباری کوردەکانیش دەگەیەنێت. تەنها بۆ ئەوە بەکار دەهێندرێن تاوەکوو کوردەکان بکەنە دژبەری یەکتر و دوژمنایەتی یەکدی بکەن. بە کورتی پەکەکە دەیهەوێت شەڕ بخاتە ناو ماڵی کورد.

دیارە پێویست ناکات ئێمە زۆریشی گەورە بکەینەوە، ئەو کۆمەڵە ژنەی کە لەبەر دەروازەی سنووری سێمالکا دژ بە باشووری کوردستان، حکوومەتی هەرێم، پارتی و بارزانی دروشم دەدەن، جیددی نیە، لەبەر ئەوەی ئامانجەکەیان دیارە، زۆربەیان مامۆستا و کارمەندی پەیەدەن یانیش دایکی فەرمانبەرانی دامەزراوەکانی پەیەدەن.

واتە ئەو کۆمەڵە کەسە موحتاجی بەڕێوەبەریی “تەڤ ـ دەم”ن. ئاکەپەش هەروا دەکات، کەسانێک بەو دەرفەتانەی کە دەوڵەت و حکوومەتەکەی ئەردۆغان بۆیان دەڕەخسێنێت، مووچە وەردەگرن و دواتریش دێنە سەر شەقامەکان و دەڵێن: “ئێمە لەگەڵتین سەرۆک”. لەراستیدا ئەو کۆمەڵە ژنەی سێمالکاش لەسەر ئەو حیسابە دەجووڵێتەوە. بەداخەوە ئەوەی ئێستاش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا ماوە هەبوونی جەهالەت و نەزانیە و خەڵکی ئەم ناوچەیە هەرکەس بیهەوێت دەتوانێت بە قازانجی خۆی بەکاریان بهێنێت و وەکوو ئامرازێک بۆ هەرجۆرە کارێکی تێکدەرانە و ناڕەوا کەڵکیان لێوەربگرێت. واقعیەتی ئەو ژنانەش کە لە سێمالکا دەقیژێنن هەر ئەوەیە.

ئەگەر ئەو کەسانەی لە سێمالکا کۆبوونەتەوە بەدوای هەقیقەتدا دەگەڕێن با لەپێشدا بینی جەمیل باییک بگرن و پرسیاری چارەنووسی “جوان عەرەب” و دۆزدار حەمۆی لێ بکەن

لەبەرچی ئەو ژنانە لەوێ دەقیژێنن؟ لەبەر ئەوەی پەکەکە درۆیەکی بۆ کردوون و پێی گوتوون لە خەلیفان 6 گریلا لەلایەن پێشمەرگەوە کوژراون. پەدەکە وەڵامی ئەو بوختانەی داوەتەوە و رایگەیاندووە کە هیچ رووداوێکی لەوشێوەیە لە خەلیفان رووی نەداوە. بەڵام ئەو کەسانەی کە پەکەکە لە قامیشلۆوە بە ماشێن هێناویانیەتیە سێمالکا بیر لەو درۆیەی پەکەکە ناکەنەوە بەڵکوو شتێکیان پێ گوتراوە و ئەوانیش وەکوو رۆبات دووپاتی دەکەنەوە.

ئەگەر ئەو کەسانە توانای لێپرسینەوەیان هەبایە پێویست بوو سەرەتا دەستیان لە بینی پەکەکە گیر کردبا و پرسیاریان لە چارەنووسی ئەو لاوانە بکردبا کە بەدەستی پەکەکە تیرۆر کراون. پێویست بوو سەرەتا خاوەندارێتییان لە رۆڵەکانی خۆیان کردبا و بۆ نموونە لەسەر چارەنووسی “جوان عەرەب” بەرپرسی ئاسایشی گشتیی رۆژئاوا لێپرسینەوەیان لە پەکەکە کردبا کە لەلایەن خودی پەکەکەوە تیرۆر کرا.

جوان عەرەب بەرپرسی ئاسایشی رۆژئاوا بوو. بەهۆی لێدوانەکانیەوە بەردەوام لە سەر شاشەی تلڤیزیۆنەکان دەردەکەوت. جوان یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی پێشووی پەکەکە بوو. ئەو راستەوخۆ لە یەکینەیەکی پاسەوانەکانی جەمیل باییکدا بوو. کاتێک جوان عەرەب بەرپرسی ئاسایشی گشتیی رۆژئاوا بوو، لەسەر تۆمەتێکی پەیوەندیدار بە شێخێکی تەریقەتەوە، هاوڕی لەگەڵ چەند هەڤاڵێکی دیکەی دەستگیر کران و دواتر بەناوی پەرەردەوە رەوانەی چیای گارە کرا. پاش کۆتاییهاتنی خولە پەروەردەییەکە، پەکەکە بە هەڤاڵەکانی گوت کە جوان عەرەب لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی تورکیەدا کوژراوە. کادرە بە رابردووەکانی پەکەکە هیچیان بڕوایان بەو ئیدیعایەی رێبەرایەتی پەکەکە نیە و دەڵێن دڵنیاین کە جوان عەرەب تەسفیە کراوە.

پەکەکە سەبارەت بە رووداوی کوژرانەکەی جوان عەرەب هیچ راگەیاندراوێکی بڵاو نەکردۆتەوە. ئێمە باسی مێژوویەکی زۆر دوور و درێژ ناکەین باسی ساڵی 2018 دەکەین. ئەگەر ئەو کەسانەی لە سێمالکا کۆبوونەتەوە بەدوای هەقیقەتدا دەگەڕێن با لەپێشدا بینی جەمیل باییک بگرن و پرسیاری چارەنووسی “جوان عەرەب”ی لێ بکەن.

یان با پرسیاری چارەنووسی “دۆزدار حەمۆ” (عەبدولڕەحمان حەمۆ) لە جەمیل باییک بکەن. دۆزدار حەمۆ خەڵکی عەفرین و یەکێک لە فەرماندە قەدیمییەکانی پەکەکە بوو. یەکیک لە کادرە ئاگا و بەتوانا و قەدیمیەکانی رۆژئاوا لەناو پەکەکەدا بوو. تەنها تاوانی دۆزدار حەمۆ ئەوە بوو کە هێندێک جار لەگەڵ سیاسەتەکانی پەکەکەدا ناکۆک بوو و رەخنەی دەگرت. سەرئەنجام بەو تۆمەتەی کە گۆیا پارەی لێ بزر بووە سزا درا.

بە هەزاران لاوی رۆژئاوای کوردستان لەناو پەکەکەدا بێ سەروشوێن کراون و هیچ کەسیش پەسیار لە چارەنووسیان ناکات

دۆزدار پاش ساڵی 2017 لە رۆژئاواوە برایە شاخ و لە چیای گارە پاش ئەوەی کە بێدەسەڵات و بێهێز کرابوو لە بینایەکی کەجەکە دادەنرێت. ماوەیەک دواتر پەکەکە رایگەیاند کە دۆزدار لە ساڵی 2019 لە هەرێمی قەندیلدا بەهۆی هێرشی ئاسمانیی تورکیەوە گیانی لەدەستداوە.

کاتێک ئێمە باس لە نائاگایی و تێنەگەیشتن دەکەین ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، چوونکە منداڵەکانی ئەو کەسانە کە سەروەرییان بۆ ئەوان و نەتەوەکەیان تۆمار کردووە، لەناکاو بزر دەبن بەڵام هیچ کەسێک نیە پرسیار لە چارەنووسیان بکات و ناڵێن ئەرێ ئەو لاوانەی ئێمە چییان لێ بەسەرهات؟ ناڵێن تەرمی جوان و دۆزدارمان پێ بدەنەوە ئێمە دەیانهێنینەوە لە رۆژئاوا و لە زێدی خۆیان دەیاننێژین. بە هەزاران لاوی رۆژئاوای کوردستان لەناو پەکەکەدا بێ سەروشوێن کراون و هیچ کەسیش پەسیار لە چارەنووسیان ناکات بەڵام لەسەر درۆی بێ بنەمای پەکەکە لەسەر ناوچەی خەلیفان، ئێوە دەڵێن جەنازەی لاوەکانمان دەوێنەوە.

ئەوانەی سێمالکا نە دایکی دۆزی کوردن نە هی دۆزی کوردستانن، بەڵکوو ئەوانە کۆمەڵێک لایەنگری رۆباتیکی پەکەکەن کە بە کەیفی خۆی بەکاریان دێنێت

بەڵی، رێپێوان و گردبونەوەش خراپ دەبن، لە راستیدا گردبوونەوەی جاهلەکان زۆر خراپن و لەهەموویان خراپتر ئەو رێپێوان و گردبوونەوانەن کە بەشداربووەکانی ئاگایان لەهیچ نیە، جاهل و نەزانن بەڵام هاوکات وا هەست دەکەن کە ئاگایان لەهەموو شتێک هەیە و تێگەیشتوون. لە راستیدا ئەو جۆرە گردبوونەوانە زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنن. ئەوانەی سێمالکا نە دایکی دۆزی کوردن نە هی دۆزی کوردستانن، ئەوانە دایکی نەتەوەیی میللەتی کورد نین بەڵکوو کۆمەڵێک لایەنگری رۆباتیکی پەکەکەن و بە کەیفی خۆی بەکاریان دێنێت.

پوستێن ھەمان بەش