دوای دە ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی چالاکێکی مەدەنی و ژینگەپارێزێکی خەڵکی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی لە بەر دەستدا نیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی کەیوان مینویی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێز و هەروەها مامۆستای زمانی کوردی و خەڵکی مەریوان، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ناوبراو لە بەر دەستدا نیە.
کەیوان مینویی دەرچووی بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی پەیامی نووری مەریوانە و هەروەها ئەندامی چالاکی ئەنجومەنی فەرهەنگی ڤەژین و ئەنجومەنی سەوزی چیای ئەو شارەیە.
جێگای ئاماژەیە کە کەیوان مینویی لە ئەنجومەنە خوێندکارییەکانی زانکۆی پەیامی نوور و هەروەها ئەنجومەنی ڤەژین سەرقاڵی وتنەوەی وانەی زمانی کوردی بووە.
کەیوان مینویی خەڵکی شارەدێی “نێ” سەر بە شاری مەریوان لە پارێزگای سنە، شەوی هەینی 12/11/2021، هاوڕێ لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون.