وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان داوا لە عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە ڕێگری لە هێرشە درۆنییەکان بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشی درۆنی بۆ سەر سێ کێڵگەی نەوتی لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ؛ بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەمە 16ی تەمووزی 2025 لە ڕێگای درۆنی بۆمبرێژکراوەوە ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەکانی نەوتی تاوکێ و پێشخابوور و عین سفنی لە ئیدارەی سەربەخوی زاخۆ و قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهوک. هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان کەوتووە.”
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە توندی “ئەم هێرشە تیرویستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەکات” و ئاماژە بەوە دەدات، مەبەست لە هێرشەکان “لێدانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی کارمەندانی مەدەنیی کەرتی وزە.”
وەزارەتەکە بانگەوازی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی فیدراڵی و کومەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات “بە زووترین کات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆ سەر کەرتی وزەی کوردستان.”
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختی کردووەتەوە، هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ پاراستنی گیانی کارمەندانی کەرتی وزە و پێگەی ستراتیجیی خۆی لە دابینكردنی سەقامگیریی وزە لە ناوچەکە و جیهان دەدات.